18/3/2018 02:34 PM

ستیفن هۆكینگ،لە گالیلیۆوە بۆ ئانیشتاین

راپۆرتی، تارا شێخ عوسمان


هاوڕێكانی پێیانووتوە ئانیشتاین
ستیفن ولیام هۆكینگ لە 8ی كانوونی دووەمی ساڵی 1942دا لە ئۆكسفۆردی ئینگلتەرە لەدایكبووە، هەرچەندە لە قۆناغی منداڵیدا و لە قوتابخانەی سەرەتاییدا زۆر زیرەك نەبووە، بەڵام كۆمەڵێك لە مناڵەكانی هاوڕێی پێیانووتوە ئانیشتاین و هەستیانكردووە كە زیرەكییەكی شاردراوەی هەیە، دواتر و دوای تەواوكردنی قۆناغی ئامادەیی لە ساڵی 1959دا پەیوەندیی دەكات بە بەشی زانستی سروشتیی زانكۆی ئۆكسفۆردەوە، پاشان پلەی یەكەمی شەرەف لە فیزیادا لەو زانكۆیە وەردەگرێت. دواتر روودەكاتە زانكۆی كامبریدیج و بڕوانامەی دكتۆرا لە بواری زانستی گەردوونیی لەو زانكۆیە بەدەست دەهێنێت.
هەرچەندە هۆكینگ لە تەمەنی 18 ساڵییەوە نیشانەكانی نەخۆشییەكی دەگمەنی دەماریی تێیدا دەردەكەوێت كە پێی دەوترێت كۆئەندامی دەماری جوڵەیی(ALS) و وردە وردە جووڵەی ئەندامەكانی لەشی لەكاردەخات، بەڵام ئەم نەخۆشییە ناتوانێت رێگە لە كار و بیركردنەوە و تیۆرەكانی بگرێت لە بواری زانستی فیزیادا.
لە ساڵی 1963دا ئەو نەخۆشییە بە تەواوی زۆری بۆ دەهێنێت و لەو كاتەدا پزیشكەكان پێشبینی ئەوە دەكەن كە تەنها 2 ساڵ بتوانێت بەو دۆخەوە بژی، بەڵام هۆكینگ توانی بە یارمەتیی كۆمەڵێك لە هاوڕێ و دڵسۆزانی خۆی، بەو دۆخەوە چەندین ساڵ بەرگە بگرێت و بە زیندوویی بمێنێتەوە، هەروەها زۆربەی جار رۆژنامەنووسان و ئەوانەی كە سەرسام بوون بە توانا و لێهاتویی هۆكینگ لە بواری فیزیادا پێیان وایە ئەو دۆخە تایبەتەی هۆكینگ بە تەنها ئیرادەی ئەو پیاوە نییە بۆ ململانێكردن لەگەڵ نەخۆشییەكەی، بەڵكو تەحەداكردنی هەموو ئەوانەیە كە بە چاوێكی كەمەوە لە خاوەن پێداویستییە تایبەتەكانیان دەڕوانی و ئەو پەیامەی ئەدا بە مرۆڤایەتی كە ئەگەر مرۆڤ ئەندامێكی جەستەی نەبێت، دەتوانێت ئەندامەكانی دیكەی جەستەی بقۆزێتەوە بۆ ئەرك و كاری مەزن.
(تیشكدانەوەی هۆكینگ)
لە ساڵی 1974 دا هۆكینگ بە شێوەیەكی تیۆریی سەلماندی كە كونەڕەشەكان لە گەردووندا تیشك رەوانە دەكەن و ئەمەش پێچەوانەی هەموو تیۆرەكانی دیكەی ئەو كاتە بوو، ئەو تیشكدانەوەیەش بە ناوی خۆیەوە ناونرا (تیشكدانەوەی هۆكینگ).
ئەم زانایە بە یەكێك لە زانا دیار و بەرجەستەكانی بواری زانستی فیزیای تیۆریی دادەنرێت لەسەر ئاستی جیهان و چەندین توێژینەوەی گرنگیشی هەیە لەسەر پەیوەندیی نێوان كونەڕەشەكان و(سێرمۆداینامیكس) و توێژینەوە و لێكۆڵینەوەی زۆری هەیە لەسەر بەدوایەكدا هاتنی زەمەنیی.

دوای كۆچی دوایی ئەو زانایە كچەكەی و دوو كوڕەكەی وتیان» زۆر خەمبارین، چونكە باوكی خۆشەویستمان كۆچی دوایی كرد». هەروەها وتیان» باوكمان زانایەكی مەزن و پیاوێكی نائاسایی بوو، كارەكانی و كولتورەكەی بۆ چەندین ساڵ بە زیندویی دەمێنێتەوە».
ئەوان ستایشی باوكیان كرد و وتیان» باوكمان ئازا و كۆڵنەدەر بوو، قسە خۆشی و ژیانە تایبەتەكەی ئیلهامبەخش بووە بۆ هەزاران كەس لە سەرانسەری جیهاندا». وتیشیان» هەمیشە باوكمان پێیدەوتین گەردوون بەرفراوان نییە گەر نەبێتە نیشتمانی ئەوانەی خۆشمان دەوێن».
تیم و رۆبیرت و لوسی كە مناڵی هۆكینگن بە خەمبارییەوە وتیان» بۆ هەتایە یادی باوكمان زیندووە و بیری دەكەین»
ستیفن هۆكینگ ئەو كەسەیە كە مێژوونوسان و ناوەندە زانستییەكان بە ئەفسانەیەكی بواری زانستی لە قەڵەم دەدەن، هەندێك دەڵێن: ئەو 300 ساڵ دوای مردنی گالیلیۆ لەدایك بوو، مردنەكەشی رێكەوتی یادی لەدایكبوونی ئانیشتاینە كە نزیكەی 139 ساڵ دوای لەدایكبوونی ئانیشتاین، كۆچی دوایی كرد.
چەندین كتێبـی نووسیوە
ستیفن هۆكینگ لە ژیانیدا چەندین لێكۆڵینەوەی كردووە سەبارەت بە دروستكردنی پڕۆژەیەك بۆ پەیوەندیكردن بەو بوونەوەرە فەزاییانەی رەنگە لە دەرەوەی جیهانی ئێمە هەبن، هەروەها ئەو بوو چەندین ساڵ بەر لە ئێستا مرۆڤایەتیی لە مەترسییەكانی دیاردەی قەتیسبوونی گەرمیی گۆی زەوی ئاگادار دەكردەوە، هەروەها چەندین كتێبـی نووسیوە لە بواری فیزیا دا لەوانەش:
*كورتەی مێژووی كات كە لە ساڵی 1988 دا چاپ و بڵاوبۆتەوە و لەوكاتەدا وەك پڕ فرۆشترین كتێبـی زانستیی(10) ملیۆن دانەی لیفرۆشراوە.
*كورتیلەی مێژووی كات
*دیزاینی مەزن
*گەردوون لە توێكڵە گوێزێكدا
*كونەڕەشەكان و گەردوونە ساواكان.
لە كۆتاییدا پێویستە ئاماژە بەوە بكەین كە هۆكینگ بڕوای بەوە بووە كە پێویستە هەموو مرۆڤێكی ئاسایی بنەماكانی گەردوون بزانێت، بۆیە تیۆرەكانی بە زمانێكی سادە و بێ گرێوگۆڵ نووسیوە.
هەروەها لە ساڵی 2014 دا و بە هۆی ناوازەیی كەسایەتی هۆكینگ و بیركردنەوە و تیۆرە سەرنجڕاكێشەكانی و كاریگەریی لە جیهاندا، نەك بە تەنها لەسەر ئاستی زانستی، بەڵكو لەسەر كۆی ئاستەكانی كۆمەڵگەی مرۆڤایەتی، دەرهێنەری بەریتانیی بەناوبانگ (جەیمس مارش) فیلمێكی بە ناوی (The Theory of Everything)(تیۆری بۆ هەموو شتێك) لەبارەی ژیانی ستیفن هۆكینگ بۆ سینەما بەرهەمهێنا كە ئەكتەری بەناوبانگ (ئێدی رێدمەین) رۆڵی ئەو زانایەی بەرجەستە كردووە.
مردنی هۆكینگ مردنی ئەو تیۆریستە فیزیكییەیە كە لە دوای ئانیشتاینەوە مێژووی مرۆڤایەتی بەخۆیەوە بینی بوو.
مردنی هۆكینگ زیانێكی گەورەیە بۆ زانست و زانایانی بواری فیزیا لە هەموو جیهاندا، بەڵام تیۆرەكانی بۆ چەندین نەوە دەبنە ئیلهامبەخش و رێنیشاندەری ئەوانەی بیانەوێت بە رێچكەكەی ئەودا بڕۆن.

بەرەبەیانی رۆژی 14ی مارت، جیهان بە هەواڵی كۆچی دوایی یەكێك لە كۆڵەكەكانی زانستی فیزیای گەردوونیی لەخەو هەستا، كە ئەویش مەرگی زانای فیزیاناسی بە ناوبانگی بەریتانیی (ستیفن هۆكینگ) بوو.

سەرچاوە: ئاژانسەكان




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved