31/12/2017 02:25 PM

هۆكاری زۆربەی تاوانەكانە

كورتەی توێژینەوەیەكی ئەمریكیی ئاماژە بەوە دەدات كە برینی ناوچە جیاجیاكانی مێشك ڕەنگە ببێتە هۆی نواندنی ڕەفتاری تاوانكارانە.لە توێژینەوەیەكی سەنتەری(BIDMC) پزیشكیی لە شاری بۆستنی ویلایەتی ماساچوتیسی ئەمریكا سەبارەت بە پەیوەندی نێوان ئەو ئازارانەی تووشی مێشك دەبێت و ڕەنگدانەوەی لەسەر هەندێك ڕەفتاری ترسناك لەوانەش تاوانكردن، ئاشكرا بووە برین و ئازار پێگەیشتنی مێشك هۆكارێكە بۆ نواندنی ڕەفتاری شەرنگێزانە و تاوانكارانە.
ئەو توێژینەوەیە كە لەلایەن ژمارەیەك پسپۆڕی مێشك بە سەرپەرشتیی دكتۆر (مایكڵ فۆكس) ئەنجامدراوە و دواتر لە وەرزنامەیەكی ئەكادیمیای ئەمریكا بۆ زانستەكان بڵاوكراوەتەوە لەسەر 17 خۆبەخش كراوە كە برینداریان لە مێشكیاندا هەبووە و تێیدا ئاماژە بەوە دراوە كە هەموو ناوچە پێكاوەكانی كە تۆڕی دەماریی مێشك دەگرێتەوە لە كاتی بڕیارە ئاكارییەكاندا چالااك دەبێتەوە.
لەمبارەیەوە(مایكڵ فۆكس)سەرپەرشتیاری توێژینەوەكە دەڵێت» لە تاقیگەكەماندا پەرەدراوە بە تەكنیكێك بۆ تێگەیشتن لە نیشانە دەروونیی و دەمارییەكان بە پشتبەستن بە پێكانەكانی مێشك كە بە هۆی تیشك و هێلكاریی بازنەكانی كۆنترۆڵ لە مێشكدا ئاشكرا دەبێت»
توێژەرەوەكان ئەنجامی توێژینەوەكەیان بە پشتبەستن بەوە بونیاد ناوە كە پێكانی مێشك بە تەنها كارناكاتە لەسەر ناوچە بریندارەكە یان پێكاوەكە بەڵكو درێژ دەبێتەوە بۆ ناوچەی تریش.
تیمە توێژەرەوەكە لە كاتی پرۆسەی شیكردنەوەكەدا تێبینی ئەوەیانكردوە كە هەموو ناوچە پێكراوەكانی مێشك پەیوەندییان هەیە بەو ناوچانەی كە بەشدارن لە بڕیاردانە ئاكارییەكان و گریمانەی كارەكان كە لە مێشكدا ڕوودەدەن لە كاتی ئاگاییدا، بەڵام ئەم پێكانانە پەیوەندی نەبووە بەو ناوچانەی كە كار دەكەنە سەر سۆزداریی.
لەسەر هەمان بابەت توێژەرەوان ئاماژە بەوەدەدەن كە پێویستە خاسیەتە بۆماوەییەكان و ژینگە و فاكتەرە كۆمەڵایەتیەكان و سیفاتە كەسێتییەكان لەبەرچاو بگیرێت بۆ هەڵسەنگاندنی ڕەفتاری تاوانكاریی.
لەلایەكی ترەوە گیرهارد (رۆت توێژەر) لە زانكۆی بریمەن لە ئەڵمانیا لەو بڕوایەدایە هەرچەندە ناتوانرێت كاریگەریی پێكان و برینی مێشك لە سەر ڕەفتاری مرۆڤ لەبەرچاو نەگیرێت، بەڵام مەرج نییە هەموو ڕەفتارێكی تاوانكاری ببەسترێتەوە بە برین و پێكانەكانی مێشكەوە، ئەو پێی وایە باشترە وردتر لەسەر ئەو بابەتە توێژینەوە بكرێت و دۆخی مێشكی تاوانباران لە كاتی تاوانەكاندا لەبەرچاو بگیرێت بە تایبەتیش لە كاتی دەركردنی بڕیاری سزادانەكاندا.

خاك-كوردستانی نوێ




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved