كتێبی " لە ئامانەتی ئاشتیدا بن" یەك لەو كتێبە گرنگانەیە دەربارەی قۆناغەكانی پرسی كورد لە توركیا لەلایەن گەورە نوسەری توركیا "حەسەن جەمال" ەوە نوسراوە و لە ئایندەیەكی نزیكدا لەلایەن "كوردستانی نوێ"وە چاپ دەكرێت. كتێبەكە ساڵی پار بە زنجیرە لە رۆژنامەی كوردستانی نوێ بڵاوكراوەتەوە و رۆژنامەنوس "هێژا دڵشاد" لە توركییەوە وەریگێڕاوەتە سەر زمانی كوردی. لەم كتێبەدا،نوسەر بە وردی باس لە گشت قۆناغەكانی ناساندنی پرسی كورد لە توركیا دەكات و رۆژنامەنوسێك بەدواداچونی وردی بۆ پڕۆسەكانی ئاشتی كردووە، نوسەر چاوپێكەوتنی لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان، سەرۆكی پەكەكە كردووە لە سوریا هاوكاتیش دیداری لەگەڵ بەرپرسانی باڵای توركیا سازكردووە، هەروەها لەكاتە جیاوازەكاندا سەردانی قەندیلی كردووەو دواتریش سەردانی هەرێمی كوردستانی كردووە لەگەڵ لایەن سیاسییەكانی كورد لە باشوور گفتوگۆی لەسەر پرسی كورد كردووە. نوسەر تیشكی خستۆتەسەر قۆناغەكانی مێژووی پرسی كورد و سیاسەتەكانی دەوڵەتی توركیا بەرامبەر بە پرسەكە، هاوكات باسی لە چەند پڕۆسەیەكی ئاشتی لەنێوان پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) و توركیا دەكات كە لەم ساڵانەی دوایدا هاتۆتەكایەوەو ئاماژە بەو چاوپێكەوتنانە دەكات كە لەگەڵ سەركردە و كەسایەتییەكانی كورد ئەنجامی داوەو وەك رۆژنامەنوسێك بەدواداچونی مەیدانی بۆ پڕۆسەی ئاشتی كردووە. حەسەن جەمال بە رۆژنامەنوسێكی نزیك لە كورد دەناسرێت، گرنگی ئەم كتێبەی نوسەر لەوەدایە كە زۆرترین پانتایی بە راوبۆچونەكانی لایەنی كورد (لە باكوور و لە باشوور) داوە، نوسەر لەڕێگەی ئەم كتێبەوە، پەیامی ئاشتییانەی لایەنی كوردی بۆ خوێنەر و رایگشتی توركیا دەگەیەنێت، هەبۆیە لەم كتێبەیدا ئاماژە بەگفتوگۆكانی لەگەڵ كەسایەتییە سیاسییەكانی كورد دەكات كە رۆڵی نێوەندگیرییان لەپڕۆسەكانی ئاشتیدا هەبوە و قسەیان لەسەر چارەسەری پرسی كورد هەبووە، لەوانەش ئاماژە بە گفتوگۆكانی لەگەڵ سەركردایەتی (كەجەكە) لە قەندیل دەكات، كە لە 2009 و 2011 سەردانی مەیدانی بۆ قەندیل سازكردووە، هەروەها باس لە گفتوگۆكانی لەگەڵ بەڕێز مام جەلال دەكات لەو ماوەیەی سەرۆككۆماری عیراق بوە دووجار سەردانی كردووەو راوبۆچونی لەسەر پڕۆسەی ئاشتی لێوەرگرتووە، جگە لەوانەش چاوپێكەوتنی لەگەڵ زۆربەی سەركردە و كەسایەتییە سیاسییەكانی كورد بەگشتی كردووە حەسەن جەمال یەك لەو رۆژنامەنوسانەیە كە سالانێكی زۆرە لەسەر پرسی كورد دەنوسێت و بۆ یەكەمجاریش لەساڵی 1993 لە سوریا دیداری لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان سازكردووە. حەسەن جەمال بە نوسەرێكی نزیك لە كوردەوە دەناسرێت، كە لەماوەی 40 ساڵی ئەزمونی رۆژنامەوانیدا، هەڵوێستی ئەرێنی لەسەر كورد بە گشتی هەبووەو دووجاریش چاوپێكەوتنی لەگەڵ مام جەل كردووە لەو كاتەی سەرۆككۆماری عیراق بووە. خاك
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure