28/9/2017 09:29 PM

نایمار نە سێبەری میسی بووە، نە دەشبێتە سێبەری کاڤانی


شادمان محەمەد

 گومانی تێدا نیە ململانێ لە سەر ئاستی تاکە کەسی بۆ بەدەستهێنانی ئامانج و هیوای تایبەتی کەسەکان بە ڕێگەی دروست کارێکی جیهانییە، واتا شوێن و جوگرافیا زۆر جار نایگۆڕێت، چونکە هەوڵ هەر هەوڵە لە هەر شوێنێکی جیهان بێت، بابەتی غیرەی دروستیش بابەتێکی جیهانییە، هەر بۆیە هیچ کات پێویست ناکات کەسەکان شۆک بن لە بەرامبەر غیرە کردن کەسەکان بە یەکتری چونکە لە گشت ئاستەکاندا بوونی هەیە، خۆ کردن بە سەرکردەی گروپ و تیمەکان هەر هەبووە وەک ئەوەی لای سیاسیەکان بۆتە پیشەیەکی سەرەکی. کەواتە مرۆڤ بە گشتی لە بەردەوام لە هەوڵی ئەوەدایە شتەکان بکاتە ژێر ڕکێف و دەسەڵات و تەحەکومی خۆیەوە، وەک وتمان جا لە هەر بوارێکدا بێت، دواتر سەرکەوتن و سەرنەکەتن تێیدا کارێک و بیرکردنەوەیەکی ترە. لێرەدا ئەمانەوێت ئاماژە بە بابەتی سەرەکی بدەین کە ئەمڕۆ زۆرێک لە هەوادارانی تۆپی پێ و سایت و پێگە وەرزشیەکانی سەرقاڵ کردووە، ئەویش بابەتی بوون بە سێبەری " نایمار داسیلڤا " هێرشبەری پاریس سانجێرمان بۆ " لیونێل میسی " ئەفسانەی بەرشەلۆنە و پاشان دەنگۆی بە سێبەر بوونیشی بۆ کاڤانی هێرشبەری ئۆرۆگوایی و پاریس سانجێرمان. لێرەدا پێش هەموو شتێک دەمانەوێت تەنها فۆکەس بکەینە سەر " شێواز و ستایل و بیرکردنەوەی یاریزان " نەک بڕۆینە نێو " داتا و ژمارە و ڕیکۆرد " کە ئەمڕۆ هەموو ئەو زانیاریانە لە پەیج و پێگەی سۆشیال میدیا بڵاودەکرێتەوە.

وشەی " سێبەر " لێرەدا بە مانای ئەوە نایەت کە فڵان کەس سێبەری فڵان کەسە، واتا ئەو چۆن بیر کاتەوە، ئەمیش وا، یان وەک ئەو بیربکاتەوە بە ناڕاستەخۆ، نا لێرەدا " سێبەر " وەک داپۆشینی کەسێک بۆ کەسێک دێت، واتا کەسێک بە سێبەری خۆی توانا و لێهاتووی کەسێکی دی دابپۆشێت و بیشارێتەوە و نەهێڵێت تواناکانی دەر بکەوێت و خۆی بکاتە پاڵەوان ئەمە مەبەستی ئێمەیە. سەرەتا باس لە " لیونێل میسی " دەکەین، ئەم ئەفسانەیە ماوەی " 10 " وەرز زیاترە توانیویەتی ئاستێکی زۆر باش و جێگیر پێشکەش بکات لەگەڵ بەرشەلۆنەدا، ئەمەش بۆخۆی گەورەیی و لێهاتووی ئەم یاریزانە دەسەلمێنێت کە توانیویەتی بەو ئاستەوە بەردەوام بێت. لە ڕابردوودا هیچ یاریزانێکی تری کیشوەری لاتین نەبووە کارێکی وا ئەنجام بدات، لە کاتێکدا ئەو کیشوەرە خاوەنی چەندین ئەستێرە و ئەفسانە بووە، هیچ یاریزانێک نەبووە بتوانێت ماوەی " 10 " وەرز لە سەر یەک چ لە سەر ئاستی ناوخۆی ئیسپانیا و چ لە ئاستی ئەوروپادا بەو شێویە بێت و بە جۆرێک لە یەک یانەدا ئاستێکی وا ئەفسووناوی پێشکەش بکات. کەواتە " میسی " سەرجەم ئەو یاسایانەی ڕابردووی تێپەڕاند کە پێشتر یاریزانەکانی تری ئەمریکای لاتین نەیانتوانی بوو ئەنجامی بدەن، چونکە یاریزانی ئەمریکای لاتین بەوە ناوبانگ بوون لە تەمەنی " سی " ساڵیدا ئاستیان دادەبەزێت. لە ئێستادا میسی بۆتە " ڕەمز و هێما و نیشانە "ی یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانیا، واتا " باشترین یاریزانی مێژووی کەتەلۆنیایە" ئەمە جگە لەوەی میسی بە هێمنی و لە سەر خۆیی توانیویەتی زۆر کات پارێزگاری لە ئاستی خۆی بکات. کەواتە ئیتر بۆ ئەوەی هیچ گومانێک نەمێنێت لە لای " خوێنەر و هەواداری میسی " بە کورتی دەتوانین بڵێین " ئەفسانە زیندووەکەی بەرشەلۆنە ". بەڵام بۆ بیرهێنانەوە لێرەدا دەمانەوێت سەرنجتان بۆ دیوی ناوەوەی میسی ڕابکێشم کە ئەویش مافێکی تایبەتی خۆیەتی وەک سەرەتا ئاماژەمان پێکرد ئەویش میسی ویستوویەتی و وە توانیوشیەتی ببێتە ژمارە "یەکی یانەی کەتەلۆنیا " بێ گومان بە شایستەیی خۆی، لە هەمان کاتدا بۆتە بڕیار دەری یەکەمی یانەکە کە زۆر جار قسەی بە سەر ئیدارە و ڕاهێنەریش سەرکەتووە و زۆجاریش سەرۆکی یانەکە وتیوتی بەرشەلۆنە واتا میسی، زۆر جاریش بووە بە پیرۆزترین کەسی یانەکە تەماشا کراوە لە بەرامبەر ئەو دەستکەتانەی بۆ یانەکەی دەستە بەر کردووە، ئەمەش سەلمێنەری ئەوەیە زۆربەی کات میسی خاوەنی بڕیاری یەکەمی یانەکە بووە بە تایبەت لە " یاریزان کڕین و فرۆشتن"دا ئەوەش پێشتر لە زۆر بۆنەدا سەلمێنراوە. لێرەدا سەرنجتان بۆ " سێ " نوێترین وتەی میسی ڕادەکێشم " سوارێز پێویستە ئاستی بگەڕێنێتەوە جارانی، ماسکیرانۆ پێویستە ڕاهێنەر چانسی زیاتری پێ ببەخشێت، پاولینهۆش پێویستە لە سەرەتاوە وەک سەرەکی یاری پێ بکرێت " ئەمە جگە لەوەی لە سەردەمی ڕاهێنەر " لویس ئەنریکی "دا میسی لە سەر کێشەی لەگەڵ ڕاهێنەر گەیشتە ئەو ڕادەیەی بە سەرۆکی یانەکەی وت : یان من یان ئەو ؟! .. با بێینەوە سەر سێ وتەکەی میسی، ئەوە بوو بۆ یاری داهاتوویان بەرامبەر یانەی " ئیبار " لە میانەی خولی ئیسپانیدا کە بەرشەلۆنە یارییەکەی بە ئەنجامێکی زۆر گەورەوە بردەوە ئەو سێ قسەیەی میسی سەد لە سەد کاری لە سەر کرا " سوارێز دوورخرایەوە و بووە یەدەگ، ماسکیرانۆ بووە سەرەکی، پاولینهۆش " بووە سەرەکی.

زۆر گرنگە " خوێنەر "ی وەرزشی و چاودێری وەرزشی و هەواداری وەرزشی دەبێت جوان ئەو شتانە ببینێت و خوێندنەوەی جیاوازی بۆ بکات، ئەمەش وایکردووە هەر یاریزانێک ڕوو بکاتە ئەو یانەیە دەبێت ڕای میسی لە سەر بێت، دواتریش کە بێتە یانەکە ناتوانێت ببێتە ژمارە یەکی یانەکە، لێرەدا باسی ئەوە دەکەمەوە ئەمە مانای ئەوە نیە میسی بە دەست و پلان ڕێگیری سەرەکی کرد بێت لەو بابەتەدا، بەڵکو هۆکار بووە، هۆکاری مەنتیقی بووە، ئەویش ئاست بەرزی بەردەوامی میسی بووە، وەک وتمان میسی ئەفسانەی کەتەلۆنیایە و بڕاوەتەوە، ئیتر با لەوە گەڕێین چۆن و چی ؟! ئەوەی چاودێری یاریکردنی میسی و یانەی بەرشەلۆنەی کردبێت ئەوانە ڕوون دەبێتەوە لای و وەڵامەکانی وەر دەگرێت. بەشێکی دی باسەکەمان " نایمار دا سیلڤا " کوڕە ئاڵتوونیەکەی بەڕازیل و داهاتووی سامبایە، کاتێک ڕوویکردە یانەی بەرشەلۆنە توانی ئیزافەیەکی زیاتر بوو بۆ یانەکە بکات، هەوروەها توانی شان بەشانی هەردوو هێرشبەر " میسی و سوارێز " سێگۆشەکی ترسناک دروست بکەن، توانیان کارێکی زۆر گەورە بۆ یانەکە لە ڕووی گۆڵ تۆمارکردنەوە ئەنجام بدەن. لەگەڵ ئەوەی یەکەم وەرزی لەگەڵ بلوگرانا نایمار وەک هەر یاریزانێکی نوێ خۆی بە تەواوی نەسەلەماند بەڵام دواتر توانیان هەرسێکیان ببنە سێ هێرشبەری زۆر تۆقێنەر لە سەر ئاستی یانەکانی ئەوروپا و جیهان و دواتریش نازناوی " ئێم ئێس ئێن " بەدەستبهێنن.

ئەوەی جێی گومانی زۆرێک لە چاودێرە وەرزشیە جیهانییەکان بوو چۆن سێ هێرشبەری ئەمریکای لاتین لە یەک یانەدا کە یەکێکیان یاریزانی " بەڕازیل " و ئەوەی تریان " ئەرجەنتین " و دانەکی تریان " ئۆرۆگوایی " بێت سەرکەتوو ببن و بگونجێن ؟! لە کاتێکدا لە سەر ئاستی هەڵبژاردەکاندا نەیاری سەرسەختی یەکترن، بەڵام شتەکان زۆر پێچەوانە دەرچوو کەشی بەرشەلۆنە هەموو ڕاو بۆچوونە سلبیەکانی ڕەد کردەوە، ئەوان سەرکەتوو بوون و زۆریش لەگەڵ یەکتردا گونجان. هەمیشە یاریزانە بەڕازیلیەکان زۆرترین یاریزانیان وەک ئەستێرە و ئەفسانە لە سەر ئاستی جیهان و بە تایبەت ئەوروپا دروستکردووە، هەر بۆیە هەر یاریزانێکی بەناوبانگی بەڕازیلی لە هەر یانەیەک یاری بکات دەیانەوێت خۆیان بسەلمێنن، بەڵام چوونی نایمار بۆ بەرشەلۆنە جیاواز بوو، ئەو هەر زوو ڕایگەیاند شانازی دەکات لەگەڵ ئەفسانەیەکدا یاری بکات کە ئەویش میسیە. لە یانەی کەتەلۆنیا چونکە ڕەقیبی یەکەمی یانەکە میسی بوو، واتا یاریزانی یەکەم میسی بوو، چونکە دەستی لە دروستکردنی بەشێکی گەورەی مێژووی یانەکەدا هەیە، کەواتە بۆ نایمار ئەستەم بوو بتوانێت بە زووی ببێتە یاریزانی یەکەمی یانەکە، نەک بە هۆکاری ڕێگریکردن دروستکردنی بەربەست لە لایەن میسیەوە، بەڵکو ئاستی ناوازەی میسی بەربەست بوو کە بە جێگیری مایەوە، چونکە بەرشەلۆنە لە ترسی لە دەستدانی میسی بە جۆرێک لە جۆرەکان هەوڵیاندا یاریزانێکی نمونەیی بۆ شوێنگرەوەی مسیی پەیدا بکەن. ئەوە بوو یانە کەتەلۆنیەکە نایماری بەڕازیلیان کڕی بۆ ئەوەی لە کاتی پێکان و وازهێنان یاخود لە کاتی ڕووکردنە میسی بۆ هەر یانەکەی دی بەدیلێکی باش بێت، بەڵام شتەکان پێچەوانە بووەوە، سەرەڕای ئاست بەرزی نایمار لە یانەکە کە لە ماوەیەدا پێشکەشی کرد، بەڵام میسی هەر بەردەوام بوو لە ئاست بەرزی خۆیدا، تەناتەت زۆر داتا و ژمارەی میسی لە یانەکە لە نایمار باشتر بوو لە زۆر ڕووەوە، ئەمەش وایکرد غیرە لای نایمار دروست بێت کە چۆن بتوانێت، ببێتە شوێنگرەوەی میسی، بۆی ڕوون بووەوە کە چی دی ئەستەمە بگاتە شوێنەکەی و تاجەکەی لێبستێنێت، ئەمەش ڕێگەیەکی دروستە لە هەموو یانەکاندا ئەمە ڕوویداوە، کەواتە وتمان غیرە و هەوڵدان و نیەتی باش بۆ گەیشتن بە لوتکە کارێکی تەواو گونجاو و ڕێپێدراوە، هەر ئەمەش وایکرد زۆرێک لە یاریزانەی جیهانییەکان و ڕۆژنامەکان و کەسانی ئاسایییش وشەی " سێبەر " بۆ بەرگی نایمار دابتاشن، لە کاتێکدا نایمار بە بەراورد بە هێرشبەری پێشووی یانەکە لەگەڵ میسی زۆر ئاسوودە بوو، چەندین جاریش ئەمەی دووبارە دەکردەوە، تەنانەت کاتێکیش یانەی کەتەلۆنیای بە جێهێشت و ڕوویکردە یانەی پاریس لە یەکەم کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی لەگەڵ " ناسر خلێفی " سەرۆکی یانەی پاریس سانجێرمان نایمار دووبارە سوپاسی میسی کردووە و بە یاریزانێکی مەزن و هاوڕێیەکی باشی خۆی وەسف کرد و هەروەها یانەی کەتەلۆنیاشی وەک یانەیەکی مەزن وەسف کرد.

نایمار زۆر ڕاستگۆیانە وتەکانی خۆی دووبارە کردەوە، بەڵام لەو کاتەدا هێرشێکی زۆر توند و ناڕەوا لە لایەن یانەکە و هەوادارانی بەرشەلۆنەوە کە زۆرێکیان هەواداری ئەرجەنتین بوون کرایە سەر نایمار بە یاریزانێکی پارە پەرست وەسفیان کرد، بەڵام ئەوان تەرکیزیان لە سەر شکستی دەستەی کارگێڕی یانەکەیان نەماو فۆکەسیان کردە سەر نایمار، واتا بەرشەلۆنە لە ژێرەوە هاندەرانی خۆیان بە ڕۆیشتنی نایمارەوە سەرقاڵکرد. بەرشەلۆنە بە تایبەت دەستەی کارگێڕی یانەکە بۆ دوورکەوتنەوە لە فشاری دەروونی خۆیان و بۆ ئەوەی پەردە لە سەر شکستی خۆیان هەڵنەماڵرێت هەستان ئەو کارەیان کرد، هەر ئەو دەستەیە پێشتر بەرپرس بوون لە هەڵهاتنی چەندین یاریزانی بەناوبانگ، دواتریش ئەوە ئاشکرا بوو کە دەستەی کارگێری یانەکە فاشیلترین دەستەی کارگێری بووە لە مێژووی یانەکەدا، ئەوەبوو ماوەیەکی زۆر هەوادارانی خۆیان سەرقاڵ کرد بە کڕینی کۆتینهۆی یاریزانی هێڵی ناوەندی لیڤرپوول لەویشدا شکستیان خوارد و هەوادارانی خۆیان گەوجاند، کە دواتر هێرشێکی زۆر توند کرایە سەر دەستەی کارگێڕی یانەکە بە درۆزن وەسفیان کردن. نایمار سوور بوو لە سەر جێهێشتنی یانەکە بۆ ئەوەی لە لایەک ببێتە گرانترین یاریزانی مێژوو تەنها لەمەدا میسی تێپەڕاند، هەروەها لایەنی دووەمیشی ئەوەبوو هەوڵ بدات مێژوو لەگەڵ پاریس دروست بکات، واتا دەیەوێت ببێتە ئەستێرەی یەکەمی یانە فەڕەنسیەکە، وە ئێستا یەکەمی بێ ڕکابەری یانەکەیە. باسێکی تری بابەتی ئێمە هێرشبەری ئۆرۆگوایی " کاڤانی "یە ئەم یاریزانە یەکێکە لەوانەی کە گۆڵکارێکی باشە بۆ پاریس سان جێرمان، بەڵام هیچ کات نەیتوانیوە ببێتە " دیگۆ فۆرلان و لویس سوارێز "ی هەردوو هێرشبەری هاونیشتیمانی خۆی.
کاڤانی لە یانە پاریسدا شوێنی خۆی گرتووە وەک هێرشبەری یەکەمی یانەکە، بەڵام بە هاتنی نایمار دەبێت ئەو خەونە لە بیر بکات کە وەک ئەستێرەی یەکەمی بمێنێتەوە، چونکە پرۆژەکەی پاریس کە دەستی داوەتێ لە کێشی کاڤانی گەروەترە، هەر بۆیە ترس باڵی بەسەردا کێشاوە لەوەی وەک ژمارە یەک بمێنێتەوە. سەرەتای سەرهەڵدانی کێشەی کاڤانی و نایمار لەوەوە سەرچاوەی گرت کاتێک نایمار لە دوو بۆنەی جیاوازدا داوای لە کاڤانی کرد کە لێدانە سزاکەی بداتێ، بەڵام هەردوو جارەکە کاڤانی ئەوەی ڕەد کردەوە، هەرچەندە لێرەدا هۆکاری ئەو هەڵەیە بە پلەی یەک دەگەڕێتەوە بۆ لاوازی بڕیاری ڕاهێنەر، چونکە ئەوە کاری سەرەکی و یەکەمی ئەوە کە کێ دیاری بکات بۆ جێبەجێکردنی لێدانە ڕاستەوخۆکان و پەناڵتیەکان و کۆڕناڵەکان. جا ئەوەی جێی سەرنجە ئەوەندەی ئەم بابەتە هەوادارانی میسی و بەرشەلۆنەی سەرقاڵ کرد زۆر شوێنی تر و کەسانی دی سەرقاڵ نەکرد، چونکە مۆتەکەی ڕۆیشتنی نایمار بەسەر ئەو یانەیە هەر ماوەتەوە ئەوەش چەند خوێندنەوەیەکی تر لە خۆ دەگرێت، نایمار یانەکەی جێهێشت و بۆشایی لەو شوێنەدا جێهێشت دروستکردووە کە یاری تێدا دەکرد، ئەوەی ئەمە ڕەد دەکاتەوە لەگەڵ بیرکردنەوەی خۆی ناڕاستگۆیە گەر وا نیە بۆ یانەی بەرشەلۆنە سوورە لە سەر هێرشکردن بۆ سەر نایمار، وەک زۆرێکیان وا خۆیان دەردەخەن بە ڕۆیشتنی نایمار ئاستی بەرشە باشتر بووە، با بیان بینین مێژوو شەرمی لە کەس نیە.

هەوادارانی میسی لە سەر پەناڵتیەکەی کاڤانی و نایمار دوو جۆر بیرکردنەوەیان هەیە هەندێکیان ڕایان وایە کە ئەمە قسە دروستەکەیە دەڵێن : میسی ئەفسانە بەو گەورەیی و مەزنییەوە ڕێزی نایماری دەگرت زۆرجار پێویستی بە لێدانی پەناڵتیەکەش بووە، بەڵام پێشکەشی نایماری کردووە، بەشێکی تریان ئەوانەی بە نەفەسی ئەرجەنتینی و بیرتەسکییەوە بیردەکەنەوە هێرشیان کردۆتە سەر نایمار گوایە نایمار تاوانبارە و باشتریش یانەی بەرشەلۆنەی جێهێشتووە، چونکە ئێستا یانەکە بە بێ نایمار باشتر بووە، کە ئەمەش دیوە هەڵەکەی بیرکردنەوەیە لە تۆپی پێ، چونکە ئەوانەی وەرزشی بیر بکەنەوە پێویستە بە عەقڵی گەورەوە بڕواننە سیحری تۆپی پێ، نابێت بیر تەسکی هەبێت، گەر وابێت بەراواردکارییەکە وەک ئەوەی لەدێ کە لە سیاسەتدا دەبینرێت، هەڵەش هەر دروستە.

لە کاتێدا ئەم هەموو مقۆ مقۆیە دروست بووە، دەبینین لایەنی زانستی شیکەرەوەی عەقڵانی وەرزشی کەمتر دەبینرێت. گومانی تێدا نیە ناتوانین بڵێین نایمار لە سەر ڕاست بووە کە داوای پەناڵتیەکەی لە کاڤانی کردووە، بەڵکو لێرەدا بێ ڕێزی و گەمژەیی کاڤانیش دەردەخات لە بەرامبەر نایمار. کاڤانی پێویستە خۆی بگونجێنێت لەگەڵ نایمار وەک ئەوەی یاریزانی بەرشەلۆنە پێویست بوو لەگەڵ میسی بگونجێن، دەنا پاشەڕۆژی کاڤانی دەکەوێتە مەترسیەوە لەگەڵ پاریسدا، چونکە نایمار لە یانەکە یاریزانی دی بەڕازیلی پشتی دەگرن، ئەمە جگە لەوەی سەرۆکی یانەکە بە پارەیەکی خەیاڵی نایماری کڕیوە بەو بڕە پارەیەش دەتوانرێت چوار یاریزانی وەک کاڤانی لە هەر یانەیەکی دی پێ بکڕدرێت. ئەوانەی پێشتر و بە ئێستاشەوە چاودێری یاری پاریس سان جێرمان دەکەن باش دەزانن کاڤانی ڕێژەی فەتاندنی گۆڵی زۆر نزیکە لە تۆمارکردنی، واتا یاری وا هەبووە تا گۆلێکی تۆمار کردووە چەند بەرامبەری فەوتاندووە، لەگەلً ئەوەشدا یەکێکە لە هێرشبەرە باشەکانی یانەکە. کەواتە ئێستا تێ دەگەین کە نایمار دا سیلڤا یار و نەیاری سەرقاڵ کردووە بە خۆیەوە، لێرەدا دەمەوێت ئاماژە بە خاڵە سلبیەکانی نیماریش بدەین، یەکێکە لەو یاریزانانەی گەر لە مەزاجێکی باشدا نەبێت ئەوا ئاستی بە جۆرێک دادەبەزێت کە جێی نیگەرانییە و جار بووە نەتوانراوە وەک پێویست سوودی لێ ببینرێت، یاخود یەکێکە لەوانەی کە دەمێ دەمێ و نیقاشی زۆر بێ سوود دەکات لەگەڵ یاریزانانی بەرامبەردا ئەمەش خاڵێکی سلبی زۆر گەورە بوو وایکرد ڕاهێنەری سامبا " تیتیی" شارەی کاپتنی لێ وەربگرێتەوە. گەر چی لە ئێستادا نایمار بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو تا ڕادەیەک توانیویتی باشتر بێت و زاڵ بێت بە سەر مەزاجیدا، کەواتە بۆ ئەوەی مەزنتر دەر بکەوێت پێویستە ئەو شتە سلبیانە لە خۆیدا دوور بخاتەوە بۆ ئەوەی چێژ و خۆشی زیاتر بە هەوادارانی ببەخشێتەوە.

دەر ئەنجام ئەمەیە پێویستە کەسانی وەرزشی وردتر و دووربینانە تر بۆ شتەکان و بابەتەکان بچن، ئاشکرایە ئەوانەی تەماشای تۆپی پێ دەکەن هەر کام هەواداری یاریزانێکە، یاخود یانەکەیە، یان هەڵبژاردەیەکە، بۆیە دەبێت بە ئینسافەوە تا ڕادەیەک بە ویژدانەوە لە شەر شتەکان بدوێن، بە عەشوایی دوای شتەکان نەکەون، ڕەخنەی دروست هەبێت لە کەم وکوڕی و لە مامەڵەی نادروست، خۆپاراستن هەبێت لە لایەنگری، دوورکەوتنەوە لە سۆز و عاتیفەی ژێر بە ژێر. دواجار بیرتان بهێنمەوە ئەو مێژووەی میسی ئەفسانە تۆماری کردووە بە نەمری دەمێنێتەوە، نایماریش بە خۆدوورخستنەوە لە شتی بێ سوود هەوڵ دەدات نەمر بێت، نایمار داهاتووە، ئەو دەیەوێت ببێتە ئەفسانە هەر وەک یاریزانەکانی تری بەڕازیل، نایمار دەیەوێت ناوی خۆی بە ئاڵتوون بنوسێتەوە، نایمار تەنها سێبەری خۆیەتی، سێبەری هیچ یاریزانێکی دیکە نیە...













زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved