28/12/2017 02:43 PM

بۆ لەناوبردنی شێرپەنجە


زاناكان گەشەیانداوە بە جۆرێك ڕۆبۆتی بچووك كە بە دەرزییەك دەدرێت لە نەخۆشانی شێرپەنجە بەمەبەستی لەناوبردنی خانەكانی ئەو نەخۆشییە ئەمەش شۆرشێكی نوێیە لە بواری پزیشكیدا.
پێگەی (هایل براكسیس)ی ئەڵمانیی ئاشكرایكردووە زانایانی چین و بەریتانیا نەوەیەكی نوێی نانۆ ڕۆبۆتیان دروستكردووە كە دەتوانرێت لە دوورەوە كۆنترۆڵ بكرێت و بۆ ئەوەی لە ئایندەیەكی نزیكدا پزیشكان بەكاری بهێنن بۆ لەناوبردنی خانە شێرپەنجەییەكان.
پسپۆڕان هیواخوازن بەم نزیكانە ئەو تەكنیكە نوێیە بەكاربهێنرێت كە لە ڕێگەی دەرزییەوە دەدرێت لە نەخۆشانی شێرپەنجە بۆ گواستنەوەی ئەو ماددانەی خانە شێرپەنجەییە زۆربووەكان لەناو دەبەن.
پسپۆڕان دەڵێن» ئەو ڕۆبۆتە تازەیە بریتییە لە خانەی زۆر بچوك كە لە قەوزە دروستكراوە و زیاتر لە تەواوكارە خۆراكییەكاندا بەكار دەهێنرێت» ، هەروەها جەختیان لەوەش كردەوە كە ئەو قەوزەیە لە سەردەمی شارستانییەتی ئەزتیكیشدا كە ئێستا وڵاتی مەكسیكە وەك سەرچاوەی خۆراك بەكار هاتووە، ئەو قەوزەیە دواتر بە شێوەیەكی بیۆلۆژی شیدەبێتەوە، ئەمەش چەمكێكی نوێ دەداتە بواری پزیشكی و دەبێتە ساتێكی جیاكەرەوە لە ڕوبەڕووبوونەوەی نەخۆشی شێرپەنجەدا.
پسپۆڕانی هەردوو زانكۆی (هۆنگ مۆنگ) و (مانشستەر) ڕونیانكردەوە ئەو ڕۆبۆتە نانۆیە بەیارمەتی كایەی موگناتیسیی كاردەكات، بە شێوەیەك لە دوورەوە كۆنترۆڵ دەكرێت و بەوردی بە ناو شلە بایەلۆژییە ئاڵۆزەكاندا تێدەپەڕێت بۆ ئەوەی هێرش بكاتە سەر خانە شێرپەنجەییەكان.
پێگەی ڕۆژنامەی (THE SUN)ی بەریتانیی ئاشكرایكرد، ئەو ڕۆبۆتە تێكەڵانە دەتوانن هەست بە گۆڕانكارییەكان بكەن كە دەگاتە لەشی مرۆڤ و نەخۆشییەكە لەساتی دەركەوتنی نیشانەكانییەوە دەستنیشان بكەن .
پڕۆفیسۆر (لی چانگ) سەرپەرشتیاری توێژینەوەكە وتی» لەبری ئەوەی ڕۆبۆتێكی بچوك دروست بكەین كە بە ووزە كار بكات لەگەڵ تەكنیكە ئاڵۆزەكانی تاقیگەدا، ئامانجێكمان بۆ خۆمان دانا كە خۆی لە پەرەپێدانی ماددەی هۆشمەنددا دەبینێتەوە بە پشتبەستن بە سروشت».
وتیشی» بە لەبەرچاوگرتنی پێكهاتەی كیمیایی جەوهەری ئەو ماددە سروشتییە دەتوانرێت لە بواری پزیشكیدا سودی لێ ببینرێت».
جێگەی ئاماژەیە پسپۆڕان ئێستا كار لەسەر ئەوە دەكەن كە دڵنیابن لە شیبوونەوەی سروشتیی ڕۆبۆتەكە دوای ئەوەی ئەركەكەی بە سەركەوتوویی بەجێ دەهێنێت.
پێویستە بوترێت، شێرپەنجە یەكێكە لە هەرە كوشندەترین نەخۆشییەكان لە جیهاندا و بەپێی داتایەكی ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانیی پێشبینی دەكرێت لە بیست ساڵی داهاتوودا حاڵەتەكانی تووشبوون بە نەخۆشی شێرپەنجە بە ڕێژەی (70%) زیاد بكات لە جیهاندا.
هەر ئەو ڕێكخراوە ئاماژەی بەوە داوە كە شێرپەنجە دووەمین هۆكارەكانی مردنە لە سەرانەری جیهاندا و بە تەنها لە ساڵی 2015دا زیاتر لە (8.8) ملیۆن كەس بە هۆی ئەو نەخۆشییەوە گیانیان لەدەستداوە و لە جیهاندا لە هەر 6 كەسی مردوو یەكێكیان بە هۆی جۆرێك لە جۆرەكانی شێرپەنجەوە مردووە.

سەرچاوە: DW




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved