18/7/2017 10:04 AM

گۆگڵ به‌ ناچاری مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی راده‌گه‌یه‌نێت

كۆمپانیای گۆگڵ ناچار كراوه‌ كه‌ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی ئاشكرا بكات، له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی كاری ئه‌مریكاوه‌ به‌وه‌ تۆمه‌تبار كرابوون كه‌ جیاوازی له‌ نێوان مووچه‌ی ره‌گه‌زی نێر و مێ كراوه‌ له‌و كۆمپانیایه‌دا.

له‌ هه‌واڵێكی ته‌كنه‌لۆژیدا ئه‌وه‌ هاتووه‌ كه‌ دوای ئه‌وه‌ی وه‌زاره‌تی كاری ئه‌مریكا كۆمپانیای گۆگڵی تۆمه‌تبار كردووه‌ به‌وه‌ی جیاوازی هه‌یه‌ له‌ نێوان مووچه‌ی ژنان و پیاوانی كۆمپانیاكه‌دا، له‌هه‌مانكاتدا داواشی لێكردوون كه‌ لیستی مووچه‌ی سه‌رجه‌م فه‌رمانبه‌رانی ئه‌و كۆمپانیایه‌یان بۆ ره‌وانه‌ بكه‌ن. ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی بڕیاریشیان داوه‌ چاودێری بخه‌نه‌ سه‌ر تۆماری ده‌نگی كارمه‌نده‌كان به‌ مه‌به‌ستی وه‌رگرتنی زانیاری زیاتر.

له‌ به‌رامبه‌ردا پارێزه‌ری ره‌سمی كۆمپانیای گۆگڵ لیستی مووچه‌ی سه‌رجه‌م فه‌رمانبه‌رانی ئاڕاسته‌ی وه‌زاره‌تی كاری ئه‌مریكا كردووه‌، به‌ڵام تائێستا لێكۆڵینه‌وه‌كان له‌لایه‌ن دادوه‌رو وه‌زاره‌تی كاری ئه‌مریكاوه‌ كۆتایی نه‌هاتووه‌و بڕیاره‌ له‌ ماوه‌ی داهاتوودا به‌ ره‌سمی ئه‌نجامه‌كه‌ی رابگه‌یه‌نن. كه‌ ئایا ئه‌و جیاوازییه‌ به‌ چ رێژه‌یه‌ك بووه‌و هۆكاره‌كه‌ی چی بووه‌. به‌وپێیه‌ی ئه‌نجامه‌كه‌ دوای ئه‌وه‌ ئاشكرا ده‌كرێت كه‌ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ به‌ڕێوه‌به‌رو لێپرسراوان و به‌شێكی زۆری فه‌رمانبه‌رانی كۆمپانیای گۆگڵ ده‌كرێت.

خاك – لانه‌ كاشان
س/ سكای نیوز




created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved