1/3/2018 03:05 PM

بنكەی ژین هەردوو بەرگی (شەرەفنامە) چاپ دەكات

كتێبـی شەرەفنامە، لە نووسینی شەرەف خان بدلیسی لە چاپێكی نوێدا و لە دوو توێی دوو بەرگدا بە سەرپەرشتی بنكەی ژین لە سلێمانی و لە وەرگێڕانی سەلاحەددین ئاشتی لە ماوەیەكی نزیكدا و لە رێوڕەسمێكی تایبەتدا بڵاو دەكرێتەوە. چاپكردنی تێكڕای شەرەفنامە دەبێتە رووداوێكی رووناكبیریی گەورە.
ئەم چاپە تازەیەی شەرەفنامە هەردوو بەرگەكەیەتی، وەرگێڕانەكەی لە سەر چاپەكەی زێڕنۆڤ و دەستنووسی دەقی سەرەكییەكەیە كە لە كتێبخانەی بۆدلیان پارێزراوە، ئەم چاپە دەوڵەمەند كراوە بە پەراوێزەكانی بەڕێزان مەلا جەمیل رۆژبەیانی و دكتۆر زرار و عەبدولڕەقیب یوسف و خودی وەرگێڕ، جگە لەمە ئەم چاپە تازەیە خۆی لە ٢١ تابلۆی دەستكردی رەنگاوڕەنگی شەرەفخانی بدلیسی دەبینێتەوە، هەروەك لە كۆتاییدا فەرهەنگ و ئیندێكسیشی بۆ كراوە. پێشتر هەژار موكریانی بۆ كوردی و مامۆستایانی تریش بۆ زمانی عەرەبی وەریانگێڕاوە.
وەرگێڕی ئەم چاپە تازەیە لە پێشەكیدا جگە لەوەی باس لە گرنگیی نووسینەوەی مێژوو دەكات لەلایەن مێژوونووسان و پێیوایە كە نووسینەوەی مێژوو بریتییە لە زیندووكردنەوەی رووداوەكانی رابردوو، تێكەڵاوبوونی هەر مێژوونووسێك لەگەڵ سەردەمی ژیانی، شێوەیەك تێگەیشتن و تێڕوانین و زمانی دەربڕینی بۆ بەرهەم دێنێ و دەیكاتە چرایەك بۆ شێوازی رۆچوونی بە ناخی رابردوودا. بەم باسەوە وەرگێڕ دێتە سەر باسی شەرەفخانی بدلیسی كە وەك باوكی مێژووی نەتەوەی كورد دەیناسێنێت، كە لە رۆژگاری خۆیدا گەیشتۆتە شێوەیەك لە وەخۆهاتنەوەی نەتەوەیی و بۆتە پێشەنگی بیری سەردەمی بەر لە پەیدابوونی مۆدێرنیتەو داڕێژەرانی پایەكانی نەتەوەخوازی.
شەرەفنامە خۆی لە دوو بەرگدا دەبینێتەوە، بەجۆرێك هەرچی بەرگی یەكەمە سەبارەت بە مێژووی مەزن و میرانی كوردستانە و ئەوەی دیكەیان سەربوردەی سوڵتانەكانی عوسمانی و پاشایانی ئێران و تورانە، بەڵام وەك وەرگێڕ ئاماژەی پێدەدات وەك رۆژی رووناك روونە كە هەوێنی سەرەكی لە كتێبـی شەرەفخان گێڕانەوەی دیرۆكی دەسەڵاتدارانی كورد و میرنشینەكانی كوردستانە و ئەوەی تر واتە باسی سوڵتانە عوسمانی و پاشاكانی ئێران و توران، وەكو جۆرێك لە پاشكۆی بابەتەكە باسی لێوەكردوون.

خاك




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved