7/2/2018 11:28 AM

لە سعودیە بۆتۆکس بۆ لێوی حوشتر دەکرێت

لە پیشبڕکێی هەڵبژاردنی جوانترین حوشترەکان لە عەرەبستانی سعودیە، چەند حوشترێک لە رکابەرییەکە دووردەخرێنەوەو مافی بەشداریکردنیان لێوەردەگیرێتەوە، ئەوەش بەهۆی بەکار‌هێنانی بۆتۆکس بۆ لێوی حوشترەکان لەلایەن خاوەنەکانیانەوە.

ئەم پیشبڕکێیە ساڵانە بۆ هەڵبژاردنی جوانترین حوشترەکان لە سعودیە ئەنجامدەدرێت، بەڵام دەیان حوشتر دوورخراونەتەوە، چونکە خاوەنەکانیان بۆتۆکسیان بۆ لێوی ئەو حوشترانە کردووەو جوانکارییان بۆ کردوون تا ببنە خاوەنی خەڵاتەکە کە بڕە پارەیەکی خەیاڵییە.

ئەم فێستیڤاڵە ماوەی مانگێک بەردەوامی دەبێت و لە ناوچەیەکی بیاباننشین لەنزیک ریازی پایتەخت بەڕێوەدەچێت کە بەهۆیەوە دەوارو خێمەی گەورە هەڵدەدەن و نمایشی حوشترەکانیان دەکەن، ساڵانە بەشدارانی ئەم فیستیڤاڵە بەرەو زیادبوون دەچن و تێیدا خەڵکانێک رووی تێدەکەن و شیری حوشترەکان دەخۆنەوەو خۆشترین کاتەکانیان بەسەردەبەن.

فەوزان ئال مادی سەرۆکی لیژنەی داوەرانی پێشبڕکێکە دەڵێت، حوشتر سونبولی وڵاتی سعودیەیەو لە رابردوودا لەبەر پێویستی بەخێودەکران و گرنگیان پێدەدرا، بەڵام ئێستا وەک مێژوویەک و کلتووری ناوچەکە پارێزگاری لێدەکرێت.

براوەی خەڵاتەکە بۆ هەڵبژاردنی جوانترین حوشتر بڕی 213 ملیۆن ریاڵی سعودی کە دەکاتە 7.7 ملیۆن دۆلار وەردەگرێت، ئەمەش بڕە پارەیەکی خەیاڵییەو هەربۆیە زۆرێک ساختەیان لە رووخساری حوشترەکاندا کردووەو جوانکارییان لەڕێگەی مادەی بۆتۆکسەوە بۆ کردوون و لەلایەکی تریشەوە پەنایان بۆ گۆڕینی رەنگ و شێوازی جوانکاری حوشترەکان بردووە، ئەمەش وەک پێشێلکاری دەستوورو پەیڕەوی یاساکانی پێشبڕکێکە تەماشا دەکرێت و رێگەیان پێنادرێت. هەر حوشترێک بۆتۆکس یان گۆڕانکاری لە رەنگیدا یان هەر جۆرێکی تر لە فێڵی تێدا بەکارهاتبێت دووردەخرێتەوەو لە پێشبڕکێکە دەردەکرێت.


خاك - كوردستانی نوێ




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved