15/3/2018 02:14 PM

پرۆفیسۆر پاكیزە ڕەفیق حیلمی،فریشتەیەك لەهەڵوێست وزانست

                                           
   پ.د.زاهیر لەتیف كەریم
لەكاتێكدا ولەحەفتاكانی سەدەی ڕابردوو خوێندكاری بەشی عەرەبی بووم لەزانكۆی بەغدا،كۆلێژی ئەدەبیات،مامۆستاكانم، بەنموونەی پرۆفیسۆران عناد غزوان وجلال خیاگ وعلی جواد الگاهر وداود سلوم،بەچاوی ڕێزەوە باسی پرۆفیسۆر پاكیزە ڕەفیق حیلمی یان دەكرد.هۆكارەكەشی بەپلەی یەكەم دەگەڕایەوە بۆ لێهاتوویی ئەم زانا كوردە لەڕووی زانست وئەكادیمیاوە.ئەو كات مامۆستا پاكیزە (1924- 2003)،كەلەدایكبووی شاری سلێمانییە ولەلای ئێمە وكەس وكاری بە"باجیلە"ناسراو بوو،لەكۆڕی زانیاری كوردی بوو.كەمتر دەهات بۆ كۆلێژ.كەدەهاتیش ئەوا ،وەك خودی خۆم،نەمدەتوانی بیبینم ئەویش بەهۆی نەگونجاندنی كاتەوە.زیاتر لەبەشی كوردی دەبینرا.ئەمە وای لێكردم كەبەدوایدا بگەڕێم تا لەنزیكەوە بیناسم یان سوودێكی زانستی وپەروەردەیی لێ ببینم.بەپێی بواری خۆم سەردانیم دەكرد وئەویش دوور لەفیز وخۆبەزلزانین وەڵامی پرسیارەكانمی دەدایەوە.هەر لەوێوە بۆم دەركەوت كەئاستی بیركردنەوە وزانست ودەربڕینەكانی سروشتی نین وتەواو كاریگەری شێوازە ئەمریكی وئینگیزییەكانی پێوە دیار بوو.بۆ ئەو كات تێگەیشتن لەبۆچوونەكانی كارێكی ئاسان نەبوو.دیارە هەر ئەمەش وایكردبوو كەزۆربەی خوێنكارەكان وەك پێویست نەتوانن لەمانا ومەبەستێتی مامۆستا  بگەن.لەچاوپێكەوتن ودانیشتنەكاندا بۆم دەركەوت كەبەڕێزیان لەساڵی 1949بڕوانامەی بەكالۆریۆسیان لە دار المعلمین العالیە بەدەستهێناوە.دواتر بەمەبەستی تەواو كردنی خوێندن ڕووی لەئەمریكا كردووە وبڕوانامەی ماستەری لەزمانەوانیدا لەزانكۆی هارڤەرد لەساڵی 1951 بەدەستهێناوە.بەمەشەوە ناوەستێت ودواتر ڕووی لەبەریتانیا كردووە ولەوێش لەزانكۆی لەندەن بڕوانامەی دبڵۆمی باڵا لەساڵی  1953بەدەست دەهێنێت.لەكۆتایشدا ڕوو لەزانكۆی قاهیرەی میسری دەكات ولەكۆتایی پەنجاكاندا بڕوانامەی دكتۆرا لەپسپۆڕی زمانە سامییەكاندا بەدەست دەهێنێت.لەساڵی 1987 جارێكی تر، لەزانكۆی سەڵاحەدین،یەكترمان بینییەوە.بەڵام ئەمجارەیان هەردووكمان وەك مامۆستا.لەزەمەنی ڕابردوودا هەمیشە پێی دەگووتم كەباشتر وایە لەدەرەوەی ووڵات بەتایبەتی ئەمریكا وبەریتانیا بخوێنیت.زۆری پێ خۆشبوو كەمنیش بڕوانامەی دكتۆراكەم لەیەكێك لەزانكۆكانی بەریتانیا بەدەستهێناوە. هاوڕێیەتیمان ڕۆژ بەڕۆژ بەهێز دەبوو چونكە لەبەشی عەرەبی،كۆلێژی ئەدەبیات، دامەزرابوو.جێگەی مانەوەشی لەفلاتەكانی(شوقە)ڕووناكی بوو كەتەواو بەرامبەر بەفلاتەكەی ئێمە بوو.هەر زوو دۆستایەتی لەگەڵ خێزانم دروست كرد،بەڵكو پێشتر دراوسێیەتی وخزمایەتی لەگەڵ شاڵییەكانی خێزانمدا هەبوو.زۆربەی كات بەتایبەتی دوای دەوامی فەرمی وەك یەك خێزان پێكەوە بووین.لەماڵەكەیدا هەمیشە خەریكی دوو شت بوو ئەوانیش خوێندنەوە وخواردن دروستكردن.لەخواردندا حەزی زۆر بەخواردنە كوردییەكان دەكرد وەك ترخێنە وگەنمە كوتاو وچەنسووتە وكفتە ویاپراخ.لەلێناندا زۆر وەستابوو.ئاڵوگۆڕی خواردن لەنێوانماندا هەبوو .منداڵەكانمی زۆر خۆش دەویست.جارێكیان چەند وێنەیەكمان پێكەوە گرت.كەگەڕابۆوە بۆ ئەمریكا یەكێك لەوێنەكانی گەورە كردبوو لەهۆڵی دانیشتنەكەیدا داینابوو.ئەمەش نیشانەی وەفایی ودڵسۆزی وخۆشەویستی بوو،پێچەوانەی پەیوەندییە ڕووكەشییەكان كەهەمیشە بەرژەوەندی میتریاڵی لەپشتەوەیە.كتێبخانەیەكی بچووك وخنجیلانەی جوانی هەبوو.كەسەردانیم دەكرد وامدەزانی لەجێگەیەكی زانستی تایبەتدام وتەواو زانست وخوێندنەوە باڵی كێشابوو بەسەر جێگەكەدا.لەپێناو وەرگرتنی زانیاری ،جارجارە بەشێك لەخوێندكارەكانی سەردانیان دەكرد.ئەمیش وەك منداڵی خۆی مامەڵەی لەگەڵدا دەكردن وزۆر بەڕێزەوە پێشوازی لێدەكردن.ماڵەكەی ببوو بەزانكۆ.خۆشی حەزی بەو جۆرە پەیوەندییە دەكرد.بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا كاتی تایبەتی بۆ دانابوون وبەبێ ئاگاداری پێش وەخت دەرگای لەكەس نەدەكردەوە.واتە بەبێ دەستنیشانكردنی كاتێكی دیاریكراو پێشوازی لەكەس نەدەكرد.زۆربەی هەرە زۆری سەرچاوەكانی ئینگلیزی وعەرەبی وعیبری وفارسی بوون.لەزانینی ئەم زمانانەدا زۆر شارەزا بوو.لەقسەكردن ونووسینی ئینگلیزی وعەرەبیدا زۆر بەزەحمەت هەستی پێدەكرا كەكەسێكی كورد بێت.لەكۆلێژ خاوەن كەسێتییەكی هەرە بەرزی زانست وكۆمەڵایەتی بوو.لە ووتنەوەی وانەكانیدا،كەهەندێك جار داوای مۆڵەتم دەكرد ومنیش لەگەڵ خوێنكاراندا دادەنیشتم،زۆر بەهێمنی ولەسەرخۆ كاتەكەی بەڕێ دەكرد.بۆ چركەیەك كاتی بەفیڕۆ نەدەدا و داوای سەرچاوەی پێویستی لەخوێنكاران دەكرد ولەهەمان كاتیشدا هۆڵی خوێندنەكەی كردبوو بەگفتوگۆ وئارگیومێنت.هەمووان دەبوو بەشدار بن.گەر هەستی بەلاوازی خوێنكارێك بكردایە ئەوا قایل نەدەبوو داوای خوێندنەوەی زیاتری لێ دەكرد.هەندێك جاریش كۆمێنتی كاریگەری دەدا.دیارە ئەمەش لەپێناو بەرز ڕاگرتنی زانستدا بوو نەك شكاندنی خوێندكار.بۆیە ئامادەبوون لەهۆڵەكانی مامۆستادا كارێكی ئاسان نەبوو چونكە كاتەكانی پڕكردبۆوە بەزانست وبواری نەدەدا بۆشایی تێ بكەوێت.هەندێك جار ولەبۆنەكاندا داوای ڕێپێوان لەمامۆستایان وخوێندكاران دەكرا كەبەرە وشەقام وجێگە حكومییەكان بڕۆن.بەڵام ئەم ڕێگەی نەدەدا ودەیگوت زانكۆ جێگەی زانستە نەك حیزبایەتی.وانەكانی خۆی دەگوتەوە وگوێی لەبەرپرسانی حیزبی وكارگێڕی نەدەگرت.ڕاگری كۆلێژیش كەكەسێكی حیزبی بەرز بوو هیچی پێ نەدەكرا بەرامبەر ئەم ڕەفتارەی مامۆستا.بەپێكەنینەوە دەیگووت" بڕیارەكە مامۆستا ناگرێتەوە"كەئەمە هەڵوێستێكی تایبەتی خۆی بوو بەوپێیەی ڕێزێكی بێ سنووری لەمامۆستا دەگرت ومامۆستاش لەبەرامبەردا ڕێزی لەخۆی وزانستەكەی دەگرت.ڕۆژێكیان چاكم بیر دێت كەزۆر توڕەبوو لەڕاگری كۆلێژ وپێی گووت" ئەمە چیە زانكۆتان كردووە بەبارەگای حیزبی هەر ڕۆژە وڕپێوانێك!".لەهەموو ڕوویەكەوە خاوەن ڕەوشت ونەفسێكی زۆر بەرز بوو .گەر مامۆستایەك یان خوێندكارێكی خوێندنی باڵا داوای ئەوەی بكردایە كەبەئۆتۆمبێلە تایبەتەكانیان بیگوێزنەوە بۆ كۆلێژ وماڵەوە ئەوا قبوڵی نەدەكرد ودەیگوت "من پارەم بۆچیە گەر خزمەتم نەكات".نەك هەر ئەمە بەڵكو بەهۆی سەخاوەتەكەیەوە هەمیشە گیرفان وجانتاكانی كراوە بوو.زۆر یارمەتی كارمەند وخوێنكارە هەژارەكانی دەدا.ژیانی زۆر بچووك كردبۆوە وئەوەندە بایەخی بەماڵی دونیا نەدەدا.بۆیە دوژمنی پارە بوو.گەرچی ڕەفتاری لەوانە ووتنەوەدا وەك مامۆستایەكی ئەوروپی وبابەتیانە ڕەفتاری دەكرد  وزۆریش لەكارەكەیدا توند وجدی بوو بەڵام لەدەرەوەی هۆڵ كەسێكی بەخشندە بوو.زۆربەی كات دەم بەپێكەنین بوو.خاوەن زەردەخەنەیەكی تایبەت بوو.زۆرجار پێم دەگووت "زەردەخەنەكانی بەڕێزتان لەزەردەخەنەكەی مۆنالیزا جوانترە".وەڵامەكەی بەزەردەخەنەیەك دەدامەوە.مامۆستا كەسێكی وورەبەرز بوو.نائومێدی بەڕواڵەتییەوە بوونی نەبوو.بەڵام لەئەنفالەكەدا گریان تەواو كۆنترۆڵی كردبوو.لێرەوە بۆم دەركەوت كە لەناخدا،هاوشێوەی ڕەفیق حیلمی بەگی باوكی، هەمیشە بۆ نەتەوە ونیشتمانەكەی دەگری. دوای ئەنفال بەساڵێك زانكۆی سەڵاحەدینی بەجێ هێشت وگەڕایەوە بەغدا ولەوێشەوە بۆ جارێكی تر بۆ ئەمریكا.بەر لەكۆچەكەی گەڕایەوە سلێمانی وهەواڵی گەڕانەوەی خۆی بۆ گەیاندم.منیش لەماڵی كاك فەوزی برا بچووكی،چەند جارێك خۆم وخێزانم سەردانیمان كرد.هەر لەو كاتەدا كەتەندروستیشی باش نەبوو زۆر حەزی دەكرد بەشدار بێت لەپڕۆسەی خوێندن بەڵام تەمەن ونەخۆشی ڕێگەی نەدا.ئێستاش جار جارە لەگردی سەیوان ولەتەنیشت مامۆستای كوردایەتی ڕەفیق حیلمی بەگ،لەگەڵ خێزانمدا، سەردانی گۆڕەكەی دەكەم ویادەوەرییەكانیش بەخێرایی دێنە بەرچاو.لێرەدا دوژمنایەتیكردنی بۆ پارە جێگەی خۆی گرت وهەڵوێستەكانیشی بەرامبەر خاك ونیشتمان لەبیر وهزرماندا هەمیشە بەزیندوویی دەمێننەوە.






زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved