4/3/2018 03:39 PM

لە یادی دامەزراندنی خاك TV

لە یادی دامەزراندنی كەناڵێكی كەلتوری، كۆمەڵایەتی، رۆشنبیری و هونەری، دوور لە پاشكۆ بوون و ئەجێندای سیاسی و حزبی و لەلایەن خاتوو هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد خەونی لەمێژینەی ساڵانی دوای راپەڕین بوو.

خاك، مۆدێلێكی نوێی كاری راگەیاندنی لەكوردستان پەیڕەو كرد، دیارە ساڵی 1997 ساڵی ململانێی سیاسی پارتەكان بوو، ئەگەرچی دۆخی ئابوری و كۆمەڵایەتی لە ئاستێكی خراپدا بوو، بڕیاردانیش بۆ دامەزراندنی كەناڵێكی هاوشێوەی خاك بڕیارێكی بوێرانەو گرنگ بوو، دەرەنجام خاك لە ماوەیەكی كەمدا توانی بینەرێكی زۆری هەبێت و ئێستاش خاك ناوێكی لەبیرنەكراوە لەناو كایەی میدیای كوردیدا.
 لە یادی دامەزراندنی تەلەفزیۆنی خاكدا بەباشمان زانی وتارێكی كورتی خاتوو هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد لە ساڵی 2003 لە نامیلكەیەكی 30 لاپەڕەییدا وەكو خۆی بڵاوبكەینەوە كە هاوڕێی كۆچكردوو لەیلا عەلی ئامادەی كردبوو، كە ئاماژە بۆ دۆخی سیاسی و دروستبوونی خاك دەكات.
لە پێنچ دەقەوە بۆ خاك
وەك ڕەنگ حەزم لە هەموو ڕەنگێكە، ڕۆژێكیان بەقاتێكی زەردەوە، سەیارەشم دەستنەكەوت بەتەكسیەكەی مام ڕەحمان قەشقە چووم بۆ پەرلەمان، زۆرم لاسەیر بوو لەبەردەرگاكەوە بووم بەجێی سەرنج تا ناو هۆڵی پەرلەمان، پێشتریش دایكێك پێی وتبووم مناڵەكەم ئەڵێ گوڵە زەردەكانی كراسەكەم لێكەرەوە، دایكێكی كە پێی وتبوم كچەكەم ڕەنگی سەوز لە هەموو جلێكا بێت لەبەریناكات، بیرم لە كەناڵێكی تەلەفزێۆنی كردەوە ڕەنگەكانمان لابكاتەوە بە ڕەنگی خوا، زۆری تێئەچوو، وازم هێنا، دوای سی و یەكی ئاب ڕەنگەكان تۆختربونەوە، حەزمكرد لە تەلەفزێۆنی یەكێتیا هەفتەی پێنچ دەقەم هەبێت خۆم پێشكەش و ئامادەیكەم و باسی جوانی ڕەنگەكان بكەم بێ بۆ چوونی حیزبی و هەندێ بابەتی تر، كە خۆیان زۆر گرنگن بەڵام بەداخەوە ئێمە ئەو گرنگییەیان پێنادەین، ڕەئی چەند برادەرێكم وەرگرت، زۆرینە لەگەڵ ئامادەكردن بوون بێ پێشكەشكردن.
لە خەباتم پرسی تەلەفزێۆنێك چەندی تێئەچێت، خەبات پارەیەكی گونجاوی پێوتم بۆیە بڕیارمدا.
من كاك زاهیرم، ئەناسی هەردووكیشمان كاك ئاكۆمان ئەناسی، دكتۆر شێركۆش دكتۆر نەوزادی ساڵح ڕەفعەت پێی ناساندم، كاك خەڵات عومەریشم خستە گەڕ، كاك باستیش دوایی تر خوا بۆی ناردین، كات كاتێكی زۆر ناخۆش بوو، كاتی بەجێهێشتنی كوردستان بوو، لەگەڵ شانازی خوشكما بۆ ناو ئەگەڕاین، بەتوڕەییەوە وتم ناوێك بێت پەیوەندی بەم خاكەوە هەبێت، وتی بۆ خاك نەبێت، وتم بۆ نا، ناوی تە لەفزیۆنەكە بوو بەخاك.
مامۆستا ئەنوەر قەرەداغی مۆسیقاكەی بۆ داناین، بەدەنگی خۆی و ئەمەل خان و كاك زاهیر وتراوە. سرودی (وەتەنی من كوردستانە)ش خۆم هەڵمبژارد.
هاوڕێی برام چەند لۆگۆیەكی بەكۆمپیوتەر بۆ ناردین بۆ خاك، كاك زاهیر یەكێكیانی كرد بە بانكگراوندی كۆنسێرتی كامكاران، بەو شێوەیە ئارمی خاك دروستبوو.
وردە وردە گەنجەكان كۆبونەوەو خاكیان بنیادنا، باوەڕم پێئەكەن نایكەن ئارەزووی خوتانە، بەڵام ئەم ڕووداوەی باسیئەكەم ڕاستیە، ماوەیەك پێش ئێستا زۆر بێ پارەبووم وەك هەمیشە، وتم خاك دائەخەم، بەڵام كارمەندەكانی خاك بەیەك دەنگ وتیان دایمەخە پارەمان ناوێت.
وابزانم مافی خۆیانە، ئەگەر بڵێم خاكیەكان نەبوونایە، خاك دەمێك بوو نەمابوو.
هێرۆ برایم ئەحمەد   





زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved