5/2/2018 09:08 AM

خوێندنی باڵا: زانكۆكان به‌ره‌و تایبەتمەندێتى زانستی ده‌به‌ین

د.يوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى دووپاتیکردەوە بۆ ئەوەى بتوانین پەرە بە زانکۆکانمان بدەین و وەڵامی پێداویستییەکانی کۆمەڵگە بدەینەوە دەبێت لەمەودوا زانکۆکانى کوردستان بەرەو تایبەتمەندیەتى زانستى ببەین، هەر بۆ ئەوەش بووە وەزارەتەکەمان پشتیوانی کردنەوەی کۆلێژى پزیشکى لە زانکۆى گەرمیان دەکات.

ئەم دووپاتکردنەوەیەى وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى لەمیانى سەردانێکی مەیدانی بۆ زانکۆی گەرمیان و بەڕێوەچوونى کۆبوونەوەیەکى ئەنجومەنى زانکۆکە هات کە لە کامپی نوێی زانکۆ ئەنجامدرا.

لەو چوارچێوەیەداو لە یەکەم وێستگەى سەردانەکەیدا کە د.ئامانج سەعید ڕاوێژکارى وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى هاوڕێیەتى دەکرد، د.یوسف گۆران سەردانی سەرۆکایەتی زانکۆو کۆلێژەکانى زانکۆی گەرمیانی کردو بەش و هوڵ و تاقیگەکانى بەسەرکردەوە، هەروەک لەنزیکەوە لە پێداویستى و کەموکوڕییەکانى کۆڵییەوە، بەتایبەت ئامادەکارییەکان بۆ کردنەوەى کۆلێژى پزیشکى زانکۆى گەرمیان و دەستنیشانکردنى شوێن و پێداویستى و ستافى کۆلێژەکە بەوردى تاووتوێکران.

دواتر بە سەرپەرشتى د.یوسف کۆبونەوەى ئەنجومەنى زانکۆى گەرمیان بەڕێوەچوو، لە کۆبونەوەکەدا وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند لەم سەردانەماندا بۆ زانکۆى گەرمیان لەنزیکەوە ئاگادارى ئەو ئامادەکاریانەى زانکۆکە بووین کە کردویانە بۆ کردنەوەى کۆلێژى پزیشکى، هەروەک تەئکیدیکردەوە کە کردنەوەى ئەو کۆلێژە بۆ سنورەکە دەبێتە دەستکەوتێکى گرنگ و ستراتیژى و بایەخدان بەلایەنى پەرەپێدانی خزمەتگوزاری تەندروستى و پزیشکى لە سنورەکە،  لەهەمانکاتدا خزمەتێکە بە کەسوکارو بنەماڵەى قوربانى و شەهیدانى ئەم سنورە کە لەسەر دەستى ڕژێمى بەعس ئازارو مەینەتى زۆریان چەشتووەو شایەنى هەموو خزمەتێکن، کە ئەوەش وەک خەونێک بووە بۆ وەزارەتەکەمان و تەواوى هەوڵەکانمان بۆ پشتگیرى کردنەوەى ئەم کۆلێژە دەخەینەگەڕ.

لە بەشێکى ترى قسەکانیدا وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى وتى: هەوڵى زۆرمان داوە بۆ بەستنەوەى بەش و کۆلێژەکانی زانکۆکان بە پێداویستیيەکانى کۆمەڵگە، هەرچەندە کردنەوەى کۆلێژى پزیشکى لەزانکۆى گەرمیان کارێکى ئاسان نیە، بەڵام  بەشە پزیشکیەکان لە پێداویستییە سەرەکییەکانی ناوچەی گەرمیانن، هەر لەوتەکەیدا د.یوسف ڕوو لە ئەندامانى ئەنجومەنى زانکۆى گەرمیان ڕایگەیاند: سیاسەتى وەزارەتەکەمان ئەوە بووە زانکۆکان بەپێى ناوچەکانیان تایبەتمەندی زانستيان هەبێت، چونکە لە ئیستادا زانکۆى گشتگیر (شمولى) لە هەموو جیهاندا باوى نەماوە، بەڵکو زۆربەى زۆرى زانکۆکانى جیهان بەرەو تایبەتمەندى و پسپۆڕى چوون، هەرئەوەش هۆکارى سەرکەوتنیان بووە، وتیشى: بۆ زانکۆى گەرمیان تایبەتمەندیەتى هەنگاوی بنەڕەتی و شاڕێی سەرکەوتنە، بۆ ئەوەش دەبێت بزانین لە سنورى گەرمیان چ بەش و پسپۆڕییەک گرنگە بۆ گەشەپێدانی ئابوری ناوچەکە، بۆیە دەبێت زانکۆکە بۆ ئەم پسپۆڕى و تایبەتمەندیەتە زانستيانە خۆى ئاڕاستە بکات.

لەبارەى پێداویستى زانکۆکان بۆ کردنەوەو فراوانکردن یان کەمکردنەوەى بەش و کۆلێژەکان د.یوسف ڕایگەیاند: بۆ فراوانکردنى بەش و کۆلێژەکان یان کردنەوەو داخستنى هەر بەش و کۆلێژێک دەبێت پشت بە بنەماو ڕووپێوی و پێوەری زانستی ببەسترێت، بەشێوەیەک ببێتە هۆى ئەوەى دابەشکردنی توانا مرۆییەکان و کردنەوەی  بەشەکان لەگەڵ پێداویستیەکان بگونجێن، جەختى لەسەر ئەوەش کردەوە کە دەبێت بە شێوەیەکی بەردەوام پەرە بە توانای مامۆستایان بدەین و بۆ گەشەپێدانی زانست و زانکۆکانمان ئامادەیان بکەین، هەروەک دەبێت ئەو ڕاستییەمان لەپێش چاو بێت کە لە ئێستادا نەوەیەک لەڕێگەیە بەرەو زانکۆکان، کە زیرەک و زمان زانن و لەبواری بەکارهێنانی تەکنۆلۆجیا شارەزاو لێهاتوون، بۆ ئەوەش وتى: دەبێت مامۆستاکانمان وا ڕابهێنین بۆ ڕێبەرایەتیکردنی ئەم نەوەیە، کە هەر ئەوەش سیاسەت و ستراتیژى وەزارەتەکەمانە لە ئێستادا، وتیشى: هەرچەندە ئەم سیاسەتەمان بێ ناڕەزایى و بەرەنگارى نەبووە، بەڵام بۆ بەرزکردنەوەى کوالێتى زانکۆو مامۆستاکانمان بەردەوام دەبین.

بۆ بایەخدان و پەرەپێدانی توانای مامۆستاکانى زانکۆى گەرمیان، وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى بڕیاریدا بە کردنەوەى خولى ڕاهێنان و گەشەپێدانى مامۆستاکان بەتایبەت بۆ پەرەپێدانى توانستى زمانى ئینگلیزى لەلایەن کەسانى شارەزاو پسپۆڕو و لێهاتووى بوارەکە.

لە کۆتایى وتەکەیدا وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى پشگیری تەواوى بۆ داواکارى و کارەکانى زانکۆى گەرمیان دووپاتکردەوە، بەشێوەیەک گرنگى بە کوالێتى و بەرزرکرنەوەى تواناکان بدەن.

هەر لە کۆبونەوەکەى ئەنجومەنى زانکۆى گەرمیان، سەرۆکى زانکۆى گەرمیان لە وتەیەکدا سوپاسى وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى و پشتگیرى و هاوکارییەکانى کرد بۆ زانکۆى گەرمیان بەتایبەت لە ئامادەکارییەکانى تایبەت بە کردنەوەى کۆلێژى پزیشکى لە زانکۆى گەرمیان و دەستنیشانکردن و پێداویستیيەکان.

زانکۆى گەرمیان لە (٧) کۆلێژو (٢) بەش کە بریتین لە بەشەکانى یاساو ئەندازیارى پێکهاتووەو ژمارەى مامۆستاکانى (٢٢٥) مامۆستا، هەروەک نزیکەى (٥٠٠٠) هەزار خوێندکارى هەیە.

 
خاك - راگه‌یاندنی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا










زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved