25/3/2018 03:25 PM

لەخەیاڵەوە... بۆ خۆڵ

بەم دواییە نووسەرو ڕۆژنامەنووس كامەران سوبحان كتێبێكی ناوازەی خستە بەردیدەی خوێنەران بە ناوی (لەخەیاڵەوە... بۆ خۆڵ) و د داهاتی ئەم کتێبەش بۆ نەخۆشخانەی هیوا   لە گەڵ خانەی منداڵانی بێ سەرپەرشت دە بێتدەبێت....
نووسەر لە پێشەكی كتێبەكەدا نووسیویەتی:


ئەو کەسانەی لەم کتێبەدا چیرۆکی خۆیان  دەنووسنەوە..
( شەوانێک، لە وەرز و مانگی جیاوازدا، کۆمەڵێ کەس هاتنە خەوم، هەریەکەیان بە جۆرێک خۆیان دەنووسییەوە. ئەوەی سەرنجڕاکێش بوو، ئەو کەسانە هەریەکەیان لەسەردەم و شوێنێکی جیاوازدا ژیابوون. بەڵام هەریەکەیان لەخەون و خەیاڵی مندا خەریکی گێڕانەوەو سەرگوزشتەی خۆیان بوون. !
(خەون و گێڕانەوەو خەیاڵ) بوونە سێ ڕەگەزی جیاوازی نووسین و پاش دوو ساڵ، ئەم کتێبە (لەخەیاڵەوە... بۆ خۆڵ)یان، بە زمانی خۆیان نووسییەوە...
هەرچیرۆک و بەسەرهات و دێڕ و وشەیەک، لەم کتێبەدا سود بە خوێنەر بگەیەنێ، لای خۆمەوە، ئەو دێڕ و وشە و چیرۆکانە، دەکەمە دیاری بۆ هاوڕێی و دۆستێکی کتێب، هەمیشە یەکەم کەس خەیاڵ و خەونەکانی بۆ دەگێڕمەوە.. 
+ بۆ ڕامان مەنسور، ئەو هاوڕێیەی بێ خەیاڵ و پشتیوانییەکانی ئەو، مەحاڵ بوو (لە خەیاڵەوە.. بۆ خۆڵ) لەدایک بێ.. 

خەیاڵدانی کەسایەتییەکانی ئەم کتێبە
*ئەحمەدی مەلا و دڵشاد عەبدوڵڵا،  خەیاڵدانی ئەم کتێبە بۆ خوێنەران دەخوێننەوە)  
 * مەستوورە.. لەبیرەوەرییە تەماوییەکاندا.
* مەولانا خالید... ئەو شەوەی مانگ کەوتە خوارەوە.
*زێوەر و یاداشتی دەربەدەریی ....
* شێخ نوری شێخ ساڵح... پێشەنگێکی شیعریی...
*حاجی قادری کۆیی... گەڕان بەدوای مانادا......
*وەلی دێوانەیەکی جیاواز....
* گەڕانەوە بۆ کۆتایی خەونێکی درێژ....
*ئەحمەد موختار جاف و مەسەلەی ویژدان......
*جەمیل سائیب و عەتا محەمەد پێکەوە چیرۆک دەگێڕنەوە....
*تایەر بەگ.... غەزەلێک بۆنی ئێستای لێ دێ....
*کەشکۆڵە ونبووەکەی مەحمود پاشای جاف....
* عەرەبی شەمۆ و ئازادی کوردان
*  عەبدولڕەحیم هەکاری و فەزیڵەتی کوردان.!
*مەلای گەورەو تەشکیلی دەوڵەت ....
*نەجمەدین مەلا...ڕوخسارێکی وون بوو.....
*ناری لە نێو شیعرە وونبووەکانیدا.....
* تۆفیق وەهبیی و  دڵە زیندووەکەی نیشتمان...
* محاسەبەی نیابەت  و دوو تەقەلای بێسود....
* مودەڕیس یان باخەوانی نێرگزە جاڕ.....
* خاڵ و ناڵەیەک لە دەروونەوە.....
*نوور بەخشی ... دوور لە سیاسەت......
*عەبدوڵڵا جەوهەر و ئاواتێکی تەواو نەکراو.....
*بێکەس و نووسینەوەی لاپەڕەکانی خەیاڵ.!....
* ئەو پاسکیلەی یادەوەریی خۆی نەنووسییەوە.....
*قالە مەڕە....  شمشاڵی غەم .....
* ژیان بێ نامە، کەمێک بێزارکەرە......
*کامۆ .... لەدەرەوەی وشەکان....
* دەستنووسەکان ناسوتێن....

هاوكات د. ئەحمەدی مەلا لە ناساندنی ئەم كتێبەدا نووسیویەتی:

حەسرەتێک لە پشتەوەی ئەم کتێبەوە، خۆی مەڵاس داوە.! 


بە زمانێکی تایبەت، زۆر تایبەت کامەران سوبحان کتێبێک دەنووسێ ناونیشانی "لە خەیاڵەوە..بۆ خۆڵ"ی لێدەنێ. تایبەتمەندیی ئەم نووسینە لە ناونیشانەیەکەوە دەستپێدەکات. چەندین بابەت جیاجیا لە خۆی دەگرێ؛ ئەم بابەتانە، هیچ شتێک کۆیان ناکاتەوە، تەنیا چێژ و سەلیقەی نووسین نەبێ. ئەم جۆرە نووسینە، شێوازێکی نوێی و دانسقەیە، چونکە لە نێوان توێژینەوە و چیرۆک و گێڕانەوەی "حەمیمی"یە، کە خۆشەویستیی ئەو بۆ نووسین، بانگێشتمان دەکات و داوەتێکی بەخشندەمان دەکا بۆ ئەوەی بە نێو دێرەکاندا گوزەر بکەین. زۆرجار بابەتەکان بە نۆتە و سەرنجی نێودەفتەرێکی زۆر شەخسی دەکەن.
ئەوەی ئاشکرایە چەندین نووسەر و شاعیر و ئەدیب و زمانزان و فەرهەنگنووس لە دەوری خۆی کۆدەکاتەوە، کە لەنێوان کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەمەوە تاکو ناوەڕاستی سەدەی بیست و بگرە بەولاتریش، ژیاون.
هەر بابەتێک لە حەکایەتێک دەچێ، وەک بڵێی حەسرەتێک لە پشتەوەی ئەم نووسینانەی ئەم کتێبەوە، خۆیان مەڵاس دابێ، حەسرەتی نووسین بە کوردی خۆی لە خۆیدا ململانێی میللەتێکە لەگەڵ زاکیرەی و مێژوو و ئایندەی خۆی. هیچ میللەتێک نییە لەسەر گۆی زەمین هێندەی کورد ئەم سێ ڕەهەندە زەمەنییەی لێواولێوی لە تراژیدیا هەبێ.
کاتێک باسی زێوەرمان بۆ دەکا، نووسەر هەمیشە دەمانبانە ئەودیوی شتەکان، شتە نەنووسراو و نەبیستراوەکانی ئەم شاعیرەمان بۆ دەگێڕێتەوە، کەس نییە هێندەی زێوەر بۆ ئەو سەردەمە جەنجاڵەی خۆی، نوێخواز نەبووبێ، تەنانەت دەدرێتەپاڵ ئەو نووسەرانەی کە پێیەکیان لەنێو سنووری حوجرەدا بوو، بەڵام خێرا پێیەکەی دیکەیان بەرەو ئایندە وەرچەرخا: وێرای ئەو وەرچەرخانە مێژووییە گەورەیەی کە لە سەرەتاکانی سەدەی بیستدا ڕوویدا. یا باسی (حاجی قادری کۆیی)مان بۆ دەکا، حاجییەک پەروەردەی حوجرە بووبێ و (سیبەوی) و (ئەلفییەی ئیبنولمالکی) خوێندبێ، خێرا لە گرنگی و بایەخی ڕۆژنامە گەیشتبێ و باسی تەلەگراف و شەمەنەفەرمان بۆ بکات، کە دەفڕن.
یا کاتێک دێتە سەر (وەلی دێوانە) شێتە جوانەکەی ئێمە، کە تەواو بەو "لەیلومەجرومە"*ی ئاسمانی کوردان دەکات، کە تاکو ئێستا لە ڕێگەی دەنگی کەریم کابانەوە گوێمان لە سەفەری گەرمیان و کوێستانی ئێڵی جافان دەبێ. عیشق و دێوانەیی: دوو دەستەخوشکەکەی ڕۆژهەڵات.
یا "لەخەوما"ی جەمیل سائیب، کە لەنێوان خەون و واقیعدا، نووسەر زۆر لێزانانە سەفەرێکی خەیاڵیمان پێ دەکا، وەک ئەوەی پێمانبڵێ "شتی تەواونەکراو" بەرجەستەکردنی ئەم واقیعە دژوارەی ئێمەیە، یاخود، هەر خودی واقیع هەمیشە پرۆژەیەکی تەواونەکراوە.
کامەران سوبحان بە عەشقی نووسینەوە دەمانباتە زۆر شوێنی دیکە، دەمانباتە نێو ژوورە حەمیمەکانی چەندین نووسەرانی دیکە، دەمانباتە سەر "کەشتیی نوح"، لەوێوە سەیری ئەلفوبێی جیهان دەکەین، گوێمان لە دەنگی ئەو پیاوە مەزنە دەبێ کە دەستی گەورەکانی دەگرت و دەیانبردە سەر پشتی کەشتییەکەی، بۆ ئەوەی لە خنکانی نەخوێندەواریی ڕزگاریان بکا. ئەو پیاوە مۆمێک بوو، مۆمێکە لە قووڵایی شەوزەنگی ئێمەدا بە داگیرساوی دەمێنێتەوە، ئەویش تیشک و ڕۆشنایی نەجمەدینی مەلایە.
یا لە سووچێکی دیکەوە، ئەمجارەیان دەمانباتە ژێر هەڵەتەکانی شاری کۆیە، هەموومان دەخاتە ژێر جوببەکەی مەلای گەورەی کوردان، دەنگی ئەو پیاوە منەوەرەی کە لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەمەوە تاکو ئێستا، دەگاتە گوێمان و پێماندەڵێ دەبێ هەمیشە پێداچوونەوە بۆ مەعریفە بکرێ، هەمیشە بخرێتە ژێر پرسیارەوە. مەلای گەورە، ئەو پیاوە بوو کە بە تەواوی لە کەلینەکانی مەعریفەی سەدەی نۆزدەهه‌م گەیشت و دەڵێ "نە تەریقەی قادری، نە تەریقەی نەقشبەندی ڕێگه‌ و رێبازی ئایندەی کوردان نین."
یا فایه‌ق بێکەسی جوانەمەرگ...پیاوێک هێندەی تەواوی سەدەی بیستەم هەڵگری خەم و ئازارە، هاواری ئازارێکە، لە برینێکی دەمکراوە و هەراشەوە دەگەیشتە هەموو سووچێکی سەدەی بیستەم، تەنانەت دەگاتە گوێی ئێمە. فایه‌ق بێکەس، مەلای گەورە، زێوەر، محەمەد ئەمین زەکی و چەندین و چەندینی دیکەی کە لەم کتێبە ناویان هاتووە و نووسەری ئیشی لەسەرکردوون، نەمرن بۆ ئێمە، چونکە هێشتا ئەو قۆناغەمان تەی نەکردووە کە ئەوان پەڕەمووچیان هەڵگرت و دەستیان بە نووسین کرد. ئەمە مەزنیی ئەوان و پووچی ئێمە دەگەیەنێ.!
دەستخۆشی بۆ کاک کامەران سوبحان کە زۆر بە لێوەشاوەیی و لێزانییەوە چەندین لاپەڕەی فەرامۆشکراوی ئەدەبیات و مەعریفەی ئێمەی هەڵداوەتەوە و هێنایەوە بەر پەردەی زاکیرەمان. ئەم بابەتانە زیندوون، چونکە ئێمە هێشتا لە نێوەی ڕێگەداین.
* لەیلومەجروم: ناوی دوو ئەستێرەیە، دەدرێنە پاڵ لەیل ومەجنوونی داستانەکە. کە لەناو کوردەواریدا، بە لەیلومەجروم دەناسرێتەوە.
ئیسپانیا
١/١٢/٢٠١٧                                 
                     





زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved