وه‌زیری خوێندنی باڵا‌و توێژینه‌وه‌ی زانستی رایگه‌یاند: سیستمی (بۆلۆنیا پرۆسس) به یه‌كێك له باشترین سیستمه‌كانی خوێندن له‌سه‌ر ئاستی دونیا داده‌نرێت و له زۆربه‌ی وڵاته پێشكه‌وتووه‌كان جیهان جێبه‌جێ ده‌كرێت، بۆیه هاوشێوه‌ی زانكۆكانی (چه‌رموو و زاخۆ) هانی زانكۆكانی تریش ده‌ده‌ین ئه‌و سیستمه جێبه‌جێ بكه‌ین. ئه‌و راگه‌یاندنه‌ی د.یوسف گۆران وه‌زیری خوێندنی باڵا‌و توێژینه‌وه‌ی زانستی، ئه‌مڕۆ 26-2-2018 له‌میانه‌ی سه‌رپه‌رشتیكردنی كۆبونه‌وه‌یه‌كی هات كه تایبه‌تبوو به چۆنیه‌تی به‌ڕێوه‌چوونی سیستمی (بۆلۆنیا پرۆسس) له زانكۆی چه‌رموو و سوود وه‌رگرتنی له زانكۆی راپه‌ڕین. له‌و كۆبونه‌وه‌یه‌دا كه به ئاماده‌بوونی د.ئامانج سه‌عید راوێژكاری وه‌زیری خوێندنی باڵا‌و توێژینه‌وه‌ی زانستی و د.سه‌ڵاح ره‌زا سه‌رۆكی زانكۆی چه‌رموو و د.له‌زگین عه‌بدی سه‌رۆكی زانكۆی چه‌رموو به‌ڕێوه‌چوو، باس له چۆنیه‌تی جێبه‌جێكردنی پرۆسه‌ی (سیستمی بۆلۆنیا) له زانكۆی چه‌رموو كرا، هه‌روه‌ك زانكۆی راپه‌ڕینیش ده‌خوازێت هه‌مان سیستم به‌ڕێوه‌چوو، هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ كار‌و چالاكییه‌كانی سێنته‌ره‌كانی به‌كارخستن و ئاسته‌نگ و به‌ربه‌سته‌كان كرا. له‌و چوارچێوه‌یه‌داو له سه‌ره‌تای كۆبونه‌وه‌كه‌دا، سیمینارێك له‌باره‌ی چۆنیه‌تی جێبه‌جێكردنی سیستمی (بۆلۆنیا پرۆسس) له زانكۆی چه‌رموو كرا، بۆ ئه‌وه‌ش ورده‌كارییه‌كانی جێبه‌جێكردنی پرۆسه‌كه له رێكخستن كۆرسه‌كان، پڕۆگرام، سه‌عاته‌كان كاركردن، تاقیكردنه‌وه، رێكخستنی خوێندكار‌و چه‌ندین ورده‌كاری تر باسكرا، كه له قۆناغی یه‌كه‌مدا به شێوه‌یه‌كی سه‌ركه‌وتوو توانیوانه سیستمه‌كه جێبه‌جێ بكه‌ن. دوابه‌دوای پێشكه‌شكردنی سمیناره‌كه، د.یوسف گۆران وه‌زیری خوێندنی باڵا‌و توێژینه‌وه‌ی زانستی له وته‌یه‌كدا به‌گرنگییه‌وه باسی سیستمی بۆلۆنیا پرۆسیس كرد‌و وتی: به بڕیاری ئه‌نجومه‌نی وه‌زاره‌ت هه‌ریه‌ك له زانكۆكانی (چه‌رموو و زاخۆ) تایبه‌تمه‌ندی كاركردنیان وه‌رگرتووه، بۆیه خۆشحاڵین هه‌نگاوی باشیان ناوه‌و چاوه‌ڕێین به سوود وه‌رگرتن له‌و بڕیاره‌ی وه‌زاره‌ت ریفۆرمی خۆیان بكه‌نه‌وه‌و هه‌نگاوی زیاتر بنێن. هه‌ر له وته‌كانیدا، وه‌زیری خوێندنی باڵا‌و توێژینه‌وه‌ی زانستی وتی: له‌گه‌ڵ ده‌ستبه‌كاربوونمان هه‌وڵماندا سوود له سیستمه پێشكه‌تووه‌كانی جیهان وه‌ربگرین و له زانكۆكانی كوردستان جێبه‌جێیان بكه‌ین، هه‌ربۆیه هه‌ر له سه‌ره‌تاوه كارمانكرد بۆ ئه‌وه‌ی سیستمی بۆلۆنیا پرۆسیس له هه‌ندێك زانكۆ جێبه‌جێی بكه‌ین، به‌خۆشحاڵیه‌وه ئێستا له زانكۆی چه‌رموو چووه‌ته بواری جێبه‌جێ كردنه‌وه‌و ده‌ستكه‌وتی باشیش به‌ده‌ستهاتووه، له‌هه‌مانكاتدا له زانكۆی زاخۆش ئێستا سیستمی بۆلۆنیا پرۆسیس بووه‌ته نه‌خشه‌ڕێگه‌ی كاركردنیان. وتیشی: وه‌ك وه‌زاره‌ت پێمان خۆشه ئه‌زمونی زانكۆی چه‌رموو و زانكۆی زاخۆ وه‌ك ئه‌زمونێك فراوانی بكه‌ین و له زانكۆكانی تریش جێبه‌جێیان بكه‌ین. د.یوسف گۆران ئه‌وه‌شی راگه‌یاند: به پێوه‌ره‌كانی سیستمی بۆلۆنیا پرۆسیس ده‌توانین زۆرێك له كێشه‌كانی زانكۆكانی كوردستان چاره‌سه‌ربكه‌ین و باشتر تێكه‌ڵی ناوه‌نده ئه‌كادیمییه‌كانی جیهان ببن و خوێندكارانیش به ئازادی له‌نێوان زانكۆكان بخوێنن. ئه‌وه‌شی راگه‌یاند: هاوشێوه‌ی ئه‌و دوو زانكۆیه هانی زانكۆكانی تریش ده‌ده‌ین و وه‌ك زانكۆكانی چه‌رموو و زاخۆ هاوكاریان ده‌بن، خۆشحاڵی خۆشی پیشاندا كه زانكۆی راپه‌ڕینیش به‌ره‌و جێبه‌جیكردنی سیستمی بۆلۆنیا پرۆسیس هه‌نگاو ده‌نێت. له كۆتایی كۆبونه‌وه‌كه‌دا، ئاماده‌بووان به خستنه‌ڕووی بۆچوون و راو پێشنیاره‌كانیان كۆبونه‌وه‌كه‌یان زیاتر ده‌وڵه‌مه‌ند كرد. خاك - به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی راگه‌یاندنی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا‌و توێژینه‌وه‌ی زانستی
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure