25/1/2018 01:26 PM

هەستیاری پێستی منداڵی ساوا.. هۆكارو چارەسەرەكانی

هەستیاری پێست لە منداڵدا، بریتییە لە سوربوونەوەو قلیشبوون و توێكڵ فڕێدانی پێست، بەتایبەت لە بەشی خوارەوەی (سمتی) منداڵ دروستدەبێت و توشی بێزاری و ماندووبونێكی زۆری دەكات.

لە لێدوانێكیدا موشیر ئیبراهیم عبدللـە پزیشكی چارەسەری نەخۆشییەكانی پێست باس لە حاڵەتەكانی سوربوونەوەی پێست لە منداڵی ساوادا دەكات بەتایبەت لەكاتی هەڵگرتنی دایبداو هۆكارەكانی ئەو حاڵەتەش دەخاتەڕوو و ڕایدەگەیەنێت: چەند هۆكارێك هەیە وا دەكات سوربونەوەی پێست لە منداڵدا ڕووبدات بەتایبەت لەو ناوچانەی شوێنی دایبی هەڵگرتنن لەوانەش وەك:

1- بوونی ئەو پێكهاتانەی لە دروستكردنی دایبیدا هەیە كاریگەری لەسەر سمتی منداڵەكە دەبێت و تووشی سورهەڵگەڕانی دەكات.

2- توشبوونی منداڵ بە نەخۆشی ئێكزیمای دەینی كە هەندێكجار منداڵ تووشی دەبێت بەتایبەت لە تەمەنی یەك ساڵیدا.

3- درەنگ گۆڕینی دایبی كە بۆ ماوەیەكی زۆر بە سمتی ئەو منداڵەوە دەمێنێتەوەو دایكەكە نایگۆڕێت، ئەمەش وادەكات كاریگەری ڕاستەوخۆ بكاتەسەر پێستی منداڵ بەتایبەت لەكاتی خۆپیسكردنی منداڵەكەدا.

4- بەكارنەهێنانی هەندێك كرێم لەلایەن دایكانەوە كە پێویستە ئەو كرێمانە بەكاربهێنرێن تا وەك توێژاڵێك لەسەرووی پێستەوە ڕێگری بكات لە زیانەكانی میزوپیسایی كە ماددەی ئامۆنیاو یوریایان تێدایە هۆكارن بۆ ئەم حاڵەتە.

ئەو پزیشكە پسپۆڕە وتیشی: حاڵەتی سوربوونەوەی پێست سەرەتا وەك هەستیارییەكی ئاساییەو دواتر دەبێتە هەوكردن ئەم هەوكردنەش لەوانەیە بەكتریایی بێت یان ڤایرۆسی بێت، بەڵام بەزۆری كەڕووییە ئەو كەڕوویەش لە ناوچەی بەشی دایبیەكە دروستدەبێت كە پێیدەڵین (كان دیدە).

بۆیە بۆ چارەسەركردن هەندێكجار پزیشكان بەهەڵە كرێمی چارەسەر دادەنێن لەكاتێكدا ئەو بەشە ناوچەیەكی داخراوەو پێدەچێت پێستەكەی تووشی تەنكبوونەوە بووبێت چونكە ئەگەر هەستیاری بێت ئەوا چارەسەرەكان جیاوازن وەك لە چارەسەرەكانی بوونی كەڕوو، بۆیە بۆ پاراستنی منداڵەكە پێویستە ئەم ڕێگا چارەسەرییانە بگیرێتەبەر:

1- پێویستە شوێنی دامێنی منداڵ بەوشكی بهێڵرێتەوە.

2- چارەسەری نەخۆشییەكان بكرێت هەستیاری بێت یان هەوكردن یان كەڕوو لەگەڵ ئەوەش جۆرێك لە كرێم بەكاربهێنرێت.

3- گۆڕینی دایبی منداڵ تا سەلامەت بێت لەو حاڵەتی سوربونەوانەی دروستدەبن، ئەو دایبیانە بەكاربهێنرێت كە بۆن و مادەی ئەلكهولیان زۆرتێدا نییە یان بۆ ماوەیەك بێ‌ دایبی ئاگاداری منداڵەكە بكرێت.

4- سەردانی پزیشكی پسپۆڕی منداڵان بكرێت، بۆیە هەندێكجار لەناودەمی كەڕوو قەدماغی سپی هەبێت پێویستە منداڵ ببینرێت و بێ‌ بینینی منداڵ چارەسەر زیان بە تەندروستی منداڵ دەگەیەنێت.

5- شۆردنی بەشی خوارەوەی منداڵ بە ئاو و سابوون بەتایبەت ئەو سابونانەی تەندروستن و پزیشك ڕێگەی پێدەدات بۆ بەكارهێنان و ماددەی كیمیاییان تێدا نەبێت تاوەكو نەبێتە هۆی زیانگەیاندن بە پێستی منداڵ.

6- پاش شۆردنی پێویستە ڕاستەوخۆ سمتی منداڵ وشكبكرێتەوە.

7- بەكارهێنانی سۆدیۆ كرێم و كرێمەكانی دیكە بۆ پارێزگاری لە سوربوونەوەی پێستی منداڵ بە بەكارهێنانیشی چینێكی تەنك لەسەر پێست دروستدەكات لەكاتی میزوپیسایی ئەو چینە كرێمە نایەڵێت پێستی سورببێتەوە.

خاك - ڕاگەیاندنی تەندروستی سلێمانی




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved