18/2/2018 03:05 PM

ئە دەبیاتی لە تیف هەڵمەت لە زانكۆی سلێمانی

 
ژینۆ عەبدولڵا
لەچوارچێوەی چالاكییەكانی بەشی زمانی عەرەبی كۆلێژی زمان،زانكۆی سلێمانی،ڕۆژی دووشەممە،ڕێكەوتی 12/2/2018، هەردوو ڕەخنەگر وئەكادیمی،پ.د.زاهیر لەتیف كەریم وپ.د.نیان نەوشیروان فوئاد مەستی سیمنارێكیان بەزمانی عەرەبی پێشكەش بەمامۆستایانی بەشی ناوبراو كرد بەنێوی" التكيف الخاطيء في نصوص لطيف هةلمةت الشعرية (ڕاهاتنە هەڵەییەكان لەدەقە شیعرییەكانی لەتیف هەڵمەت دا ).پێشكەشكاران.
سەرەتا، جەختیان لەسەر پێناسەی ڕاهاتن بەگشتی وڕاهاتنە هەڵەییەكان بەتایبەتی كرد ودواتر دەستنیشانی ئامانج وگرنگی پێناسەكەیان كرد لەڕووی بایۆڵۆژی وئەدەبییەوە.

هەروەها ئاماژەشیان بەوەدا كەناوەڕۆكی سیمنارەكە بریتیە لەپڕۆژەیەكی لێكۆڵینەوەیی بەهەمان ناونیشان كەكارەكە تەواو بووە ولەئایندەیەكی نزیكدا بڵاودەبێتەوە لەگۆڤار وڕۆژنامەكاندا.لەهەمان كاتدا ئاماژەیان بەوەدا كەباسەكە لەبنەڕەتدا بابەتێكی بایۆڵۆژی وسایكۆڵۆژییە وبۆ یەكەم جارە پێدەنێتە بواری ئەدەب بەگشتی ودەقی شیعرییەوە بەتایبەتی.لەپێناسەكەدا ووتیان "ڕاهاتنەكان بەشێوە سروشتی وگشتییەكەی بریتیە لەنزیكایەتی ودراوسێیەتی نێوان یەكەكان بەنموونەی خود وبابەت وخودەكانی تر.یان پەیوەندی خودێتی بەئەزموون وبابەتی تێكڕای خەڵكییەوە كەئەمە هەمیشەی كات وەك خۆیان ولەسەر یەك هێز نامێنێتەوە،بەڵكو بەهۆی توانای خودە بەئەزموونەكانەوە گۆڕانكاری بەسەردا دێت ولەوێشەوە دژایەتی وبەرلێكەوتنەكان سەرهەڵدەدەن.ئەمەش دەرئەنجامی ڕاهاتنە هەڵەییەكان ڕوو دەدات لەكاتێكدا خودە بەئەزموونەكان بەنموونەی لەتیف هەڵمەت قایل نابن بەسستمی ڕاهاتنە سروشتییەكان.بەمەش چەمكی بەردەوامبوونی پڕۆسەی بیركردنەوە ونوێكردنەوەیان بەدەردەكەون كەبەپێی ئەزموونی گریمانەكان قورسایی ئەمەیان گەلێك زیاترە لەڕاهاتنە سروشتی وگشتییەكان.


ئەمانەش ئەوە دەگەیەنن كەڕاهاتنە هەڵەییەكان بریتیە لەخوڵقاندنی یاسای نوێ كەبگونجێت لەگەڵ بەرژەوەندی تێكڕای خەڵكی ولەولاشەوە ڕەتكردنەوەی یاساكانی زەمەنی ڕابردوو".لەئەنجامی ڕاهاتنە هەڵەییەكانیش ووتیان" ئامانجەكان خۆیان لەم خاڵانەی خوارەوەدا دەبینێتەوە:


- دەستنیشانكردنی ڕۆڵی ڕاهاتنەكان بەگشتی وڕاهاتنە هەڵەییەكان بەتایبەتی لەڕووی ڕێژەی داهێنان وناداهێنان بەوپێیەی ڕاهاتنە هەڵەییەكان دەرئەنجامی ڕاهاتنەكان دروست دەبن ولەوێشەوە توانای خودە بەئەزموونەكان بەدەردەكەون.هەر ئەم كردارەشە كەدەبێتە هۆی جیاوازی داهێنانی خودەكان وپۆڵینكردنیان.
- دەستنیشانكردنی كەسێتی خودە بەئەزموونەكان لەبەكارهێنانی ڕاهاتنە هەڵەییەكاندا وەك ئەوەی هەموو خودێك توانای كاركردنی لەسەر ئەم چەمكە نەبێت.وە ئەوەشی توانای هەیە ئەوا جۆری بیركردنەوەكانی لەسەرو مانا بینراو بیستراوەكانەوەیە هاوشێوەی میتافیزیكییەكان كەلەدوای شتە سادەكانەوە شتی تری گرنگ دەبینن كەپەیوەندیان بەهەمووانەوە هەیە وتەنها خودی بەئەزموون ناگرێتەوە.
- دروستكردنی پردی پەیوەندی نێوان خودی بەئەزموون وتێكڕای خەڵكی چونكە پێشتر تێكڕای خەڵكی بەهۆی كەمی ئاستی ڕۆشنبیریانەوە تێگەیشتنیان بۆ ڕاهاتنە هەڵەییەكان وەك پێویست نیە.بەڵام پەیوەندییەكە،ڕەنگە، ئەو بۆشاییە چارەسەر بكات. ولەئەنجامدا هێزەكان لەیەكتری نزیك دەبنەوە.
دواتر هەردوو ئەكادیمی دەستنیشانی پلانی كارەكەیان كردوو وئاماژەیان بەوەدا كەپلانەكە بەم شێوەیەیی خوارەوەیە:
- ڕاهاتنە پێكهاتەییەكان.لەڕوانگەی تێگەیشتنە بایۆڵۆژییەكان ئەم جۆرە لەڕاهاتن لەسەر بنەمای خەسڵەتە جەستەییەكان دروست دەبێت وەك ئەوەی دەنووكی باڵندە گۆشتخۆرەكان هەمیشە دەنووكیان تیژە ئەویش لەپێناو گرتنی نێچیرەكانیان .بەڵام لەڕوانگەی دەقی شیعرییەوە بریتیە لەمامەڵەكردنی شاعیر لەگەڵ دیاردە ودیدە گشتی وتایبەتییەكانی زەمەندا ئەویش لەڕووی بەكارهاتنە زمانەوانی وشێوازی وڕێیازییەوە.هەر لەبەر ئەمەش بوو پێشكەشكاران ئاماژەیان بەچەند یاخیبوونێك دا لەوانە،یاخیبوونی ڕێبازی وشێوازی وزمانەوانی ومیوزیكی ودەربڕینی.واتە، هەر وەك پێشكەشكاران ئاماژەیان پێدا،هاوێنەی خودی شاعیر بەتیژی شتەكان دەبینێت ونایەوێت بەشێك بێت لەسستمە بەكارهاتووەكان كەخەڵكی بەهەڵە ڕاهاتنیان لەسەری كردووە.
- ڕاهاتنە كارنامەییەكان كەبۆ ئەم جۆرە ئاماژە درا بەكارنامەكانی یاكۆپسن وەك كارنامەی هەڵچوونی وشیعری وگەیاندنی وسەرچاوەیی ومیتا زمانی.لێرەدا نموونەیەك هاتەوە كەدەڵێت: كارنامەی سروشت هەر ئەوەنیە كەخۆی نمایش وئارایشت بكات بەڵكو ئەم سروشتە دەچێتە نێو سەرجەم كارنامەكانی یاكۆپسن ەوە وڕۆڵی كەسەكان دەبینن.
- ڕاهاتنە ڕەفتارییەكان.بۆ ئەم جۆرەش دوای ئەوەی چەندین نموونەی بایوڵۆژی پێشكەش كرا دواتر هەردوو ئەكادیمی جەختیان لەسەر ڕەفتارە ئەدەبی وشیعرییەكان كردوو وبۆ ئەم مەبەستەش ئاماژە درا بەمامەڵەكردنی شاعیر لەگەڵ یاساكانی فیكر وسۆسیۆڵۆژیا وەك ئەوەی شاعیر بەپێی ناوەڕۆكی ئەو یاسایانە مامەڵە لەگەڵ دەقەكانیدا بكات.دواتر بەمەشەوە ناوەستێت ولەو یاسایانە یاسای نوێ دەخوڵقێنێت.لەوەی یەكەمیاندا جۆری مامەڵە بریتیە لەڕاهاتنەكان.لەوەی دووهەمیاندا لادانەكان دروست دەبن وكارەكە پێدەنێتە ڕاهاتنە هەڵەییەكانەوە.واتە شاعیر لەوێدا ئەو هەستەی لادروست بووە كەپێشتر بەهەڵە سروشتی خوێندۆتەوە.
لەكۆتایشدا چەندین ئەنجام خرایە ڕوو.سیمنارەكەش لەكەش وهەوایەكی زانستیدا بەڕێوە چوو وەچەندین پرسیاری ڕەخنەیی لەخۆ گرت بەوپێیەی یەكەم جاربوو ئەو جۆرە بابەتە قسەی لەسەر بكرێت وئامادەبووان پێویستی زیاتریان بەڕوونكردنەوە هەبوو.لەسەرجەم جۆرەكانی ڕاهاتنە هەڵەییەكانیشدا پشت بەسترا بەنموونە شیعرییەكانی لەتیف هەڵمەت.






زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved