30/10/2017 02:36 PM

نۆ ملیۆن كەس بە هۆی ژینگەوە مردوون ‌



توێژینەوەیەكی گەورەی نێودەوڵەتی دەریخستووە كە لە ساڵی 2015 دا پیسبوونی ژینگە بۆتە هۆی گیان لەدەستدانی نۆ ملیۆن كەس لە سەرتاسەری جیهاندا، هەروەها زۆربەی حاڵەتی مردنەكان بەهۆی نەخۆشییەكانی دڵ‌و شێرپەنجەی سییەوە بوون، كە هۆكارەكەیان پیسبوونی ژینگەیە.
توێژینەوەكە كە نزیكەی 40 زانای نێودەوڵەتی تیایدا بەشداربوون‌و داتای پەیمانگەی ئەندازەی تەندروستی‌و هەڵسەنگاندنی سەر بە زانكۆی واشنتۆن-یان بەكار هێناوە‌و لە خولی پزیشكیی لانسیت بڵاویكردۆتەوە، ئاماژەی بەوەكردووە: هەوای پیسبوو گەورەترین هۆكاربووە بۆ گیان لەدەستدانی نزیكەی شەش ملیۆن‌و 500 هەزار كەس. ئاوی پیسیش لە پلەی دووەمدا دێت، كە بۆتە هۆكار بۆ بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەكانی كۆئەندامی هەرس‌و بۆتە هۆی گیان لەدەستدانی یەك ملیۆن‌و 800 هەزار كەس.
لە توێژینەوەكەدا هاتووە: زۆربەی زۆری حاڵەتەكانی مردن بەهۆی پیسبوونی ژینگەوە لە هیندستان بووە، كە دوو ملیۆن‌و 500 هەزار كەس بووە، پاشان وڵاتی چین دێت كە یەك ملیۆن‌و 800 هەزار كەس بووە. 
بە پێی توێژینەوەكە: زۆربەی قوربانیانی پیسبوونی ژینگە كە نزیكەی 92% ە، لە وڵاتە هەژار‌و كەم داهاتەكانن، هەروەها پیسبوونی ژینگە لەو وڵاتانەی پیشەسازیی بە خێرا تیایدا گەشە دەكات، لەوانە هیندستان‌و پاكستان‌و بەنگلادبش‌و مەدەغەشقەر، پەیوەندی بەچارەكی كۆی ئەوانەوە هەیە كە گیانیان لە دەستداوە. 
فیلیپ لاندریجان مامۆستای كۆلێژی پزیشكیی ئیكان لە ماونت ساینای لە ویلایەتە یەكگرتووەكان‌و بەشداربووی توێژینەوەكە، دەڵێت: پیسبوونی ژینگە زۆر لەوە گەوە ترە كە بەرەنگاربوونەوەیەكی ژینگە بێت، ئەوە مەترسییەكی گەورە‌و بەربڵاوە‌و لە چەند روویەكەوە كار لە تەندروستی مرۆڤ دەكات.     

خاك- ئاژانسەكان





زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved