28/3/2018 02:33 PM

ئەوەی لە بارەی هۆکینگەوە نەتزانیوە

ستیڤن هۆکینگ، زانای بلیمەتی فیزیای تیۆری بەریتانی کە بەهۆی نەخۆشیەکی دەگمەنی لە کارکەوتنی سیستمی دەماریی دووچاری لەکارکەوتنی تەواوی جەستەیی ببوو، چەندین کتێبی بڵاوکراوەی هەبوو لەسەر نهێنیەکانی گەردوون، كۆتایی هەفتەی رابردوو لە تەمەنی 76 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.
لە لایەن زۆربەی خەڵکەوە بە مەزنترین زانای زیندووی جیهان دادەنرا، هۆکینگ جگە لەوە گەردوونناس، ئەستێرەناس، بیرکاریزان و نووسەری ژمارەیەك کتێبە لە ناویاندا کتێبی «کورتەیەك لە مێژووی کات» کە زیاتر لە 10 ملیۆن دانەی لێفرۆشراوە.
هۆکینگ و زانای بواری فیزیا رۆجەر پێنرۆز، تیۆری ڕێژەیی ئەنشتاینیان لەگەڵ تیۆری کوانتەم تێکەڵ کردبوو کە تێیدا ئەوە ڕوون دەکەنەوە شوێن و کات لەگەڵ تەقینەوە گەورەکە (بیگ بانگ) دەست پێدەکەن و لەناو کونە ڕەشەکانی گەردووندا (بلاك هۆڵس) کۆتاییان دێت.
هۆکینگ ئەوەی ئاشکراکردبوو کونە ڕەشەکان بە تەواوی ڕەش نین و وزە دەنێرنە دەرەوە و لە کۆتاییدا دیار نامێنن و لە ناو دەچن.
هۆکینگ لە ساڵی 1963 و لە تەمەنی 21 ساڵیدا تووشی نەخۆشی کوشندەی لە کارکەوتنی سیستمی دەماری بوو، پزیشکەکان لە سەرەتادا چەند ساڵێكی کەمیان بۆ دیاریکردبوو بۆ ئەوەی بژی، ب ەهۆی ئەم نەخۆشییەوە، هۆکینگ بە تەواوی جەستەی لە کارکەوتو و بە درێژایی ژیانی لەسەر کورسیەك بوو، دەیتوانی تەنیا چەند پەنجەیەکی کەمی دەستێکی بجووڵێنێت و بۆ خۆشتن و خۆگۆڕین و خواردن و تەنانەت قسەکردنیش پشتی بە کەسانی دیکە و تەکنۆلۆژیا دەبەست.
ئەو فیزیاناسە گەورەیە بە هۆی کۆمپیوتەرێکەوە دەیتوانی بە شێوەزاری ئینگلیزی- ئەمەریکی قسە بکات.
هۆکینگ لە بارەی خۆیەوە وتویەتی «هەوڵ دەدەم ژیانێکی ئاسایی بژیم و بیر لە بارودۆخی خۆم نەکەمەوە و خەم بۆ ئەو شتانە نەخۆم کە ناتوانم بیانکەم.»
هەروەها لە بارەی نەخۆشیەکەیەوە هۆکینگ وتویەتی «هەستم کرد کە ئەوە زۆر نادادپەروەرانەیە- بۆچی من دەبێت ئەم نەخۆشیەم تووش ببێت. من بەختەوەر بووم کە نەخۆشیەکەم بە شێوەیەکی هێواش تەشەنەی دەکرد، کە زۆرجار ئەم نەخۆشیە وانییە، بەڵام مرۆڤ پێویستە بێ هیوا نەبێت.»
هۆکینگ لە بەرواری 8ی مانگی یەکی ساڵی ١٩٤٢- هاوکات لەگەڵ یادی ٣٠٠ ساڵەی کۆچی دوایی ئەستێرەناس و زانای بواری فیزیا گالێلۆ- لەئۆکسفۆرد لەدایكبووە، لەژیانیدا دوو جار هاوسەرگیری کردووە.
لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ سی ئێن ئێن لە مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠٠٨ هۆکینگ وتی «ئەگەر مرۆڤ بتوانێت لە ٢٠٠ ساڵی داهاتوودا لە ناو نەچێت و فێرببێت لە گەردووندا بژیت، ئەوە داهاتوومان گەش دەبێت».
لە بەشێک لە قسەکانی تریدا هۆکینگ وتوویەتی «لەو باوەڕەدام داهاتووی مرۆڤ دەبێت لە گەردووندا بێت، لە ١٠٠ ساڵی داهاتوودا قورسە زەوی لە کارەسات بپارێزرێت، نەك لە هەزار ساڵ و ملیۆن ساڵی داهاتوودا. پێویستە مرۆڤ هەموو هێلکەکانی نەخاتە یەك سەبەتەوە و تەنیا لەسەر یەك هەسارە بژیت.»
هۆکینگ پلەی پرۆفیسۆری بیرکاری لوکاسی هەبوو لە کامبریج، کە ئیساك نیوتن لە نێوان ساڵانی ١٦٦٩ تا ساڵی ١٧٠٢ ئەو پلەیەی هەبووە.
هۆکینگ وتویەتی ئەگەر چانسی ئەوەی هەبێت بتوانێت لە نێوان نیوتن و مارلین مۆنرۆ یەکێکیان ببینێت، ئەوە ئەو حەز دەکات ئەستێرە سینەمایەکە ببینێت.
زانا گەورەکە خاوەنی ١٢ بڕوانامەی شەرەف بووە. لە ساڵی ١٩٨٢ پلەی فەرماندەی ئیمپراتۆریەتی بەریتانی پێ بەخشراوە کە ئەمەش شەرەفێکی گەورەیە بۆ هاووڵاتیەکی بەریتانی بتوانێت ئەم پلەیە بەدەست بێنێت کە یەك پلە لە خوار پلەی پاشاوەیە.
سەرەڕای ئەوەی هاوڵاتیەکی بەریتانی بووە، هۆکینگ لە ساڵی ٢٠٠٩ لە لایەن باراك ئۆباما سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاوە مەدالیای ئازادی سەرۆکایەتی ئەمەریکای پێبەخشراوە کە بەزرترین خەڵاتی شەرەفی ئەمەریکایە.

خاك- ئاژانسەكان







زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved