27/3/2018 02:29 PM

شوناسی گێڕەرەوە لە ڕۆمانی مەرگی مێژوونووسدا

هۆزار ئه‌حمه‌د

 
لەتەکنیکی گێڕانەوە، نەبوەتە مەرج فیگوڕی سەرەکەی گێڕەرەوە بێ، بەڵکو گێڕەرەوە بەڕۆڵی لاوەکیش بێ، دەبێ شوناسی ھەبێ لە مەسرەحی ڕووداوەکانی فەزای ڕۆماندا، تاوەکو وەک شاھێدێک بەڵگەی بەردەست بێ، کە ھەڵگری شوناسی گێڕەرەوەیە، ئەمەش پەیوەستە بە چۆنیەتی گێڕانەوە. ئارام سدیق نوسیویەتی:-» ھەمووان دەتوانن بگێڕنەوە، بەڵکو ھونەر ئەوەیە چۆن دەگێڕدرێتەوە؟ ئەم خاڵە سەرەتایەکە بۆ ئەوەی کە جیاوازی بکرێت، لەنێوان گێڕانەوەی نوسەرێک لەگەڵ نوسەرێکی تردا»*. یا دەتوانین لەڕوویەکی تر بڵێین بەڵکو ئەو خاڵە جیاوازی دروست دەکا لەنێوان دوو کاراکتەر وەک تابحی نوسەر، ئایا لەگێڕانەوەی ھەر یەک لە گێڕەرەوەی ناو ڕۆمانەکە ئێمە دەکەوینە بەردەم دوو گێڕەرەوە کە تابحی نوسەرێکن و سەربەخۆشن؟ یا ئەوەتا نوسەر وەک گێڕەرەوەی حیکایەت و کلاسیک دەربارەی ھەمووان دەدوێ وەک ئەوەی بریتی بێ لە ھەریەکەیان؟
چیڕۆکی ڕۆمانەکەی ئارام شێخ وەسانی، لە زانکۆیەوە دەست پێدەکات. کاتێ مامۆستا داوای نوسراو یا چیڕۆک لە قوتابیەکانی دەکا، لەبارەی شەڕی ناوەخۆ، ھاو ئەرکی کامیار و ھالە کە دوو قوتابین، لەسەر مێزی ئەشق کۆیان دەکاتەوە، تا ئەو کاتەی ئوتومبێلێک خۆی بە کامیار دادەکێشێ. ھەمان ڕووداو لە فۆڕمی تر پاتە دەبێتەوە، کاتێ کامیار ئوتومبێڵەکەی بە مەرداسی پیردا دەکێشێ. ئەو کاتەیە کە مەرداس ھاتۆتە شار بەدوای بەڵگەنامەو دەستنوسەکانی مێژووی بنەماڵەکەیان کەلای خەلیلی مێووژ فرۆشە، لە درێژەیدا کامیار و ھالەی خێزانی، بۆ پاکانەی خۆیان لەھەمبەر مەرداس، بەدوای خەلیلدا دەگەڕێن، دوای دەستخستنی زانیاریەکان دەردەکەوێ بەڵگەنامەکان لای ھاوسێکەی خەلیلە بە ناوی ئیسماعیلی چیایی.*
دەکرێ نوسەر وەک گێڕەرەوە لە زاری کاراکتەرێکەوە شوناسی خۆی وێنا بکا. وەک کاراکتەرەکە گێڕەرەوە و شایەدی ھەموو ڕوداوەکان بێ. یاخود دەکرێ چەند کاراکتەرێک ئەم ڕۆلە ببینن، نوسەر پەیوەندی نێوان ئەو کاراکتەرانە بە شێوەی زنجیرە بۆ مەبەستی گێڕانەوەی گێڕەرەوە، وێنا بکا. وەک ڕۆمانەکانی خالید حوسەینی، ئەو مەبەستە بۆ ئەوەیە تا زنجیرەی گێڕانەوە نەپچڕێ، لێرەدا گێڕەرەوە بۆ گێڕەرەوەیەکی تر درێژە بە زنجیرەی گێڕانەوە دەدەن. لەمەرگی مێژوونوسدا، نوسەر دوو ڕۆلی ھەیە، یەکەمیان وەک گێڕانەوەی حیکایەت و کلاسیک بێلایەنە، بێ ئەوە لە زاری کاراکتەرێکەوە شوناسی گێڕەرەوە دیاری بکا. ڕۆلی دووەم دیاری کردنی شوناسی گێڕەرەوەیە، کە نوسەر لە دووبەش دیاری کردووە.
ئەوەی لەو ڕۆمانەدا دیاربوونی شوناسی گێڕەرەوەی کردۆتە گرفت، ئایا نوسەر کامیانە(کامیار، ھالە، مەرداس)! بێگومان ھەمووی وێنای ئایدیای نوسەرن، کەتیایدا کەسەکان ھەڵگری بیروبۆچونێکن یا ڕەفتارگەلێکن بۆ گرێدانی ئەو باکگراوندەی نوسەر کە مەبەستیەتی.* ھەرچەندە نوسەری ئەو ڕۆمانە لە ١٢ بەشی ڕۆمانەکە، شوناسی گێڕەرەوە دەست نیشان دەکا. یەکیان لەبەشی دووەمە کەلەسەر زاری مەرداس گێڕەرەوەیە، کاتێ مەرداس دێ بۆ شار لەپێناو دۆزینەوەی خەلیلی مێووژ فرۆش. لەشوێنێکی تر کە بەشی «١٠»یە، دەڵێ» لەو ماوەیەدا کە چاوەڕێی ئیسماعیلی چیایی بووم..»، لەسەر زاری کامیار دەبێتە گێڕەرەوە، خوێنەر دڵنیایە کە تەنیا کامیارە بە دوا داچوون بۆ بەڵگەنامەکان دەکا، لەبڕی مەرداس. بەڵگەنامەکانیش لای ئیسماعیلی چیاییە. وە لەدەستپێکی چیڕۆکەکە نوسیویەتی:-» چیڕۆکەکە لێرە دەستپێ دەکا، واباشە ھەر ئیستا بیگێڕمەوە..» لێرەدا شوناسی گێڕەرەوە دیار نیە، کە کێ ڕۆلەکەی لەئەستۆ گرتووە، وەک گێڕەرەوەی حیکایەت، کەچی لە دووبەشەکەی پێشوتر کە ئاماژەمان پێکرد، جارێک لەسەر زاری کامیار جارێکیش لەسەر زاری مەرداس گێڕەرەوەی وێنا کردووە. ئەڵبەتە بێجگە لەم دووبەشە، باقی بەشەکانی تر وەک دەستپێکی ڕۆمانەکە، نوسەر شوناسی گێڕەرەوەی دیاری نەکردووە! خوێنەر بەسەرلێشێواوی چیڕۆکەکە دەخوێنێتەوە، بێ ئەوەی بزانێ ڕووداوەکان لەکام سەرچاوەی گێڕەرەوەن!
وەک چاوشرکێ جارناجارێک دەردەکەوێ دواتر ون دەبێ، بەبێ ئەوەی بزانێ کامە شوناس ڕۆلی گێڕانەوەی دیوە، خوێنەر وەک قازیەکە کە پارێزەرێکی بێ بەڵگە لە بەردەمی دەدوێ.
لەگەڵ ئەوەشدا، لەتەواوی ڕۆمانەکە گێڕەرەوە زۆر بەوردی دەربارەی خەیاڵدان و نیگەرانی و جەدەلی کاراکتەرەکان دەدوێ، ئەم وێنەیە بۆ یەک گێڕەرەوە مەحکومە، وەک بینیمان دوو شێوەی جیاواز گێڕەرەوە ھەن لەم ڕۆمانەدا.

سەرچاوەکان:-
*ئارام سدیق:- نەمری و گێڕانەوە، لێکۆڵینەوە، بەڕێوبەرایەتی چاپخانەی سلێمانی، چاپی یەکەم ٢٠١٢، لا١٨٠.
*گۆڤاری نەوشەفەق، یوسف لەتیف:- نزیکایەتی قامچی لە ڕۆمانێکی واقعی، ژ ٨٧، شوباتی ٢٠١٢.
*ئارام شێخوەسانی:- مەرگی مێژوونوس، ڕۆمان، چاپخانەی ڕۆژھەڵاتی ھەولێر، چاپی یەکەم ٢٠١٦




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved