6/3/2018 03:21 PM

ڕوانینی چیخۆف لەبارەی عەشقەوە

 

ئارام سدیق

لە دوو هەفتەی ڕابردوودا هاوڕێی وەرگێڕم جەبار سابیر کتێبیکی نوێی بڵاوکردەوە کە دوازدە چیرۆکی نووسەری ڕووسی ئەنتۆن چیخۆفی لە خۆگرتبوو، ئەم کتێبە یەکێکە لە بڵاوکراوەکانی خانەی ڕۆنان و لە دوتوێی 127 لاپەڕەدا چاپ و بڵاوکراوەتەوە. بڵاوبوونەوەی ئەم کتێبە دەکەمە دەرفەتێک بۆ قسەکردنێک هەم لەسەر ژیانی ئەم نووسەرە و هەم یەکێک لەو چەمکە گرنگانەی کە لەم کتێبەدا بە وردی باسی لێوە کراوە و ئەویش چەمکی "عەشق"ـە.
ئەنتۆن چیخۆف لە ٢٩ کانوونی دووەمی ١٨٧٠ هاتۆتە دنیاوە و لە ١٥ی تەمووزی ١٩٠٤ کۆچی دوایی کردووە. کورتەچیرۆک و شانۆنووسێکی ڕووسی بووە، کە بەیەکێک لە نووسەرە بەناوبانگەکان دادەنرێت لە بواری نووسینی کورتە چیرۆکدا. ئانتۆن چیخۆڤ لە تاگانڕۆگ (Taganrog) لە دایکبووە کە شارێکە لە ڕووسیا. باوکی پاڤیڵ، خاوەنی فرۆشگەی سەوزە و میوە بووە. دایکی یەڤگەنیا، ھەندێکجار چیرۆکی منداڵی خۆی بۆ ئانتۆن چیخۆف گێڕاوەتەوە و لەوێوە یەکەم حەزی چیرۆکبێژی و چیرۆکنووسی لەم نووسەرەدا دەرکەوتووە.
لە ساڵێ ١٨٧٦، باوکی چیخۆڤ مایەپووچ بووە. لەوەو دواتر خیزانی چیخۆڤ زۆر ھەژار کەوتن، چیخۆڤ ئەبوایە پارەی خوێندنەکەی خۆی بدایە، ئەم پارەیەی لە ڕێگەی وانەوتنەوەی تایبەتی و ڕاوکردنی باڵندە و فرۆشتنی لەگەڵ نووسینی کورتە چیرۆک بۆ ڕۆژنامەکان پەیدا دەکرد، ھەرکاتێکیش پارەی زیاتری دەست بکەوتایە بۆ خێزانەکەی دەناردەوە، لە قۆناغی خوێندنی قوتابخانەدا، کۆمەڵێک چیرۆکی زۆری نووسەرە بەناوبانگەکانی خوێندوەتەوە، لەو نووسەرانە میگێل دی سێرڤانتێس و ئارسەر شۆپنھاوەر. لە ساڵێ ١٨٧٦، چیخۆڤ پەیوەندی کردووە بە کۆلیژی پزیشکی لە زانکۆی مۆسکۆ.
لە کاتێکدا کە لەزانکۆی مۆسکۆ بووە، چیخۆڤ کۆمەڵە کورتە چیرۆکێکی زۆری نوسیووە بۆ ئەوەی بتوانێت لەو ڕێگەیەوە پارەی خوێندنەکەی پەیدا بکات و بەشێکیشی بنێرێتەوە بۆ خێزانەکەی. لە ساڵی ١٨٨٦، یەکێک لەھەرە ڕۆژنامە بەناوبانگەکانی ڕووسیا، نیو تایمس (New Times) داوای لێکرد چیرۆک لە ڕۆژنامەکەیاندا بڵاو بکاتەوە. پاشتر بەزووی چیرۆکەکانی ناوبانگیان پەیدا کرد، خەڵاتی "پوشکین"ی وەرگرت بۆ نووسینی کۆمەڵە چیرۆکێک بە ناوی لە زەردەپەڕ.
لە ساڵی ١٨٨٧، چیخۆڤ شانۆییەکی نووسی بەناوی ئیڤانۆڤ(Ivanov) ،چیخۆڤ شانۆییەکەی بە دڵ نەبوو، بەڵام ڕەخنەگرەکان بەدڵیان بوو.
لە ساڵی ١٨٩٠ چیخۆڤ ڕۆشت بۆ دورگەی سەخالین بۆ یەکێک لە گرتووخانەکان. قسەی لەگەڵ زۆرێک لە بەندکراوەکان کردوو بۆی دەرکەوت، کە زۆر بە خراپی و تووندی مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت. بەندکراوەکان زۆر جار لێیان دەدرێت. ھەروەھا لەو گرتووخانەیە منداڵیشی لێبووە. زۆر بەمە تووڕە بوو کتێبێکی دەربارەی دوورگەی سەخالین نووسی و ئەم کتێبە چەند ساڵێک لەمەوبەر کراوەتە کوردی.
لە ساڵی ١٨٩٢، خانویەک و کۆمەڵێک پارجە زەوی کڕی لە نزیک مۆسکۆ بەناوی مێلیخۆڤۆ(Melikhovo). لەکاتێکدا لەوێ دەژیا دەستی یارمەتی بۆ دانیشتووی ئەو نزیکانە درێژ دەکردوو بە کڕینی خواردن و جلوبەرگ بۆیان، ھەروەھا چارەسەرکردن و دەرمان پێدان بە نەخۆشەکان.
ھەر لە مێلیخۆڤۆ شانۆی "نەورەس"ی نووسی، کە ئەمیش کراوەتە کوردی، بە ماوەیەکی کەم دوای ئەمە شانۆی "خاڵە ڤانیا"ی نووسی، دواتر دوو شانۆی گەورەی تری نوسی بە ناوەکانی سێ خوشک و باخی گێلاسەکە، ئەم چوار شانۆیە تا ئەمڕۆکەش شانۆی لەسەر دەکرێت.
بەشی هەرە زۆری بەرهەمەکانی چیخۆف بە شێوەی پەرش و بڵاو و لەلایەن وەرگێڕی جیاوازە کراون بە کوردی، دەشێت ئەمەش پەیوەندی بە گرنگی و بایەخی بەرهەمەکانی ئەم نووسەرەوە هەبێت کە نووسەری هەموو سەردەم و هەموو زەمەن و نەتەوە جیاوازەکانە. نووسەرە داهێنەرەکان، تەنها نووسەری وڵاتێکی دیاریکراو و تەنها جوگرافیایەک نین، بەڵکو نووسەری هەموو سەردەم و جوگرافیا و هەموو جێگەیەکن. چیخۆف لەم کتێبەدا لە سێ چیرۆکی یەکەمدا باس لە عەشق دەکات. عەشقێک جیاواز لەو عەشقە لە زۆر چیرۆکی دیکەدا بەری دەکەوین و لە پیشووتر هەبووە، بەڵکو لەم چیرۆکانەدا پرسیار لەبارەی بوونی عەشق و پرسی عاشقبوونەوە دەخاتەوەڕوو، بە جۆرێک خوێنەر تەنها بەر چیرۆکێکی سادە ناکەوێت، بەڵکو بەر کۆمەڵێک ئایدیای نوێ و پرسیاری نوێ دەکەوێت لەبارەی عەشقەوە کە پێشووتر بەو شێوەیە بەریان نەکەوتووە.
لە جێگەیەکی چیرۆکی "لەبارەی عەشقەوە" پرسیار لەبارەی چۆنێتی دروستبوونی عەشقەوە دەخاتەڕوو و لە دەڵێت: عەشق چۆن دروست دەبێت.؟ بۆچی "پلاگەیا"(یەکێکە لە کاراکتەرەکانی چیرۆکەکە) عاشقی کەسێک نەبوو کە لە ئاستی خەسڵەتە رۆحی و ڕواڵەتییەکانیدا، شیاوی بارودۆخی بێت؟ بەڵکو عاشقی پیاوێکی بۆڵەبۆڵکەری وەک نیکۆنار"(یەکێکی دیکەیە لە کاراکتەرەکانی چیرۆکەکە) بوو؟ لێرە هەرکەسێک ئەو ببینێت بە "بۆڵەبۆڵکەر" بانگی دەکات. لێرەدا پرسی دۆزینەوە و چارەنووس لەگەڵ چەمکی عەشقدا دێنە پێشەوە و ئایا "پلاگەیا" چارەنووسی پەیوەست بوو بە کەسێکی بۆڵەبۆڵکەرەوە، یان ئەوە چ هێزێک بوو لەنێو ئەو هەموو کەسەدا ئەوی کردە نسیب و ئەو تەنها نیکۆناری دۆزییەوە. ئایا چارەنووس چ ڕۆڵێک لە عەشقدا دەبینێت؟ ئەمە ئەو پرسیارەیە کە چیخۆف وەڵامەکەی بۆ خوێنەر بە جێدێڵێت. 
دواتر چیخۆف پرسیارێکی دیکەش دەوروژێنێت ئەویش ئەوەیە کە پرسی بەختەوەری کەسی لە عەشقدا تا چ ڕادەیەک شایەنی بایەخ و گرنگییە؟ بێگومان ئەمەش پرسیارێکی گرنگی دیکەیە بەوەی ئایا عەشق بەختەوەری بۆ کەسەکان چنگ دەخات. دیسان چیخۆف وەڵامی ئەم پرسیارەش بۆ خوێنەر بەجێدێڵێت بە پاساوی ئەوەی کە ئەمە یەکێکە لە پرسە ئاڵۆز و هەستیارەکان و بە هەزاران بۆچوونی جۆراوجۆر لەبارەیانەوە هەیە. ئەوەی گرنگە لەم چیرۆکانەی چیخۆفدا ئەوەیە کە مرۆڤ تەنها حیکایەتی چەند پاڵەوانێک ناخوێنێتەوە، بەڵکو بە چەندین پرسیاری لە چەشنی ئەو پرسیارانەی سەرەوە ئاشنا دەبێت، کە پرسیارگەلێکی هەمیشەیی و هەموو سەردەمێکن و دەشێت لە هەموو جێگەیەک بکرێن و مرۆڤی بەدوای وەڵامەکانیانەوە بێت. 
ئەوەی ماوەتەوە بیڵێم ئەوەیە کە باسکردن لە تەواوی چیرۆکەکان کاری ئەم نووسینە نییە، بەڵکو ئەوەی بۆ من جێگەی بایەخ بوو تیشکخستنە سەر ئەو لایەنەی چیرۆکەکانی چیخۆف بوو کە هەڵگری پرسیار و تێڕامانی قووڵە لەبارەی پرسگەلی جۆراوجۆرەوە، کە ڕۆژانە ئێمە بەرکەوتنمان هەیە لەگەڵیاندا، بۆیە خوێندنەوەی چیرۆکەکانی ئەم نووسەرە دەروازەیەکی نوێیە بۆ بیرکردنەوە لەو چەمکە جۆراو جۆرانەی لە چیرۆکەکانی ئەم نووسەرەدا گەنگەشە کراون و هەر لێرەشەوەیە تێگەیشتنی زیاترمان بۆیان دەبێت. هەر بۆیە وەرگێڕانی ئەم کۆ چیرۆکە شایەنی دەستخۆشییە.





زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved