12/9/2017 03:46 PM

شەش بنەمای زێڕین بۆ فێربوون لە ماوەیەكی پێوانەییدا ‌


محەمەد ئیبراهیم
سەبارەت بە هەوڵەكانی مرۆڤ بۆ فێربوونی خێرا دەربارەی ئەو بوارەی ئارەزووی دەكات، چونكە زۆربەی مرۆڤەكان هەڵپە دەكەن‌و دەیانەوێت بەكەمترین كات ببنە پیشەگەر لەو بوارەی حەزیان لێیەتی، لەو رووەوە  محەمەد ئیبراهیم پێشخەری بەرنامەی ئەندرۆید ‌و بایەخدار بە تەكنۆلۆژیا ‌و فێربوون لە سایتی ئەراجیك وتارێكی بەناونیشانی «شەش بنەمای زێڕین بۆ فێربوونی شتەكان لە ماوەیەكی پێوانەییدا» نووسیوە، ئاماژە دەكات بەوەی خێرا فێربوونی هەر شتێك كە كوالێتی ژیانی ئێمە دیاری بكات، خەیاڵی ئەوە بكە كە لە بری بە چەند ساڵێك، دەتوانیت لە چەند مانگێكدا لێهاتوو بیت.
دەشڵێت: ژمارەیەكی بێ شومار لە پسپۆڕان‌و توێژەران سەلماندوویانە كە دەتوانین هەر شتێك لە كاتێكی پێوانەییدا فێر ببین، ئەوەش تەنها پشت بەبنەمای گونجاو دەبەستێت، بەڵام كەس بەڵێنی روودانی موعجیزەت پێنادات، چونكە هیچ شتێك بەبێ بەرامبەر نییە‌و پێویستە لە كاتی خۆت بگریت‌و هەوڵ بدەیت، بۆئەوەی بگەیتە ئەوەی دەتەوێت، بەڵام ئەگەر بڕیارت دا، ئەوا پێویستە چەند بنەمایەك بە شێوەیەكی جددی لە پڕۆسەی فێربوونەكەتدا پەیڕەو بكەیت.
1- مەبەست چییە؟
نووسەر روونیكردۆتەوە: ئەگەر ئەم هەنگاوە بەشێوەیەكی دروست نەنێیت، ئەوا ئەم وتارە هیچ بەهایەكی نییە، پرسیار لە هەر كەسێكی سەركەوتوو بكە كە لە پیشەكەیدا سەركەوتوو بووە، ئەویش دەڵێت كە دیدێكی روون‌و دیاری كراوی بۆ ئەو ئامانجە هەبووە كە ویستوویەتی.
دەشڵێت: پێش هەموو شتێك بەپرسیاری (بۆچی دەتەوێت ئەو پیشەگەرییە یان ئەو زانستە فێر ببیت‌و كاریگەریی چییە لەسەر ژیانت یان پیشەكەت؟) دەست پێ بكە، رەنگە سەدان كتێب بخوێنیتەوە هیچ سوودێكیان لێوەرنەگریت، چونكە نازانیت بۆچی دەیانخوێنیتەوە. پێش هەموو شتێك بۆ ساتێك بووەستە، پاشان وەڵامی پرسیاری بۆچی دەبێت ئەو شتە فێر ببیت؟ وەڵام بدەرەوە.
2- لاسایی باشترینەكان بكەرەوە
محەمەد ئیبراهیم نووسیویەتی: پێویست ناكات رەوڕەوەیەك دابهێنیت، هەروەك تۆنی رۆبنس دەڵێت، زۆرێك لە سەركردە بەناوبانگەكان سەلماندوویانە كە خێراترین رێگە بۆ فێربوون بۆئەوەی پسشەگەر بیت یان بگەیتە هەر ئامانجێك، لاسایی ئەو كەسانەی پێش خۆت بكەرەوە كە هەمان رێچكەیان گرتووە‌و سەركەوتووبوون،  ئەگەر توانیت كەسێك بدۆزیتەوە كە هەمان ئەو ئامانجانەی بەدیهێنابێت كە تۆ ئارەزوویان دەكەیت، دەتوانیت هەمان ئەو هەنگاوانە بنێیت كە ئەو گرتوونیتەبەر، ئەوەش خێراتر فێرت دەكات وەك لەوەی خۆت لە سفرەوە دەست پێبكەیت، چونكە توێژینەوەی میكانیزم‌و ستراتیژی پیشەگەرەكانی پێش خۆت لە پیشە یان لێهاتووییدا، بەدڵنیاییەوە دەتخاتە سەر رێگەی راستی خۆت. 
نووسیویشیەتی: زۆر چارەسەر لە دەستەی پێگەكانی فێربووندا هەیە، باشترین نموونەش پێگەی Udemy یە كە دیزاینەر‌و بەرنامەداڕێژەر بابەتەكانی پێش دەخەن، هەروەها زۆرێك لە كتێبەكانی پسپۆڕانی كار ئەنجامی راستەقینە‌و بەڵگەداریان هەبووە‌و ئەوەش وەكو هاندەرێكە بۆ ئەوەی لە خولەكانیاندا بەشداربیت، تەنها لە ژیاننامەی راهێنەر‌و ئەو ئەنجامانەی بەدەستیهێناون لەو بوارەی تۆ دەتەوێت، بكۆڵەوە. 
خایاندن
نووسەری وتارەكە دەڵێت: بیرتە ئەو رۆژانەی دەستت كرد بەفێروونی شۆفێری؟ كاتێك سەرەتا فێربوویت دەبوایە تەركیزت لە دەیان شتی ناو ئۆتۆمبیلەكە‌و دەوروبەرت بكردایە، تا تووشی رووداوی هاتووچۆ نەبیت، چونكە ئەزموون‌و لێهاتووییەكی باشت نەبوو، بەڵام دوای سەدجار لێخۆڕینی ئۆتۆمبیل، بیر لە وردەكاری بچووكی وەكو هەڵكردنی گڵۆپ‌و ئیشارەتەكان‌و شتی بچووكی لەو جۆرە ناكەیتەوە‌و تەنها پشت بە زاكیرە دەبەستیت بۆ بەجێهێنانی هەمان ئەركی تایبەت بە شۆفێری. دەشڵێت: توێژینەوەیەك دەربارەی كەمانچە ژەنینی شارەزا كرا،  پشتگیری یاسای خایاندن‌و بنەمای 10 هەزار سەعاتی مالكۆلم گلادویل-ی خاوەنەكەی كرد‌و توێژینەوەكە جیاوازی لە نێوان كەمانچە ژەنی باش‌و كەمانچە ژەنی پیشەگەردا دەرخست بەوەی كە تەنها 2000 سەعات لە مەشق كردن‌و راهێنانە (10 هەزار لە بەرامبەر 8 هەزار). لەكاتێكدا مقۆمقۆ دەربارەی بنەمای 10 هەزار سەعات لە نێوان زۆرێك لە شارەزایاندا وروژا، بەڵام ئەوە حەقیقەتی كاریگەریی مەشقكردنی بەردەوامی رەت نەكردەوە، بۆ گەیشتن بەپیشەگەری، كەسێك 100 وتاری نووسیوە، بە 90 وتار لەو كەسە دوورترە كە تەنها 10 وتاری نووسیوە. 
 4- یەكسەر هەڵسەنگاندن بەدەستبهێنە 
باسی لەوەشكردووە: بابڵێن ئێمە خێراترین ئۆتۆمبیلی جیهان لە لۆس ئەنجلۆسەوە بەرەو سان فرانسیسكۆ لێدەخوڕین، ئەگەر رێیەكی هەڵەت بەرەو رێگە خێراكە گرتەبەر، ئەوا خێرایی ئۆتۆمبیلە بەكەڵت نایەت. ئەوە یەكێكە لە گرنگترین ئەو ئاستەنگانەی لە كاتی فێربووندا رووبەڕوومان دەبێتەوە، پێدەچێت 10 پراكتیك بەهەمان شێوە پێشبخەیت، ئیدی پڕ دەبێت لە كێشە‌و چارەسەر نادۆزیتەوە.  
دەشڵێت: ئێمە هەوڵ دەدەین خۆمان فێر ببین‌و نامانەوێت پرسیار بكەین، نامانەوێت وەكو نەزانێت دەربكەوین، لەكاتێكدا ئەوە نەزانی نییە كاتێك پرسیار بۆ فێربوون دەكەین. ئەوەم لە بیرماوە كاتێك چەند رۆژێك گیرۆدە بووم بەدەست چارەسەری كێشەی پرۆگرامەوە، لەكاتێكدا دەمتوانی پرسیار لە stackoverflow بكەم‌و لە چەند سەعاتێكدا وەڵام وەربگرمەوە.
5- وازهێنان لە بێكەڵكەكان
محەمەد ئیبراهیم ئاماژەی بەوەكردووە: زۆربەمان درك بەمەترسییەكانی فرە ئەرك دەكەین، لەگەڵ ئەوەشدا بەردەوامین لەسەری، هەرچەندە فرەیی كار زۆر مەترسیدارە‌و تەركزمان سنووردارە، ئیدی ئەو رێیەی دەتوانین بیگرینەبەر بۆ زیادبوونی بەرهەممان،  وازهێنانە لە بێكەڵكەكان. لەتوێژینەوەیەكدا دەربارەی فرەیی ئەرك دەركەوتووە كە لە كاتی مام ناوەنددا تۆ 23 خولەك‌و 15 چركەت پێویستە بۆئەوەی تەركیزت بگەڕێتەوە سەر ئەو ئیشەی كە لە كاتی ئەنجامدانیدا تەركیزت خستە سەر ئیشێكی تر. دەشڵێت: رێگەی نموونەیی بۆ كردنی ئەو كارە، پراكتیك كردنی پرەنسیپی باریتۆ-یە، لەكاتی جێبەجێ كردنی ئەركێكدا. لە هەموو شتێكدا نزیكەی چەند ئەركێكی پێویست هەیە، كە زۆربەی ئەو ئەنجامانەت دەداتی كە دەتەوێت، بۆ نموونە 80%ی داهاتت لە 20% ی ئەركەوە دەست دەكەوێت كە دەیانكەیت، 80%ی مەعریفەت لە  20%ی راهێنەرەكانەوە دێت، كتێب‌و چارەسەر. هەروەها رێژەی 80%‌و 20% بەگۆڕانی حاڵەتەكە دەگۆڕدرێت، بەڵام پرەنسیپێكی روون ئەوەیە كە تەنها چەند ئیشێك گرنگن، ئەركەكەت بەكەڵك‌و بێكەڵك دەزانێت، ئەوەش بەدڵنیاییەوە پشت بە چوار بنەماكەی پێشەوە دەبەستێت.  
6- سووربوونی بەردەوام
نووسەر روونیكردۆتەوە: لە ژیاننامەی تایبەتی ئارنۆڵد شوارزنجرزدا دەردەكەوێت كە كەسی سەركەوتوو تەنها دوو شت دەكات، ئەوانیش دووبارەبوونەوە‌و سووربوونی بەردەوام. دووبارەبوونەوە گرنگە، بەڵام هەمیشە سووربوونی بەردەوام زۆر گرنگترە، ئیدی دەتوانین چەند بەهرەیەك دەستەبەر بكەین، كار، داهێنان كە بەهۆی كەمیی دانبەخۆدا گرتنەوە نەمابوون، ژمارەكە شۆككەر دەبێت. دەشڵێت: كتێبێكی سیس گودین هەیە بەناونیشانی (نزمەكە)، كتێبەكە دەربارەی گەشتی ژیانی پیشەیی تۆیە‌و شتەكە زۆر ئاسان دەكات، ئەو پێچە نزیكە لە پڕۆسەی فێركردنەوە، دەكرێت بەو پێچە بووترێت فێربوون، پێچەكە بەئاسانی ئەو قۆناغانە روون دەكاتەوە كە لە ژیانی پیشەیی فێربووندا بڕیوتن. 

سەرچاوە: سایتی ئەراجیك
و: كوردستانی نوێ




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved