هه‌ڵه‌بجه یه‌كێكه له شاره دێرین و پڕ رۆشنبیری و خه‌باتی سیاسی گه‌لی كورد. ئه‌م شاره له سه‌ره‌تای دروستبونییه‌وه مه‌ڵبه‌ندی زانست و رۆشنبیری و هونه‌ری كوردی بووه. هه‌ر ئه‌مه‌ش هۆكاری چاوتێبڕینی رژێمه یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كانی عیراق بووه، هه‌ربۆیه چه‌ندینجار وێران كراوه. دوایین جاریش به چه‌كی قه‌ده‌غه‌كراوی كۆمه‌ڵكوژ خاپوركراوه، به‌ڵام ئه‌وه رێگری له گه‌شه‌و خه‌باتی خه‌ڵكی ئه‌و شاره نه‌كردووه‌و به‌رده‌وام بوون له گه‌شه‌و ئاوه‌دانی. ناوی هه‌ڵه‌بجه له چییه‌وه هاتووه؟ هه‌ڵه‌بجه له سه‌ره‌تادا پێیوتراوه (عه‌جه‌ب جێ)، پاشان بووه به (حه‌ڵه‌ب جێ)، دواتر كراوه به (هه‌ڵوژه)، پاشان (هه‌ڵۆ جێ). دواتر (ئالب جێ)، هه‌تا دوای چه‌ندین ساڵ به وتووێژی رووناكبیران و رۆشنبیران و كه‌سایه‌تییه‌كانی شاره‌كه به (هه‌ڵه‌بجه) جێگیركراوه. جوگرافیای هه‌ڵه‌بجه هه‌ڵه‌بجه به دووری 75 كیلۆمه‌تر كه‌وتووه‌ته خوارووی رۆژهه‌ڵاتی سلێمانی و به زنجیره چیاكانی (شنروێ، باڵامبۆ، هه‌ورامان) ده‌وره دراوه‌و خاوه‌نی سروشتێكی ره‌نگین و ئاووهه‌وایه‌كی سازگاره‌و چه‌ندین هاوینه‌هه‌وارو شوێنی گه‌شتیاری له‌خۆگرتووه، ئه‌وه‌ش وایكردووه به‌رده‌وام خه‌ڵكێكی زۆر سه‌ردانی بكه‌ن. هه‌روه‌ها چه‌ندین كانیاو و كارێزی له‌خۆگرتووه. كارێزه‌كان بریتین له: (كارێزی حاجی ناجی، كارێزی عه‌لی به‌گ، كارێزی شه‌كه‌ڕه‌ش، كارێزی مسته‌فا به‌گ، كارێزی باخی تایه‌ربه‌گ). كانیاوه‌كانیش بریتین له: (كانیاوی سۆفی خێر، كانی شێخ، كانی باخی میر، كانی ژارا، كانی جوله‌كان، كانی قوڵكه، كانی عاشقان، كانی نه‌واڵه، كانی كوێره، كانی چه‌وغان، كانی هه‌شته‌ڵوژه، كانی پاشا، كانی باخی شێخ ته‌ها، كانی باخی مه‌لا عه‌بدوڵڵا، كانی مه‌حمودی یاروه‌یس، كانی حه‌مه كابی و چه‌ندینی تر. هه‌روه‌ها گه‌ڕه‌كه كۆنه‌كانی هه‌ڵه‌بجه بریتی بوون له: (كانی قوڵكه، قۆردانه، جوله‌كان، پاشا، سه‌را، پیر محه‌مه‌د) تا دواتر چه‌ند گه‌ڕه‌كێكی تریش دروست كراون. مێژووی هه‌ڵه‌بجه هه‌ڵه‌بجه ناوچه‌یه‌كی وێرانكراو و چۆڵ بووه، به‌ڵام له ساڵی 1650 له‌لایه‌ن بنه‌ماڵه‌ی (حه‌مه چاوه‌ش) شیوه‌كه‌ڵییه‌وه كه خۆیان و كوڕه‌كانیان كه له‌شوێنه‌كانی خۆیانه‌وه هه‌ڵكه‌نرابوون، له هه‌ڵه‌بجه گیرساونه‌ته‌وه. حه‌مه چاوه‌ش سێ كوڕی هه‌بووه به ناوه‌كانی (پیرۆت، سلێمانی، عه‌بدوڵڵا) سلێمانی چوار كوڕی هه‌بووه به ناوه‌كانی (ئه‌مین، محه‌مه‌د، قادر، فه‌ره‌ج) عه‌بدوڵڵا شه‌ش كوڕی هه‌بووه به ناوه‌كانی (حه‌مه ساڵح، عه‌بدولڕه‌حمان، محه‌مه‌د، مه‌حمود، سه‌عید، ئه‌مین) پیرۆت هه‌ر به گه‌نجی كۆچی دوایی كردووه. ئه‌م بنه‌ماڵه‌یه پێیان وتراوه (سیانزه ماڵه) و له ده‌وروبه‌ری مزگه‌وتی ته‌كیه نیشته‌جێ بوون و سه‌رقاڵی كاری كشتوكاڵی بوون وه‌كو باخداری و بێستان و گه‌نم و جۆو دانه‌وێڵه بۆ بژێوی ژیانیان. دوای ئه‌م خێزانه، بیست ماڵه جوله‌كه‌ی تر له شاره‌كه‌دا نیشته‌جێ بوون، پاشان له سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتی (محه‌مه‌د پاشای جاف)دا ژماره‌یه‌ك ماڵه به‌گزاده‌ی جاف هاتوونه‌ته هه‌ڵه‌بجه‌و له جێگایه‌كدا ره‌شماڵ هه‌ڵده‌ده‌ن، دواتر ئه‌و جێگایه بووه‌ته گه‌ڕه‌كی پاشا. دواتر له سه‌رده‌می (مه‌لا عه‌بدوڵڵای خه‌رپانی)دا گه‌ڕه‌كی پیر محه‌مه‌د كه ناوه‌نده‌كه‌ی مزگه‌وتی جامیعایه بۆ جارێكی تر ئاوه‌دان ده‌كرێته‌وه، ئه‌مه‌ش ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی ورده ورده خه‌ڵكی ده‌وروبه‌ر رووی تێبكه‌ن و ناوچه‌كه گه‌وره ببێت. هه‌روه‌ها به‌پێی نامه‌یه‌كی (مسته‌ر ریچ) كه له گه‌شته‌كه‌یدا نووسیویه‌تی، له ساڵی 1820ـه‌وه هه‌ڵه‌بجه وه‌كو شار بووه تا ساڵی 1889. ئه‌مه‌ش مانای ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت كه هه‌موو سیمایه‌كی شاری تێدا بووه. ساڵی 1883 له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تی عوسمانییه‌وه (مه‌حمود پاشا) وه‌كو قائیمقام ده‌ستنیشان ده‌كرێت. دواتر (وه‌سمان پاشا) ده‌كرێته قائیمقام تا ساڵی 1921. پاشان بۆ ماوه‌ی یه‌ك ساڵ (تایه‌ر به‌گی كوڕی وه‌سمان پاشا) به‌ڕه‌سمی له‌لایه‌ن عوسمانییه‌كانه‌وه كراوه‌ته قائیمقام. یه‌كێكی تر له تایبه‌تمه‌ندێتی هه‌ڵه‌بجه ئه‌وه‌یه كه ده‌بێت هه‌موو نه‌خشه‌یه‌كی بنه‌ڕه‌تی هه‌بێت، هه‌ڵه‌بجه‌ش نه‌خشه‌یه‌كی بنه‌ڕه‌تی هه‌یه، هه‌رچه‌نده وه‌ك و پێویست نیه، به‌ڵام نه‌خشه بنه‌ڕه‌تییه‌كه‌ی له چه‌ند گه‌ڕه‌كێك پێكدێت و هه‌موو نه‌خشه‌یه‌كی بنه‌ڕه‌تیش به چه‌ند شه‌قامێكی سه‌ره‌كی پێكه‌وه ده‌به‌سرێت. هه‌روه‌ها هه‌ڵه‌بجه له ئێستادا سێ شه‌قامی سه‌ره‌كی هه‌یه، شه‌قامی گۆران یه‌كێكه له شه‌قامه سه‌ره‌كییه‌كان كه له رۆژئاواوه ده‌ستپێده‌كات به‌ره‌و رۆژهه‌ڵات، یه‌كێكی تر له شه‌قامه سه‌ره‌كییه‌كان شه‌قامی ئه‌حمه‌د موختار جافه كه له باكووره‌وه ده‌ستپێده‌كات به‌ره‌و باشوور. ئه‌مه جگه‌له‌وه‌ی هه‌موو نه‌خشه‌یه‌كیش به شه‌قامێكی بازنه‌ی ده‌وره ده‌درێت، شه‌قامی بازنه‌یی هه‌ڵه‌بجه‌ش بریتییه له شه‌قامی عادیله خانم كه چه‌ندین شه‌قامی تری هه‌یه‌و شاره‌كه‌ی به‌یه‌كه‌وه به‌ستووه‌ته‌وه. له ئێستاشدا شاری هه‌ڵه‌بجه دوو ناوچه‌ی پیشه‌سازی هه‌یه، كه یه‌كێكیان ناوچه‌ی پیشه‌سازی قورسه له ناوچه‌ی ته‌په كوڕێیه رووبه‌ره‌كه‌ی ٥٦ دۆنمه، ناوچه‌ی پیشه‌سازی سوكیش بڕیاره له ئایینده‌یه‌كی نزیكدا كاره‌كانی ته‌واوببێت و هه‌موو پیشه‌وه‌رانی شاره‌كه بگوازرێنه‌وه بۆ ئه‌و ناوچه‌یه. هه‌ڵه‌بجه له‌ڕووی هونه‌ره‌وه هه‌ڵه‌بجه لانكه‌ی هونه‌رمه‌ندان بووه‌و خاوه‌نی مێژوویه‌كی زێڕینه له بواره جیاجیاكانی هونه‌رو ئه‌ده‌بداو ده‌یان ئه‌دیب و شاعیری تێدا هه‌ڵكه‌وتووه، وه‌كو (مه‌وله‌وی، ئه‌حمه‌د موختار جاف، تایه‌ر به‌گ، گۆران، ناتق، سه‌یدی هه‌ورامی، كاردۆخی، ناڵی، شه‌هید فاتیح، بێكه‌س و ده‌یان شاعیری لاوی تازه پێگه‌یشتوو). له بواری شانۆشدا هه‌ر له سه‌ره‌تای رووخانی رژێمی پاشایه‌تییه‌وه شانۆ زۆر له‌بره‌ودا بووه‌و ده‌یان شانۆكارو ئه‌كته‌ر له‌و شاره‌دا بوون، وه‌كو (حه‌مه سه‌عید حاجی محه‌مه‌د، شێخ ته‌ها، جه‌مالی مه‌لا قادر، كه‌مالی عومه‌ر مفردر، شێخ عه‌لی كه‌شكۆڵ و ده‌یانی تر). ئه‌مه جگه‌له‌وه‌ی هه‌ر له‌زۆر كۆنه‌وه شانۆی سه‌رشه‌قام رۆڵی گه‌وره‌ی هه‌بووه له‌و شاره‌دا. هه‌روه‌ها له سه‌ره‌تای ساڵانی حه‌فتاكانه‌وه هه‌ڵه‌بجه خاوه‌نی سینه‌ما بووه به‌ناوی (سینه‌مای هه‌ڵه‌بجه). قاره‌مانێتییه‌كانی هه‌ڵه‌بجه هه‌ڵه‌بجه هه‌میشه سیمبولی خه‌بات و به‌رخۆدانی كورد بووه‌و هه‌میشه له‌لایه‌ن رژێمه یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كانه‌وه چه‌وسێنراوه‌ته‌وه، به‌وهۆیه‌ی سه‌ری بۆ هیچ رژێمێك نه‌وی نه‌كردووه، بۆیه به زه‌برو زه‌نگ وه‌ڵامی خه‌ڵكه‌كه‌ی دراوه‌ته‌وه. هه‌روه‌ك له ساڵی 1963 زه‌عیم سدیق هێزی ناردووه بۆ هه‌ڵه‌بجه‌و له‌لای پردی زه‌ڵم شه‌ڕێكی گه‌وره روویداوه. هه‌روه‌ها له ساڵی 1974 ناپاڵمباران كراوه، دوای وتووێژ‌و دانوستان. له كۆتایی حه‌فتاكانیشدا به‌هۆی به‌گژداچوونه‌وه له‌گه‌ڵ رژێمدا ده‌یان هاووڵاتی ئه‌و شاره ده‌ستگیركراون و حوكم دراون و هه‌ندێكیشیان له‌سێداره دراون. هه‌روه‌ها له ساڵی 1983شدا خۆپیشاندان به‌رامبه‌ر رژێمی به‌عس ئه‌نجامدراوه، له‌و خۆپیشاندانه‌دا رژێم چه‌ندین كه‌سی شه‌هیدو بریندار كردووه‌و هه‌روه‌ها چه‌ند هاووڵاتییه‌كیشی زینده‌به‌چاڵ كردووه. ئه‌مه جگه‌له‌وه‌ی گه‌ڕه‌كه‌كانی كانی عاشقانی به تی ئێن تی و شۆفڵ خاپور كردووه. له ساڵی 1988یشدا به چه‌كی قه‌ده‌غه‌كراوی كیمیایی شاره‌كه بۆردومان كراوه كه بووه هۆی شه‌هیدبوونی پێنج هه‌زار هاووڵاتی و برینداربوونی زیاتر له حه‌وت هه‌زار هاووڵاتی و ئاواره‌بوونی سه‌دان خه‌ڵكی ناوچه‌كه. ئاوه‌دانكردنه‌وه‌و گه‌شه‌كردنی هه‌ڵه‌بجه بۆ یه‌كه‌مجار له ساڵی 1924دا ئینگلیزه‌كان و (پاشان حامید به‌گی جاف) ئۆتۆمبێلیان هێناوه‌ته هه‌ڵه‌بجه. هه‌ر له ساڵی 1924دا له‌لایه‌ن ئینگلیزه‌كان و به یارمه‌تی (خانمی وه‌سمان پاشا) پۆست و ته‌له‌گرافی تێدا دامه‌زراوه. ساڵی 1929 یه‌كه‌م نه‌خۆشخانه‌ی تێدا دروستكراوه كه تائێستاش ماوه. ساڵی 1930 فه‌رمانگه‌ی پۆلیس له گه‌ڕه‌كی سه‌را دروست كراوه. ساڵی 1933 یه‌كه‌مین میوانخانه (هۆتێل) له‌لایه‌ن حه‌مه‌ی هه‌ژه‌وه دروست كراوه. ساڵی 1934 له‌سه‌ر ئه‌ركی وه‌سمان پاشای جاف یه‌كه‌مین قه‌یسه‌ری تێدا دروست كراوه. ساڵی 1940 ماتۆڕی كاره‌بایی هێنراوه‌ته شاره‌كه‌وه‌و كاره‌بای شاره‌كه‌ی به‌رهه‌مهێناوه تاوه‌كو ساڵی 1968. ساڵی 1951 یه‌كه‌مین خوێندنگای تێكه‌ڵاوی كچ و كوڕ كراوه‌ته‌وه. ساڵی 1952 یه‌كه‌مین خوێندنگای كچان كراوه‌ته‌وه. ساڵی 1954 له‌لایه‌ن ئه‌كره‌می حامید به‌گه‌وه هاڕینی توتن دروست كراوه. ساڵی 1956 كتێبخانه‌ی گشتی تێدا كراوه‌ته‌وه. ساڵی 1969 كارگه‌ی پاككردنه‌وه‌ی توتن كراوه‌ته‌وه. پیشه‌وه‌رانی هه‌ڵه‌بجه هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌كان هه‌میشه سه‌رقاڵی كشتوكاڵ و باخداری و مه‌ڕو ماڵات به‌خێوكردن بوون بۆ بژێوی ژیانیان، دواتریش هه‌ندێك كارگه دروستكران و دوای شۆڕشی عه‌بدولكه‌ریم قاسم كارگه‌ی (سۆده‌و سینۆن) له‌لایه‌ن كه‌مال خه‌فافه‌وه دروست كراوه‌و پاشان كارگه‌ی پاككردنه‌وه‌ی لۆكه له‌لایه‌ن حاجی قادر چه‌كه دروستكراوه‌و كارگه‌ی هاڕینی گه‌نم و جۆ له‌لایه‌ن انۆرێك و حامد محه‌مه‌د دروستكراوه، پاشان كارگه‌ی سه‌هۆڵ له‌لایه‌ن حاجی حه‌مه كه‌ریم و حاجی فه‌تحوڵڵا و حاجی غه‌فوره‌وه دروستكراوه. هه‌روه‌ها پیشه‌وه‌رانی شاره‌كه بریتی بوون له: وه‌ستا ته‌های ئاسنگه‌رو كوڕه‌كانی، وه‌ستا عومه‌ر غه‌فوری ئاسنگه‌رو، وه‌ستا قادر‌و كوڕه‌كانی. دارتاشه‌كانیش بریتی بوون له: وه‌ستا ئه‌لی وه‌یس، سۆفی ساڵح و وه‌ستا محه‌مه‌د ره‌شیدو زۆری تریش.. وه‌ستای به‌ناكان بریتی بوون له: وه‌ستا ره‌شید، وه‌ستا ئه‌حمه‌د فاتیح، وه‌ستا تۆفیق یاروه‌یس، وه‌ستا عومه‌ر، وه‌ستا عه‌زیزو زۆری تریش. هه‌ڵه‌بجه چه‌ندین جۆری كشتوكاڵی وه‌كو توتن و په‌موو و برنج و كه‌تان و كونجی و گوڵه‌به‌ڕۆژه‌ی ئه‌نجام داوه‌و ساڵانه به ده‌یان باری گه‌وره‌ی بۆ شاره‌كانی تری كوردستان و خوارووی عیراق ناردووه. هه‌روه‌ها هه‌ندێك بازرگانی گه‌وره له هه‌ڵه‌بجه‌دا هه‌بوون كه له‌پێش ساڵانی حه‌فتاكانه‌وه به‌روبومیان له جوتیاران ده‌كڕییه‌وه‌و پێشه‌كی پاره‌یان پێده‌دان، له‌وانه‌ش: حاجی ره‌حیمی محه‌مه‌دی مه‌حمود. بازرگانی كوتاڵ و قوماش بریتیبوون له: (حاجی حه‌مه‌ئه‌مین مریه‌م، حاجی مه‌لا حسێن، محه‌مه‌د واحید میرزا، حاجی حه‌مه‌ئه‌مین عه‌لی، حاجی فه‌ره‌ج، مسته‌فا مه‌لا تاهیر، مه‌لا زاهیر، عه‌بدولڕه‌حمان هه‌ورامی، حه‌مه‌ساڵح حاجی سه‌عید، نوری حه‌مه‌لاو، حاجی ره‌ئوف هه‌ورامی، حاجی شێخ فه‌ره‌ج، حاجی ره‌شید ئه‌حمه‌د خورشید، عوسمان به‌گ و زۆری تریش...). هه‌روه‌ها دوكان و كۆگای زۆر گه‌وره‌و جوان له هه‌ڵه‌بجه‌دا هه‌بووه وه‌كو (كۆگای حاجی عه‌بدوڵڵا ره‌ئوف، عوسمانی خه‌زان، تۆفیق موختار، تۆفیقی حه‌مه‌ی ئه‌مین، عه‌لی حاجی فه‌ره‌ج، عه‌لی حه‌مه بۆرو زۆر كه‌سی تر...). هه‌ڵه‌بجه له‌ڕووی وه‌رزشییه‌وه هه‌ڵه‌بجه له ساڵانی رابردوودا گرێدراوی نێوان جه‌ماوه‌رو وه‌رزشكاران بووه‌و تاموچێژێكی تایبه‌تی هه‌بووه بۆ هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌كان و به جۆش و خرۆشه‌وه روویان كردووه‌ته یاریگاو هانده‌ری یاریزانان بوون له‌زۆر جۆری یارییه‌كاندا له‌ناو هه‌ڵه‌بجه‌و ته‌نانه‌ت له ده‌ره‌وه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌ش. یارییه فۆلكلۆرییه‌كانه وه‌كو یارییه‌كانی تۆپقارێن و فڕیوه‌و وه‌رزی ناوقه‌د. هه‌روه‌ها یاری گۆڕه‌پان و مه‌یدان هه‌بووه، پێشكه‌وتنی ساڵانه‌ی خوێندنگاكان هه‌بووه. هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌كان تایبه‌تمه‌ندییه‌كیان هه‌یه، ئه‌ویش به‌گوڕوتینێكی زۆره‌وه پێشوازییان له‌هه‌موو جۆره‌كانی وه‌رزش كردووه، هه‌رچه‌نده شوێنی تایبه‌تی كه‌م بووه به‌وپێیه‌ی ئه‌وكات قه‌زا بووه‌و به‌تایبه‌ت ساڵانی په‌نجاكان یاریگای گه‌وره‌ی تێدا نه‌بووه، له یاری تۆپی پێ و له‌شجوانی و به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاسن چه‌ندین كه‌س هه‌بوو، بۆ نموونه له‌ناو بازاڕی هه‌ڵه‌بجه له‌نزیك حه‌مامی حاجی واحید چه‌ند یاریزانێك به‌شداری یاری له‌شجوانیان كردووه. له‌باره‌ی یاریگاكانی تۆپی پێ و باله‌و باسكه هه‌ر له ساڵانی په‌نجاكانه‌وه تیپ دروستبوون، تیپی ئازادی یه‌كێكبووه له‌و تیپه كۆنانه‌ی كه له شاری هه‌ڵه‌بجه‌دا هه‌بووه‌و به‌داخه‌وه ئێستا ژماره‌یه‌كی كه‌م له‌و یاریزانانه له ژیاندا ماون. له دوای ئه‌وه چه‌ندین تیپی تر له هه‌ڵه‌بجه دروستبوون، بۆ نموونه له ساڵانی شه‌سته‌كاندا تیپی هیوا یه‌كێكبووه له تیپه به‌هێزه‌كانی هه‌ڵه‌بجه، دواتر تیپی یه‌كگرتووی پیر محه‌مه‌د و كاوه‌و مهاباد و نه‌ورۆز و هه‌ڵۆ و خه‌بات و چیمه‌ن و لاوان هه‌بوون، ئه‌مانه هه‌موویان له‌ناو هه‌ڵه‌بجه‌دا هه‌بوون و به‌شداریان له خولی ساڵانه‌ی شاره‌كان كردووه. ساڵانه له ده‌وروبه‌ری هه‌ڵه‌بجه وه‌كو خورماڵ و سه‌یدسادق و ئه‌و شوێنانه‌ی نزیكبوون له هه‌ڵه‌بجه، تیپ و یاریزانی پێشكه‌وتوویان هه‌بووه‌و به‌شداری خولی ساڵانه‌یان كردووه. له بواری تۆپی باله یاریگا هه‌بووه‌و له‌ناو خوێندنگاكاندا یاریزانی باش هه‌بوون. له خوێندنگاكانیشدا ساڵانه فێستیڤاڵ هه‌بووه كه زۆربه‌ی جه‌ماوه‌ری هه‌ڵه‌بجه به‌شداریان كردووه‌و پێشبڕكێ له‌نێوان تیپی خوێندنگاكان هه‌بووه، كه له‌هه‌موو خوێندنگاكاندا تیپی كچان هه‌بووه‌و به‌شداریان كردووه‌و رۆڵی گه‌وره‌و كاریگه‌ریان هه‌بووه. هه‌تا ئێستاش هه‌ڵه‌بجه خاوه‌نی تیپی گه‌وره‌ی كچان و به‌شدارییه‌كی كارایان هه‌یه له چالاكی و فێستیڤاڵه‌كاندا. بۆ بواری تۆپی باسكه‌ش به‌هه‌مانشێوه یاریگاو یاریزانی باش له خوێندنگاكاندا هه‌بووه. ئه‌وه‌ی گرنگه ئه‌وه‌یه سوپاسی تایبه‌تی چه‌ند مامۆستایه‌ك بكرێت وه‌كو مامۆستایانی خوالێخۆشبوو قاله ره‌ش و مامۆستا عه‌بدولڕه‌حمان و د.عاسی كه ئه‌مانه رۆڵی كاریگه‌ریان هه‌بووه. له‌لایه‌كی تریشه‌وه ئه‌وانه‌ی كه له هه‌ڵبژارده‌ی سلێمانیدا بوون تایبه‌تمه‌ندییه‌كی زۆریان داوه به هه‌ڵه‌بجه‌و په‌یوه‌ندییه‌كی پته‌و هه‌بووه له‌نێوانیانداو هاوكاری وه‌رزشه‌وانانی هه‌ڵه‌بجه بوون. له ساڵانی په‌نجاكانه‌وه یاریگا هه‌بووه له‌ناو هه‌ڵه‌بجه‌دا، به‌پێی كات ئه‌و یاریگایانه نه‌ماون بوون به گه‌ڕه‌ك و خه‌ڵكی تێدا نیشته‌جێ بووه، تا كاتی كاره‌ساتی كیمیاباران كردنی هه‌ڵه‌بجه یاریگای شاهۆ حه‌مه فه‌ره‌ج دروستكرا كه به یاریگای مه‌ڵبه‌ندی لاوان ناسراوه، كه سه‌ره‌تا ئه‌م یاریگا خۆڵ بووه‌و دوای چه‌ند ساڵێك ئه‌م یاریگایه نوێ كرایه‌وه‌و چه‌ند یاریگایه‌كی تریش دروستكران. هه‌روه‌ها له‌سه‌ر ئه‌ركی خاتوو هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د یاریگایه‌ك له گه‌ڕه‌كی كانی عاشقان دروستكراوه بۆ وه‌رزشكارانی هه‌ڵه‌بجه، هه‌روه‌ها ئاسۆی حاجی محه‌مه‌د له ده‌ره‌وه‌ی هه‌ڵه‌بجه له‌نزیك په‌یمانگای هونه‌ره جوانه‌كان یاریگای دروست ردووه. به كردنه‌وه‌ی ئه‌و یاریگایانه له ئێستادا گڕوتینێكی زیاتر دراوه به وه‌رزش. هه‌رچه‌نده تیپه میلییه‌كانیش كاریگه‌ریان هه‌یه‌و یاریزان پێده‌گه‌یه‌نن. د.فایه‌ق محه‌مه‌د گوڵپی یه‌كه‌م كه‌س بوو بناغه‌ی یانه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌ی دروستكرد، له‌گه‌ڵ مامۆستا له‌تیف و مامۆستا كاوه كه تائێستاش ئه‌وان له‌بواری وه‌رزشدا به‌رده‌وامن به‌وپێیه‌ی له خوێندنگاكان مامۆستان. عه‌شیره‌ته‌كانی هه‌ڵه‌بجه چه‌ندین عه‌شیره‌ت هه‌بوون له هه‌ڵه‌بجه، ئه‌وانیش (عه‌شیره‌تی جاف، هه‌ورامی، نه‌ورۆڵی، كۆكۆیی، شه‌مێرانی، شاكری، هارونی، ئینسافی و گۆران). دواتریش قائیمقامه‌كانی هه‌ڵه‌بجه به‌مشێوه‌یه‌ی خواره‌وه بووه: ساڵی 1922 – 1926 ئه‌حمه‌د موختار جاف ساڵی 1926 – 1932 حه‌مید به‌گی جاف ساڵی 1932 – 1934 موراد ره‌حمه‌توڵڵا ساڵی 1934 – 1936 ناجی هبورمژی ساڵی 1936 – 1937 ئه‌حمه‌د فه‌خری ساڵی 1937 – 1938 سدیق القادری ساڵی 1938 – 1939 حه‌مه سه‌عید قه‌زاز ساڵی 1939 – 1942 سه‌عید عه‌بدولقادر ساڵی 1942 – 1944 شاكر فه‌تاح ساڵی 1944 – 1945 ره‌شید غه‌فور ساڵی 1945 – 1949 حسێن محه‌مه‌د به‌غدادی ساڵی 1949 – 1950 جه‌مال ره‌فعه‌ت ساڵی 1950 – 1951 ئیسماعیل شێخه ساڵی 1951 – 1952 ره‌شید قۆڵچی ساڵی 1952 – 1954 عومه‌ر ئاغا ساڵی 1954 – 1956 خالید نه‌قشبه‌ندی ساڵی 1956 – 1957 ئیسماعیل حه‌ق ساڵی 1957 – 1957 بایز ئاغا ساڵی 1958 – 1959 حه‌مه‌سه‌عید ئیبراهیم بێ كراس ساڵی 1959 – 1961 سوعاد تاڵه‌بانی ساڵی 1961 – 1962 كانبی دزه‌یی ساڵی 1962 – 1965 سه‌عید محه‌مه‌د عه‌ره‌ب ساڵی 1965 – 1966 ره‌شید جه‌عفه‌ر ساڵی 1966 – 1968 (به‌هۆی ئاڵۆزی ناوچه‌كه قائیمقامی نه‌بووه). ساڵی 1968 – 1970 شێخ ئه‌مین شێخ عه‌بدوڵڵا ساڵی 1970 – 1974 جه‌مال نامیق ساڵی 1976 – 1979 ئه‌بو قائد ساڵی 1979 – 1982 عه‌بدولمتحم بادی ساڵی 1982 – 1986 هۆشمه‌ند مسته‌فا ساڵی 1986 – 1987 ته‌ڵعه‌ت هادی ساڵی 1987 – 1988 عه‌بدولفه‌تاح عه‌بدولمه‌جید سه‌رچاوه‌كان: بۆ ئاماده‌كردنی ئه‌م راپۆرته تایبه‌ته له‌باره‌ی شاری هه‌ڵه‌بجه، سایتی خاك لێدوان و زانیاری له‌م به‌ڕێزانه‌ی خواره‌وه وه‌رگرتووه: *محه‌مه‌دی حاجی حه‌مه شه‌ریف – كه‌سایه‌تی ناسراوی هه‌ڵه‌بجه *عه‌لی سه‌عید جه‌واهر ناسراو به عه‌لی مامه سه‌عه – یاریزانی دێرینی هه‌ڵه‌بجه *نه‌به‌ز مه‌حمود كاكه شێخ – رووپێوكار له شاره‌وانی هه‌ڵه‌بجه *حاجی جه‌مالی حه‌مه فه‌ره‌جی كوێخا – كه‌سایه‌تی ناسراوی شاره‌كه خاك ئاماده‌كردنی/ لانه كاشان - ژیمان عبدالرحمان
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure