خه‌بات عه‌بدوڵڵا (1) ساڵانێکی دوورودرێژه، ئێمه ته‌نها له‌میانه‌ی فۆتۆ و ئینشاوه هه‌ڵه‌بجه‌مان پێده‌گات. راستییه‌که‌ی که باسی هه‌ڵه‌بجه ده‌کرێت راسته‌وخۆ وێنه‌ی ئه‌و قوربانیانه‌مان دێنه‌وه به‌رچاو که له هه‌مان کاتدا مێژووی رودانی کۆسته گه‌وره‌که‌یه. هاوته‌ریب له‌گه‌ڵ ئه‌م پیشاندانه به‌رده‌وامه‌ی وێنه‌کانی هه‌ڵه‌بجه، گوتارێکی ئینشاییش ئاماده‌یه که هه‌ڵه‌بجه‌مان ته‌نها له یه‌ک کایه‌دا بۆ کورت ده‌کاته‌وه؛ ئه‌ویش کایه‌ی سیاسه‌ت و واوه‌تریش کایه‌یه‌کی حیزبییه که جگه له گوتاری قوربانیی، چی دیمان پێناڵێت. به‌کارهێنانی ئه‌م مێژووه وێنه‌ییه له‌لایه‌ن گوتاری باوه‌وه، به‌دبه‌کارهێنانێکی یه‌کجار وێرانکه‌ر بووه. قسه‌ی پێناوێت، له‌ده‌ره‌وه‌ی ده‌قی نوسراو و ته‌نانه‌ت کرده‌ی شۆڕشگێڕانه‌شدا، وێنه‌کانی هه‌ڵه‌بجه بوو به ئامڕازی چوونه ناوه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌ک بۆ ناو مێژوو، به‌ڵام به‌کارهێنانی یه‌کبینه‌ی وێنه‌کانی هه‌ڵه‌بجه به‌ته‌نیشت گوتاری سیاسی باوه‌وه به‌مه‌به‌ستی یادهێنانه‌وه و ئنجا پیشاندانی کۆستێکی له‌و جۆره هه‌ر به‌ته‌نها له‌میانه‌ی سیاسه‌ته‌وه، ئیتر وێنه‌کانیشی ورده ورده گۆڕیوه به که‌ره‌سته‌ی بێ گیان. ئاخر وێنه بۆ خۆی که‌ره‌سته‌یه‌کی گرنگی (گه‌یاندن)ه له‌ده‌ره‌وه‌ی زمانی ئاخاوتن، بۆیه کاتێک گوتاری سیاسی ئینشایی ده‌بێته زمانحاڵی ئه‌م وێنانه، وێنه‌کان مێژووی خۆیان له‌ده‌ست ده‌ده‌ن و ده‌بنه خاوه‌نی مێژوویه‌کی نوێ. به‌واتایه‌کی دی؛ ئێمه ئێستا ئیتر خاوه‌نی کۆمه‌ڵێک وێنه و یاده‌وه‌ریین که مه‌رج نیه خاوه‌ن هه‌مان ئه‌و حیکایه‌تانه بن که وێنه‌کان خۆیان له‌ڕاستیدا هه‌ڵگرین. (2) له‌مه‌ڕ هه‌ڵه‌بجه ئێمه تا نها هه‌ر به‌و ده‌قانه ئاشناین که باس له سه‌فه‌ر و سه‌رهه‌ڵگرتنی هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌کان ده‌که‌ن، چیرۆکی راکردن و هه‌وڵی دوا ساته‌کانی خۆڕزگارکردنی ئه‌ندامه په‌ڕاگه‌نده‌کانی ئه‌و خێزانانه‌ی که دۆزه‌خی به‌عسیی ته‌نانه‌ت مافی پێکه‌وه‌مردنیشی لێ زه‌وت کردن. ئێمه تا ئێستا ته‌نها به‌و یاده‌وه‌ریانه ئاشناین که له بریتی به‌رامه‌ی هه‌ناری ساڵح خانی و لاڕه‌شه‌ی ناو باخه‌کانی گوڵان و سازان و عه‌بابه‌یلێ، هه‌موووی بۆنی میوه‌ی گه‌نیویان لێ هه‌ڵده‌ستێت. چاره‌که سه‌ده‌یه‌که و ئێمه له هه‌ڵه‌بجه له‌گه‌ڵ ئه‌و کاراکته‌رانه‌دا ده‌بینه هاوه‌ڵ که پشتیان له دۆزه‌خه‌که‌ی هه‌ڵه‌بجه و (ئاوڕ بۆ پێشه‌وه) ده‌ده‌نه‌وه! عه‌یامێکی دوورودرێژه هه‌ڵه‌بجه هه‌ر ته‌نها له‌میانه‌ی ئه‌و جه‌سته راکشاوانه‌ی کوچه و کۆڵانه‌کانی کانی قوڵکه و پیرمحه‌مه‌د و مۆردانه و کانی عاشقانه‌وه ده‌بینین که هه‌ر ده‌ڵێیت خه‌ڵکه‌که‌ی به چاوی واڵاوه خه‌وتوون. له‌ڕاستیدا قوربانییه‌کانی هه‌ڵه‌بجه له قوربانییه‌کانی تری ده‌ستی فاشیزمی به‌عسیی ناچن، ئه‌مان پێش کوشتنیان چاویان کڵۆم ناکرێن و روخساریان ناشاردرێنه‌وه، ئاخر جه‌للادی به‌عسیی پێش کوشتنی فیزیکی قوربانییه‌کانی، ده‌بوا روخساری قوربانییه‌کانی بسڕێته‌وه. به واتایه‌کی دی؛ ئه‌وه جه‌للادی به‌عسی بوو که نه‌یده‌توانی قوربانییه‌کانی به چاوی کراوه‌وه ببینێت. «جه‌للاد بۆیه ده‌مانکوژێت بۆ ئه‌وه‌ی چی دی روخسارمان نه‌بینێت، چونکه روخسار نیشانه‌ی بوونی ئینسانیانه‌ی ئێمه‌یه له دنیادا (…)، جه‌للاد له‌م پڕۆسه‌ی ته‌ڵاقدانی جیهان و ده‌ستهه‌ڵگرتنه له ئینسانییه‌تی خۆی، پێویستییه‌کی زۆری به‌وه هه‌یه ئه‌وه‌ی ده‌یکوژێت روخساری نه‌بێت و سیمای ئینسانیانه‌ی شێوێنرابێت. چونکه وه‌کو فه‌یله‌سوفی لیتوانیایی ئیمانۆیل لیڤیناس ده‌ڵێت: روخسار هه‌میشه هه‌ڵگری په‌یامێکه که قه‌تڵ و تێرۆرمان لێ قه‌ده‌غه ده‌کات، بینینی هه‌موو روخسارێک بیرهاتنه‌وه‌ی ئه‌و راستییه‌یه که پێمان ده‌ڵێت تۆ بۆت نیه که‌س بکوژیت». به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌نفاله‌وه، به‌عس له هه‌ڵه‌بجه ده‌ستی نه‌ده‌گه‌یشته قوربانییه‌کانی، نه‌یده‌توانی قۆڵبه‌ستیان بکات و چاو و روخساریان بشارێته‌وه، به‌عس نه‌یتوانی روخساری قوربانییه‌کانی بۆ هه‌تاهه‌تایه بشارێته‌وه و گۆڕغه‌ریبیان بکات، بۆیه بۆ ناشرینکردنی روخسار و ده‌موچاوی قوربانییه‌کانی، به‌عسییه‌کان له هه‌ڵه‌بجه ده‌رگای دۆزه‌خێکیان به رووی هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌کاندا کرده‌وه که سه‌ره‌ڕای کوشتنی به‌سۆ، روخساری هه‌مووشیانی سوتاند. (3) شانزه‌ی سێ کۆستێکی نه‌ته‌وه‌ییه. ئامانج له‌م تاوانه هه‌ر به‌ته‌نها کوشتن و قڕکردنی هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌کان نه‌بوو، شانزه‌ی سێ به‌هه‌مان شێوه‌ی تاوانی ئه‌نفال، جگه له قڕکردن، تێکشکانی غروری کوردیی بوو، غروری نه‌ته‌وه‌یه‌ک جیاواز له نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌ست له عێراقدا. فاشیزمی به‌عسیی هه‌ر به‌ته‌نها کوشتنی فیزیکی ئینسانی کوردی لا مه‌به‌ست نه‌بوو، به‌عس کوشتنی کوردی ده‌کرده مادده‌یه‌کی سیمبۆلیک و پاساوی ئایینی بۆ ده‌هێنایه‌وه. به‌عس پاش کوشتنیش ده‌ستی له قوربانییه‌کان هه‌ڵنه‌ده‌گرت و ده‌یناردنه دۆزه‌خ! له شاڵاوی رفاندنی هه‌زاران گه‌نج و پیاوی بارزانی له ساڵی 1983دا، که‌چی ته‌نها دوو مانگ دوای ئه‌و تاوانه، سه‌دام حسێن له وه‌ڵامی میدیاکاراندا وتی: «ئه‌وانه به‌توندی سزای خۆیان وه‌رگرت و فڕێدرانه دۆزه‌خه‌وه». به‌رامبه‌ر به کورد سه‌دام حسێن خۆی به پێغه‌مبه‌ر و حیزبی به‌عس به ئیسلام و سوپاکه‌شی به له‌شکری سه‌رده‌می فتوحات ده‌چواند. له‌خۆڕا نه‌بوو، قه‌تڵوعامی کورد له 1988دا به‌ناوی سوره‌تی ئه‌نفاله‌وه ناونرا. هه‌ر بۆیه قسه‌کردن له هه‌ڵه‌بجه ته‌نها له میانه‌ی ئینشای بارگاوی به سیاسه‌ت، هه‌ڵه‌یه‌کی کوشنده و خه‌تایه‌کی یه‌کجار گه‌وره‌یه. (4) ئه‌و ده‌مه‌ی عه‌ره‌به‌کان له جه‌نگی شه‌ش رۆژه‌دا دژ به ئیسرائیل دوچاری شکستی گه‌وره ده‌بن و رووبه‌رێکی گه‌وره‌ی خاکی عه‌ره‌ب و هه‌ردوو به‌شه‌که‌ی خاکی فه‌له‌ستین ده‌دۆڕێنن، ئه‌ده‌بی به‌رگری عه‌ره‌بی سه‌رگه‌رمی داتاشینی چه‌ندین پاڵه‌وانی وه‌همی بوو، ئه‌و پاڵه‌وانانه‌ی که ته‌نها له میانه‌ی خه‌یاڵی شاعیرانه‌دا ده‌یانتوانی ده‌سته‌وئێخه رووبه‌ڕووی داگیرکه‌ری ئیسرائیل ببنه‌وه و جوله‌که شاربه‌ده‌ر بکه‌ن، ئا له‌و ده‌مه‌دا ئیم‌یل حه‌بیبی له میانه‌ی رۆمانێکه‌وه به‌ناونیشانی (سداسیه اڵ‌یام السته)، دور له جۆش و خرۆشی شۆڕشگێڕانه و له‌جیاتی خوڵقاندنی پاڵه‌وانی ئه‌فسانه‌یی، له شه‌ش تابلۆدا شه‌ش چیرۆکی جیاوازی گه‌ڕانه‌وه و به‌یه‌کدی شادبوونه‌وه‌ی خێزانه فه‌له‌ستینییه‌کانمان پاش له‌یه‌کدان و داگیرکردنی هه‌ردوو به‌شه‌که‌ی خاکی فه‌له‌ستین بۆ ده‌کاته ده‌قێکی هونه‌ریی، چیرۆکی سه‌فه‌رێکی نوێ له‌سایه‌ی سه‌رده‌مێکی نوێ که سه‌رده‌می داگیرکاری ئیسرائیلی و شکستی عه‌ره‌بییه. ئیم‌یل حه‌بیبی هه‌ر به‌وه‌وه ناوه‌ستێت، به‌ڵکو بۆ به‌ده‌قکردنی ژیانی نوێی فه‌له‌ستینییه‌کان له پاش شکست و له‌سایه‌ی داگیرکه‌ردا، له رۆمانێکی تری‌دا به‌ناونیشانی (الوقائع الغریبه فی أختفا‌و سعید أبی النحس المتشائل) ، که ده‌کرێت به یه‌کێک له شاکاره‌کانی ئه‌ده‌بی عه‌ره‌بیی دابنرێت، له‌ڕێی ئه‌ده‌بی گاڵته‌جاڕییه‌وه، په‌نا ده‌باته به‌ر پاڵه‌وانێکی ئاسایی، پاڵه‌وانێک که له کولتوری ئه‌ده‌بی به‌رگریدا به پاڵه‌وانی سلبی ناسراوه. پاڵه‌وانه‌که‌ی حه‌بیبی هاوڵاتییه‌کی فه‌له‌ستینیی عه‌وام و کاراکته‌رێکی زه‌لیل و رۆحێکی تێکشکاوه. سه‌ره‌ڕای ملدانی بۆ ئه‌وه‌ی ببێته هاوڵاتییه‌کی باشی ناو ده‌وڵه‌ته نوێیه‌که که ئیسرائیله، به‌ڵام دواجار رووبه‌ڕووی کاره‌سات ده‌بێته‌وه، کاره‌ساتی له‌ده‌ستدانی ئه‌وه‌ی وه‌کو ئینسان بژی. به‌پێچه‌وانه‌ی چالاکه سیاسییه‌کانی سه‌رده‌می خۆی، ئیم‌یل حه‌بیبی سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی هه‌ر له‌سه‌ره‌تای لاوێتیه‌وه تێکه‌ڵی بزووتنه‌وه‌ی کۆمۆنیستی بووه، به‌ڵام له‌بریتی په‌نابردن بۆ دروشم و ئینشا، له‌ڕێی ئه‌ده‌به‌وه و له‌بریتی خوڵقاندنی پاڵه‌وانی درۆینه، له‌ڕێی کاراکته‌ری ئاسایی هه‌ڵقوڵاوی ناو میلله‌ته‌که‌یه‌وه، توانی رستێک له جومگه تراژیدییه‌کانی مێژووی نه‌ته‌وه‌که‌ی له‌میانه‌ی ئه‌ده‌به‌وه بکاته چه‌ند ده‌قێکی هونه‌ریی نه‌مر. (5) عه‌بدولقادر سه‌عید له رۆمانی فرمێسکی به‌فردا، له‌ڕێی خه‌می گه‌ڕان به شوێن دایک و حه‌زی ئاشنابوونه‌وه به‌و بوونه‌وه‌ره‌ی که ئینسان له حزوریدا ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ مناڵی، له‌گه‌ڵ عه‌لیدا سه‌فه‌رمان پێ ده‌کات. به‌ڵام سه‌فه‌ری پاڵه‌وانه‌که‌ی عه‌بدولقادر سه‌فه‌ری سه‌رهه‌ڵگرتن نیه، سه‌فه‌ری گه‌ڕانه‌وه و گه‌ڕانه به‌شوێن ئولفه‌تێکی ونبوودا. عه‌لی پاڵه‌وانێکی ئه‌فسانه‌یی نیه، ئه‌گه‌رچی چیرۆکی عه‌لی سه‌رگوزشته‌یه‌کی راستینه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌یه، به‌ڵام عه‌لی هه‌ڵه‌بجه‌یی هه‌مان پاڵه‌وانه‌که‌ی ناو رۆمانی فرمێسکی به‌فر نیه. عه‌لییه‌که‌ی عه‌بدولقادر هه‌روه‌کو چۆن گوزاره‌یه له رۆحی سه‌رده‌مێکی کوردییانه، له‌هه‌مان کاتدا گه‌ڕانه‌وه‌ی روخسارێکی نوێیه، روخساری ئه‌و گه‌نجه‌ی پاش ئه‌وه‌ی جه‌للادی به‌عسی نه‌یتوانی بیکاته قوربانی، دوور دوور فڕێی دایه ده‌ره‌وه‌ی پانتاییه‌کانی خۆی. ئاخر جه‌للادی به‌عسی نه‌یده‌ویست که‌سی دی جگه له قوربانی، له ته‌نیشتییه‌وه بژی. سه‌فه‌ری عه‌لی به دیوێکی تردا، سه‌فه‌ری به‌جێهێشتنی پانتاییه‌کانی جه‌للاد و ده‌ستبه‌ردانه له بوون به قوربانی. گه‌ڕانه‌وه‌ی عه‌لی وه‌کو گه‌نجێکی خاوه‌ن پرسیار، هیچ گومانێک له‌وه‌دا ناهێڵێته‌وه که سه‌ره‌ڕای خنکاندنی هه‌ڵه‌بجه، به‌ڵام هێشتا هه‌ڵه‌بجه شوێنی ئه‌و نه‌وه‌یه‌یه که له ده‌مه‌ده‌می به‌هاری هه‌شتاوهه‌شتدا دور له باوه‌شی دایک، شوێنغه‌ریب کران. ڕۆمانی فرمێسکی به‌فر هه‌روه‌کو چۆن خه‌می نه‌وه‌یه‌کی بێ نه‌وامان بۆ ده‌گێڕێته‌وه، دواجار سه‌فه‌رێکیشه به‌ناو ئه‌و کۆسته‌ی که پێی ده‌وترێت شانزه‌ی سێ. په‌راوێزه‌کان: ته‌یب جه‌بار: ئه‌و شیعرانه‌ی ئاوڕ بۆ پێشه‌وه ده‌ده‌ن، دیوانه‌شیعر، 2011، سلێمانی. رێبوار سیوه‌یلی: نه‌ته‌وه و حه‌کایه‌ت، ل 439، چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده، 2002. خه‌بات عه‌بدوڵا: بنه‌ما تیۆریه‌کانی جوگرافیای عه‌سکه‌ریی کوردستانی باشور، ل 274، چاپخانه‌ی رون، سلێمانی، 2005. أمیل حبیبی: الوقائع الغریبه فی أختفا‌و سعید أبی النحس المتشائل، دار ابن خلدون، بیروت، 1974.
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure