26/3/2018 02:21 PM

ئەلیشیا كیس

(مەسەلەی بنەڕەتی ئەوەیە: ئێمەو ئێوە لەناو هەمان ململانێداین. بۆیە هیچ ترستان نەبێت‌و بزانن چی دەكەن، پێش ئەوەی هەر شتێك بكەن، بیربكەنەوە، دەتوانین پێكەوە هەمان شت بكەین‌و دواجاریش ئەزانین چی روودەدات).
ئەلیشیا كیس چەندین خەڵاتی وەرگرتووە لەپای بەرهەمەكانی لەبواری گۆرانی وتن‌و نووسین‌و ژەنینی مۆزیك.بەرهەمە مۆزیكییەكانی زیاتر لە 40 ملیۆن ئەلبومی لەسەرتاسەری جیهاندا لێفرۆشراوە، بۆیە یەكێكە لەگرنگترین‌و سەركەوتووترین ئەستێرەكانی ئەم رۆژگارەمان. بەشانازییەوە شایانی نازناوی ئەمیرەی سۆڵە.
ئەلیشیا كیس چەندین خەڵاتی وەرگرتووە، وەك گرامی بیلبۆرد‌و ئەمیریكان ئەوۆردز. ناوبانگ‌و سەركەوتنە بەردەوامەكانیشی كردۆتە پردێك‌و لەرێگەوە كاریكردووە بۆ هەندێك مەسەلە كە جێگەی بایەخی مرۆڤایەتین.
چەند جارێك و لە چەند هەڵمەتێكی فراوانی كاری بەكۆمەڵ لەگەڵا هونەرمەندان‌و چەندین ئەستێرەی تر بەشداریی ئاهەنگ‌و بۆنەی گەورەی كردووە، وەك ئەو ئاهەنگە گەورەیەی لەپێناوی بڵاوكردنەوەی هۆشیاری دەربارەی نەخۆشیی سیدا بەڕێوەیانبرد. بەشداریی ئاهەنگێكی گەورەی كرد لەگەڵا كۆمەڵەی لایڤ بیت كە هۆشیاریی پێویست دەدەنە گەنجانی ئەمریكا بۆ دووركەوتنەوە لەئەگەری تووشبوون بەسیدا.
(بەخشین كارێكی گرنگە. هەر كەسێك، سەر بەهەر دەوڵەتێك بێت، پەیڕەوی هەر ئاینێك بێت، باری ئابووریی هەر چۆنێك بێت، دەبێت بەشداریی شتێك بكەین. هاوكاریكردنی منداڵ تا لەژیاندا ماون، ئەمە ئەو شتەیە هەموو كاتێك، هەموومان دەیكەین. هەموو رۆژێك دەتوانین شتێكی تر بكەین).
ئەلیشیا كیس باڵیۆزی جیهان‌و ئەندام‌و دامەزرێنەری كۆمەڵەی (منداڵێك رزگاربكە تا لەژیاندا ماوە). لەو پێناوەشدا چەندین وڵاتی كیشوەری رەشی ئەفریقا گەڕاوەو كاری لێبڕاوانەی كردووە بۆ گرنگیدانی زیاتر بەمنداڵانی سیدا.
ئەو رێكخراوەو داهات‌و بودجەكەی هاوكارێكی گەورە بووە بۆ ژمارەیەكی زۆری منداڵی تووشبوو بەسیدا. چونكە ئەوان سوودمەندبوون لەپارەی ئەو كۆمەڵەیە لە دابینكردنی دەرمان بەخۆڕایی‌و هەوڵدان بۆ چارەسەركردنی پزیشكی.
كۆمەڵەكەی ئەلیشیا كیس، كۆمەڵەیەكی قازانج نەویستەو هەوڵێكی زۆری خستۆتەگەڕ بۆ هاوكاریكردنی منداڵانی تووشبوو بەسیداو خێزانەكانیان لەزاڵبوون بەسەر نەخۆشییەكەو دابینكردنی داو و دەرمانی پێویست.
بەپێی ئامارو زانیارییەكانی ئەو كۆمەڵەیە، لەسەرتاسەری جیهاندا نزیكەی 17 ملیۆن منداڵ بەهۆی تووشبوون بە سیداوە دایك یان باوكیان لەدەستداوەو پێشبینیی زیادبوونی گەورەی ئەو ژمارەیەش كراوە لەساڵانی نزیكی داهاتوودا.
ئەلیشیا كیس كاتەكانی خۆی بە باشی رێكخستووە، تەنانەت ئەو كاتانەشی كە سەرقاڵی كاری بەردەوامە بۆ ئەلبومێكی نوێ‌ كاتێ پێویست دەدۆزێتەوە بۆ گرنگیدانی بەوانی تر.
(بەشداریكردنم لە رێكخراو و كۆمەڵە خێرخوازییەكان بەلای منەوە شتێكی زۆر گرنگە.. ئەوە هیواو ئیمانم دەداتێ. زۆر باشە ئێمە لەهەموو ناوچەكانی گۆی زەوییەوە هاوكاری یەكتری بین. كارەكانم لە رێكخراوەكەی خۆم كارێكی گەورەیە چونكە دەرمان‌و چارەسەری بەردەست دەدەینەوە ئەو منداڵانەی تووشی سیدا بوون، ئەو دەرمانانەی ژیانیان پێدەبەخشێتەوە، خۆیان ناتوانن بیكڕن، ئێمە هاوكارییان دەكەین. كارێكی گەورەو پیرۆزە كە هەموومان دەست لەناو دەست‌و پێكەوە كاربكەین‌و هاوكاریی یەكتری بكەین، لەهەمووشی گرنگتر تا بتوانین هاوكاریی منداڵان بكەین).
بە بۆنەی رۆژی جیهانیی سیداوە لەساڵی 2006 و بەهاوكاری لەگەڵا هونەرمەندێكی تر بەناوی بۆنو ئەلبومێكیان بڵاوكردەوە بەناوی (خۆتان مەدەن بەدەستەوە) كە پاشان ناوەكەی گۆڕدرا بە (ئەفریقا خۆت مەدە بەدەستەوە)، ئەمەش هەنگاوێكی گەورەبوو و كاریكردە سەر ژیانی چەندین كەسی تووشبوو بە سیداو هۆشیاریی زیاتریش لەبارەی سیدا بڵاوكرایەوە.
ئەلیشیا كیس لەم دنیایەدا تەنها گۆرانی‌و مۆزیك پێشكەش ناكات، بەڵكو كارێكی گرنگتریش دەكات، ئەو لە رێگەی دابینكردنی دەرمانەوە هاوكاریی تووشبووانی سیدا دەكات، بایەخێكی تایبەتیش بەمنداڵە نازدارە بێدایك‌و باوكەكان دەدات.ئەو هەرچەندە بە تەمەن بچووكە، بەڵام كاری گەورە دەكات‌و چاوی لەكاری گەورەترو كاریگەرتریشە.

خاك-كوردستانی نوێ






زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved