18/9/2017 03:56 PM

وردەكاریی بەرهەمە نوێیەكانی ئەپڵ ‌

‌كۆمپانیای گەورەی تەكنەلۆجی ئەمریكی ئەپڵ، تەلەفۆنی ژیری مۆدێل نوێیەكانی iPhone X و iPhone 8 و iPhone 8 Plus و كاتژمێری نوێی Apple Watch 3 و Apple TVی نوێی ناساند كە خاوەنی تایبەتمەندیی فۆر كەیە.
كۆمپانیای گەورەی تەكنەلۆجی ئەمریكی ئەپڵ لە ناوەندی نوێی ئیداری كۆمپانیاكەی لە ویلایەتی كالیفۆرنیا (ئەپڵ پارك) كە بە بەهای پێنج ملیار دۆلار دروستكراوە كۆنگرەی ساڵانەی خۆی ئەنجامدا، زانیاری سەبارەت بە تەلەفۆنە ژیرە نوێیەكانی خستەڕوو.
دوای تێپەڕبوونی 10 ساڵ بەسەر خستنە بازاڕی یەكەم مۆدێلی ئایفۆن لە حوزەیرانی 2007دا، ئەپڵ iPhone Xی بە ئایفۆن 10 ناونا.لە كاتی پێشكەشكردنەكەدا ئەپڵ ئاماژەی بەوە كرد كە لە ساڵی 2014ەوە بۆ یەكەمجار دیزاینێكی نوێی لە مۆدێلی تەلەفۆندا داهێناوە، iPhone X خاوەنی شاشەیەكە كە 5.8 ئینج (14،7 سم)ە، رووەكەی هەمووی لە كەنارەوە بۆ كەنار (edge-to-edge) شاشەیە.
لە iPhone X دا، دوگمەی سەرەكی سەر شاشەی پێشەوە هەڵگیراوە و دەتوانرێت بە یەك دەستلێدان لە نێوان جێبەجێكردن و مێنوی سەرەكیدا كار بكرێت، شاشە 5.8 ئینجییەكەی خاوەنی تەكنەلۆجیای «super retina displayو OLED» ە.
لە پێشكەشكردنەكەدا، باس لەوە كرا iPhone X كە خاوەنی تایبەتمەندی Face IDە لە سایەی ئەو تەكنەلۆجیا ئەمنیەدا توانای ناسینەوەی رووخسار، فێربوون، گونجاندن و كاركردن لە تاریكیدا هەیە.
لە كاتێكدا جەختدەكرێتەوە Face ID لە چاو Touch IDی مۆدێلەكانی دیكەی ئایفۆندا 20 هێندە پارێزراوترە، لەگەڵ Apple Pay و ئەپڵیكەیشنە هاوشێوەكانیشدا كاردەكات.
هاوكات پاتریی iPhone X لە چاو ئایفۆن حەوتدا دوو كاتژمێر زیاتر خۆیدەگرێت و لە رێگەی وایەرلێسیشەوە بارگاوی دەكرێتەوە و خاوەنی جووتە كامێرایە بە كوالیتیی 12 مێگاپیكسڵ.
بەشی پێشەوەی iPhone X شینی ئاسمانی یان خۆڵەمێشییە و بڕیارە رۆژی سێی تشرینی دووەم لە ئەمریكا بخرێتە بازاڕەوە و نرخەكەی 999 دۆلارە.
هاوكات ئەپڵ بەرهەمەكانی ئایفۆن هەشت و ئایفۆن هەشت پڵەسیشی ناساند.
ئایفۆن هەشت خاوەنی شاشەیەكی 5،5 ئینجییە و ئایفۆن هەشت پڵەس خاوەنی شاشەیەكی 4،7 ئینجییە كە هەردووكیان لە رێگەی وایەرلێسەوە  بارگاوی دەكرێنەوە.
هەردوو بەرهەمەكە خاوەنی كامێرای پشتەوەن بە كوالیتیی 12 مێگاپیكسڵ.
بڕیارە 22ی ئەیلوول هەردوو بەرهەمەكە بخرێنە بازاڕەكانەوە و لە ئەمریكا نرخی ئایفۆن هەشت 699 دۆلار و ئایفۆن هەشت پڵەس 799 دۆلار دەبێت.
ئەم دوو بەرهەمە بە رەنگەكانی گۆڵد، خۆڵەمێشی و شینی ئاسمانی بەردەست دەبن.هەریەك لە iPhone X، iPhone 8، iPhone 8 Plus، Apple Watch 3 لە رێگەی وایەرلێسەوە بارگاوی دەكرێنەوە.
ئاماژە بەوە دەكرێت كە  فرۆشتنی Apple Watch لەسەدا ٥٠ زیادی كردووە لەچاو ساڵی رابردوودا.Watch 3> كە بڕیارە لە ٢٢ی ئەیلولدا بكەوێتە بەردەستی كڕیاران لە ئەمریكا بە ٣٢٩ دۆلار دەفرۆشرێت.

خاك- ئاژانسەكان







زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved