20/11/2017 11:01 AM

پرۆژه‌ی پاسكیلسواری لە سلێمانی ده‌كرێته‌وه‌

له‌ پاركی هه‌واری شار له‌ سلێمانی، پرۆژه‌ی پاسكیلسواری كراوه‌ته‌وه‌ بۆ ئه‌و كچ و كوڕانه‌ی ئاره‌زووی وه‌رزش و پاسكیلسواری ده‌كه‌ن. ئه‌و پرۆژه‌یه‌ش بۆ یه‌كه‌مجاره‌ له‌سه‌ر ئاستی عیراق و هه‌رێمی كوردستان بكرێته‌وه‌و به‌ ئامانجی به‌كه‌لتوركردنی پاسكیلسواری و هه‌روه‌ها وه‌رزشكردنه‌ بۆ ته‌ندروستیی باشی گه‌نجان.

نیان یاسین سه‌رپه‌رشتیاری ئه‌و پرۆژه‌یه‌، كه‌ خۆی یاریزانی پاسكیله‌و 6 ساڵ پاڵه‌وانی عیراق بووه‌و تائێستا 13 خاوه‌نی مه‌دالیای ئاڵتون و برۆنزه‌ له‌سه‌ر ئاستی وڵاتانی ده‌ره‌وه‌.

له‌باره‌ی پرۆژه‌كه‌وه‌ به‌ خاك-ی راگه‌یاند: پرۆژه‌كه‌ بیرۆكه‌ی خۆم بووه‌و حه‌زمكرد شوێنێكی تایبه‌تی بۆ دیاریبكه‌م تاوه‌كو كوڕان و كچان به‌ ئازادانه‌ بێن پاسكیلسواری بكه‌ن. چونكه‌ له‌ناو شار رێگه‌وبان زۆربه‌ی كێشه‌ی هه‌یه‌و بۆ پاسكیلسواری شیاو نیه‌و قه‌ره‌باڵغه‌. هه‌ربۆیه‌ پاركی هه‌واری شارم هه‌ڵبژارد.

وتیشی: له‌ڕووی داراییه‌وه‌ هاوكاری نه‌كراوم و خۆم 70 پاسكیلی قه‌باره‌ جیاوازو شێوه‌ جیاوازم دابینكردووه‌ بۆ كوڕان و كچان به‌پێی ته‌مه‌نیان، هه‌روه‌ها راهێنه‌رم دابینكردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌وانه‌ی لێی نازانن به‌ باشترین شێوه‌ فێربكرێن.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، بڕیارمداوه‌ مانگانه‌ له‌ناو هه‌مان پاركدا پێشبڕكێیان بۆ سازبكه‌م و ئه‌وانه‌ی سه‌ركه‌وتوو ده‌بن خه‌ڵاتیان ده‌كه‌ین به‌ مه‌به‌ستی ئه‌وه‌ی ئاره‌زوومه‌ندان زیاتر هه‌وڵبده‌ن و خۆیان به‌ره‌وپێش به‌رن. ته‌نانه‌ت ده‌مانه‌وێت به‌ شێوه‌یه‌ك فێریان بكه‌ین كه‌ له‌ داهاتوودا فێرخوازان به‌شداری پاڵه‌وانێتییه‌كانی عیراق و ده‌ره‌وه‌ پێبكه‌ین.

خاك - لانه‌ كاشان









created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved