مام جه‌لال ڕێبه‌ری بێ به‌دیلی كورد‌و داڕێژه‌ری ئاشتی له عیراقی نوێ له‌م وتاره‌دا كه محه‌مه‌دی هادیفه‌ر له رۆژنامه‌ی ئێران بڵاویكردووه‌ته‌وه ره‌هه‌نده‌كانی ژیانی جه‌لال تاڵه‌بانی له قۆناغه جیاوازه‌كانی خه‌باتیدا تاوتوێ كردووه. به‌پێی هه‌واڵی كوردپرێس ده‌قی ئه‌و یاداشته به شێوازی خواره‌وه‌یه: جه‌لال تاڵه‌بانی سكرتێری یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و یه‌كه‌مین سه‌رۆك-كۆماری عێراق له ته‌مه‌نی 84 ساڵیدا ماڵئاواییی له ژیان كرد. وشه‌ی "مام" له فه‌رهه‌نگی كوردیدا پێگه‌یێكی تایبه‌تی هه‌یه. ناوی مام جه‌لال و وشه‌ی مام له ئه‌ده‌بیاتی سیاسی عێراقدا په‌یوه‌ندییێكی بێ بڕاوانه‌ی هه‌یه‌و سه‌رده‌مێكیش ڕه‌مزی خۆڕاگری كوێستانه‌كانی كوردستانی عێراق بوو. مام جه‌لال له ته‌مه‌نی 16 ساڵییه‌وه چووه ڕیزی هێزی خه‌باتگێڕانی كوردستان و له‌و ڕیزه‌دا هاوڕێ له‌گه‌ڵ هه‌زاران لاوی نیشتمانپه‌روه‌ری كورد هه‌نگاوی له ڕێگای خه‌باتدا هه‌ڵگرت و نزیك به 70 ساڵ له هه‌موو قۆناغه‌كاندا خۆڕاگریی نواند. جه‌لال تاڵه‌بانی ده‌رچووی كۆلێجی یاساناسی بوو به‌ڵام پێگه‌ی ڕاسته‌قینه‌ی ئه‌و كه‌سایه‌تییه تاقانه كورسی سیاسه‌ت بوو. كه‌س چاوه‌ڕوانی نه‌ده‌كرد پێشمه‌رگه‌كه‌ی په‌نجاكان ببێته دیپلۆماتكارێكی به‌رچاوی سه‌ده‌ی 21، كه نه‌ك له ناوچه‌كه‌دا به‌ڵكو له جیهانیشدا ناوی كوردی عێراقی به خۆشناوی به‌رزكرده‌وه. مام جه‌لال له ڕه‌گه‌زی ئه‌و چریكه زانا‌و بیرۆكه‌وانه بوو كه دونیای له ده‌لاقه‌ی چه‌كه‌وه ته‌ماشا نه‌ده‌كرد. ئه‌و توانی له نێوان ئاشتی و چه‌كدا په‌یوه‌ندییێكی لۆژیك بخۆلقێنێت. كه‌سایه‌تی سیاسیی مام جه‌لال له 1957 و پاش ڕووخانی بزووتنه‌وه‌ی كورده‌كانی عێراق به ڕێبه‌رایه‌تی خوالێخۆشبوو مه‌لا مسته‌فا بارزانی و ئاواره‌بوونی بنه‌ماڵه‌كانیان له ئێران ده‌ركه‌وت. مام جه‌لال له ئێرانه‌وه بۆ ئه‌وروپا كۆچی كرد به‌ڵام ئیقامه‌ی نه‌خوازراوی ئه‌و له‌وێ زۆری نه‌خایاندو هه‌ر له غه‌ریبیدا له‌گه‌ڵ هاوبیرانی خۆی پارتی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانی له كه‌ناری ڕووباری دانووب دامه‌زراند. پاش ئه‌وه كاروانێكی چه‌ند كه‌سی ماندوونه‌ناسی كوردی عێراق ئه‌مجاره‌یان له قه‌باره‌ی پارتێكی نوێ و مه‌رامێكی جیاوازه‌وه له ڕێگای سوریا، توركیا‌و ئێرانه‌وه به ڕه‌نج و سه‌ختی فراوان خۆیان گه‌یانده ناوچه‌ی "سونه" و "نوزنگ" و له داوێنی چیای مامه‌نده‌دا جێگیربوون. خوالێخۆشبوو نه‌وشیروان مسته‌فا چیرۆكی ئه‌و كۆچه سیاسییه‌و ده‌ستپێكی ئه‌و خه‌باته نوێیه له قه‌باره‌ی چه‌ند كتێبێكدا لێكده‌داته‌وه كه به‌رگێكیان له‌ژێر ناوی "له كه‌ناره‌كانی دانوبه‌وه تا دۆڵی ناوزه‌نگ" باسی چۆنیه‌تی پێكهاتنی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان ده‌كات. خاڵی سه‌ره‌كی ئه‌و خه‌باته نوێیه كه‌سایه‌تی تاقانه‌ی مام جه‌لال بوو، كه‌سایه‌تی كاریزماتیكی ئه‌و له‌و قۆناغه‌دا بوو به‌هۆی یه‌كگرتنی هه‌موو ڕه‌وته‌كان و زۆرینه‌ی خاڵه لاوازه‌كانی بزووتنه‌وه‌ی كوردی عێراقی به باشی چاره‌سه‌ر كرد. هاوكات بوونی سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه له‌گه‌ڵ شۆڕشی گه‌لانی ئێران‌دا ڕووناكی هیوای له دڵیان‌دا داگیرساند‌و مام جه‌لالی به ئه‌زموون به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه له هاوكاری و نزیكبوونه‌وه له شۆڕشگێڕانی ئێرانی‌دا زانی. ده‌ستپێكی شه‌ڕی سه‌پێندراو له‌سه‌ر ئێران وه‌رزێكی نوێی هاوكاری و په‌یوه‌ندیی نێوان كورده‌كانی عێراق و ئێران بوو كه ڕۆڵی مام جه‌لال له‌و په‌یوه‌ندییه‌دا زۆر به‌رجسته بوو. بیرۆكه‌ی شۆڕشگێڕانه‌ی ئێران زوڵمی سه‌دامی له كورده‌كان پێ قبوڵ نه‌كراو فه‌رمانده ئێرانییه‌كان شانبه‌شانی هێزه كورده‌كانی عێراق له كوێستانه‌كان و له ئۆپه‌راسیۆنی دژواری كه‌ركوك كه لوتكه‌ی هاوكاری هێزه‌كانی ئێران و پێشمه‌رگه به‌تایبه‌ت پێشمه‌رگه‌ی یه‌كێتی بوو ئه‌گه‌ری ڕووخانی سه‌دامی له باكووری عێراقدا به‌هێزتر كرد. ترسی له‌ده‌ستدانی ناوچه هه‌ستیاره كوێستانییه‌كانی باكوری عێراق سه‌دامی ناچاركرد هه‌ڵه‌بجه كیمیاباران بكات ئه‌وه‌ش دڕندانه‌ترین تاوانی دژ به هاووڵاتی له جیهان بوو. ئه‌و هێرشه نامرۆڤانه كه دژی هه‌موو یاسا‌و ڕێسا ئه‌خلاقییه‌كان بوو هه‌زاران شه‌هیدی له هاووڵاتیانی سڤیل و پێشمه‌رگه‌ی یه‌كێتی و پارتی و شه‌ڕڤانی ئێرانی لێكه‌وته‌وه. كۆتاییی شه‌ڕی عێراق و ئێران وه‌رزێكی نوێ له به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی خه‌ڵكی عێراق و ڕژێمی به‌عس بوو، ئه‌ڵبه‌ت ئاگربڕو كۆتاییی شه‌ڕ نه‌بوو به هۆكارێك كه ئێران كوردی عێراق به‌ته‌نیا بهێڵێت. له ئینتیفازه‌ی 1991دا باكووری عێراق له‌لایه‌ن كورده‌كانه‌وه كۆنتڕۆڵكراو ئه‌مه‌ش داپه‌ڕێكی نوێ له شه‌ڕی بێ بڕانه‌وه‌ی مام جه‌لال له‌گه‌ڵ ڕژێمی به‌عس بوو. ڕووخانی سه‌دام له باكووری عێراق چۆنیه‌تی هه‌ڵوێسته‌كانی مام جه‌لال به‌ته‌واوی گۆڕی، مام جه‌لال په‌یوه‌ندییێكی به‌ربڵاوی له‌گه‌ڵ ڕێبه‌رانی سیاسی وڵاتانی جیهان و ناوچه‌كه ده‌ستپێكردو وتی: ڕێگاچاره‌ی ده‌رچوون له‌و قه‌یرانه‌ی تێپه‌ڕاندنی ته‌نگژه‌كانی دیپلۆماتیكی كارا‌و ئاشته‌واییه. كه‌سایه‌تی خۆكردی مام جه‌لال له چیاكانه‌وه پێكهاتبوو، ئه‌و ته‌نها پشتی به چه‌ك نه‌به‌ست به‌ڵكو هه‌میشه جانتایێكی پێ‌بوو كه گۆڤاره به‌ناوبانگه‌كانی دونیای تێدا بوو و به‌و چه‌شنه به‌رده‌وام ڕووداوه‌كانی جیهان و ناوچه‌كه‌ی له سه‌نگه‌ره‌كانی شه‌ڕیشدا پێوشوێنگری ده‌كرد. هاوینی 1996 كه سوپای عێراق به یارمه‌تی پارتێكی كوردستانی هێرشی كرده‌سه‌ر ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی یه‌كێتی، به هاوڕێیتی هه‌ڤاڵێك له ناوچه‌ی سه‌رسنووری سه‌رده‌شت بۆ لێكدانه‌وه‌ی دۆخه‌كه بینیمان كه ویستم له ژێری تاشه‌به‌ردێكدا كه زۆریش له مه‌یدانی شه‌ڕ دوور نه‌بوو له سه‌ر به‌تانیێكی سه‌ربازی دانیشتبوو له‌و به‌ره‌كانی شه‌ڕدا له‌جیاتی چه‌ك هه‌ندێك كتێب و گۆڤار به زمانی جۆراوجۆر له‌ده‌وری بوو. باش دێته یادم له‌ژێر ئه‌و هێرشه قورسانه‌دا گۆڤاری زانیاری سیاسی و ئابووری كه به زمانی فارسی بوو ده‌یخوێند. بۆ ماوه‌یێك له‌لای دانیشتن به هێمنایه‌تیێكی تایبه‌ته‌وه پێشوازیی لێمان كرد هه‌ندێك بابه‌تمان هێنایه ئاراوه‌و گه‌ڕاینه‌وه. مانگێك پێش ئه‌و هێرشه به هاوڕێیتی چه‌ند كه‌سێك له نووسینگه‌ی ناوه‌ندی یه‌كێتیی نیشتمانی له شاری قه‌لاچولان دیدارێكمان له‌گه‌ڵ مام جه‌لال هه‌بوو، سه‌رنجڕاكێش ئه‌وه بوو كه له به‌رامبه‌ر كورسی شوێنی ده‌س به‌ئاوه فه‌ره‌نگییه‌كه‌یه‌وه چه‌ند به‌رگی كتێب به زمانه جۆراوجۆره‌كان دانرا بوو تا به باشترین شێوه له‌كاتی خۆی كه‌ڵك بگرێت، ئه‌و ڕوانگه كولتورییانه پیشانده‌ری ئه‌وه‌ن كه مام جه‌لال ڕێدۆزێكی هزریی به چه‌ك و كوێستان هه‌بوو. ده‌توانین بڵێین مام جه‌لال نژیارڤانی ئاشتی له عێراقی نوێ بوو، ئه‌و به‌ته‌واوی تامی تاڵی دووچاوه‌كی و سته‌م و شه‌ڕو خوێنڕشتنی چێشتبوو و له ناوه‌ڕۆكی ڕووداوه‌كاندا خۆڕاگری و ڕه‌نجی میللـه‌تی عێراقی به چاوی خۆی بینی بوو، ئه‌و به‌باشی ده‌یزانی كه هۆكاری دواكه‌وتوویی و داڕماوی عێراق چییه. به‌و بۆنه‌وه ته‌نگژه‌كانی عێراقی ده‌ناسی و به‌رژه‌وه‌ندی وڵاته‌كه‌ی له یه‌كگرتوویی هێزه كاریگه‌ره‌كاندا ده‌بینی. به‌وپێیه په‌یمانی ستراتێژیكی كورد‌و شیعه‌ی هێنایه ئاراوه‌و هه‌نگاوی به‌رچاوی به كه‌ڵك وه‌رگرتن له مه‌رجه‌عییه‌تی نه‌جه‌ف بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه هه‌ڵپسێردراوه‌كانی عێراق هه‌ڵگرت. پاش گه‌یشتن به كورسی سه‌رۆك كۆماری عێراقیش پێوه‌ندییێكی باشی له‌گه‌ڵ عه‌ره‌به سوننه‌كاندا هه‌بوو. ڕه‌وتی ئاشتیخوازانه‌ی مام جه‌لال به‌ناوبانگه بۆ نموونه ڕه‌تكردنه‌ه‌ی حوكمی له‌سێداره‌دانی سه‌دام پیشانده‌ری ئه‌وپه‌ڕی نه‌جابه‌تی تاڵه‌بانییه، ئه‌گه‌رچی ئه‌و چه‌شنه هه‌وڵانه زۆر داوه كه ده‌توانین بۆ نموونه ئاماژه به دوو خاڵیان بكه‌ین. برایێكی مام جه‌لال له سه‌رده‌می حكومه‌تی به‌عسدا به ده‌ستی ژێرده‌ستێكی سه‌دام له ناوچه‌ی قه‌ڵادزێ كوژرا، پاش ڕووخانی ڕژێمی به‌عس له باكووری عێراق و زاڵبوونی پارته كوردستانییه‌كان به‌سه‌ر ئه‌و ناوچانه‌دا چاوه‌ڕوان ده‌كرد مام جه‌لال تۆڵه بسێنێته‌وه به‌ڵام مام جه‌لال به ئه‌وپه‌ڕی به‌رژه‌وه‌ندی و لێبورده‌ییه‌وه چاوی لێپۆشی و بكوژی براكه‌ی ئێستا له‌وپه‌ڕی ئاسایشه‌وه له ناوچه‌كه‌دا ژیان به‌سه‌رده‌بات. له ماوه‌ی شه‌ڕی نێوان پارته كوردستانه‌كان له ساڵه‌كانی 1996دا كه سوپای عێراقیش ده‌ستی تێیدا هه‌بوو. مام جه‌لال و پارته‌كه‌ی له‌لایه‌ن سوپای سه‌دامه‌وه له ناوچه‌كانی خۆیان ده‌ركرا بوون، پارتی ڕكابه‌ری مام جه‌لال ده‌ستی به‌سه‌ر هه‌موو ناوچه‌كان له‌وان سلێمانی گرتبوو و ڕاشكاوانه ڕایانگه‌یاند چیدی پارتێك به ناوی یه‌كێتی بوونی نییه‌و ئه‌ندامانیشی ده‌توانن وه‌كوو هاووڵاتیێكی ئاسایی بگه‌ڕێنه‌وه بۆ شاره‌كانی خۆیان؛ مام جه‌لالیش ده‌بێت موحاكمه بكرێت و وڵامی خه‌یانه‌ته‌كانی بداته‌وه، وا ده‌بینرێت ئه‌وه خراپترین شێوه‌ی سووكایه‌تی كردن بوو كه مام جه‌لال و پارته‌كه‌ی ڕووبه‌ڕووی بوونه‌وه، له‌و سه‌رده‌مه‌دا مام جه‌لال و پارته‌كه‌ی له‌نێو سنووره‌كانی ئێران‌دا ده‌ستیان به ڕێكخستنێكی دووباره كرد‌و پاش ماوه‌یێك له ده‌ستپێكی ئۆپه‌راسیۆنه‌كان دووباره سلێمانییان كۆنتڕۆڵ كرده‌وه، ڕێبه‌ری پارتی ڕكابه‌رو هۆكاری ئاواره‌بوونی مام جه‌لالیش له شاری سلێمانی له‌لایه‌ن یه‌كێتییه‌وه گه‌مارۆ دران، هه‌ندێك له نزیكانی مام جه‌لال به‌نیازبوون ته‌نها ڕێگه‌ی پاشه‌كشێیان لێ دابخات و تۆڵه‌یان لێبسێنێته‌وه به‌ڵام مام جه‌لال ڕێگای دره‌بازبوونیانی لێكرده‌وه. پێشمه‌رگه‌ی به‌ناوبانگی كوێستانه‌كانی عێراق له ساڵی 2005 بۆ ماوه‌ی هه‌شت ساڵ بۆ سه‌رۆكایه‌تی كۆماری عێراقی هه‌ڵبژێردرا هه‌ر له‌هه‌مان ساڵدا میدیاكان نووسییان كوردێكی به ڕه‌گه‌ز ئێرانی بووه‌ته سه‌رۆك كۆماری عێراق، ئه‌ڵبه‌ت ئه‌و وته‌یه‌ش زۆر بێ بنه‌ما نه‌بوو چۆن ئێران هه‌موو هه‌وڵه‌كانی خۆی بۆ وه‌دیهێنانی سه‌رۆك كۆماری مام جه‌لال چڕكردبوو. ڕه‌نگه قبوڵكردنی پێشنیاری پۆستی سه‌رۆك كۆماری مام جه‌لال له‌لایه‌ن به‌رپرسانی ئێرانییه‌وه له‌هه‌مان به‌یانی هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی عێراقه‌وه بۆ هه‌ندێك كه‌س دوور له چاوه‌ڕوانی بووبێت به‌ڵام ئێرانییه‌كان مام جه‌لالیان به باشی ده‌ناسی و ده‌یانزانی كه داهاتوویێكی ڕوونی ده‌بێت. كه‌سایه‌تی پراگماتیكی مام جه‌لال بوو به مه‌كته‌بێك كه ڕوانگه‌یێكی نوێی له ئاشتی و چه‌ك له گۆڕه‌پانی بزووتنه‌وه‌ی كوردی عێراق خولقاند. ئه‌و مه‌كته‌به به كارتێكه‌ریی وره‌و بیرۆكه‌ی خاوه‌نه‌كه‌ی له كه‌شی سازێنه‌ری كوێستان خولقاو له درێژه‌دا دزه‌ی كرده ناو شاری سلێمانی وه‌كو لانكی ڕه‌وتی نوێخوازی سه‌رده‌م له كوردستاندا‌و ژماره‌یێكی زۆر شاگرد‌و قوتابی ڕاكێش كرد‌و به‌مشێوه‌یه سلێمانی بوو به شاری فه‌رهه‌نگ و ڕووناكبیری و قوتابخانه‌یێك بۆ په‌روه‌رده‌ی ڕه‌وتی ڕووناكبیری و ڕاهاتنی كه‌سایه‌تی لێهاتووی سیاسی به بیرۆكه‌ی دیمۆكراتیكه‌وه. مه‌كته‌به‌كه‌ی مام جه‌لال زۆرینه‌خوازو شیاوی نۆژه‌ن بوونه‌وه‌و به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی بیرۆكه‌و گۆڕانكارییه‌و ئه‌مه‌ش به پێچه‌وانه‌ی دیكه‌ی ڕه‌وته كوردییه‌كانی عێراق. سه‌ره‌ڕای هه‌موو سه‌رقاڵییه‌كان مام جه‌لال پێوه‌ندی خۆی له‌گه‌ڵ دۆستان و هه‌ڤاڵانی خۆی ده‌پاراست و ته‌نانه‌ت پۆستی سه‌رۆكایه‌تیش نه‌بووه له‌مپه‌رێك بۆ بیركردنی هه‌ڤاڵانی سه‌رده‌می خه‌بات به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی یاریده‌ده‌ری بوون بۆ گه‌یشتنی خۆی و خه‌ڵكه‌كه‌ی به هه‌موو ده‌سكه‌وته‌كانی. له سه‌رده‌می سه‌رۆكایه‌تی حیزبه‌كه‌ی یان خۆد له‌كاتی سه‌رۆك كۆماری‌دا چی سه‌ردانی تارانی كردبا سۆراغی له هاوسه‌نگه‌ره كۆنه ئێرانییه‌كانی ده‌گرت. هه‌ر ئه‌وانه‌ی لاوێتی خۆیان كرده خه‌ڵاتی ئارمانجه‌كانی خه‌ڵكی عێراق به‌تایبه‌ت كورده‌كانی ئه‌و وڵاته. چێشتخانه‌ی شاتر عه‌باس له چوارڕێیانی پارك وی له تاران ژوانگه‌ی هه‌میشه‌یی مام جه‌لال و كۆنه هه‌ڤاڵه‌كانی بوو. كه‌سایه‌تییێكی جیاواز‌و بیری به‌هێز كه‌ڵه پیاوه‌كه‌ی كوێستانه‌كانی نێرگزی سلێمانی به‌ته‌واوی سه‌رنجڕاكێش كردبوو. گوڵه نێرگزه‌كانی چیاكانی سلێمانی زۆر خۆشده‌ویست و لۆگۆی یه‌كه‌م كه‌ناڵی ته‌له‌فزیۆنی خۆشی كرده گوڵه نێرگز‌و ئێستاش هه‌ر لۆگۆت ته‌له‌فزیۆنی كوردساته. مام جه‌لال له یه‌كێك له هه‌ستیارترین قۆناغه سیاسییه‌كانی عێراقی نوێ‌دا كۆچی دوایی كرد. هه‌بوونی ده‌یتوانی ببێته هۆی دابه‌زینی خه‌ساره‌كانی داعش و باشتربوونی دۆخی دوای داعش. ئه‌گه‌رچی به ڕه‌گه‌ز كورد بوو به‌ڵام به كوردی بیری نه‌ده‌كرده‌وه به‌ڵكو داڵغه‌ی عێراق و نه‌ته‌وه‌و مرۆڤی بوو. ڕوانگه جیهانگیره‌كانی له‌سه‌رو كوردستان و عێراق و ته‌نانه‌ت ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بوو. ئه‌و بیری له كردنه‌وه‌ی ده‌لاقه‌ی نوێ به‌ره‌و كورده‌كان بوو و بڕوای به‌وه نه‌بوو كورده‌كانی عێراق گه‌مارۆی سنووره‌كان بدرێن. له دۆخی جیهان و هاوكێشه‌كانی ناوچه‌كه به باشی تێده‌گه‌شت و نموونه‌یێك بوو له‌و سیاسه‌توانه بیرمه‌ندانه‌ی كه هاوكات نه‌ریت و مۆدێرنیته‌ی خستبووه پاڵ یه‌ك و بۆ هه‌ردوو خه‌باتی شاخ و بنكه‌ی شار ئه‌ندێشه‌و به‌رنامه‌ی هه‌بوو. هیچ كاتێك ده‌روازه‌كانی گفتوگۆی له‌سه‌ر خۆی دانه‌خست. خه‌باتگێڕێكی بیرمه‌ندو موسلحێكی دوورئه‌ندێش بوو كه توانیی به پشودرێژی له‌ژێر گابه‌ردی ئاواره‌بوونی كوردستان بگاته كۆشكی سه‌رۆكایه‌تی كۆمار له عێراق. كه‌سایه‌تیێكی تاقانه بوو كه مێژووی سیاسی عێراق به خۆیه‌وه نه‌یبینیوه‌و ناشبینێت. مام جه‌لال ڕێگایێكی زه‌حمه‌تی بڕی به‌ڵام زۆر زه‌حمه‌ته كه‌س ڕێگای ئه‌و ببڕێت. ن/ محه‌مه‌د هادیفه‌ر - وه‌رگێڕانه‌وه له فارسی/ بێهروز عه‌لی محه‌مه‌دی خاك - س: PUKmedia
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure