30/10/2017 02:39 PM

حەوت ئامۆژگاری بۆ زاڵبوون بەسەر خەمەكانی ژیاندا ‌



دیاری هەركی
ژیان پڕە لە ساتەكانی خۆشبەختی، هەروەك زۆریش ئەو ساتانەی تیایدا هەست بە خەم و بێ ئومێدی دەكەین.
لەگەڵ تێپەڕینی تەمەندا خۆشییەكان بەرەو كەمبونەوە دەچن، یان لانی كەم خۆشییەكان نابنە بارتەقای ئەو خەم و مەینەتیانەی رۆژانە بەرۆكمان دەگرن.
بۆیە پرسیارەكە ئەوەیە، چی بكەین بۆ ئەوەی بەسەر خەم و ناسۆرەكانی ژیاندا زاڵ بین:

بە بەشی خۆت رازی بە
پێشینان وتویانە، ئەگەر مرۆڤ رازی بە بەشی خۆی ئەوا خاوەنی سامانێكی گەورەی لە بن نەهاتووە. ئەگەر چاوت لە كەسانی تر بێت و ئیرەییان پێبەریت یان هەوڵ بدەیت ئەوەت هەبێت كە ئەوانی تر هەیانە، ئەوا چارەنووسێكی باشت نابێت.
ئەگەر بتەوێت بارودۆخی هەمە لایەنەی خۆت باش بكەیت، پێویست ناكات چاوت لە كەسانی تر بێت، بەڵكو بەرنامە و پلانی گونجاو دابنێ و هەنگاوی كرداری دەست پێبكە.

بیر لە رابردوو مەكەرەوە
رابردوو رۆیشت و تێپەڕی، ئەوەی لە رابردوودا روویداوە بیری لێمەكەرەوە، هەرگیز بە خەیاڵی رابردووەوە مەژی و حەسرەت و داخی بۆ هەڵڕێژیت. تەنها شتێك كە رابردوو بۆت بكات ئەوەیە كە سوود لە وانەكانی وەربگریت بۆ ئەوەی دووبارەی نەكەیتەوە.
ئێستا لە رابردوودا ناژیت، خۆت كۆبكەرەوە و بەرنامەی گونجاو دابنێ بۆ ئەوەی لە ئێستادا بژی، تا ئەو كاتەی ئێستا تیایدا دەبێتە رابردوو، حەسرەت بۆ ئێستاش نەخۆیت. ئەگەر ئەوەت كرد، ماندوبوونت دەڕەوێتەوە و تەركیزی زیاترت دەبێت بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە بڕیار بدەیت و كار بكەیت.

پلان بۆ ژیانت دابنێ
ئەگەر دەتەوێت لە خەم و پەژارەی رۆژگار رزگارت ببێت و بۆ ئەوەی روودای هەڕەمەكی و پێشبینی نەكراو ژیانت كۆنترۆڵ نەكات، پەلە بكە و پلانێك بۆ خۆت دابنێ و ستراتیجی دوورمەودا بۆ ئامانجەكانت دابڕێژە.
ئەگەر توانیت و سەركەوتوو بوویت لە دانانی پلان و رەنگرێژكردنی ستراتیج ئیتر ژیان یاریت پێناكات و بە ئاسانتر دەتوانیت بەسەر گرفتەكانی ژیان و رۆژگاردا زاڵ بیت. ئەمە هەنگاوی یەكەمە بۆ كۆتایی هێنان بە شپرزەیی و بێ سەروبەرەیی.

واز لە بیركردنەوەی نێگەتیڤ بێنە
دەبێت بڕیاری ئەوە بدەیت كە واز لە هەموو بیركردنەوە و پلانە سلبی و نێگەتیڤەكان بهێنیت، چونكە بیركردنەوەی لەو جۆرە جگە لە هێنانی خەم و بێ هیوایی، شتێكی تری لێناكەوێتەوە. 
بیركردنەوە و پلانی خۆت كۆنترۆڵ بكە، هەرگیز بیر لەو رابردووە مەكەرەوە، هەوڵ بدە خۆت هانبدەیت بە وتنەوەی دروشم و بیرۆكەی داهێنەرانەی تازە، بڵێ من بەهێزم، دەتوانم ئەوە بكەم، من سەركەوتوو دەبم. وتنەوەی ئەو دروشم و دەستەواژانە منداڵانە نین، بەڵكو كاریگەریی گەورەیان هەیە لەسەر هاندانی مرۆڤ بەرەو سەركەوتن.

گرنگی بە ئارەزووەكانت بدە
گرنگیدان بە ئارەزووەكانت و پەیڕەوكردنیان بە تایبەتی ئارەزووە وەرزشییەكان، كاریگەریی باشی دەبێت بۆ خەمڵاندنی میزاجێكی باش و دروست و باشكردنی باری دەروونیت، بۆ ئەوەش پسپۆڕان پێشنیاز دەكەن، پەیڕەوكردنی ئارەزووەكان بە شێوەیەكی رۆژانە بەرەنجامی باشی لێدەكەوێتەوە.
ئەگەر مرۆڤ بتوانێت لە رابردوو باشتر لە حەز و ئارەزووەكانی نزیك ببێتەوە ئەوا بە شێوەیەكی باشتر خۆی بۆ ژیان ئامادە دەكات و بە شێوەیەكی كارگەرتر بەسەر خەم و بێزاری و كێشەكانیدا زاڵ دەبێت.

لەگەڵ خەڵكدا لێبوردە بە
هەڵگرتنی رق و كینە كاریگەریی دەروونی و تەندروستی بۆ مرۆڤ لێدەكەوێتەوە، لە بری ئەوەی خەم و داخەكانت لە كۆڵ بكاتەوە، بە پێچەوانەوە، ئەوەندەی تر خەم و ناسۆرەكان قوڵ دەكاتەوە و لە كەسێكی گەشبین و بە بەرنامەوە دەتكاتە كەسێكی گیرۆدە و دەستەپاچە كە خەریكی لێكدانەوە و شەن و كەوی رابردوویت.
ئەگەر بتوانیت لێبوردە بیت، ئەوا بە شێوەیەكی ئاسانتر دەتوانیت بەسەر خەمەكانی ژیاندا زاڵ بیت، ئەو كەسانەشی كە بوونەتە هۆكاری ئەو خەم و پەژارە و زەرەرە بۆ تۆ، لە بری ئەوەی خۆشحاڵ بن بە زوڵمكردن لە تۆ، ئەوان دەبنە سووتوی ئەو ئاگرەی بۆ تۆیان كردەوە. ئەوان خەمبار دەبن تۆش دڵخۆش و ئاسوودە.

داوای هاوكاری بكە
ئەگەر ئەو هەنگاوانەی پێشەوە وەك پێویست لە خەم و پەژارەی دونیا دووریان نەخستیتەوە، سەركەوتوو نەبوویت لە وەلانانی پەژارە و هەستت كرد ناتوانیت بەسەریاندا زاڵ بیت، باشتر وایە داوای هاوكاری بكەیت، بە تایبەتی داوای هاوكاری لە كەسێك بكە كە هەم خۆشت دەوێت، هەمیش دڵخۆش و ئاسوودە بیت بە بینینی. جا ئەو كەسانە رەنگە هاوسەر یان باوك یان دایك یان كەسوكاری نزیكت بن.
هاوكاریی كەسانی تر بۆ زاڵبوون بەسەر كێشە و گرفتەكاندا وات لێدەكات باشتر بەسەر گرفتەكاندا زاڵ بیت و چارەسەری گونجاو و خێرا بدۆزیتەوە.
ئەم ئامۆژگاریانە، ئامۆژگاریی ئاسان و سادەن بەڵام زۆر گرنگن، بە تایبەتی ئەگەر باوەڕیان پێبهێنیت و ئەو بۆچوونە لە لای خۆت بخەمڵێنیت كە ئەو خاڵانە بتوانن دۆخێكی نوێ و باشترت بۆ دەستەبەر بكەن.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved