11/2/2018 03:02 PM

بەرەو دیدگایەكی نوێ لە بواری توێژینەوەی زانستیی لە زانكۆكاندا

 

ژینۆعەبدولڵا

Research Paradigm and Literary Argument "" ناونیشانی زنجیرە سیمینارێكی زانستیی پرۆفیسیۆری یاریدەدەر د. زانیار فایەقە كە رۆژی شەممە 10/02/2018 لە زانكۆی سلێمانی دەستی پێكرد.یەكەم سیمیناری ئەو زنجیرەیە بە ناونیشانی" Research Paradigm" بوو كە هەروەك پ.ی.د.زانیار روونی كردەوە دەكرێت بە "Worldview"- جیهانبینیی و كۆسیستمێكی تێروتەواوی توێژینەوە روونبكرێتەوە. 
لەو سیمینارەدا،كە  لە هۆڵێك لە هۆڵەكانی سەنتەری زمان و كلتور لە نێو تەلاری سەنتەری تەكنۆلۆژیای زانیاریی لە كەمپی زانكۆی سلێمانیی بوو، ژمارەیەك لە مامۆستایانی زانكۆی سلێمانیی خاوەن بڕوانامە وناونیشانی زانستیی جیاواز لە كۆلێجەكانی زانست،كارگێڕیی و ئابووریی و زمان، ژمارەیەك لە دەرچووانی كۆلێجی زمان، خوێندكارانی بەكالۆریۆس و ماستەر و دكتۆرای زمان  و ئەدەب لە بەشەكانی عەرەبیی و كوردیی و ئینگلیزیی ئامادەبوون.
بە بۆچوونی زۆرێك لە ئامادەبووانی سیمینارەكە، بابەتەكەی د.زانیار پێویستییەكی زانستیی هەنووكەیی پڕبایەخ و شێوازێكی نوێ و هاوچەرخی روانین و بیركردنەوەیە لەمەڕ توێژینەوەی زانستیی لە هەر دوو بواری زانستە پەتیی و پراكتیكییەكان و زانستە مرۆڤایەتییەكاندا. لەو روەوە بۆچوونێك هاتە ئارا كە وا پێویست دەكات ئەو بابەتەی سیمینارەكە بە وردەكاریی زیاترەوە لە وانەی " رێبازی توێژینەوەی زانستیی" دا بخوێنرێت و بە شێوازێكی كاریگەر بە خوێندكاران لە هەر سێ قۆناغی بەكالۆریۆس و ماستەرو دكتۆرادا،  بوترێتەوە هاوشێوەی زانكۆ پێَشكەوتووەكانی دەرەوە.
لەو سیمینارە زانستییە بایەخدارەدا، د.زانیار لە رێی نمایشی وێنەیی و بزواوی بابەتەكەیەوە، پێنج زاراوەی گرنگی وابەستە بە پارادایمی توێژینەوەوە روونكردەوە كە بریتیی بوون لە " ئەنتۆلۆژیا-ئیبستمۆلۆژیا-میتۆدۆلۆژیی-میتۆدەكان-ئاكسیۆلۆژیی" و یەك بە دوای یەك لە سەرەتاوە تا كۆتایی توێژەر ئاراستە دەكەن لە هەر توێژینەوەیەكی زانستییدا بێت. لەمەوە  پێویستە توێژەر بەر لە دەستكردن بە توێژینەوە هەموو ئەم زاراوانە وەك پێناسە و چەمك بزانێت.
هەر لەو چوارچێوەیەدا د. زانیار لە راڤەكردنی هەر یەكێك لەو زاراوانەدا ، ئامادەبووانی ئاشنا كرد بە چەندین زاراوەی تری وابەستە و یەكانگیر لەوانە ئۆبجێكتیفیزم- سەبجێكتفیزم پەیوەست بە ئۆنتۆلۆژیا، پۆزەتیفیزم وئینتەرپریتیڤیزم (كۆنسترەكشنیزم) لە باسی ئیبستمۆلۆژیا -كوالیتیتەتیڤ وكوانتیتەتیڤ و دیدەكتیڤ و ئیندەكتیڤ لە باسی میتۆدۆلۆژیا و ئیمپێریكەڵ ئەسێسمنت و ئینتەرپریتەیشن لە باسی میتۆدەكاندا.   
سیمینارەكە دەرفەتێكی گرنگ بوو بۆ بەئاگابوونی ئامادەبووان بەگشتیی و توێژەرانی ماستەر و دكتۆرا و توێژینەوەكانی گۆڕینی نازناوی زانستیی بەتایبەتیی لەو ئاستەنگ و گیروگرفت و قورسیی و ئاڵۆزییەی دێتە سەر رێی توێژەران لە قۆناغە جیاجیاكانی توێژینەوەكانی ئێستا و داهاتوویان لە رووی هەڵبژاردنی بابەت و ناونیشان و دەستنیشانكردنی ئاستەكانی مەعریفە لەو بواری هەڵبژێژدراودا لە سایەی تێگەیشتنێكی باش لەو پێنج زاراوە گرنگە و زاراوەكانی تری پەیوەست پێوەیان. 
بە بڕوای جەمیل عەلیی ، مامۆستای یاریدەدەر لە بەشی ئابووریی، سیمینارەكە و راڤەكردن و روونكردنەوەكانی د.زانیار بۆ ئەو زاراوە و چەمكە فەلسەفیی و مەعریفیی و مەنهەجییانەی دەستەبژێریی باسەكەبوون، هەنگاوێكی پڕ بایەخ و پێویست و نوێ بوون بەرەو دیدگایەكی نوێ بۆ توێژینەوە لە لایەن توێژەرانی زانكۆكانی كوردستانەوە. هاوكات ژمارەیەكی تر لە مامۆستایان و خوێندكارانی ئامادەبوو سەرنجیان راكێشا بەلای ئەو كەلێنە گەورەیەی لە ژێرخانی زانستیی دا بەدیی دەكرێت لە بواری توێژینەوەدا لە زانكۆكانی كوردستان بەراورد بەو "پارادیم"ـەی كە پێویستە وەك كڵێشەیەكی زانستیی تۆكمە چوارچێوەی توێژینەوەكان دەستنیشان بكات.
هەر لەو سیمینارەدا د.زانیار فایەق رەخنەیەكی توندی بونیادیی لە رەفتاری توێژینەوەسازیی لە ئاستە باڵاكانی وەزارەتی خوێندنی باڵا گرت لە رووی پێشێلكردنی بنەماكانی "پارادیم"ی توێژینەوەوە بۆ نموونە سەپاندنی بابەت و ناونیشانی توێژینەوە لە سەرەتاوە بەسەر توێژەراندا بە تایبەت لە زانستە مرۆڤایەتییەكاندا كە زۆر جار ناونیشانی كۆتایی دەكەوێتە قۆناغێكی پێشكەوتووتری توێژینەوەكاندا. 
 
   







زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved