8/3/2018 10:26 AM

لە ٣٥%ی ژنان توندوتیژیان بەرامبەر ئەنجام دەدرێت

بەرواری ٨ی مارس بەڕۆژی جیهانی ژنان لە جیهاندا ناسێندراوە، سەرەتای دروست بونی ڕۆژێك بۆ ژنان دەگەڕیتەوە بۆ ٨ی مارسی ساڵی ١٨٥٧ کە ژنانی کارگەیەکی جل و بەر‌گ لە شاری نیویۆرکی ئەمریکا خۆپیشاندانێکیان بۆ باشکردنی گوزەرانیان و زیادکردنی موچەو کەمکردنەوەی کاتی کارکردنیان ئەجامدا ، لەوێوە خەباتی ژنان دەستی پێکرد و داواکاری ژنان فراوانتر بوو تا ساڵی ١٩٧٧ لەلایەن نەتەوەیەکگرتوەکانەوە ڕۆژی ٨ی مارس وەك ڕۆژی جیهانی ژنان دیاریکرا.
٨ی مارس وەك ڕۆژی خەباتی ژنان و ڕوبەڕوبونەوەی توندوتیژی و بەدەستهێنانی ماف و ئازادیەکانی ژنان دیاریکراوە، سەڕەڕای خەبات و قوربانی ژنان بۆ بەگژدا چونەوەی توندوتیژی بەڵام بەپێی ئامارەکانی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی زیاتر لە ٣٥% ی ژنانی جیهان توندوتیژیان بەرامبەر ئەنجام دەدرێت.

توندوتیژی:

توندوتیژی هەڵگری پێناسەی جیاوازە خۆی لە چەندین کاری جیاوازدا دەبینێتەوە کە لەلایەن کۆمەڵگاو خێزانەوە بەرامبەر ژنان ئەنجام دەدرێت بەڵام دیارترین پێناسەی توندوتیژی بریتیە لە " هەرکردەوەیەك ببێتە هۆی ئازاردانی جەستیی یاخود دەرونی ژنان دەچێتە چوارچێوەی توندوتیژیەوە.

جۆرەکانی توندوتیژی :
بە درێژای مێژوو لە کۆمەڵگا جیاوازەکاندا ژنان بە شێوازی جیاجیا ڕوبەڕوی توندوتیژی بونەتەوە لەلایەن خێزان و کۆمەڵگەوە لەوانە ( ئازاردانی جەستەیی، دەستدرێژی سێکسی، بەزۆر بە شودان، هاوسەرگیری پێشوەخت، خەتەنەکردنی کچان، بازرگانیکردن بە کچان و ژنان ، زەوتکردنی ئازادی ، ناچارکردن بە خۆڕوتکردنەوە و ...هتد).
بەپێی ئامارەکانی نوسینگەی نەتەوەیەکگرتوەکان بۆکاروباری مرۆڤایەتی لە جیهاندا ٧٠٠ ملیۆن کچ هاوسەرگیری پێشوەختیان (هاوسەرگیری پێش تەمەنی ١٨ ساڵ)  پێئەنجام دەدرێت ، ٢ سەد ملیۆن کچ و ژن ڕوبەڕوی خەتەنەکردن و ئوتوکردنی مەمکیان دەبنەوە و لە ٣٠% ی ژنان ڕوبەڕوی توندوتیژی دەبنەوە لەلایەن هاوسەرەکانیانەوە ، لە هەندێک لە وڵاتانی جیهان ڕێژەی توندوتیژی دەگاتە لە ٧٠%، لە کۆمەڵگا عەرەبیەکاندا لە ٣٧%ی ژنان تەنها بۆجارێکیش بێت ڕوبەڕی توندوتیژی دەبنەوە.

زیانەکانی توندوتیژی:
توندوتیژی کاریگەری جەستەی و دەرونی لەسەر ژنان بەجێدەهێڵێت لە ڕاپۆرتێکدا ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی لە ساڵی ٢٠١٦دا زیانەکانی توندوتیژی لەسەر جەستەو دەرونی ژنان خستە ڕوو لەوانە

کاریگەریە فیزیکی و دەرونیەکان:
توندوتیژی کاریگەری فیزیکی لەسەر جەستەی ژنان بەجێدەهێڵت کە ڕەنگە ببێتە هۆی شکانی جومگەکانی جەستی یاخود زیان گەیاندن بە ئەندامە جیاواکانی لەش و کاریگەری نەرێنی لەسەر هەڵسوکەتی کۆمەڵایەتی ژنان.

کوشتن و ئازاردان :
بە پێی ئاماری ڕێکخراوەکە لە ٣٨%ی ئەو ژنانەی توندوتیژیان بەرامبەر ئەنجام دەدرێت ڕوبەڕوی کوشتن دەبنەوە لەلایەن هاوسەرەکانیانەوە لە ٤٢% ڕوبەڕوی ئازاردان دەبنەوە.

توشبون بەنەخۆشیە دەرونیەکان:
لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەکراوە ئەو ژنانەی توندوتیژیان بەرامبەر ئەنجام دەدرێت دوو جار ئەگەری توشبونیان بە نەخۆشیە دەرونیەکان لەو ژنانە زیاترە کە دوور لە توندوتیژی ژیان بەسەر دەبەن .

دوو گیانی و لە دایک بونی منداڵ :
ئەو ژنانەی ڕوبەروی توندوتیژی دەبنەوە زیاتر توشی نەزۆکی و لەبارچونی منداڵەکانیان دەبنەوە ، لە هەمنکاتدا ئەو ژنانەی لەکاتی دووگیانیدا توندوتیژیان بەرامبەر ئەنجام دەدرێت منداڵەکانیان توشی کێشەی تەندروستی دەبنەوەو کێشیان لە کێشی منداڵی ئاسای کەمتر دەبیت.

نەخۆشیە سێکسیەکان :
بەشێکی زۆر لەو ژنانەی ڕوبەڕوی توندوتیژی دەبنەوە ئەگەری توشبونیان بە نەخۆشی (کلامیدیا) زیاد دەکات ، یاخود توشی ڤایرۆسی کەمبونەوەی بەرگری لەش دەبن وەك ناوچەکانی ناوەڕاست و خواری قاڕەی ئەفریقیا.

ئەو وڵاتانەی زۆرترین توندوتیژی دژی بە ژنان تێدا ئەنجام دەدرێت
لە ساڵی ٢٠١٧دا ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ڕیزبەندی ئەو وڵاتانەیان بڵاوکردەوە کە زۆرترین توندوتیژیان تێدا ئەنجام دەدرێت ک بریتین لە :

ئەفغانستان
وڵاتی ئەفغانستان ڕیزبەندی یەکەمی لە لیستی ئەو وڵاتانەدا گرتووە کە زۆرترین توندوتیژی دژی ژنان تێدا ئەنجام دەدرێت، زیاتر لە ٢٠%ی ژنان لەو وڵاتە توشی سزا دەبنەوە بە بیانوی لادان لە شەریعەتی ئیسلام ، لە ٢٥%ی کچان لەخوار تەمەنی ١٦ ساڵیەوە هاوسەرگیریان پێئەنجام دەدرێت ، لەو وڵاتەدا مافی خوێندن و کارکردن بۆ ژنان دەستەبەر نیە ، لە ٥٠%ی ژیان لەلایەن هاوسەرەکانیانەوە توندوتیژیان بەرامبەر ئەنجامدەدرێت

کۆڵۆمبیا
لە وڵاتی کۆڵۆمبیا شەس ڕۆژ جارێك ژنێک لەیانە هاوسەرەکەیەوە دەکوژرێت، لەنێوان سێ ژندا یەکێکیان ڕوبەڕوی دەستدرێژی سێکسی دەبیتەوە ، ژنان لە نێوان تەمەنی ١٥-٤٤ ساڵی ڕوبەڕوی توندوتیژی خێزانی دەبنەوە .

عێراق
وڵاتی عێراق بەهۆی ناجێگیری باری ئەمنی و خراپی دۆخی سیاسی یەکێکە لە ڕیزبەندی ئەو وڵاتانەی توندوتیژی دژی ژنان تێدا ئەنجامدەدرێت ، لەو وڵاتەدا هاوسەرگیری پێشوەخت، هاوسەرگیری بەزۆر و بازرگانی کردن بە کچان و ژنان ڕێژەیەکی بەرز تۆماردەکات.

لیبیا
ژنان لە وڵاتی لیبیادا ڕوبەڕوی ئازاردان دەبنەوە لەناو خێزاندا لە ٢٠%ی ژنان و کچان ڕوبەڕوی دەستدرێژی سێکسی دەبنەوە لە ٥% ڕوبەڕوی ناچاربە بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر دەکرێن.

هەروەها وڵاتانی ( مالی، میانمار، سۆمال، باشوری سودان، هەرێمی دارفور، سوریا و یەمەن) لە ڕیزبەندی ئەو وڵاتانەدان کە زۆرترین ڕێژەی توندوتیژیان تێدا ئەنجام دەدرێت .   

خاك- ژیمان عبدالرحمن
س/CNN
Raseef
Reliefweb
 




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved