23/10/2017 01:56 PM

زانیاریی ورد لە بارەی هەژاری‌و نرخی خۆراكەوە ‌



بە گوێرەی ڕاپۆرتێكی بەرنامەی خۆراكی جیهانیی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان، هەژارترین وڵاتی جیهان نرخێكی زیاتر دەدات بەراورد بە شوێنە گرانبەهاكانی تر، لە شارێكی وەكو نیویۆرك قاپێك خواردن بە دۆلارێك و ٢٠ سەنتە و هەمان قاپە خۆراك لە باشووری سودان بە ٣٢٠ دۆلارە.
دەیڤد بیسلی، بەڕێوەبەری جێبەجێكاری بەرنامەی خواردنی جیهانی ئاماژەیكردووە، نایەكسانی لە نرخ و توانای كڕینی خواردندا هەیە، ئەگەر كەسێك پێی وایە كە ژەمە خواردن لە نەرویج گرانە ئەوە با بچێت نرخی ژەمێكی مالاوی تاقیبكاتەوە.
بە گوێرەی پرۆگرامی خواردنی جیهانی، لە نیویۆرك قاپێك لە خواردنی برنج و فاسۆلیا بە دۆلارێك و ٢٠ سەنتە كە ئەوەش ٠.٦%ی داهاتی ڕۆژانەی تاكێكی نیویۆركە، لە گواتیمالا هەمان بڕی خواردن بە هەشت دۆلار و ٢٧ سەنتە و لە نیپاڵ بە ٢٧ دۆلار و ٧٧ سەنتە و لە هایتی بە ٧٢ دۆلار و ٦٥ سەنتە.
هەر بە پێی ڕاپۆرتی ڕێكخراوەكەی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان، لە باشووری سودان هەمان بڕە خۆراك نرخەكەی ٣٢١ دۆلار و ٧٠ سەنتە كە ئەوەش ١٥٥%ی داهاتی تاكی ئەو وڵاتەیە. 
بەپێی لێكۆڵینەوەیەك سودانی باشوور یەكێكە لە هەژارترین وڵاتانی جیهان و لە ڕیزبەندی وڵاتانی جیهاندا لە خراپترین ئاستدایە.ئەو رێكخراوە ئاشكرایكردووە، ئەو خواردنەی بەفیڕۆدەدرێت لە جیهاندا دەتوانرێت دوو ملیار كەسی پێ تێر بكرێت.

خاك- ئاژانسەكان







زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved