19/10/2017 02:53 PM

زمانی ستاندارد،

كامیل عومەر، نووسەری كتێب لە پێشەكی كتێبە كیدا نووسویەتی:
زمانی ستاندارد، كە زمانی ( ئەدەبیی یەكگرتوو، زمانی فەرمی، زمانی نوسین، زمانی باڵا، زمانی هەمووان، زمانی دەوڵەتی‌و زمانی دەستوری)یشی پێدەڵێن، ئەو شێوە زمانەیە كە لەسەر ئاستی نەتەوەیەك، یان لە سنووری دەوڵەت‌و دەسەڵاتێكی حكومڕانی دیاریكراو لەبواری نوسین‌و خوێندن‌و كاری فەرمی‌و كارگێڕی بەكاردەهێنرێت.
گرنگی بوونی زمانی ستانداردی كوردی، پێویستیەكی هێندە ژیاری‌و سیاسی‌و مێژوویی‌و كولتووری‌و كۆمەڵایەتیە كە مانای كورد بوون‌و بوون بە نەتەوە‌و دەوڵەت، پاراستنی كولتوور‌و فەرهەنگ، دەربازبوون‌و تێپەڕاندنی بیری خیڵەكی‌و ناوچەگەری، پێشكەوتن‌و شارستانیەتی كۆمەڵ، دەگەیەنێت.
 لەئێستادا، كە پرسی دامەزراندن‌و راگەیاندنی دەوڵەتی كوردی لە باشووری كوردستان بووەتە پرسێكی جێی بایەخ‌و مشتومڕی سیاسی‌و رۆشنبیران‌و ئەكادیمیان، بوونی زمانێكی ستاندارد‌و یەكگرتوو وەك یەكێك لە پایە‌و كۆڵەكە سەرەكیەكانی دامەزراندنی دەوڵەت، زیاتر گرنگی خۆی دەسەپێنێ‌. 
ئەگەرچی ماوەی 26 ساڵە كورد لە باشووری كوردستان (كوردستانی عیراق)، خاوەنی حكومەت‌و دامەزراوە فەرمیەكانی دەوڵەتدارییە، بەڵام تائێستا زمانێكی ستاندارد‌و یەكگرتووی بۆ بەڕێوەبردنی كاروبارەكانی نیە‌و بەپێچەوانەشەوە لە دامەزراوە فەرمی‌و كارگێڕیی‌و پەروەردەییەكانیدا، دوو زاری زمانی كوردی كاری پێدەكرێت. 
یەكلانەكردنەوە‌و بە هەڵپەسێردراو هێشتنەوەی پرسی زمانی ستاندارد، كە هێندەی پرسی سەربەخۆیی‌و بوون بە دەوڵەت  گرنگە، هەم مایەی نیگەرانیە لە دەسەڵاتی سیاسی‌و فەرمانڕەوایی كورد، هەمیش جێی تێڕامان‌و مشتومڕی بەردەوامی پسپۆڕان‌و شارەزایان‌و روناكبیران‌و خەمخۆرانی زمانی كوردییە.
ئەم كتێبەی لەبەردەستاندایە، گفتووگۆی رۆژنامەنوسییە لەبارەی زمانی ستانداردی كوردی، بە بەشداری (26) شارەزاو پسپۆڕ‌و بەئاگا لە زمانی كوردی، كە پێشتر‌و لەساڵانی (2008-2009)دا بەشێكی زۆر لەو گفتوگۆیانە لەچوارچێوەی تەوەرێكی تایبەتدا لە  پاشكۆی ئەدەبیی‌و روناكبیری "رەخنەی چاودێر"دا بڵاوكراونەتەوە‌و هەندێكیشیان دواتر ئەم گفتوگۆیەیان لەگەڵ ئەنجامدراوە‌و بۆ یەكەمجار لێرەدا بڵاودەكرێنەوە.
وەرگرتنی بۆچون‌و تێڕوانینی شارەزایان‌و پسپۆڕان‌و خەمخۆرانی زمانی كوردیی‌و كۆكردنەوەیان لەچوارچێوەی كتێبیكدا، چەند بایەخێكی هەیە، لەوانە: 
* كۆكردنەوەی دیدە هاوڕاكان‌و نزیككردنەوەی تیڕوانینە جیاوازەكان‌و گەیشتن بەڕایەكی یەكگرتووی سەرتاسەری.
* دەسەڵاتی سیاسیی باشووری كوردستان، دەتوانێت رای ئەم كەسانە لەكاتی بڕیاردان لەسەر زمانی ستاندارد بەهەند وەربگرێت‌و سیاسەتی زمانیی سنوری فەرمانڕەواییەكەی دابڕێژێت.
*دەكرێ‌ وەك سەرچاوەیەكی زانستی پڕ بایەخ لەلایەن توێژەران‌و ناوەندە ئەكادیمی‌و زانستیەكانەوە سوودی لێوەربگیرێت.
بۆ رونكردنەوەی زیاتری خوێنەرانیش، مەبەست لەم هەوڵە سەبارەت بە زمانی ستانداردی كوردی، تەنها سنوری جوگرافی هەرێمی كوردستانی عیراقە (كوردستانی باشوور)، نەك كوردستانی گەورە، لەبەرئەوەی هەرێمی كوردستان تەنها قەوارەی فەرمی‌و یاسایی كوردییە‌و زمانی كوردیش، وەك زمانێكی فەرمی لەدەستوری عیراقدا چەسپاوە. 
جێی ئاماژەیە، لەبەر جیاوازیی رای بەشداربووانی ئەم تەوەرەیە لەبارەی رێنوسەوە، نەمانتوانی رێنوسێكی دیاریكراو بەسەر زمانی نوسینی گفتوگۆكانی نێو كتێبەكەدا جێبەجێبكەین، كە ئەوە یەكێكە لەكێشە دیارەكانی زمانی ستانداردی كوردی. 
دوا قسەشمان ئەوەیە، خوازیارین هەوڵی لەم جۆرە لەپێناو هاتنەئارای زمانێكی ستانداردی كوردی، بەردەوام بێت‌و دەزگاو دامەزاروە تایبەتمەندەكان هاندەر‌و پشتیوانی ئەم جۆە هەوڵانەبن.




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved