27/11/2017 09:22 AM

زیانەكانی نێرگەلە زیاترە یان جگەرە بۆ تەندروستی؟

بە شێوەیەكی گشتی نێرگەلەكێشان زیانی زۆر زیاتری هەیە بەب ەراورد بە جگەرەكێشان، بە جۆرێك هەندێك لە توێژینەوەكان ئاماژە بەو ڕاستییە دەكەن كە نێرگەلە ئەگەر بۆ ماوەی یەك كاتژمێر بكێشرێت ئەوا كەسەكە ۱۰۰ بۆ ۲۰۰ هێندەی جگەرەكێشان لە دوكەڵ وەردەگریت لەگەڵ ۷۰ ئەوەندەی جگەرەیەك لە نیكۆتین كە ماددەیەكی (هۆشبەر - ئالودەكەر)ە دەچێتە لەشیەوە، لێرەشەوە ئەوە دەسەلمێت كە نێرگەلە زیانەكەی زۆر زیاترە لە جگەرە، ئەمەش پێچەوانەی بۆچوونی زۆربەی هاووڵاتیانە كە هەڵە تێگەیشتنێك لە بیرو بۆچونیاندا هەیە.

زیانەكانی نێرگەلەكێشان چین؟

1. زیانەكان بەهۆی توتنەوە:
توتن هەزارەها ماددەی ژەهراوی تێدایە لەكاتی سوتاندنیدا بە جۆرێك بە هۆكارێكی سەرەكی ئەژمار دەكرێت بۆ توشبوون بە نەخۆشییەكانی شێرپەنجە وەك شێرپەنجەی (پوك، لێو، سورێنچك، سییەكان، میزەڵدان)، نەخۆشییەكانی دڵ و بۆرییەكانی خوێن (سنگەكوژێ و جەڵتە) و كۆئەندامی هەناسەو نەخۆشییەكانی پوك و ددان.

هەروەها هۆكارێكە بۆ ئالودەبوون لەبەربوونی ماددەی نیكۆتین، بوونی دوكەڵەكەشی لەكاتی سكپڕیدا دەبێتە هۆكاری منداڵی نەبەكام و كەم كێش ئەمە جگە لە زیانەكانی بۆ سەر دایكی دووگیان.

توتنـی نێرگەلـە لـەبەرئـەوەی تـەرە مەترسیدارترە بە گەشەكردنی كەڕوویەك كە توانای دەردانی ژەهری كوشندەی هەیە كە دەبێتە هۆی شێرپەنجەی جگەر، لەگەڵ بوونی تام و ڕەنگی جۆربەجۆر كە زۆربەیان دەستكردن و گرفتی جۆربەجۆر بۆمرۆڤ دروستدەكەن لەوانە شێرپەنجەكان.

2. زیانەكان بەهۆی ماوەی كێشانی نێرگەلەكەوە:
وەك دەزانین ماوەی نێرگەلەكێشان زۆرەو هەندێكجار دەگاتە زیاتر لە كاتژمێرێك و ئەمەش ماوەی بەركەوتن بە ژەهرەكان زیاتر دەكات.

لە (٤۰) خولەكی نێرگەلە كێشاندا بڕی ٥۰-۲۰۰ مژ لێدەدرێت و هەر مژێكیش بریتییە لەنیو لیتر لە دوكەڵ بۆ ناو سییەكان، هەر لەبەرئەوەشە بری قەتران كە ماددەیەكی ژەهرە لەیەك نێرگەلەدا ۳٦ هێندە بڕەكەیەتی كە لەیەك جگەرەدا هەیە.

3. زیانەكانی بەهۆی بەكارهێنانی خەڵوزەوە:
ئەم ماددەیە لە نێرگەلەدا بەكاردەهێنرێت و لەكاتی گەشاندنەوەیدا بەتایبەتی لەكاتی كەمی ئۆكسجیندا گازی یەكەم ئۆكسیدی كاربۆن دەردەدات كە ژەهرەو كوشندەیەو بێ بۆن و بێ ڕەنگەو دەبێتە هۆی كەمكردنەوەی ئۆكسجین لە شانەكانی لەشدا، لێرەشەوە ئەو كەسانە خوێنیان زۆرترو خەستر دەبێت و چانسی توشبوون بە نەخۆشیەكانی بۆری خوێن و دڵ و جاڵتەی دەماغ زیاتر دەكات.

4. زیانەكانی بەهۆی بەكارهێنانی ئاوی ناو شوشەی نێرگەلەكەوە:
ئاو وەك سەرچاوەیەك بۆ ساردكردنەوەی دوكەڵ لە نێرگەلەدا بەكاردەهێنرێت، لەبەر تێپەڕبوونی بڕێكی زۆر لە دوكەڵ بەناویدا ژەهراوی دەكات و كاریگەری خراپ لەسەر باری تەندروستی كەسەكە بەجێدەهێڵێت، ئەم مەترسیە زیاتر دەبێت ئەگەر لەجیاتی ئاو ماددە كحولییەكان بخرێتە ناو شوشەكەوە.

5. زیانەكانی بەهۆی  نەخۆشییە گواستراوەكانەوە:
زۆرجار چەند كەسێك لەكاتی كێشانی نێرگەلەدا هاوبەش دەبن و یەك ئامێر بەكاردەهێنن بەبێ گۆڕینی دەمەوانەی سۆندەكە، ئەمەش دەبێتە هۆی گواستنەوەی هەندێك لە نەخۆشییە گواستراوەكانی وەك تامێسك و دەردەباریكە (سیل) و هەڵامەت و...هتد، ئەگەر هاتوو یەكێك لەوانە ئەو نەخۆشییانەی هەبێت.



خاك - س/ ڕاگەیاندنی تەندروستی سلێمانی




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved