19/9/2017 02:19 PM

رۆبۆته‌كان ده‌بنه‌ جووتیار ‌


زانایانی به‌ریتانیا توانیان په‌ره‌ به‌جۆره‌ ڕۆبۆتێك بده‌ن كه‌ ده‌توانێت بێ به‌شداریی مرۆڤ كشتوكاڵ بكات. بۆ تاقیكردنه‌وه‌ی ئه‌و ئامێرانه‌ زانایانی زانكۆی هاربه‌ر ئاده‌مز له‌ به‌ریتانیا ساڵی ڕابردوو پرۆژه‌یه‌كیان به‌ناوی (Hands-Free Hectare) ده‌ست پێكرد كه‌ توانیان به‌ ته‌واوی پشت به‌ ئامێره‌كان ببه‌ستن له‌ چاندنی یه‌ك هه‌كتار زه‌وی له‌ هه‌رێمی شروبشایه‌ر‌و  به‌رهه‌می جۆ بڕوێنن، ئه‌و ئامێرانه‌ توانیان هه‌مو ئه‌ركه‌ كشتوكاڵییه‌كان هه‌ر له‌ چاندنی به‌رهه‌مه‌كه‌ و چاودێریكردنی و دروێنه‌كردنی جێبه‌جێبكه‌ن بێ ئه‌وه‌ی مرۆڤ به‌شدارییان بكات.
ئه‌و پسپۆڕانه‌ نزیكه‌ی 200 هه‌زار جونه‌یهی ئیسته‌رلینیان ته‌رخان كرد بۆ ئه‌وه‌ی تراكتۆر و دروێنه‌كه‌رێك بكه‌نه‌ دوو ڕۆبۆتی گه‌شه‌پێدراوی زیره‌ك كه‌ خۆ به‌خۆ بجووڵێن و پرۆگرام كران بۆ پرۆگرامی زیره‌ك كامێرای هه‌سته‌وه‌ر و گه‌رمیداریان لێبه‌سترا كه‌ ده‌توانێت چاودێریی گه‌شه‌كردنی دانه‌ویڵه‌كه‌ بكات‌و توخمه‌كانی خاكه‌كه‌ش شی بكاته‌وه‌، هه‌روه‌ها ئه‌و ئامێرانه‌ خۆیان زه‌وییه‌كه‌ ده‌كێلن و تۆوه‌كه‌ ده‌چێنن و دواتریش به‌رهه‌مه‌كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ كۆده‌كه‌نه‌وه‌.
پسپۆڕه‌كان ئاماژه‌یان به‌وه‌ داوه‌ كه‌ ئه‌و ئه‌نجامه‌ی له‌كاتی ئه‌زمونه‌كه‌یان ده‌ستیان كه‌وتووه‌ ئه‌وه‌ی ده‌رخستووه‌ كه‌ ئه‌و شێوازه‌ هه‌رزانتر و زیاتر كرده‌ییه‌یه‌ له‌ پشت به‌ستن به‌ مرۆڤ له‌كشتوكاڵكردندا، هه‌روه‌ها ئه‌و ته‌كنه‌لۆژیایه‌ی به‌كارهاتووه‌ یارمه‌تیده‌رێكی باشه‌ بۆ باشتر كردنی چاودێری به‌روبوومی كێلگه‌یی و زیاتركردنی به‌رهه‌می كشتوكاڵیی.
پێویسته‌ بوترێت، زانایانی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكاش هه‌نگاوێكی هاوشێوه‌یان ناوه‌ كاتێك په‌ره‌یان به‌ ڕۆبۆتێكی كشتوكاڵیی بچووك داوه‌ كه‌ چه‌ندین هه‌سته‌وه‌ری تایبه‌ت و ئامێری (GPS)یان لێبه‌ستووه‌ كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ چاودێری ڕووه‌كه‌كان له‌ كێڵگه‌ كشتوكاڵییه‌كاندا.
سه‌رچاوه‌: العلوم والتكنولوجیا



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved