23/11/2017 01:58 PM

ریزبەندیی وڵاتان لە رێژەی قەڵەویدا

بەریتانیا پێشەنگی وڵاتانی خۆرئاوای ئەوروپایە

لە راپۆرتێكی رێكخراوی هەماهەنگی ئابووری ‌و گەشەپێداندا هاتووە، رێژەی قەڵەوی لە بەریتانیا زیاترە وەك لە وڵاتانی خۆرئاوای ئەوروپا.

ئاماژەی بەوەش كردووە: رێژەی قەڵەوی لە ماوەی 20 ساڵی رابردوودا دوو هێندە زیادی كردووە‌و نزیكەی 63%ی بەریتانییە بەتەمەنەكان بەدەست زیادبوونی كێشیانەوە دەناڵێنن.

وێڕای ئەوەش راپۆرتەكە ئاماژەی بەوە كردووە كە بەگشتی تەندروستی ئەو بەریتانیانەی تەمەنیان لە ناوەڕاستدایە لەئاستێكی باشدایە، ئەوەش بۆ كەمبوونەوەی رێژەی جگەرەكێشان‌ و خواردنەوە كهولییەكان دەگەڕێتەوە.

رێكخراوی هەماهەنگی ئابووری‌ و گەشەپێدان بەریتانیای لەنێو ئەو پێنج وڵاتەدا داناوە، كە لە سەرەتای نەوەدەكانی سەدەی رابردوودا بەدەست بەرزبوونەوەی رێژەی قەڵەوییەوە ناڵاندویانە. هەروەك رێكخراوەكە هۆشداری داوە لەوەی كە زیادبوونی كێش دەبێتە هۆی نەخۆشییە درێژخایەنەكانی وەكو بەرزبوونەوەی فشاری خوێن، بەرزبوونەوەی كۆلیسترۆڵ، نەخۆشی شەكرە‌و نەخۆشییەكانی دڵ.

هاوكات رێكخراوی نێودەوڵەتی هاوكاری ئابووری گەشەپێدان ریزبەندی ئەو وڵاتانەی بڵاوكردووەتەوە كە زۆرترین رێژەی قەڵەویان هەیەو تێیدا ئەمەریكا پێشەنگی لیستەكەی گرتووەو زۆرترین كەسانی قەڵەو لەو وڵاتەدا هەن.

ئەو رێكخراوە 35 وڵاتی وەك ئەندام لەخۆی كۆكردوەتەوەو ئامارەكانیش لەو چوارچێوەیەدا وەرگیراون، رایانگەیاندووە رێژەی قەڵەوی بەردەوام بەرەو زیادبوون دەچێت و بەراورد بە 5 ساڵی رابردوو تەشەنەی سەندووە.

هەمان رێكخراو باسی لەوەش كردووە تا ساڵی 2030 رێژەی قەڵەوی بەرەو زیادبوون دەچێت و بەتایبەت لە وڵاتانی كۆریای باشوورو سویسرا.

لەو وڵاتانەی ئەندامن لە رێكخراوی هاوكاری و ئابووری و گەشەپێدان، لە هەردوو كەسی پێگەیشتوو یەكێكیان قەڵەون و لەنێوان شەش منداڵ یەك منداڵیان قەڵەون.

لەو راپۆرتەدا هۆشداری ئەوە دراوە كە مەترسی زیادبوونی رێژەی نەخۆشییە درێژخایەنەكان زیاد دەكات وەك شەكرە، دڵ و بەرزە فشاری خوێن.

ریزبەندی ئەو وڵاتانەی هاوڵاتییەكانیان بەدەست قەڵەوییەوە دەناڵێنن:
1-ئەمریكا 38.2%
2-مەكسیك 32.4%
3-نیوزلاند 30%
4-ئوسترالیا 27.9
5-بەریتانیا 26.9
6-كەنەدا 28.5
7-چیلی 25.1
8-فنلاند 24.8
9-ئەڵمانیا 23.6
10-ئیرلەندا 23%


خاك‌




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved