2/10/2017 04:45 PM

لە گازینۆ لیدیاوە بۆ سۆشیال میدیا

شادمان محەمەد

لەگەڵ نزیک بوونەوەی وادەی کۆتایی یارییەکانی پاڵاوتنی تۆپی پێی ئەمریکای باشوور ناسراو بە " لاتین " بۆ مۆندیالی ساڵی " 2018 " کە بڕیارە لە وڵاتی ڕووسیای ساردا بەڕێوە بچێت، زۆرێک لە هەڵبژاردەکانی ئەمریکای لاتین جگە لە هەڵبژاردەی تۆپی پێی بەڕازیل کە زۆر سەرکەوتووانە بە سەرکردایەتی ڕاهێنەڕی بەڕازیلی " تیتی " خۆیان گەیاندە ڕووسیا و هەڵبژاردەکانی تریش لە ململانێیەکی زۆر سەختدان بۆ سەرکەوتن بۆ جامی جیهانی ڕووسیا.

یەکێک لەو هەڵبژاردانە کە جێی سەرنجی هەوادارانیەتی و پێگەیەکی لە ڕیزبەندیدا لە پلەی پێنجەمدایە بە کۆکردنەوەی " 24 " خاڵ هەڵبژاردەکەی " تانگۆی ئەرجەنتین و میسی "ە. بۆ بیرهێنانەوە دوو یاری کۆتای ئەم پاڵاوتنەش کە بڕیارە لە " 5 " و " 10 " مانگی ئۆکتۆبەری ئەمساڵدا بەڕێوەبچێت پێشبینی دەکرێت گۆڕانکاری زۆر گەورە ڕوو بدات و هەڵبژاردەیەکی بەهێزیش لە هەڵبژاردەکانی ئەمریکای باشووردا نەتوانیت بگاتە یارییەکانی مۆندیالی داهاتوو. لێرەدا نامەوێت لە لایەک سەرنجتان بۆ وردەکاری چۆنێتی کۆکردنەوەی خاڵ و دیاریکردنی هەڵبژاردەی بەهێز و لاواز و شێوازی سەرکەوتن بۆ مۆندیال ڕابکێشم، بەڵام لە هەمان کاتدا دەمەوێت سەرنجتان بۆ " کاتی تەماشکردن " و " چۆنێتی تەماشاکردن "ی یارییەکانی پاڵاوتنی ئەو کیشوەرە ڕابکێشم کە بە درێژای مێژووی تۆپی پێی جیهانی لانکەی بەرهەمهێنانی باشترین یاریزانی " سەدە و پاشای تۆپی پێ و گرانترین یاریزان " بووە لە ئاستی جیهاندا بە تایبەت هەردوو هەڵبژاردەی "سامبای بەڕازیل و تانگۆی ئەرجەنتین " کە زۆرێک لە یاریزانەکانی ئەو دوو هەڵبژاردەیە چێژێکی تەواویان بەخشیوە بە تۆپی پێی ئەوروپا و جیهان کە ئەمڕۆ جیهان شانازی دەکات بە دەستکەوت و بەهرەکانیانەوە، دیسانەوە نامەوێت بچمە سەر بابەتی ناوی یاریزانان کە کێن و کێ نین ؟کە زۆرێکیان ئەمڕۆ وەک ناوی خۆمان لە بەرمانانن.

 بابەتی سەرەکیمان لە سەر " کات "ە، واتا کاتی تەماشاکردنی یارییەکانی پاڵاوتنی کیشوەری ئەمریکای لاتین کە هەر چوار ساڵ جارێک خۆیان ئامادە دەکەن بۆ سەرکەوتن بۆ مۆندیال هەروەک هەڵبژاردەکانی کیشوەرەکانی دی هەر کامیان بە پێی ئەو یاسا و ڕێسایەی کە فیفا دایناوە و جێگیری کردووە و لە سەری دەڕۆن و کاری پێ دەکەن، بە جۆرێک کە هیچ " کات " ێک بەر " کات "ێکی دی یارییەکانی یانە وەرزشیە جیهانییەکان ناکەوێت کە یاریزانەکان یاری تێدا ئەنجام دەدەن، کە ئەمەش جوانترین و بەهێزترین " پلانی کات "ی یارییەکانە کە فیفا پەیڕەوی لێ دەکات و سەرکەوتووش بووە تێیدا. بە هۆکاری ئەوەی ئێمەش لە کیشوەری ئاسیا و پاشان لە کوردستانی عێراقدا دەژین و وە زیاتر هەواداری هەڵبژاردەکانی ئەرجەنتین و بەڕازیلین، هەر بۆیە بینەرێکی زۆریان هەیە، هەرچەندە کاتەکانی یاریکردن بە پێچەوانەی کاتی کوردستانەوەیە، واتا زۆرێک لە یارییەکانی کیشوەری ئەمریکای لاتین لە " 2 " بەیانی بە دواوە تا " 5 " بەیانی بە کاتی ئێمە ئەنجام دەدرێت، ئەمەش زۆر جار کێشەی بۆ بینەری کوردی دروستکردووە کە نەتوانیت تەواو ئامادەی بینینی یارییەکان بێت، مەگەر کەسانێک کە زۆر عاشقی تۆپی پێ بن، بە تایبەت سیلیسا و و تانگۆ. لێرەدا باسی هاندەر و هەواداری سەرسەخت و عاشقی تۆپی پێ دەکەین، ئەوانەی لە کاتی تەماشکردنی یارییەکاندا کاتێک بانگشیان دەکەین گوێیان لێی نیە، یاخود کاتێک وەڵام دەداتەوە دەڵێت : ها !! یان دەڵێت : ببوورە چیت وت؟! ئەوەندە چۆتە ناو یارییەکەوە گێژ بووە.

ئێستا دەمانەوێت بگەڕێینەوە بۆ ناو بابەتی سەرەکی کە کاتی بینینی یارییەکانە، بۆ بیرهێنانەوە ساڵانی پێش " 2000 " واتا ساڵانی پاڵاوتنەکانی مۆندیالی " 2002 " ی کۆریا و ژاپۆن کە ئەو کات نە کارەبا و نە بواری وەرزشی و نە هەواڵی وەرزشی بەم شێوەی ئێستا نەبوو، واتا بەم شێوەیە نەبوو کە ئێستا لە ڕێی " نێت " و لە ڕێی " سۆشیال میدیا " وە دەستت بگات بە کون و قوژبنی هەواڵەکانی تۆپی پێ، بە تایبەتیش هەواڵی یارییەکانی ئەمریکای لاتین، ئەو کات وەک ئێستا نەتدەتوانی بە شێوەیەکی ئاسان هەواڵی یارییەکانی تۆپی پێی جیهانی بەدەستبهێنێنیت، تەنها چەند سەرچاوەیەکی کەمی وەرزشی هەبوو کە زۆر جار هەواڵی دروست و نادروستی بڵاو دەکردەوە، وە سەرچاوەی زۆریش بەردەست نەبوو تا لە ڕاستی و دروستی بابەتەکە بکۆڵیتەوە، ئەمەش بۆ خۆی دوو ڕووی هەبوو، ڕووەیەکیان سلبی بوو کە هەواڵەکە ناڕاست بوو، ئەوەی تریان ئیجابی بوو کە بە تامەزرۆیەوە چاوەڕێی هەواڵ و لیستی پێکهاتە و ئامادەکاری یاریزانانی هەڵبژاردەکان بووین. لە هەموو ئەوانە گرنگتر بە هۆی نەبوونی کارەباوە لە ماڵەکاندا کە ئێستاش زۆر جار پێوەی دەناڵێنین، چونکە وەک وتمان کاتی یارییەکان دەکەوتە بەیانیەوە کە زۆر جار پەنا دەبرا بۆ مۆلیدەی ماڵ کە ئەویش نەدەکرا بەو بەیانییە مۆلیدەیەکی دەنگ ناخۆش لە سەربان بکەیتە کار ئەمە چیە تەماشای یاری بەڕازیل و ئەرجەنتین دەکەیت، ئەو کات یان بە شێت لە قەڵەم دەدرایت، یاخود وەک ئەرکی دراوسێیەتی نەدەکرا بەو کاتە درەنگە بە ڤڕە ڤڕی مۆلیدە خەڵک لە شیرین خەو بکەیت، هەندێک دەچوون مۆلیدەیان لە سەر تایەیەک دەخستە کار بۆ بینینی یارییەکان، بۆیە بۆ بینینی یارییەکان ناچار دەبووین پەنا ببەین بۆ گازینۆکانی بازاڕ کە یارییەکانی دەگواستەوە یەکێک لەوانە گازینۆ " لیدیا " بوو.

لە خاڵەوە جیاوازی سەردەمی و بینینی یارییەکان دەردەکەوێت بەراورد بە ئێستا، بە جۆرێک جاران جگە لە نەبوونی کارەبا و نەبوونی سەرچاوەی هەواڵ دەبوو بەیانیەکەی بەڕێبکەوتینایە بۆ گازینۆ " لیدیا " کە دەکەوتە نهۆمی سەرەوەی تەنیشت چایخانەی شەعب لە بەردەرکی سەرا. ڕابردووی لەگەڵ بێت بە ئێستاشەوە لە شاری سلێمانی ململانێیەکی تووند هەبوو لە نێوان هەوادارانی ئەرجەنتین و بەڕازیل، ئێمە لێرەدا وەک پێشتر ئاماژەمان پێکردووە تەنها باس لە ئەزموونی تەماشاکردنی پاڵاوتنەکانی مۆندیالی " 2002 " و بە تایبەت کیشوەری لاتین و بە تایبەتتر هەڵبژاردەی بەڕازیل و ئەرجەنتین دەکەم، چونکە هەر جیل و سەردەمێک خوێندنەوەیەک هەڵدەگرێت. وە کاتێک سەر لە بەیانیەکەی لە نێوان سەعاتی " 2 " بەیانی بە دواوەوە، یان " 4 "ی بەیانی بەولاوە دەگەیشتینە گازینۆ " لیدیا " لە ناکاو تێکەڵ بە کۆمەڵێک یاریزانی کۆنی سلێمانی و گەنج و عاشقانی تۆپی پێ دەبوویت دوور لە نێرگەلە کێشان، کە ئێستا بۆتە باو. لە گازینۆکە سەرەتا چایەکی پیاڵەی گەرمت هەڵدەقوڕاند تا خەو کەمێک بەری ئەداین، دواتر شیرینی یاخود محەلبیشیان بۆ دەهێنایت لە بری تەماشاکردنی یارییەکە دەبوو بیخۆیت جا ئارەزووت بکرتایە، یاخود نا، چونکە تۆ بە بەلاش تەماشای یارییەکەت دەکرد، دواتر یارییەکە دەستی پێدەکرد بێ زانیاری پێشینە، بە پێچەوانەی ئێستاوە کە هەموو شتێک بەردەستە، چێژی یارییەکە ئەوەبوو چاوەڕێی ناوی نوێ و یاریزانی نوێت دەکرد، ئەمەش خۆی لە خۆیدا وای لێ دەکردیت ئاگایانە تر زانیارییەکان وەربگریت، بە تایبەتیش کە بێژەری زۆرێک لە یارییەکان وەک ئێستا بە هۆی سنووری جوگرافیاوە عەرەب بوون، ئەو کات کەم کەس وەک ئێستا عەرەبییان باش بوو، زۆر جار ناچار دەبوویت لە هاوڕێی گازینۆکەت زانیاری وەربگریت بە تایبەت ئەوەی عەرەبییەکەی باش بوو، بە پێچەوانەی ئێستاوە کە تەنها لە ڕێی مۆبایلی زیرەک و پێگە وەرزشیەکان و سۆشیال میدیاوە دەتوانیت هەموو زانیارییەک وەربگریت بێ ماندوو بوون، تەنانەت ئێستا وای لێهاتووە دەزانیت چ یاریزانێک بانگهێشت نەکراوە، یاخود چ یاریزانێک پێکانی هەیە. لە ڕاستیدا نامانەوێت بڵێین ئەو سەردەمە خۆشتر و باشتر بوو، بەڵام خۆ دەتوانین بڵێین تا ڕادەیەکیش چێژێکی تایبەتی خۆی هەبوو، واتا هەموو کەس نەیدەتوانی هەروا بە ئاسانی لە سەر تۆپی پێ قسە بکات ؟! وەک ئەوەی ئێستا دەیبینین.

گومانی تێدا نیە ئێستا زۆرکەسی باش دروست بوون لە بواری وەرزشدا کە شیکردنەوە و خوێندنەوە بۆ یارییەکان دەکەن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بێ سەرە و بەرەییەکیشی پێوە دیارە، بە جۆرێک بەشێکیان تەنها وەک قوتابیەکی دەراغی مەکتەب شتەکان وەک تووتی دەڵێتەوە، بەشێکیشیان نیقاشی ناعەقڵانی و نا دروستی و مەزاجی بڵاودکەنەوە، ئەمە جگە لە هەندێ پێگەی وەرزشی کە جێی بەزەیین، نەک نیگەرانی.

ئاشکرایە پێشکەوتنی باش لە بواری وەرزشدا هاتۆتە ئاراوە، بە تایبەت هەندێ کەناڵی وەرزشی لە کوردستان کە هەواداری زۆر باشی دروستکردووە و ژیربێژیانە یارییەکان بە بێ ماندوو بوون لە " کار و کات " دەگوازنەوە، هیوادارین لە داهاتوودا هەنگاوی باشتر بنێن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە لە زیادە ڕەوی دوور بکەونەوە بۆ ئەوەی ڕێز بۆ " پیشەیی بوون " بگەڕێنەوە، ئەوانەش دووربخەنەوە کە قسەی ناو گیرفانیان دەکەنە " مانشێت و سەردێڕی هەوڵەکان "ی وەرزش و هەروەها پێویستە قسەی بازاڕیش جیابکرێتەوە لە قسەی وەرزشی، هەروەها پێویستە شیکەرەوەکانیش " بێ لایەنی " خۆیان بپارێزن لە کاتی قسەکردن لە سەر یارییەکان دوور لە بەکارهێنانی لایەنگری و سۆز و عاتیفە و خۆشەویستی بۆ یاریزان و یانەکان و هەڵبژاردەکان، نەک بە خاتر منداڵ و برا و کەسوکار و هاوڕێکانیان بدوێن بۆ ئەوەی " لایک و کۆمێنت "ی زۆریانیان بۆ بێت کە جاران ئەمەش بوونی نەبوو. لە کۆتایدا کە هیچ کات هیچ بوارێک ڕەهایی نیە، هەموو بابەتێک ڕا و بۆچوونە، پێویستە ڕێز لە ڕا وبۆچوونی جیاواز بیگیرێت. دواجار هەموو سەردەمێک بە هەموو کەم و کوڕییەکیەوە گرنگی و دۆخی تایبەتی خۆی هەیە کە پێویستە ئەو کەموکورتیانە هۆکارێکی ئیجابی بێت بۆ ئەوەی داهاتووییەکی باشی لێوە دروست بکرێت. ئەوەی ئەمڕۆ دەبینرێت تا ڕادەیەکی باش جێی هیوایە، پەیج و کەناڵی وەرزشی و کەسانی وەرزشی باش هاتونەتە مەیدان، سەرەڕای ڕەخنەی دروست لێیان کاری باشیشیان کردووە کە ئەمڕۆ بونەتە هۆی ئەوەی هەواداری وەرزیشی باشیش دروست بووبێت. پێویستە زیاتر خەڵک هان بدرێن کە " بردنەوە و شکست " وای لێ نەکات ڕق و کینە و بوغز و گەوجێتی دروست بکات، بەڵکو پێویستە خەڵک وا لێبکرێت لە ڕێی " بردنەوەو دۆڕاندن " بناغەیەکی باشی عەقڵانی دروست بکات کە توانای دیالۆگ و گفتوگۆی ژیربێژی هەبێت لە کاتی شکست و بردنەوەدا.




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved