30/1/2018 02:52 PM

ئەگەر ئەم سیفەتانەت هەیە هەرگیز دەوڵەمەند نابیت

یەکێک لە خەونەکانی مرۆڤ ئەوەیە کە رۆژێک لە رۆژان ببێتە خاوەنی سامانێک کە بتوانێت ژیانێکی باشتر و خۆشتری بۆ مەیسەر بکات. بەڵام هەندێک مرۆڤ هەن هەرگیز ناتوانن بگەن بەو رۆژەی دەوڵەمەند ببن یان ببنە خاوەنی سەروەت و سامانێکی وا کە ژیانێکی مسۆگەر و سەقامگیر بۆ خۆی و ماڵ و منداڵەکەی دابین بکات.
ئەم خاڵانەی خوارەوە بەشێکە لە تایبەتمەندی و سیفاتی ئەو مرۆڤانەی زۆر زەحمەتە دەوڵەمەند ببن یان ژیانێکی ئابووریی سەقامگیر دروست بکەن کە کابرایەکی ئەمریکی دەوڵەمەند بە ناوی ستیف سیپۆلد نووسیونی:
یەکەم: گرنگی بە کۆکردنەوە دەدەیت نەک پەیداکردن
ناتوانیت هیچ سەروەتێک پێکبهێنیت ئەگەر نەزانیت پاشەکەوت بکەیت، بەڵام گرنگ پاشەکەوت کردن نییە بەڵکو گرنگ پەیداکردنە. ئەوانەی ئێستا دەوڵەمەندن بەو جۆرە بیریان کردۆتەوە و هەر بەو جۆرەش کاریان کردوە و پارەیان پاشەکەوت کردوە.
نابێت پاشەکەوت لە بیر بکەیت، بەڵام وەک پارەدار و دەوڵەمەندەکان بیر بکەرەوە و کار بکە و زیاتر گرنگی بە پەیداکردن بدە.. لە بری ئەوەی پارەکەش بە مۆڵی لای خۆت گلبدەیتەوە باشترە بیخەیتە ئیشێکی ترەوە و وەبەرهێنانی پێبکەیت.
دووەم: هێشتا دەستت بە وەبەرهێنان نەکردوە
باشترین رێگە بۆ ئەوەی ببیتە خاوەنی پارەی زیاتر و دەوڵەمەند بیت ئەوەیە پارەکانت بخەیتە کاری ترەوە. تا زووتر دەست پێبکەیت باشترە.
خێزانە جێگیرەکان نەک دەوڵەمەندەکان، 20% ی داهاتەکانیان لە وەبەرهێناندا خەرج دەکەنەوە. جا دەبێت دەوڵەمەندەکان چی بکەن؟
سێیەم: باوەڕت بە مووچەیەکی جێگیر هەیە
زۆر کەس باوەڕی بەوە هەیە کە بوونی مووچەیەکی جێگیری بەردەوام باشترە لە کارێکی پڕ داهاتی کاتی. بەڵام ئەزموون ئەوەی نەسەلماندوە. باشترین کارێک ئەوەیە کە مرۆڤەکان زوو بە زوو خۆیان دروست بکەن و دەست بکەن بە کاری بەردەوام، زەرەر و قازانجی ئەو کارەش بۆ خۆیان بێت نەک بچن لە لای کەسانی تر یان دامەزراوەکان کار بکەن.
بۆیە دوو جۆر مرۆڤ هەیە، یەکەمیان بڕوای بە مووچەیەکی جێگیری بەردەوام هەیە کە ئەگەر کەمیش بێت کێشەی نییە، دووەمیشیان ئەوانەن هەمیشە بە دوای باشتر و کاری سەرکەوتووی پڕ داهاتدا رادەکەن.
چوارەم: لە ئاستێکی بەرزتردا خۆت نیشان مەدە
ئەگەر تۆ لەو گروپەیت کە گوشارێکی زۆر لە خۆت و گیرفانت دەکەیت بۆ ئەوەی خۆت وانیشان بدەیت کە ژیانێکی باشترت هەیە لەوەی هەتە، ئەوا هەرگیز دەوڵەمەند نابیت.
دەبێت مرۆڤ بەو جۆرە و لەو ئاستەدا بژی کە داهات و گیرفانی بۆی دیاری دەکەن. تەنانەت ئەگەر مووچەکەت زیادیکرد یان داهاتێکی زۆری چاوەڕوان نەکراوت دەستکەوت خێرا شێواز و ئاستی ژیانت مەگۆڕە.
دەوڵەمەندێکی ئەمریکی هەیە بە ناوی گرانت کاردۆن کە خاوەنی چەند ملیۆن دۆلارێکە. بەڵام ئەو هێشتا سەعاتە کۆنەکەی لە دەستدایە و لە ساڵی 2016 دا هەر ئۆتۆمبیلە کۆنەکەی پێیە کە جۆری تۆیۆتا کامری 2003یە.
پێنجەم: دوای خەونی کەسانی تر مەکەوە
ئەگەر دەتەوێت سەرکەوتوو بیت و لە سەرەتای ژیانتدا سەرەتایەکی باش بۆ خۆت دروست بکەیت باشتر وایە دوای خەون و خەیاڵی خۆت بکەویت نەک هی کەسانی تر، ئەگەر خەونیشت نییە پەلە مەکە. دەوڵەمەندێکی بەریتانی هەیە بە ناوی توماس کورلی ماوەی پێنج ساڵ خەریکی بیرکردنەوە بوو لەوەی چی بکات و چۆن سەروەتێک پێکەوە بنێت!
شەشەم: بە دوای پشووداندا مەگەڕێ
زۆرینەی مرۆڤی ئەم سەردەمە حەزی لە مووچەیەکی کەم و جێگیرە لەگەڵ پشوودان و ئیش نەکردن و ماندوو نەبوون، بەڵام ئەمە خوویەکی سەرەکییە بۆ ئەوەی مرۆڤ هەرگیز دەوڵەمەند نەبێت.
کەسانی دەوڵەمەند یان ئەوانەی ئایندەیەکی گەشیان هەیە بۆ ئەوەی دەوڵەمەند ببن لەو کەسانەن کە هەرگیز ماندوو نابن و هەرگیزیش بە دوای پشوودان و کات بە سەربردندا ناگەڕێن.
دەوڵەمەندەکان زۆرجار ئیرەیی بەو کەسانە دەبەن کە خۆیان بە ژیانەوە سەغڵەت نەکردوە و هەمیشە لە گەڕان و پشوودان، بەڵام لە راستیدا ئەوان گرەوەکە نابەنەوە، چونکە هیچ کاتێک ناتوانن بێخەم پشوو بدەن، هەمیشە لە خەمی ئەوەدان کارەکەیان لە دەست نەدەن.
حەوتەم: ئامانجە داراییەکانت دیاری بکە
پێش ئەوەی هەر پلانێک بۆ پارە و سامانەکەت دابنێیت پێویستە ئامانجێکی دارایی روونت هەبێت بۆ ژیان. دەوڵەمەندەکان هەمیشە بیر لە گەورەکردنی سامانەکەیان دەکەنەوە، بۆیە پێویستیان بە تەرکیز و گرنگیدانی بەردەوام هەیە ئەمەش سەرەڕای ئازایەتی و خۆ ماندووکردن و گەشەپێدانی لایەنی مەعریفی لە کار و بواری خۆیاندا.
باشترین دەوڵەمەندەکان ئامۆژگاریمان دەکەن کە نابینە کەسێکی دەوڵەمەند ئەگەر نەزانین چی دەکەین و نەزانین چیمان دەوێت.
هەشتەم: پاشەکەوت یان خەرجکردن
کەسانی ئاسایی یان ئەوانەی ئومێدێکیان نەماوە بۆ دەوڵەمەندی، کاتێک پارە وەردەگرن خێرا بەشی دەکەن. هەندێکی بۆ ئۆتۆمبیل، هەندێکی بۆ کرێی تەلەفۆن و جلوبەرگ و پێداویستی ماڵ، بەڵام کەسانی زیرەک و دەوڵەمەند، کاتێک پارەیان دەست دەکەوێت بیر لە کۆکردنەوە یان پاشەکەوتکردن دەکەن. لانی کەم 10%ی ئەوەی دەستیان دەکەوێت دەیخەنە لاوە و هەڵیدەگرن و هەر چییەک رووبدات خەرجی ناکەن.
نۆیەم: خۆت باوەڕت وایە کە دەوڵەمەند نابیت
زۆرینەی مرۆڤەکانی ئەم سەردەمە پێیان وایە دەوڵەمەند بوون چانس و بەختە و زیاتریش یاوەری ئەو کەسانەیە کە بەختیان هەیە و ئەوان هەرگیز ناتوانن دەوڵەمەند ببن، بەڵام لە راستیدا ئەوە وانییە.
ئەزموون سەلماندویەتی یەکەم گرفتی بەردەم رێگای گەیشتن بە دەوڵەمەندی یان لانی کەم گەیشتن بە بارێکی دارایی سەقامگیر ئەو جۆرە بیرکردنەوەیەی سەرەوەیە.
کەسانی دەوڵەمەند کە بیر لە شتێکی باش یان داهاتێکی باشتر دەکەنەوە هەرگیز ناڵێن ناتوانین و تەواو و بەسە.

سەرچاوە: نەجاح نێت




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved