20/2/2018 03:03 PM

دڵی شكاو ڕه‌نگه‌ هه‌رگیز چاك نه‌بێته‌وه‌

پێشتر زانست بوونی نه‌خۆشییه‌كی درێژخایه‌نی وه‌ك (دڵی شكاو)ی سه‌لماندبوو، به‌م دواییه‌ش توێژه‌ره‌وه‌كان ئه‌وه‌یان سه‌لماندووه‌ حاڵه‌تێك هه‌یه‌ به‌ناوی (دڵی شكاو)ه‌وه‌ كه‌ ئه‌نجامی تووشبوونه‌ به‌حاڵه‌تێكی ده‌روونی و ئه‌گه‌ری چاكبوونه‌وه‌ش له‌وه‌ مه‌حاڵه‌.
كاتێك مرۆڤ كه‌سێكی نزیكی یان خۆشه‌ویستێكی له‌ده‌ستده‌دات هه‌میشه‌ هه‌ست ده‌كات كه‌ دڵی شكاوه‌، زانستیش ئه‌وه‌ی سه‌لماندووه‌ كه‌ ئه‌و دۆخه‌ ده‌روونییه‌ی مرۆڤ دوای له‌ده‌ستدانی كه‌سه‌ نزیكه‌كه‌كانی تووشی ده‌بێت، پشێوه‌ییه‌كی درێژ مه‌ودای كاری دڵه‌.
ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ ده‌رده‌خات كه‌ ده‌سته‌واژه‌ی (دڵی شكاو) ئه‌گه‌ر تا سه‌رده‌مێك گوزارشتێكی شیعریی جوان بوبێت، ئه‌وا ئێستا به‌ حاڵه‌تێكی ده‌روونیی داده‌نرێت كه‌ به‌ (تاكۆتسۆبۆ) ناسراوه‌ و ئه‌و زاراوه‌یه‌ش له‌ وشه‌یه‌كی ژاپۆنییه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌ كه‌ مانا وشه‌ییه‌كه‌ی ئه‌و تۆڕه‌یه‌ بۆ ڕاوكردنی (هه‌شت پێ) به‌كار ده‌هێنرێت، ئه‌مه‌ش بۆ ناونانی ئه‌و حاڵه‌تی نه‌خۆشكه‌وتنه‌ی ماسوولكه‌ی دڵ به‌كار ده‌هێنرێت كه‌ لای ژنان له‌ دوای ته‌مه‌نی بێئومیدییه‌وه‌ ده‌رده‌كه‌وێت‌و لای ئه‌وانه‌ش ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ به‌هۆی خۆشه‌ویستییه‌وه‌ یان ماندووبوونه‌وه‌ تووشیان ده‌بێت.
ئێستاش به‌پێی توێژینه‌وه‌یه‌كی زانایانی زانكۆی (ئه‌بردین)ی سكۆتله‌ندا، قوربانیانی نه‌خۆشیی درێژخایه‌نی(تاكۆتسبۆ) ڕه‌نگه‌ دڵیان هه‌رگیز وه‌ك حاڵی پێشوویانی لێ نه‌یه‌ته‌وه‌، چونكه‌ ده‌ركه‌وتووه‌ (90%) ی ئه‌و نه‌خۆشانه‌ی تووشی ئه‌و حاڵه‌ته‌ بوون ژنانن كه‌ ته‌مه‌نیان له‌ نێوان(58-75) ساڵدایه‌ و ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ ده‌رده‌خات كه‌ ژنان چه‌نده‌ كاریگه‌ر ده‌بن له‌كاتی له‌ده‌ستدانی ئازیز و خۆشه‌ویسته‌كانیاندا.
ئه‌و نه‌خۆشییه‌ش ده‌بێته‌ هۆی ئازاری سنگ‌و هه‌ناسه‌ تووندی و ناڕێكی له‌ كاری سكۆڵه‌ی چه‌پ و ڕوپۆشی دڵدا.
هه‌ر بۆیه‌ ئه‌و توێژه‌ره‌وانه‌ داوا ده‌كه‌ن هه‌ر كه‌سێك تووشی ئه‌و حاڵه‌تی دڵ شكانه‌ ده‌بێت پێویسته‌ سه‌ردانی پسپۆڕی نه‌خۆشییه‌كانی دڵ بكات بۆ ئه‌وه‌ی به‌ زوویی حاڵه‌ته‌كه‌ی ده‌ستنیشان بكرێت و چاره‌سه‌ری پێویست وه‌ربگرێت.

سه‌رچاوه‌: Gadi news



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved