7/12/2017 03:45 PM

لە چەند وڵاتێكی جیهان دیار نامێنێت

رووناكیی كەمتر واتە بینینی باشتر شەو. 
لەگەڵ خۆرئاوابووندا رووناكییە دەستكردەكان لە ناوچە جیاجیاكان ‌و بە تایبەتی لە شوێنە ئاوەدان ‌و پێشكەوتووەكاندا دەبینرێت ‌و تا دێت درەوشانەوەی زەوی لە شەودا زیاتر ‌و رووبەرەكەی فراوانتر دەبێت.
بە پێی توێژینەوەیەكی وێنەیی گۆی زەوی لە شەودا، درەوشانەوەی رووناكیی دەستكرد لە چەند شارێك ‌و بە شێوەیەكی زیاد لە پێویست لە سەرانسەری جیهاندا دەبینرێت. ئەمەش كاریگەریی دەكاتە سەر ژینگە.
بە رێژەی 2%
لە توێژینەوەكەدا هاتووە: بە هۆی زۆر بەكارهێنانی رووناكیی دەستكردەوە، لە نێوان ساڵانی 2012 بۆ 2016 دا بە رێژەی 2% ئەو رووناكییە لەسەر گۆی زەوی زیادی كردووە ‌و هەر چەندە شتەكە لە شوێنێكەوە بۆ شوێنێكی تر دەگۆڕدرێت، بەڵام بە گشتیی تاریكە شەو لە كشانەوەدایە.
تیمێكیش لە زانایان كە ئەنجامی توێژینەوەكەیان لە گۆڤاری (پێشكەوتنی زانست) دا بڵاوكردۆتەوە، هۆشداریی دەدەن لە دیارنەمانی شەو لە ژمارەیەك وڵاتدا، كە كاریگەریی نێگەتیڤی لەسەر رووەك ‌و ئاژەڵ ‌و سەلامەتیی مرۆڤ دەبێت.
تیمەكەی زانایان لە توێژینەوەكەدا پشتیان بە وێنەكانی مانگە دەستكردەكان بەستووە بۆ پێوانەی تیشكدانەوە، كە ئاژانسی ناسا پشتی پێدەبەستێت ‌و تایبەت بۆ پێوانەی درەوشانەوەی رووناكی شەو دیزاین كراوە.
ویلایەتە یەكگرتووەكان بەبێ گۆڕانكاریی ماوەتەوە
توێژینەوەكە دەریخستووە، گۆڕانكارییەكانی درەوشانەوەی رووناكی بە شێوەیەكی بەرچاو لەگەڵ تێپەڕبوونی كاتدا بە پێی وڵاتەكان دەبینرێت.
بۆ نموونە ویلایەتە یەكگرتووەكان ‌و ئیسپانیا لە هەموو وڵاتانی دیكە زیاتر بە رووناكی دەستكرد رووناك دەكرێنەوە، بەڵام هەندێك لە وڵاتانی ئەمریكای باشوور ‌و ئەفریقیا درەوشانەوەی زیاتریان لێ دەبینرێت، وڵاتانی وەكو سوریا ‌و یەمەنیش بە هۆی جەنگەوە، رووناكییان كەمترە.
د. كریسۆفەر كیبا توێژەری سەرەكیی لە سەنتەری توێژینەوەكانی ئەڵمانیا بۆ زانستی جیۆلۆجی لە بوتسدام، دەڵێت: رووناكی دەستكرد یەكێكە لەو گۆڕانكارییە فیزیاییانەی مرۆڤ هێنایە ژینگەكەمانەوە.
د. كریسۆفەر ‌و هاوڕێكانی پێیانوایە كە كەمبوونەوەی تیشكدانەوەی رووناكی لە شارە دەوڵەمەند‌و ناوچە پیشەسازییەكاندا، بۆ گۆڕانكاریی لە بەكارهێنانی رووناكی سۆدیۆمی پرتەقاڵیی بۆ گڵۆپی لید دەگەڕێتەوە ‌و ئامێری بینینی رووناكیی مانگ لە مانگە دەستكردەكان ناتوانن بەشی شین لە خەرمانەی رووناكیی پەیدابوو لە گڵۆپە لیدەكاندا بپێون.
كریسۆفەر كیبا بە بی بی سی نیوزی راگەیاند: پێشبینیم دەكرد لە وڵاتە دەوڵەمەندەكانی وەكو ویلایەتە یەكگرتووەكان‌و بەریتانیا‌و ئەڵمانیا، كەمبوونەوەی گشتیی لە بەكارهێنانی رووناكیدا ببینرێت، بە تایبەتی لە ناوچە رووناكەكاندا، بەڵام وڵاتێكی وەكو ویلایەتە یەكگرتووەكان بە بێ گۆڕانكاریی ماوەتەوە ‌و بەریتانیا ‌و ئەڵمانیاش رووناكتر دەبینرێن.
سەپاندنی سیستمێكی رووناكی نائاسایی
لەگەڵ ئەوەی ئامێری بینینی مانگە دەستكردەكان ئەو رووناكییە شینە نابینن كە مرۆڤ دەیبینێت، لەبەرئەوەی كۆی زیادە لە بریقەدانەوە زیاترە لەوەی توێژەرەكان پێوانەیان كردووە.
پرۆفیسۆر كیڤین گاستۆن لە زانكۆی ئەكستیر بە بی بی سی راگەیاند: مرۆڤ سیستمێكی رووناكی نائاساییمان بەسەردا دەسەپێنێت، رووناكیی كەمتر واتە بینینی باشتر.
وتیشی: ئێستا تۆ لە شەودا بۆ دۆزینەوەی رووناكی سروشتی لە ئاسمانی ئەوروپا تێدەكۆشیت، بەڵام من زیادبوونی بەردەوامم لە پیسبوونی رووناكیی نامۆدا بینیوە.
لەسەر ئاستی نیشتمانی‌و جیهانیی
روونیشیكردەوە: كاتێك بیر لە چۆنێتیی گەمەكردنی مرۆڤ بە ژینگە دەكەینەوە، بۆمان دەردەكەوێت كە چاككردنی یان گۆڕینی زۆری تێدەچێت. سەبارەت بە رووناكیش، پێویستە ئاراستەی ئەو شوێنانەی بكەین كە پێویستمان پێیەتی، نەك لەو شوێنانەدا بە فیڕۆی بدەین كە پێویستمان پێی نییە.
هەروەها د. كریسۆفەر دەڵێت: دەتوانین ناوچە شارستانییەكانمان كەمتر رووناك بكەینەوە ‌و تووشی هیچ كێشەیەكی بینینیشمان نەكات، چونكە بینایی مرۆڤ پشتی بە دەركەوتن بەستووە نەك بە بڕی رووناكی، لەبەرئەوە لە رێگەی كەمكردنەوەی دەركەوتنەوە لە هەوای پاكدا، دەتوانرێت رووناكی گڵۆپە شەوقدارەكان نەهێڵرێت، لەوێشەوە دەتوانرێت لەگەڵ رووناكی كەمتردا ئاستی بینین باشتر بكرێت.
وتیشی: دەتوانین سامانێكی زۆر لە وزە كۆبكەینەوە، بەڵام تۆمارەكانمان دەریدەخەن كە لەسەر ئاستی نیشتمانی‌و جیهانیی، ئەو ئاراستەیە نییە كە پەیڕەو دەكرێت.

BBC




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved