15/2/2018 09:16 AM

شه‌پۆلێكی سه‌رما رووده‌كاته‌ هه‌رێم.. له‌سلێمانی زۆرترین باران باریوه‌

شەپۆلێكی تری بەفرو بارانبارین روو لە هەرێمی كوردستان دەكات و كەشناسێش دەڵێت بەهۆی شەپۆلەكەوە بڕێكی زۆر باران دەبارێت و ماوەی چەند رۆژێك بەردەوام دەبێت و لە هەندیكَ ناوچەش رێژەی بارانبارینەكە بگاتە سنوری 100 ملم.

بەڕێوەبەرایەتی كەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێم لە راگەیەنراوێكیدا كە وێنەیەكی ده‌ست خاك كه‌وتووه‌، رایگەیاندووە: لە ئێوارەی رۆژی هەینییەوە 16ی شوباتی 2018 نزمە پاڵەپەستۆی دەریای سوور كاردەكاتە سەر ناوچەكانی باشوری هەرێم و ئیدارەی گەرمیان و ناوەڕاستی عیراق و بارانبارین بە ڕێژەیەكی بەرچاو لەم ناوچەیەدا دەبارێت و پاشان بارانبارین روو لە ناوچەكانی تری هەرێم دەكات.

كەسناسی هەرێم دەشڵێت: رۆژانی یەكشەممەو دوو شەممە كاریگەری ئەم شەپۆڵە لەسەر هەرێم بەردەوام دەبێت، پێشبینیش دەكرێت رۆژی یەكشەممە زۆرترین رێژەی بارانبارین لە ناوچە شاخاوییەكانی (پارێزگای هەولێرو دهۆك) ببارێت، لە هەندێك ناوچەش دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو و لە ماوەی كاریگەری ئەم شەپۆڵە پێشبینی بەفربارینیش لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەكان دەكرێت، لەگەڵ نزمبوونەوەی پلەكانی گەرماو زیادبوونی خێرایی باو لە هەندێك كات بۆ سەروو 30 كم لە سەعاتێكدا، هەروەها ئەگەری دروستبونی هەورە تریشقەش هەیە.

ئەوەش خراوەتەڕوو: رۆژی دووشەممە 19ی شوباتی 2018 لەكاتەكانی شەودا كاریگەری ئەم شەپۆڵە لەسەر هەرێم لاواز دەبێت و رۆژی سێشەممە 20ی شوبات كۆتایی دێت، لەهەمانكاتدا پێشبینی دەكرێت لە ماوەی هاتنی ئەم شەپۆڵە لە هەندێك ناوچە رێژەی بارانبارین بگاتە سنوری 100 ملم.

هه‌ر به‌پێی راگه‌یه‌نراوێكی كه‌شناسی گشتی هه‌رێمی كوردستان كۆی گشتی بارانبارینی 24 سه‌عاتی رابردوو له‌ سه‌نته‌ری پارێزگاكان به‌مشێوه‌یه‌:

هه‌ولێر 12 ملم له‌ ماوه‌ی 24 سه‌عاتی رابردوو كۆی گشتی 125.8 ملم

سلێمانی 64.6 ملم له‌ ماوه‌ی 24 سه‌عاتی رابردوو كۆی گشتی 274.6 ملم

دهۆك 17.5ملم له‌ ماوه‌ی 24 سه‌عاتی رابردوو كۆی گشتی 155.6 ملم

كه‌ركوك 4.2ملم له‌ ماوه‌ی 24 سه‌عاتی رابردوو كۆی گشتی 56.4ملم

هه‌ڵه‌بجه‌ 5ملم له‌ ماوه‌ی 24 سه‌عاتی رابردوو كۆی گشتی 137.2ملم

به‌پێی راگه‌یه‌نراوه‌كه‌ی كه‌شناسی هه‌رێم سه‌نته‌ری پارێزگای سلێمانی زۆرترین بارانی لێ باریوه‌ له‌ ماوه‌ی 24 سه‌عاتی رابردوودا.


خاك - راگه‌یاندنی كه‌شناسی هه‌رێم





زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved