4/12/2017 09:41 AM

رێنمایی سەرەتایی بۆ فریاكەوتنی حاڵەتی سوتاوی

لەكاتی ڕوودانی سووتانی جەستەدا پێش گەیشتنی كەسی قوربانی بۆ نەخۆشخانە پێویستە چی بكرێت.

لەوبارەیەوە د.شاخەوان سەعید زۆراب پزیشكی نەشتەرگەری نەخۆشییەكانی سووتاوی و جوانكاری رايگەیاند: كاتێك ڕووداوەكە ڕوودەدات پێویستە لەسەر هاوڵاتیان چەند رێنماییەك جێبەجێ بكەن بۆ كەسی قوربانی تا گەیشتنی بە نەخۆشخانە:

1- لەكاتی ڕوودانی سوتاندا، پێویستە شوێنی سوتاوییەكە بۆ ماوەی (10 - 15) دەقیقە بخرێتەبەر بەلوعەو ئاوی ساردی پێدابكرێت نەك ئاوی سەهۆڵاو، چونكە ئاوی زۆر سارد دەبێتە هۆی دابەزینی پلەی گەرمی نەخۆشەكەو ڕەنگە لەبری چارەسەركردن دووچاری نەخۆشی تری بكات، ئاوی بەلوعە وادەكات ناهێڵێت سوتاوییەكە قوڵتربێت و كاریگەرییەكانی كەمدەكاتەوە لەسەر جەستەی مرۆڤەكە.

2- جۆری پێچانی شوێنی سووتاوییەكە زۆر گرنگە، بۆ ئەو مەبەستە دەبێت هاوڵاتیان خۆیان لە پارچە پەڕۆی پیس بەدوور بگرن، بەڵكو نایلۆنی تەنكی پاكوخاوێن بۆ پێچانەوەی سوتاوییەكە بەكاربهێنن تا دەگاتە نەخۆشخانە بە مەبەستی چارەسەركردن، ئەم پێچانەوەیەش لەدوای ساردكردنەوەی شوێنی سووتاوییەكە دەبێت.

3- دەبێت هاوڵاتی خۆی بەدوور بگرێت لە بەكارهێنانی هەموو جۆرە ماددەیەك بۆ چارەسەركردنی شوێنی سووتاوییەكەی وەكو (دەرمانی ددان شوشتن، دۆشاوی تەماتە، نەوت.. هتد)، بەهیچ جۆرێك بەكارهێنانی ئەم ماددەو پێداویستییانە نەك چارەسەری سووتاوی ناكات، بەڵكو شوێنی سووتاوییەكە قوڵترو خراپتر دەكات، ڕاستە ڕەنگە بەهۆی ئەم كەرەستانەوە بۆ ماوەیەكی كەم ئازارەكەی نەهێڵێت، بەڵام شوێنەواری خراپتر بەجێدەهێڵێت لەسەر جەستەی مرۆڤ و دواڕۆژ برینی كەسەكە زۆر خراپ دەبێت و گرژی دروست دەكات و دەبێتە هۆی ناڕێكی بۆ جومەگەكان.

خاك - راگەیاندنی تەندروستی سلێمانی




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved