16/11/2017 09:43 AM

چیرۆكی چاویلكە

توێژەران خوازیارن پێداویستییە تەندروستییەكانی چاو، گرنگی زیاتری پێبدرێت

بەكارهێنانی چاویلكە یەكێكە لە باوترین نەخۆشییەكان و لەمێژەوە بڵاوە، چەند نیشانەیەك هەیە كە وات لێدەكات بیر لە بەكارهێنانی چاویلكە بكەویتەوە، بۆ نموونە ئەگەر نەتتوانی هاوڕێكەت لە دووری بیست پێ بناسیتەوە، یاخود هەستت بە هیلاكی چاوت كرد لە كاتی خوێندنەوەو زۆر بەكارهێنانی كۆمپیوتەر، یان ئازاری چاو و (نەبینینی كاتی) لە كاتی گۆڕانكاری لە نێوان تاریكی و روناكی.

سەدەی ١٣ داهێنراوە
سەرەتای دروستبوون و بەكارهێنانی چاویلكە دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی سیازدە لە ئیتاڵیاو بە شێوەیەكی جیاواز بەكارهێنراوە، دواتر لە سەدەی پازدە وا دیزاین كراوە كە بەهۆی لوتەوە رابگیرێت لە چین، قۆناغەكانی گەشەكردنی چاویلكە زۆرن و لە سەدەی حەڤدە لەلایەن چاویلكەسازێكی بەریتانییەوە بۆ یەكەمینجار چاویلكە بەوشێوە باوە دروستكراوە لە رێگەی بەكارهێنانی هاوێنەی تایبەت، لە قۆناغی ئێستاداو لە ساڵی ١٩٣٠ەوە چاویلكە لە فاشیۆندا جێگەی خۆی كردۆتەوەو ئێستا كێبڕكێی ماركەو دیزاینە جیهانیەكانی لەبارەوە دەكرێت.

چەندین جۆر چاویلكە هەیە، بۆ مەبەستی چاوكزی و فاشیۆن و پارێزگاری و لە ئێستاشدا چاویلكەی بینینی سێ دووری نوێترین داهێنراوی بواری چاویلكەیە.

مەبەستەكانی بەكارهێنانی چاویلكە
د.شەماڵ عەبدول بارام پسپۆڕی نەخۆشییەكان و نەشتەرگەری چاو باسی مەبەستەكانی بەكارهێنانی چاویلەكی كرد كە بریتین لە راستكردنەوەی بینای بۆ دووری و نزیكی هەروەها خوارو خێچی لە گلێنەدا (ئیستكماتیزم) بۆ نموونە دووری بریتییە لەوەی تەنەكان فۆكەس دەبێت لە پشتی چاوەكەوەو لە رێگەی چاویلكەوە كۆدەكرێتەوە بۆ ناوەندی بینایی، نزیكبینیش لە ڕێگەی هاوێنەیەكی روچاڵەوە ئەو تەنە دەهێنرێتەوە ناوەندی بینین، ئیستكماتیزمیش خوارو خێچیە لە گلێنەداو بەپێی پێوانە بە هاوێنە راستدەكرێتەوە.

مەبەستێكی تری بەكارهێنانی چاویلكە بۆ راستكردنەوەی خێلییە، بەتایبەتی بۆ منداڵان كە پێوانەكەی بەرزەو وا دەكات خێلییەكەی كەمدەكاتەوەو نەشتەرگەری دوادەخرێت تەنانەت هەندێكجار بە شێوەیەك چاویلكەكە كاریگەر دەبێت پێویست بە نەشتەرگەری ناكات.

د.شەماڵ عەبدول باسی لە گرنگییەكی تری چاویلكە كرد بۆ رێگری لە تەمەڵی چاو، كە بەو هۆیەوە چاوەكە ناتوانێت وێنەكان بە جوانی بگەیەنێت بە سەنتەری شیكردنەوە لە مێشكدا، بەهۆی ئەوەی پێوانەی چاوەكە لە نێوان چاوێك و چاوێكدا جیاوازە، ئەو كاتە لەو رێگەیەوە هەوڵی راستكردنەوەی بینایی دەدرێت.

چاویلكە سوودێكی تریشی هەیە كە بۆ خۆپاراستن لە تیشكی سەرو بنەوشەی بەكاردێت و لە كارگەو شوێنی كارەكانیشدا چاویلكە بەكارهێنانی گرنگە، جگە لە بەكارهێنانی بە مەبەستی جوانكاری.

كاریگەری خواردن لەسەر چاو
لەرووی زانستییەوە خواردن كاریگەری زۆری هەیە لەسەر توانای چاو و دەتوانرێت خواردنی تەندروست بكرێت بە رێگەیەك بۆ پاراستنی چاو، سەرچاوە سەوزەواتییەكان كە ڤیتامینیان زۆرە، گرنگن و سەرچاوە كانزاییەكان و چونكە لەشی خۆمان ناتوانێت ئەو ئەوانە دروستبكات دەبێت لە رێگەی سەوزەو میوە یان ئەگەر نەبوو لە رێگەی حەبەوە وەریبگرین.

نیشانەكانی كۆمپیوتەر لەسەر چاو
لە زانستی نوێی پزیشكیدا دیاردەیەكی نوێ هەیە پێیدەوترێت نیشانەكانی كۆمپیوتەر لەسەر چاو، ئەو نیشانانەش لەوەدایە كە بۆ ماوەیەكی زۆر كە چەند سەعاتێك چاوت بە مۆبایل و كۆمپیوتەر هیلاك دەكەیت، بەهۆی تەركیزكردن لەسەر ئەو شاشەیە چاوتروكاندن كەمدەبێتەوە، چاوتروكاندنی ئاسایی بە شێوەیەكی خۆنەویستانە لە ١٥ بۆ ٣٠ جارە لە خولەكێكدا، بەڵام كە تەركیزت كرد كەمدەبێتەوە بۆ كەمتر لە ١٠ جارو ئەوەش دەبێتە هۆی وشكبوونەوەو سوتانەوەو كزانەوەی چاوەكە.

چەند تاقیكردنەوەیەكی نوێش دەریانخستووە كە ئەو تیشكەی لە شاشەی ئامێرە ئەلیكترۆنیەكانەوە دەردەچێت، نزیكە لە تیشكی سەرو بنەوشەیی و لەرە لەری كارۆ موگناتیسی زۆرە، لەوانەیە كاریگەری هەبێگ لەسەر تۆڕی چاوەكەو دەبێتە هۆی زوو پیربوونی تۆڕی چاوەكە.

مەترسییەكانی بۆ منداڵ
د.شەماڵ هۆشداری دا لە مەترشی ئەو ئامێرانە لەسەر منداڵ، چونكە منداڵەكان زۆر تەركیز دەكەن و چاوەكە زۆر ئەملاولا ناكات و ناجوڵی و دوورو نزیك، وای لێدێت دەبێتە هۆی ئازاری چاو و ئێستا نەخۆش هەیە منداڵەكان بۆ نزیك تەنەكان دەبینێت و بۆ دوور لێڵی دەكات، ئەویش بەهۆی ئەو ماندوبونەوەیە، هۆكارێكە بۆ زیادكردنی كزی.

باسكردن لە بەدیلەكانی چاویلكە بریتییە لە هاوێنەو لەیزر كردن، لەوبارەیەوە د. شەماڵ رایگەیاند، لەیزەركردن دەبێت لە سەرو ١٨ ساڵ بێت، بەڵام تەمەنی ٦٠ ساڵ بەدواوە ئەگەری لەیزەر كەمدەبێتەوە.

وتیشی: لە ٤٠ ساڵ بەدواوە شێوازی لێزەرەكە دەگۆڕێت، چونكە بەپێی تێپەڕبوونی تەمەن وردەوردە توانای نزیكبینین لاواز دەبێت، باشترین لەیزەركردن لە نێواب ٢٠ بۆ ٤٠ ساڵدایە.

بەدیلەكانی چاویلكە
بەدیلەكەی تریش بریتییە لە هاوێنەی چەسپاو كە بەكارهێنانی هەستیارەو دەبێت وریابیت و رۆشنبیری بەكارهێنانیت هەبێت، چونكە هاوێنەكە بەركەوتنی هەیە لەگەڵ گلێنەی چاوەكە بە پێچەوانەی چاویلكە كە دوورە لە گلێنەكە، بۆیە پاكردنەوەو هەڵگرتن و دانانی دەبێت زۆر بە وریایی بێت، نابێت كاتێكی زۆریش لە چاوتدا بێت و كوالیتیەكەشی جیاوازە چونكە تا ماوەی بەكارهێنانی زۆربێت دەبێت كوالیتیەكەی تایبەتتر بێت.

مەترسییەكانی ئەم هاوێنانە پیسكردنی گلێنەو زبربوونە دەبێت زۆر وریابیت بەتایبەتی لە وڵاتی ئێمە كە چاومان كەمێك پیسەو تیشكی خۆر بەهێزە.

توێژەران ئاشكرای دەكەن لە ئێستادا (٣٥0) ملیۆن كەس لە جیهاندا توشی نەخۆشییەكانی چاو بوون و پێشبینیش دەكرێت لە داهاتوودا ئەو رێژەیە بۆ سێ هێندە زیاد بكات، بەپێی توێژینەوەی زانكۆیەكی ئەمریكیش نزیكەی لە %٣٠ ئەمریكا چاویلكە بەكاردەهێنن.

بە وتەی توێژەران ئەوانەی لە ئێستادا كێشەی تەندروستیی چاویان هەیە دابەشبوون لە نێوان كەمبینی ئاسایی و لە نێوان ئەوانەی بە رادەیەكی زۆر ئاست و توانای بینینی چاویان لاوازە.

زۆرترین رێژەی ئەو ناوچانەی كە كێشەی‌ كاریگەری (كەمی بینینیان) هەیە، ناوچەكانی باشورو رۆژهەڵاتی ئاسیایەو هەندێ بەشیش لە باشوری بیابانی گەورە لە ئەفەریقا ئەو حاڵەتە تەندروستیانەیان هەیەو رێژەی بەرزیان تێدا تۆمار كراوە.

توێژەران خوازیارن كە بواری چارەسەركردن و فەراهەمكردنی پێداویستییە تەندروستییەكانی چاو، گرنگی زیاتری پێبدرێت.

خاك - عه‌لی كاشان





زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved