3/3/2018 03:18 PM

یەکەمین دیداری فیلمی کوردی لە ئەڵمانیا سازکرا

یەکەمین دیداری فیلمی کوردی بە دروشمی (سینەما چاوی مرۆڤایەتی و داھێنانە) لە ڕۆژانی 23و24و25ی مانگی فێبروەری 2018 لە شاری ھانۆفەر لە وڵاتی ئەڵمانیا ئەنجامدرا.

ئەم دیدارە وەکو دەستپێک و نۆبەری کارو چالاکییەکانی کۆمەڵەی ھونەرە جوانەکانی⁄ ئەڵمانیا ھاتەبوون، کە تیایدا شەش فیلم نمایشکرا، واتە ڕۆژانە فیلمێکی درێژو فیلمێکی کورت پێشکەش بە بینەران دەکران. شایەنی باسە کۆمەڵێک لە ھونەرمەندو فیلمدۆستان ئامادەی ئەم دیدارە بوون. زۆرێک لەو ھونەرمەندانەی ئامادەی دیدارەکە بوون لە وڵاتە جیاجیاکانی وەکو کەنەدا، بەریتانیا، سویدو بەلجیکاوە ھاتبوون، جگە لەو ھونەرمەندانی ناوخۆی ئەڵمانیا.

ھەروەھا رێكخستن و پردی پەیوەندی ئەم دیدارە لەلایەن ھونەرمەند (کاروان عەلی مەجۆلە)وە ئەنجامدراوەو سەرپەریشتکراوەو بە ماندوبوونی ئەم  ھونەرمەندانە (ڤیان کاکە حەمە، ئاڤان کاکە حەمە، بورھان قەرەداخی، تەرزە عەزیز، لاوەند خالید، خەرمان ھێرانی، جوانە حسن، ھێمن کەریم و چەند کەسانێکی تر دیدارەکە بە سەرکەوتویی ئەنجامدرا.

لە دواھەمین ڕۆژی دیدارەکەدا کۆمەڵەی ھونەرە جوانەکانی سویدو ئەڵمانیا لەپای بەخشش و ماندوبوون، خەڵاتی ڕێزلێنانیان بەخشییە (کەمال دڵشاد) ھونەرمەندی شانۆو درامای کوردی و خاوەن خەڵاتی بابان.

ھاوکاتیش بۆ چلەی ھونەرمەندی جوانەمەرگ (پشتیوان نوری بەدەوی) ھونەرمەندانی ئامادەبووی دیدارەکە مۆمیان بۆ گیانی شادی داگیرساند.

لەماوەی ئەو سێ ڕۆژەی دیدارەکەشدا توانرا ژینگەیەکی ھونەری دەستەبژێرو جوان دروستبکرێت و کۆمەڵێک ھونەرمەندو ھونەردۆست لەیەکتری نزیکببنەوەو بووە ھۆی دروستکردنی دیالۆگ و ڕاگۆڕینەوە، ھەربۆیە لە کۆتایی ڕۆژی دیدارەکەدا ھونەرمەند (دڵشاد ئەحمەد) سەرۆکی لقی گشتی کۆمەڵەی ھونەرە جوانەکانی سوید لە گفتوگۆیەکی کراوەدا ئەزموون و شێوەی کارکردن و جۆری چالاکییەکانی کۆمەڵەی ھونەرە جوانەکانی سویدی باسکرد. ڕێکخەرانی دیدارەکەو ھونەرمەندانی ئامادەبووش گفتوگۆیەکی باش و پۆزەتیڤیان دروستکردو بیروبۆچوون و ڕەخنە و پێشنیارو چۆنییەتی باشترکردنی بەڕێوەچوونی دیدارو کارو چالاکییەکانی ئایندەی کۆمەڵەی ھونەرە جوانەکانی ئەڵمانیاو سویدیان خستەبەر باس و گفتوگۆ.

لە کۆتایشدا ھیواخوازرا ئەمجۆرە دیدارانەو دامەزراندنی لقی ئەڵمانیای کۆمەڵەی ھونەرە جوانەکان، ببێتە ھۆکارێکی ئەکتیڤ بۆ برەودان بە چالاکی و ھونەری و ڕۆشنبیریی لە ئەڵمانیا. لەھەمانکاتیشدا ھاوکارو ڕێگە خۆشکەرێکی نۆێ بێت بۆ ھەموو ئەو گروپ و دەستانەی لەناو ڕەوەندی کوردیدا کاردەکەن.

خاك -  مەنسور جیهانی













زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved