24/3/2018 11:17 AM

ڕۆژی جیهانی شانۆ

 

 

 ئازاد بەرزنجی

شانۆ لە ژیانمدا هەمیشە ئەو ماڵە بووە کە تێیدا هەستم بە ئارامییەکی ڕۆحیی زۆر کردووە. ڕەنگە یەکێک لە هۆکارەکانیش ئەوەبێت کە لەو کاتەوەی قوتابیی سەرەتایی بووم؛ عاشقی نواندن بووم و هەر لەو ڕۆژگارەشدا بەشداریم لە یەک دوو کاری شانۆییدا کردووە. بۆیە ڕەگوڕیشەی ئەو هەستەم دەگەڕێتەوە بۆ مناڵی، پاشانیش لاوێتی. لە تافی لاوییشدا دیسانەوە ڕووم کردەوە ماڵی شانۆ و بەرلەوەی ببمە خوێندکاری شانۆ و دوای ئەوەش؛ هونەری شانۆ پێگەیەکی گەورەی لە هزر و ڕۆحمدا هەبووە. بۆیە بە ڕێکەوت نییە کە هێشتا تەمەنم شانزدە ساڵان بوو یەکەم بابەتم لە گۆڤاری "بەیان"دا بڵاوبووەوە، بابەتێک بوو لەسەر "شانۆی هونەری لە مۆسکۆ و کۆنستانتین ستانسلاڤسکی" و بەو جۆرە ئەو بابەتە بووە سەرەتای بڵاوبوونەوەی کۆمەڵێک بابەتی ترم لەسەر شانۆ و دراما. لە هەشتاکانیشدا، وەختێ بووم بە خوێندکاری شانۆ، ئەمە بووە هۆی ئەوەی زیاتر بە عیشقی شانۆوە بنووسێم و گەرچی لە ڕووی کردەیی و پراکتیکییەوە چالاکیم زۆر نەبوو، بەڵام لە ڕووی تیۆرییەوە، چ بە نووسین یان وەرگێڕان، لە بڵاوکردنەوەی بابەتدا لەسەر شانۆ بەردەوام بووم و بابەتەکانیش لە گۆڤار و ڕۆژنامەکانی ئەو سەردەمەدا بڵاودەبوونەوە.
بەڵام لە پاڵ ئەو بابەتە تیۆرییانەدا و بەتایبەتیش لە هەشتاکاندا، کۆمەڵێک دەقی شانۆییم وەرگێڕا کە بەشێکی زۆریان لەلایەن تیپ و گرووپە شانۆییەکانی سلێمانییەوە خرانە سەر شانۆ. ئەو دەقانەش تیایاندا بوو دەقی جیهانی بوو و هەروەها تیاشیاندا دەقی عەرەبی بوو. لەناو دەقە عەرەبییەکاندا کۆمەڵێک دەقی هەردوو شانۆنووس "محێدین زەنگەنە" و "جەلیل قەیسی"ی تێدابوو، کە بەداخەوە ژمارەیەکیان ون بوون و لام نەمان، چونکە ئەوسا تایپکردن نەبوو و دەقەکان دەسنووس بوون و تیپەکان کۆمەڵێک نوسخەیان لەبەر دەگرتنەوە، منیش ئەوکات هێندەی پەرۆشی ئەوە بووم کارەکان لەسەر شانۆ ببینم، هێندە گوێم بە پاراستنی دەقەکان نەدەدا تا لای خۆم هەڵیانبگرم. بەهەرحاڵ، لەو سەروبەندەدا کۆمەڵێک دەقی وەرگێڕاوم ون بوون، بەڵام خۆشبەختانە هەندێ دەقیانم دەست کەوتنەوە، کە سیانیان هیی "جەلیل قەیسی" بوون و لێرەدا و  لەم کتێبەدا دەیانخوێننەوە. جگە لەم سێ دەقە، سێ دەقی "محێدین زەنگەنە"شم دەست کەوتەوە کە ساڵانێک لەمەوبەر لە کتێبێکدا بە ناوی "گوڵەکان بۆ کێن؟" چاپ و بڵاوبوونەوە. بەڵام دەبێ ئەوە بڵێم کە کاتی خۆی ئەو دەقانەم چۆن دەست کەوتوون( کە یەکێکیان جەلیل قەیسی خۆی بە دەسنووس بۆی ناردبووم) و چۆنم وەرگێڕاون، جگە لە دەسکارییەکی کەم، وەکو خۆیان لێرەدا بڵاوم کردوونەتەوە. 
لەپاڵ ئەو سێ شانۆنامەیەی "جەلیل قەیسی"دا، شانۆنامەی"بەهێزتر" و "ڕۆژژمێری پیاوێکی سەیر"یش دەخوێننەوە، کە یەکەمیان شانۆنامەیەکی کورتی نووسەری گەورەی سوید "ئۆگەست ستریندبێرگ"ە و دووەمیشیان لە چیرۆکێکی درێژی "نیکۆڵای گۆگۆل"ەوە ئامادەم کردووە بۆ شانۆ کە ناوی "ڕۆژژمێری شێتێک"ە و ساڵی ٢٠١٥ لە دەرهێنانی هونەرمەند "عوسمان فارس" و نواندنی هونەرمەند "عوسمان مەعروف" لە تەلاری هونەر پێشکەش کرا.
جگە لەم دەقە شانۆییانە، ئەم کتێبە چەند نووسینێکی ڕەخنەییش لەسەر نمایشی شانۆیی لەخۆدەگرێت. هەڵبەتە دوای بینینی هەندێ لەو نمایشە شانۆییانەی بە درێژایی ساڵانی ڕابردوو پێشکەش کراون و بەپێی دەرفەت لە سەرم نووسیون. بۆ ئەم کتێبە سێ نووسینی ڕەخنەییم لێ هەڵبژاردن سەبارەت بە سێ نمایشی شانۆیی کە ساڵانێکی زۆر بە سەریاندا تێنەپەڕیوە و لە یادی بینەردا ماونەتەوە، ئەوانەش نمایشی (کاتێک نەماوە بۆ خۆشەویستی) و (کۆچبەران) و (ماراساد)ن، کە پێم باش بوو وەکو خوێندنەوەی خۆم بۆ ئەو کارانە، لێرەدا و لەگەڵ ئەم دەقانەدا بڵاویان بکەمەوە.
دواجار، هیوادارم ئەم هەوڵە خاکییەم لەناو کتێبخانەی شانۆیی کوردیدا جێیەک بۆ خۆی بکاتەوە و سوودێک بە شانۆکاران بگەیەنێت.




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved