سه‌ره‌تا ئه‌گه‌رچی له‌م بابه‌ته‌دا به‌شێوه‌یه‌كی ئه‌كادیمی له گرنگی نامه‌و نامه‌گۆڕینه‌وه نادوێم له خه‌باتی شۆڕشی چه‌كداریی و رێكخستن و سیاسی‌دا، به‌ڵام گه‌ره‌كمه به خوێنه‌ران بڵێم كه به‌داخه‌وه تائێستا به شێوه‌یه‌كی زانستی بابه‌تێك نایه‌ته به‌رچاو كه باسی له رۆڵی نامه‌ی سه‌ركرده‌و فه‌رمانده مه‌یدانی و كادرانی سیاسی و رێكخستنی له شۆڕشی كوردایه‌تی كردبێت. هه‌قه باشتر وردببینه‌وه له زاراوه‌ی «قال الراوی» و باشترین و به‌ڵگه‌ی به‌ڵگه‌نه‌ویست بۆ هه‌ر كارێكی ورد‌و زانستی بریتییه له به‌ڵگه‌نامه‌ی نووسراو، ده‌نگ یان ده‌نگ و ره‌نگی تۆماركراو. شۆڕشی نوێی خه‌ڵكی كوردستان له ده‌ورو زه‌مانێك روویدا كه ته‌كنۆلۆژیای چاپ و بواری فیلمسازی پێشكه‌وتنی به‌رچاوی به‌خۆوه بینی بوو. ئه‌گه‌ر به‌راوردێك بكرێت به‌و رۆژگاره‌ی كه بزوتنه‌وه‌و شۆڕشه‌كانی تری كوردی تێدا روویداوه. راسته له شۆڕشێكی درێژخایه‌نی كوردایه‌تیداو به‌تایبه‌تیش به‌رامبه‌ر هێزێكی نابه‌رامبه‌ری وه‌ك داگیركه‌رانی كوردستان ناتوانرێت ته‌كنۆلۆژیای گه‌یاندنی پێشكه‌وتوو به‌كاربهێنرێت، به‌ڵام خۆ شۆڕشی نوێ خاوه‌نی ئه‌رشیفێكی په‌رتی نامه‌و كاسێتی ئێستگه‌یی و كاسێتی ڤیدیۆییه. ئه‌رێ كام بابه‌ت و باسی ئه‌كادیمی وه‌ك سه‌رچاوه، هه‌وڵیداوه هه‌ر بۆ نموونه سوود له نامه‌ی سه‌ركرده‌كان، یاخود چه‌ند كاسێتێكی ئێستگه‌ی رادیۆی ده‌نگی گه‌لی كوردستان یان ئه‌و ده‌یان و بگره سه‌دان كاسێته ڤیدیۆییه وه‌ربگرێت كه له به‌ره‌كانی شه‌ڕ یان له كاتی ژیانی پارتیزانیدا نووسراون و تۆماركراون؟ ئه‌م سه‌ره‌قه‌ڵه‌مه‌ی من ده‌كرێت وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك خوێندنه‌وه‌ی بۆ بكرێت و بكرێته سه‌ره‌تایه‌ك بۆ ده‌یان بابه‌ت و نووسینی تر‌و هیوادارم سه‌رده‌قشكێنی كاری ئه‌كادیمی بێت و نه‌چێته خانه‌ی موجامه‌له و ریایی كردن! چونكه ئه‌سڵه‌ن نه كارم به‌و رێگا ناته‌ندروسته هه‌یه و نه هه‌وڵیشم بۆ داوه تا چاوه‌ڕوانی بازێك بكه‌م. له‌م باسه‌دا ته‌نیا ئاماژه به‌چه‌ند نامه‌یه‌كی مام جه‌لال ده‌ده‌م كه چۆن كاری بۆ پێشخستنی كه‌ناڵه جیاوازه‌كانی راگه‌یاندنی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان كردووه. گرفته‌كان بۆ ئاماده‌كردن و نووسینی بابه‌تێكی له‌و جۆر‌و شێوه‌یه پێویسته وردبینانه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ به‌ڵگه‌نامه‌كان بكرێت، به‌تایبه‌تیش رۆژگاری خه‌باتی كوردایه‌تی به دوو به‌رگی دژ به‌یه‌ك په‌رده‌پۆشكراون، ئه‌و دوو به‌رگه‌ش پۆزه‌تیڤ و نێگه‌تیڤه. گرفتێكی تر به نائاگایی گه‌مارۆی زاكیره‌ی نووسه‌ری رۆژهه‌ڵاتی داوه، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه ئایا ده‌كرێت كار له‌سه‌ر كۆمه‌ڵێك نامه بكرێت كه هی سه‌ركرده‌یه‌كی وه‌ك مام جه‌لال بێت؟ نووسه‌ری كورد تا به‌مڕۆش ده‌گات، خۆی ره‌قیبێكی نامۆیه به‌سه‌ر قه‌ڵه‌مه‌كه‌ی خۆیدا، به‌بێ ئه‌وه‌ی ره‌چاوی رێسا‌و یاسا بكات! ساغكردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵێك جفره‌و ده‌سته‌واژه‌ی نهێنی و ناوی خواستراو! گرفتێكی تر بوو له‌كاتی نووسینی ئه‌م بابه‌ته‌دا منیان خسته به‌رده‌م دووڕیانی كردنه‌وه‌و نه‌كردنه‌وه‌ی جفره‌كان و ئاشكراكردن و نه‌كردنی ناوه نهێنی و خواستراوه‌كاندا، له ده‌رئه‌نجامدا گه‌یشتمه خاڵی كۆتایی كه ئه‌م باسه بابمێنێت بۆ ئه‌وكاته‌ی كه ده‌قی نامه‌كان ده‌قاوده‌ق بڵاوده‌كه‌مه‌وه. چونكه له‌م باسه‌دا ئه‌وه‌نده‌ی پێویستم به‌خودی مام جه‌لال- ه كه چۆن له به‌رنامه و رۆڵی راگه‌یاندن دواوه، ئه‌وه‌نده به‌لای جفره و ناوی خواستراو و نهێنیدا ناچم، به‌ڵام دڵنیابن ئه‌وه‌ی دووه‌میش پڕۆژه‌یه‌كی نزیكه نه‌ك دوور! گه‌نجینه‌ی نامه‌كان له زۆربه‌ی وڵاتانی پێشكه‌وتوو گرنگییه‌كی له راده‌به‌ده‌ر به كاری مۆزه‌خانه و ئه‌رشیف ده‌درێت. جۆره‌ها ئه‌رشیف و شوێنی پاراستنی سامانی نه‌ته‌وایه‌تی و نیشتمانی هه‌یه. بۆ نموونه هه‌ر ته‌نیا له ستۆكهۆڵم زیاتر له 100 ئه‌رشیف و مۆزه‌خانه و ماڵی تایبه‌تی نووسه‌ران و هونه‌رمه‌ندان و داهێنه‌ران هه‌یه. شتی ئه‌وه‌نده سه‌یر له‌و شوێنانه پارێزراون، مرۆڤ سه‌رسام ده‌كه‌ن. سه‌یره ئێمه نه‌ك ئه‌رشیف و مۆزه‌خانه‌ی ده‌وڵه‌مه‌ند، به‌ڵكو تا كتێبخانه‌یه‌كی ده‌وڵه‌مه‌ند و فراوان و رێك و پێكی نیشتمانیشمان نییه! جارێكی تریش نووسیومه ئێمه تائێستاش تۆڕی ئه‌نته‌رنێت به تۆڕێكی ته‌رفیهی ئامێز لێك ده‌ده‌ینه‌وه‌و سه‌یر ده‌كه‌ین، كه له حاڵێكدا ئه‌مه گه‌ردیله‌یه‌كی زۆر بچووكی نێو گه‌ردیله‌كانی تۆڕی ئه‌نته‌ر‌نێته! ئه‌وه‌ی زیاتر مه‌به‌ستمه ئاماژه‌ی پێ بده‌م با نه‌هێڵێن نامه و ده‌قی نووسراوی سه‌ركرده‌و كه‌سه دیاره‌كانی نێو بزووتنه‌وه‌ی خه‌باتی كوردایه‌تی و نێو ژیانی ئه‌ده‌بی و هونه‌ریی و بواره‌كانی زانست و ... هتد نه‌فه‌وتێن، ئه‌مانه گه‌نجینه و به‌شێكن له ژیانی زیندووی كورده‌واری به « پۆزه‌تیڤ و نێگه‌تیڤ»ه‌وه. ئه‌م نووسینه به‌هه‌ل ده‌زانم و ده‌خوازم بڵێم؛ با میكانیزمێك بدۆزینه‌وه بۆ كۆكردنه‌وه‌و پاراستنی ئه‌و نامانه و به‌كارهێنانیان به شێوه‌یه‌كی زانستی وه‌ك سه‌رچاوه‌یه‌ك له سه‌رچاوه‌كانی لێكۆڵینه‌وه و به‌دواداچوونی ئه‌كادیمی. له (الشراره)ه‌وه تا كوردستانی نوێ-ی عه‌ره‌بی مێژووی رۆژنامه‌گه‌ریی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له ساڵی 1975 به ده‌رچوونی یه‌كه‌مین ژماره‌ی رۆژنامه‌ی (الشرارة) ئۆرگانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان ده‌ست پێ ده‌كات و ئه‌مڕۆش هه‌فته‌نامه‌یه‌كی تر ده‌خاته سه‌ر خه‌رمانی ده‌وڵه‌مه‌ندی ژیانی رۆژنامه‌گه‌رییه‌كه‌ی كه ئه‌ویش رۆژنامه‌ی كوردستانی نوێ-یه به زمانی عه‌ره‌بی، له نێوان ئه‌و دوو به‌رهه‌مه‌دا، یه‌كێتی باڵه‌خانه‌یه‌كی كه‌ڵه‌گه‌تی بۆ دنیای رۆژنامه‌گه‌ریی بنیات ناوه. ده‌توانین مێژووی رۆژنامه‌گه‌ریی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان به‌سه‌ر دوو قۆناغی سه‌ره‌كی دابه‌ش بكه‌ین: نهێنی و ئاشكرا، قۆناغی نهێنی به‌م شێوه‌یه بووه: شام و ئه‌وروپا، پاشان كوردستان و ئه‌وروپا و ئه‌مریكا و شام، له دوا وێستگه‌ی نهێنیدا له كوردستانی رۆژهه‌ڵات» ئێران» نیشته‌جێ بوو، ئه‌م مێژووه پانزه ساڵی خایاند» 1975- 1991» كه به خه‌باتی چه‌كداری به‌ناوبانگه و له په‌راوێزی ئه‌م پۆڵێنكردنه‌دا ده‌توانین بڵێین؛ كه ژیانی كوردی پارچه‌ی كوردستانی باشوور « عیراق» بۆ ماوه‌ی زیاتر له 30 ساڵ به‌شێك بووه له خه‌باتی پارتیزانی و شه‌ڕی به‌ره‌یی و شۆڕش و به‌رگریی و هێرشكردن كه به پشوودرێترین خه‌باتی چه‌كداری له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا ده‌درێته قه‌ڵه‌م. ئه‌مه‌و قۆناغی ئاشكرای رۆژنامه‌گه‌ریی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له ساڵی 1991 تا به‌مڕۆ ده‌گات ده‌ست پێده‌كات، كه سه‌ره‌تا شاری هه‌ولێری كرده پنتی هێزی كاركردن. به‌ڵام دوای 31/8/1996 شاری سلێمانی بووه هێزی سه‌ره‌كی كاركردنی بواری رۆژنامه‌گه‌ریی یه‌كێتی. له زۆربه‌ی بواره‌كانداو به تایبه‌تیش له بواری راگه‌یاندندا یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان به هێزی داهێنه‌ر و ده‌ستپێشخه‌ریی و نوێبوونه‌وه داده‌ندرێت. ئه‌مه ئه‌گه‌ر وه‌ك شوێن پۆلێن بكرێت، هه‌روه‌ها ده‌كرێت بۆ رۆژنامه‌گه‌ریی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان بنووسرێت كه سه‌ره‌تاكه‌ی به رۆژنامه‌گه‌ریی خوێندراو ده‌ستی پێكردووه كه « الشرارة» یه‌كه‌مین هه‌وڵی یه‌كێتییه له‌م بواره‌دا پاشان ساڵی 1979 رووی له رۆژنامه‌گه‌ریی بیستراو كرد‌و ئێستگه‌ی رادیۆی دامه‌زراند، له رۆژانی راپه‌ڕیندا واته له مانگی ئازاری ساڵی 1991 دا رۆژنامه‌گه‌ریی بینراوی داهێنا و دوای باشتر پێشڤه‌چوونی جیهانی ئه‌له‌كترۆنیات توانی سوود له ره‌وتی پێشكه‌وتووی تۆڕه‌كانی ئه‌نته‌رنێت و سه‌ته‌لایت وه‌ربگرێت و ساڵی 1999 رۆژنامه خوێندراوه‌كانی له رێگای تۆڕه‌كانی ئه‌نته‌رنێت گه‌یانده ده‌ره‌وه‌ی كوردستان و ساڵی داوتریش واته ساڵی 2000 كه‌ناڵی ته‌له‌فزیۆنی سه‌ته‌لایتی دامه‌زراند. ئێستا راگه‌یاندنی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌سه‌ر میتۆدی جیهان گوندێكی بچووكه ره‌وت ده‌كات و سوودێكی راسته‌خۆی له سیسته‌می جیهانگیری وه‌رگرتووه. ئاماژه‌دان به ناوه‌ڕۆكی چه‌ند نامه‌یه‌كی تایبه‌تی مام جه‌لال مام جه‌لال هه‌ر له ته‌مه‌نی هه‌رزه‌كاریدا چۆته نێو دنیای رێكخراوبوون و كاری حزبی و سیاسییه‌وه، له هه‌ر بوارێك كاری كردبێت جێ په‌نجه‌ی دیار بووه و هه‌وڵیداوه كاریزمایی خۆی بسه‌لمێنێت، دیاره ئه‌مه قسه‌ی من نییه به‌ڵكو قسه و ئاخاوتنی هاوپۆل و هاوشار و هاوحزبی و هاوسیاسه‌ت و هاورێكخراوی ئه‌ون كه رووداو و حكایه‌ته‌كان ده‌گێڕنه‌وه. ئه‌وه‌ی مه‌به‌ستمه له‌م باسه‌دا چه‌ند دێڕێكی بۆ بچنم. مام جه‌لال و دنیای رۆژنامه‌گه‌رییه. ده‌كرێت له رسته‌یه‌كی كورت و پوختدا بڵێم؛ ناكرێت ژیانی سیاسی و حزبی مام جه‌لال به‌ده‌ر له گرنگیدانی به بواری رۆژنامه‌گه‌ریی باس نه‌كرێت، به‌لای مام جه‌لال بۆ حزب و كاری رێكخراوه‌یی رۆژنامه و راگه‌یاندن و گه‌یاندن ستوونێكی پته‌وی پێشخستن و به‌رده‌وام بوونه. له‌و رووه‌وه ده‌كرێت سه‌یری ئه‌ده‌بیاتی رۆژنامه‌گه‌ریی پارتی دیموكراتی كورد. پارتی دیموكراتی كوردستان پێش له‌تبوون و دوای له‌تبوونه‌كه. یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان بكرێت. ئه‌وه‌نده‌ی من ئاگادار بم له‌وه‌ته‌ی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان دامه‌زراوه مام جه‌لال له نزیكه‌وه سه‌رپه‌رشتی و چاوێری كاروباری كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندنی كردووه. بۆ به‌ڵگه‌ی ئه‌م قسانه‌م وا ئاماژه به چه‌ند نامه‌یه‌كی به‌ڕێزیان ده‌ده‌م كه چۆن له نزیكه‌وه هه‌وڵیداوه هه‌م ده‌زگایه‌كی راگه‌یاندنی تۆكمه دابمه‌زرێنێت، هه‌م به‌رده‌وام بووه له‌سه‌ر پێشخستنی ئامێر و كه‌لوپه‌له‌كانی راگه‌یاندن. رۆژی 27/3/1982 مام جه‌لال نامه‌یه‌كی بۆ د. فوئاد مه‌عسوم نووسیوه و داوا ده‌كات كه هه‌وڵ بده‌ن ئێستگه‌یه‌ك له شام دابین بكات و بڵاوكراوه‌یه‌كیش ده‌ربكه‌ن و الشرارة بۆ ئه‌وان جێ بهێڵن تا له كوردستان واته له شاخ ده‌ری بكه‌ن، چونكه سه‌ره‌تا وا بڕیار بوو كه الشرارة له شام به‌رده‌وام بێت له ده‌رچوون و « رێبازی نوێ» ش له كوردستان ده‌ربكه‌ن. له نامه‌كه‌دا باشتر ئه‌و داخوازییه روونكراوه‌ته‌وه: «هه‌وڵی دامه‌زراندنی ئێستگه بده‌ن له لای « دیر الزور» چ بۆ جوقد بێ چ بۆ خۆمان بێ... ده‌رچواندنی « نشرة اخباریة» هه‌فته‌یی یان دوو هه‌فته‌یی، زۆربه‌ی له رادیۆكه‌مانه‌وه بێت ئه‌مه با له جیاتی الشرارة بێت، چونكه بڕیار درا ئێمه لێره الشرارة ده‌ركه‌ین.» له نامه‌یه‌كی تردا بۆ د. فوئاد مه‌عسوم كه رۆژی 6/6/ 1982 ناردوویه‌تی باشتر له‌و مه‌سه‌له‌یه ده‌دوێت: « الشرارة! كوا؟ چۆنه؟ چی یه؟ چاومان لێڵ بوو هه‌ر ئه‌و ئه‌ستێره‌ی سیوه‌یله ده‌رنه‌كه‌وت؟ لێره مانگێ 3- 4 گۆڤاری 50- 60 لاپه‌ڕی ده‌رده‌چێت جگه له شۆرش و رێكخستن و علاقاتی زۆر و زه‌وه‌ند. الشرارة ئیتر لێره ده‌رده‌كه‌ین. ئێوه‌ش له شام مجه‌له‌یه‌ك ده‌ركه‌ن كه بریتی بێ له « اخبار الوطن» ( هی پ. م) مقالات و تعلیقاتی رادیۆكه‌مان له‌گه‌ڵ اخبار و فعالیات الخارج» له‌گه‌ڵ مقابلات مع الشخصیات الوطنیة و العالمیة، ما قالته الصحافة العالمیة-ی مسئله‌سی و مقالات و تحلیلاتی خۆتان به ناوی لجنة العلاقات الخارجیة یان فرع الخارج- ه‌وه. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش زۆر باشه گه‌ر د. هۆمه‌ر بێته شام. هه‌م بۆ ئه‌مه و هه‌م بۆ شته‌كانی تریش كه‌ڵكی زۆر ده‌بێت. جا تكایه پێش هێنانی د. هۆمه‌ر له مشروعی مجله‌كه‌ش ئاگاداری بكه‌ن تا له ئه‌وروپاوه ما قالته الصحف و مقابلات له‌گه‌ڵ هه‌ندێ شخصیاتی عاله‌می له‌گه‌ڵ خۆی بهێنێت. ئه‌و جۆره مجله‌یه‌ش زۆر گرنگه تكایه بۆ ئێمه‌ش 4- 5 دانه بنێرن تا لێره‌ش چاپی بكه‌ینه‌وه. كاكه فوئاد گیان تكایه ئه‌مه وه‌ك بڕیار‌و واجب وه‌ربگرن و جێ به‌جێ ی بكه‌ن.» به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌ی من ئاگاداربم براده‌رانی شام و ئه‌وروپا ئه‌و كاته نه‌یانتوانی گۆڤارێكی له‌و شێوه‌یه ده‌ربكه‌ن به‌ڵكو ده‌ستیان به ده‌ركردنی رۆژنامه‌یی « الاتحاد» كرد. ئه‌مه و له‌سه‌ر رۆڵی ئێستگه‌ی رادیۆی یه‌كێتی له هه‌مان نامه‌دا ده‌ڵێت؛ « راپه‌ڕینی شاره‌كان به راستی زۆر زۆر نایاب و دڵخۆشكه‌ر و وره‌به به‌رزكه‌ره‌وه‌یه، زۆربه‌ی زۆری خه‌ڵك ئاماده‌ن درێژه‌ی پێ بده‌ن، به‌ڵام به قسه‌ی ی. ن. ك خه‌ڵك گوێ له ئامۆژگاری رادیۆكه‌مان ده‌گرێت». یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان دوای جاڕدانی شۆڕشی نوێ كه‌وته مشور خواردن بۆ په‌یداكردن و كڕینی ئێستگه‌یه‌كی رادیۆ، دوای ئه‌وه‌ی له ساڵی1978 ئێستگه‌یه‌ك له ئه‌وروپا كڕدرا و نێردرا بۆ سوریا و له‌وێوه به رێی قاچاخ بۆ كوردستان نێردرایه‌وه‌و له رۆژی نه‌ورۆزی ساڵی 1979 بۆ یه‌كه‌مینجار ده‌ستی به په‌خش كرد، به‌ڵام دوای ماوه‌یه‌ك له‌به‌ر بارودۆخی سه‌ختی ئه‌وێ رۆژێی خه‌باتی پێشمه‌رگایه‌تی نه‌ده‌كرا له‌سه‌ر په‌خش به‌رده‌وام بێت، به‌ڵام ساڵی 1980 جارێكی تر ده‌ستی به بڵاوكردنه‌وه‌ی به‌رنامه‌كانی كرده‌وه. ئه‌وه‌نده‌ی من بزانم ئه‌و ئێستگه‌یه له رێگا و گواستنه‌وه‌دا چه‌ندان كه‌لوپه‌لی ئه‌زیه‌تیان پێ گه‌یشتبوو بۆیه گومان ده‌كرا په‌خشی بوه‌ستێت، له‌م چه‌ند نامه‌یه‌ی مام جه‌لال دا ئه‌و ترسه به‌یان كراوه و بۆیه داوای ئێستگه‌ی رادیۆیی تر ده‌كات. وه‌ك به‌ڵگه ده‌كرێت سه‌یری ئه‌و نامه‌یه‌ی به‌ڕێزیان بكرێت كه رۆژی 20/9/1982 بۆ د. فوئاد مه‌عسوم- ی ناردووه: « ئێستگه‌یه‌ك مان بۆ بكڕن، مۆدێرن بێ، ئه‌مپری فایه‌ری له‌گه‌ڵ بێ، 1-2 كیلۆ بێت، بچووك بێت، یان به هۆی نه‌سرین یان به هۆی ئامۆزاوه بۆمان بنێرن» هه‌ر له هه‌مان نامه‌دا ئاماژه به كاریگه‌ریی ئامێری كامیراو ڤیدیۆ ده‌كات بۆ تۆماركردنی ژیانی رۆژانه‌ی شۆڕش « ڤیدیۆكه‌مان زۆر كه‌ڵكی بووه، زۆر فیلمی باشمان پێ گرتووه، به راستی افلام وثائقیة ی باشمان هه‌یه و ئێسته وا « ده‌سته‌ی ڤیدیۆ- سینمائی» دروست ده‌كه‌ین، بۆیه زۆر تكایه زۆر هه‌وڵده‌ن بۆ: ا- كڕینی كامیرای سینه‌مایی زۆر مۆدێرن و باش و دوورگریش به ئه‌فلامی زۆره‌وه بۆمان بنێرن به هۆی نه‌سرین و ئامۆزاوه. ب- كڕینی جهازی ڤیدیۆی مۆدێرن و باش و سووك و بچووك با كامیرایه‌كه‌ی دوورگریش بێت. ج- جهازێكی ڤیدیۆی ( پورته‌بل- حمال) هه‌یه وه‌ك كامیرا وایه بۆمان بكڕن. جگه له‌مانه ئێمه نازانین نوێ چی په‌یدا بووه، بۆیه خۆتان لێ ی بگه‌ڕێن و بۆمانی بكڕن و بنێرن. به راستی بۆ دوارۆژ، بۆ تاریخ، بۆ پ. م- یش زۆر باش و به كه‌ڵكه» له‌م نامه‌یه‌شدا به‌ڕێزیان ته‌ئكید له ده‌ركردنی گۆڤارێكی مانگانه ده‌كاته‌وه؛ « مجه‌له‌یه‌كی شه‌هری ده‌ركه‌ن: ده‌نگوباسی وڵات له رادیۆكه‌وه له‌گه‌ڵ ده‌نگوباسی ئه‌وروپا، ورده تعلیقاتی خۆتان، مقابلات و شتی تر. خۆت سه‌رپه‌رشتی بكه و كه‌ڵك له ناصر و برایانی ئه‌وروپا وه‌رگرن بۆ ده‌رچواندنی. لێره ژماره‌ی یه‌كه‌می شراره دوو سێ رۆژی تر ده‌رده‌چێت. ئیتر هیوادارم نه‌پسێته‌وه. له وڵات ئیمساڵ چه‌ندین ژماره له رێبازی نوێ، كۆمه‌ڵه، بزوتنه‌وه، راپه‌ڕین، چه‌ندین نامیلكه و بلا‌غ و به‌یان ده‌رچوون، هه‌وڵده‌ده‌ین بۆتانی بنێرین. ئێوه‌ش هه‌وڵده‌ن له ئه‌وروپاش شتێك ده‌رچێته‌وه وه‌ك جاری جاران» ئه‌مجاره بۆ كڕینی ئێستگه‌ی رادیۆ روو له براده‌رانی ئه‌وروپا ده‌كات و رۆژی 2/12/1982 نامه‌ی بۆ عومه‌ر ده‌بابه، هۆمه‌ر شێخمووس، د. كه‌مال فوئاد ناردووه:» رادیۆكه‌مان وه‌ك خه‌ره‌كی لێ هاتووه و باش نابیسرێ و خه‌ریكه په‌كی ده‌كه‌وێت به یه‌كجاری، بۆیه زۆر تكایه هه‌وڵو هیمه‌تی باشمان بۆ بده‌ن بۆ كڕین و ناردنی دوو دانه‌ی باش و به هێزتر به ئه‌مپلی فایه‌ره‌وه: یه‌كێكیان بده‌نه حدكا و ئه‌ویتر ئامۆزا بۆمان دێنن. ئه‌م داوایه زۆر زۆر په‌له‌یه» رۆژی 29/12/1982 نامه‌یه‌كی تری بۆ عومه‌ر ده‌بابه، د. كه‌مال فوئاد، هۆمه‌ر شێخمووس، د. فوئاد مه‌عسوم ناردووه و ته‌ئكید له ناردنی دوو ئێستگه‌ی رادیۆكه ده‌كاته‌وه: « رادیۆكه‌مان هه‌ر رۆژێك بوه‌ستێت په‌كمان ده‌كه‌وێت: زۆر شڕ بووه! بۆیه هه‌قه په‌له له ناردنی دوو رادیۆ بكه‌ن یه‌ك به هۆی نه‌سرین و یه‌كێكیش به هۆی ئامۆزاوه، هه‌ر چه‌نده به هێز و بچووك بێت باشتره... دووباره تكام وایه هه‌میشه بیرتان لامان بێت، مشوری چه‌ك و پاره، ئۆفسێت، رادیۆ، بێ سیم، ده‌رمان و ادواتی جراحی، توكی ووكی، هه‌موو (پێ یه) كان بخۆن بۆمان. به دڵ‌و به گیان لای ئێمه بن، هه‌ر به له‌ش له ده‌ره‌وه بن» له‌م نامه‌یدا مام جه‌لال له پاڵ داواكردنی چه‌ند كه‌لوپه‌لێكی پێویست داوای كڕینی ئامێری چاپ جۆری ( ئۆفستێت) ده‌كات. رۆژی 14/1/1983 نامه‌یه‌كی بۆ هۆمه‌ر شێخمووس نووسیوه و ده‌ڵێت؛ « ئه‌م نامه‌یه‌م تایبه‌تی یه به مه‌سه‌له‌ی رادیۆ» و به‌م شێوه‌یه ورده‌كارییه‌كان ده‌خاته‌ڕوو؛ « رادیۆكه‌مان زۆر شڕ بووه. هه‌ر له‌حظەیه‌ك بوه‌ستێ ده‌وه‌ستێت! بۆیه ده‌بوایه ده‌مێك با رادیۆتان بۆ ناردباین. دوێنێ ئامۆزا ئاگاداری كردم كه شه‌ش بێ سیمه‌كه گه‌یشتوون، به‌ڵام رادیۆ نه‌هاتووه! به راستی زۆر خه‌به‌رێكی ناخۆش بوو. چونكه رادیۆ له هه‌موو شتێ پێویستره به تایبه‌تی له‌م رۆژانه‌دا. جا تكام وایه زۆر زۆر زۆر به په‌له رادیۆیه‌ك به هۆی ئامۆزا‌و دانه‌یه‌كیش به هۆی ( وانێكه‌وه) بنێرن بۆمان... رادیۆكه‌ی هه‌وڵی بۆ ده‌ده‌ن بیكڕن، ده‌بێ زۆر باشتر بێت له‌مانه‌ی هه‌مانه، گه‌ر (2- یان- 3) كیلۆ واط بێت به‌ڵام ئه‌مپلی فایه‌ری له‌گه‌ڵ بێت ئه‌وا زۆر باش ده‌بێ. ئه‌وانه‌ی هه‌مانن له سوریه وابكه‌ن یه‌كێكیان به هۆی ماڵی فاتیحه‌وه بۆمان بنێرن، ئه‌وی تریش هه‌وڵده‌ن به‌هۆی كورده‌كانی توركیه‌وه به ناوی خۆیان بنێرن بۆ لایان له بادینان له‌وێشه‌وه بۆ لای ئێمه به خشكه‌یی و به هێمنی و له‌سه‌رخۆ» له‌م نامه‌یه‌دا چه‌ند وشه و ده‌سته‌واژه‌یه‌ك هاتووه كه پێویسته لێكۆڵه‌ران به تایبه‌تیش پسپۆرانی بواری رۆژنامه‌گه‌ریی له‌سه‌ر بوه‌ستن كه نووسیویه‌تی: « رادیۆ له هه‌موو شتێ پێویستره به تایبه‌تی له‌م رۆژانه‌دا. جا تكام وایه زۆر زۆر زۆر به په‌له رادیۆیه‌ك به هۆی ئامۆزا و دانه‌یه‌كیش به هۆی ( وانێكه‌وه) بنێرن بۆمان» به‌ڵام رۆژی 18/4/1983 نامه‌یه‌كی بۆ د. فوئاد مه‌عسوم ناردووه و باسی ده‌ركردنی الشرارة و رێبازی نوی له شاخ ده‌كات و ئاماژه‌ش به رۆژنامه‌ی الاتحاد ده‌دا كه كۆمیته‌ی ئه‌وروپای یه‌كێتیی نیشتمانی كوردستان به زمانی عه‌ره‌بی ده‌ری ده‌كرد:» لێره الشرارة و رێبازی نوێ ئیتر باشتر و رێكوپێكتر ده‌رده‌چن و هیوامان زۆره كه به‌رده‌وام بن بۆتان ده‌نێرین، هه‌قه له ئه‌وروپا چاپیان بكه‌نه‌وه و بڵاویان بكه‌نه‌وه. هی خۆشتان ( ئێوه و ئه‌وروپا) چی هه‌یه بۆمانی بنێرن تا لێره دیعایه‌ی پێوه بكه‌ین و كه‌ڵكیان لێ وه‌رگرین. تكایه مقتطفاتی رۆژنامه‌كانی ئه‌وروپا به ته‌رجومه‌كراوی بنێرن بۆمان. زۆریش الاتحاد بنێرن بۆ لای كوێخا.» یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان هه‌ر له سه‌ره‌تای دامه‌زراندنییه‌وه هه‌وڵیده‌دا كه ئه‌و رۆژنامه و گۆڤار و بڵاوكراوانه‌ی كه له شاخ ده‌ری ده‌كردن، له شام و ئه‌وروپا و ئه‌مریكا چاپ بكرێنه‌وه و بڵاوبكرێنه‌وه، ناوه‌ڕۆكی ئه‌م نامه‌یه‌ی مام جه‌لال ئه‌و زانیارییه پشت راست ده‌كاته‌وه: « باسی بڵاوكراوه‌كانی ئێمه بنووسن؟ گه‌یشتوون و چه‌ندنتان لێ چاپ كردۆته‌وه- واته چه‌ند ژماره، چونكه ده‌بێ چاپیان بكه‌نه‌وه- به تایبه‌تی الشرارة- زۆریش جوانتر له وڵات چاپی بكه‌نه‌وه... بۆ ئێستگه وا خه‌ریكین به‌رنامه عه‌ره‌بیه‌كه باش ده‌كه‌ین، خه‌ریكی نه‌خشه و كادر و شتی پێویستی ترین بۆی» له‌م نامه‌یه‌دا كه رۆژی 20 له‌سه‌ر 21/10/1983 بۆ د. فوئاد مه‌عسوم- ی ناردووه، واده‌رده‌كه‌وێت كه ئێستگه‌یه‌ك له ئێستگه رادیۆییه‌كان گه‌یشتۆته شاخ: « رادیۆكه‌ی دووه‌م بۆ تجربه داده‌نێین. ئێوه‌ش هه‌وڵده‌ن ئه‌وانی ترمان بۆ بنێرن چ له لای ئاشتی یه‌وه چ به هۆی نه‌سرینه‌وه یان به هۆی (برایانی شه‌ربه‌تی یه‌وه) یان به هۆی جه‌ماعه‌تی ( ئه‌شره‌فه‌وه)» له‌م نامه‌یه‌دا ده‌رده‌كه‌وێت كه یه‌كێتی له ده‌ره‌وه چه‌ند دانه‌یه‌ك له ئێستگه‌ی رادیۆی كڕیوه نه‌ك یه‌ك دانه. له‌م نامه‌یه‌شدا كه مانگی 6/1984 بۆ عومه‌ر ده‌بابه، هۆمه‌ر شێخمووس، د. كه‌مال فوئاد- ی ناردووه داوای ناردنی ئامێرێكی چاپی جۆری ئۆفسێتی قه‌باره نیو به‌تاڵ ده‌كات؛ « ئۆفسێته‌كه ( نیو به‌طال) بێ، چه‌ندی بكرێ سووك و یان لێك بترازێت باشه» سێ وشه‌ی كۆتایی له‌م نامه‌یه‌دا ده‌لاله‌تن بۆ ژیانی شۆڕش و ناجێگیری شوێن كه نووسیویه‌تی ئۆفسێته‌كه سووك بێت و زوو هه‌ڵبوه‌شێته‌وه واته بۆ گواستنه‌وه كێشه‌ی نه‌بێت. له كاتێكدا كه یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان خاوه‌نی ئێستگه‌ی رادیۆیی باشیش بووبێت، به‌ڵام مام جه‌لال هه‌رده‌م داوای ئێستگه‌ی یه‌ده‌گ و باشتری كردووه له‌وه‌ی كه هه‌یان بووه، ده‌كرێت له‌و رووه‌وه سه‌یری ئه‌م نامه‌یه‌ی بكرێت كه رۆژی 15/5/1985 بۆ ئه‌حمه‌د بامه‌ڕنی ناردووه: « هه‌قی كڕینی ئێستگه‌یه‌كی باش بده‌نه هه‌ڵگری نامه‌كه‌م یان ئه‌و هاوڕێ یه‌ی ئه‌و بۆتان دیاری ده‌كات. گه‌ر له‌به‌رده‌ست نه‌بوو قه‌رزی بكه‌ن، یان خه‌به‌ر بده‌ن تاكو وابكه‌ین له‌وه‌ی لای نه‌سرین ده‌بێ بتان داتێ. هه‌وڵده‌ن به سواڵ و سه‌ده‌قه و تبرع یان به نیوه نرخ ئۆفسێتێكی باشمان بۆ په‌یدا بكه‌ن و حجمی له (الشرارة) بچوكتر نه‌بێ و بیده‌نه هه‌ڵگری نامه‌كه‌م... هه‌وڵده‌ن تایپی ( ئای بی ئێم) به ( تۆپی حروفی جۆراوجۆر) و به هی فارسی و عه‌ره‌بیشه‌وه بنێرن بۆمان» سه‌ره‌ڕای كڕینی ئێستگه مام جه‌لال داوای ئۆفسێت و تایپی- ش ده‌كات. ئه‌مه و رۆژی 3/4/1986 نامه‌یه‌كی بۆ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان- كۆمیته‌ی ئه‌وروپا بۆ كاروباری ده‌ره‌وه ناردووه و باس له كاریگه‌ریی ئێستگه‌ی رادیۆی ده‌نگی گه‌لی كوردستان ده‌كات: «ئێستگه‌كه‌مان قه‌ت نه‌وه‌ستاوه. به‌ڵام تشویش زۆره له سه‌ری! چونكه به راستی و بێ فشه و خۆهه‌ڵكێشان، هه‌ر هی ئێمه دوژمن ته‌زێنه! و خه‌ڵك زۆربه‌ی زۆری چاوه‌نواڕیه‌تی!» به‌كورتی به وردبوونه‌وه له ناوه‌ڕۆكی ئه‌م نامانه‌دا لێكۆڵه‌رانی بواری مێژووی حزبایه‌تی و هه‌روه‌ها بواری مێژووی رۆژنامه‌گه‌ریی كوردی كۆمه‌ڵێك هه‌قیقه‌تی تریان سه‌باره‌ت به ساغكردنه‌وه‌ی مێژووی رۆژنامه‌گه‌ریی كوردی بۆ ده‌رده‌كه‌وێت، به تایبه‌تیش هه‌ندێك باس و خواس سه‌باره‌ت به ئێستگه‌ی رادیۆی ده‌نگی گه‌لی كوردستان و ده‌ركردنه‌وه‌ی الشرارة و رێبازی نوێ له شاخ و هه‌روه‌ها ئه‌و ئامێرانه‌ی كه یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له بواری راگه‌یاندندا به‌كاری هێناون. خاڵێكی تریش پێویسته ئاماژه‌ی پێ بده‌م ئه‌ویش رۆڵی مام جه‌لال- ه كه به‌رده‌وام چاودێری ده‌زگای راگه‌یاندنی كردووه‌و هه‌وڵیداوه به باشترین و مۆدێرنترین ئامێر ماشێنی راگه‌یاندنی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان په‌ره‌پێ بدات. نه‌وزاد عه‌لی ئه‌حمه‌د [email protected]
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure