12/3/2018 11:20 AM

خواردنی شەكر بۆ منداڵ مەترسیدارە

تادێت رۆژانە رێژەی ئەو شەكرو شیرینیەی منداڵان دەیخۆن روو لەزیادبوونەو ئەوەش مەترسی لەسەر تەندروستیان و توشبوونیان بە نەخۆشی و قەڵەوی دروستدەكات.

پسپۆڕان رێنوێنی دەدەن كە دەبێت منداڵان رۆژانە رێژەیەكی دیاریكراو شەكر بخۆن، بۆ ئەوەی بە تەندروستی بمێننەوەو رایدەشيگەیەنن پێویستە دایكان و باوكان زۆر ئاگاداربن لەوەی منداڵەكانیان چی دەخۆن بەمەبەستی پاراستنی سەلامەتی و تەندروستیان لە دوارۆژدا.

لەوبارەیەوە كۆمەڵەی دڵی ئەمریكی، رێنوێنی نوێی بڵاوكردەوە سەبارەت بەو رێژە شەكرەی رۆژانە لەلایەن منداڵان و هەرزەكارانەوە دەخورێت بەمەبەستی كەمكردنەوەی مەترسی توشبوونیان بە نەخۆشی و بەپێی رێنوێنیەكە دەبێت رۆژانە منداڵ شەش كەوچكی بچووك شەكر زیاتر بەكارنەهێنێت.

ئەو كۆمەڵە ئەمریكیيە بڵاویشیكردووەتەوە گیراوەی شەكر كە زیاد دەكرێت بۆ ناو خۆراك و خواردنەوەكان بۆ ئەوەی تامێكی جیاوازی پێببەخشێت، بوونی ئەو گیراوەیە لەناو شیرەمەنی و كێك و خواردنەوە گازییەكان بۆتە هۆی نیگەرانی لایەنە پەیوەندیدارەكان، چونكە خواردنەوە گازیەكان و خواردنەوە وزە بەخشەكان برێكی زۆر شەكریان تێدایەو بۆ نموونە یەك قوتوی كۆلای 350 ملیمەتری واته زیاتر لە 9 كەوچكی بچوك شەكری تێدایە.

كۆمەڵەی دڵی ئەمریكی ئاماژەی بەوەش كردووە لەتەمەنی نێوان 2 بۆ 18 ساڵ دەبێت رۆژانە زیاتر لە 100 گەرمۆكە بەهۆی شەكرەوە بەكارنەهێنن كە دەكاتە شەش كەوچكی بچووك و منداڵانی خوار دوو ساڵ دەبێت شەكر نەخۆن.

ئەو كۆمەڵە ئەمریكیيە ئەوەی خستەڕوو دیاریكردن و كەمكردنەوەی رێژەی شەكری خوراو لەلایەن منداڵانەوە دەبێتە هۆی كەمبوونەوەی مەترسی ئالودەبوون لەسەر خواردنی شەكرەمەنیەكان لە قۆناغەكانی داهاتووی ژیانیان.

د.میریام فۆس لێكۆڵەری سەرەكی ئەو لێكۆڵینەوەیە وتی: ئامانجی رێنمایەكانیان بۆ كارئاسانیكردنە بۆ دایكان و باوكان كە نابێت منداڵ رۆژانە زیاتر لە شەش كەوچكی بچووك شەكر بخوات بەمەبەستی پاراستنی تەندروستیان، چونكە زۆر خواردنی شەكر لە قۆناغە سەرەتاكانی تەمەندا دەبێتە هۆی زیادبوونی مەترسی توشبوون بە نەخۆشی و كێشەی تەندروستی وەك فشاری خوێن و قەڵەوی.

وتیشی: ئەو منداڵانەی رێژەیەكی زۆر شەكر بەكاردەهێنن ئەوا رێژەیەكی كەمتر خۆراكی تەندروست وەك میوەو سەوزەوات دەخۆن كە ئەو خۆراكانەش زۆر گرنگن بۆ تەندروستی و گەشەكردنیان و زیادبەكارهێنانی شەكر توشبوون بە نەخۆشی لای منداڵان زیاد دەكات بەتایبەت ئەو منداڵانەی كێشیان زیادەو زیاتر ئەگەری توشبوونیان بەجۆری دووی نەخۆشی شەكرە زیاترە.

خاك - راگەیاندنی تەندروستی سلێمانی




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved