ئاوی گه‌ڕاوی ناحیه‌ی خورماڵ، یه‌كێكه له‌و سه‌رچاوانه‌ی خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌و شاره‌كانی تریش وه‌ك چاره‌سه‌ری نه‌خۆشییه‌كان به‌تایبه‌ت نه‌خۆشی پێست به‌كاریده‌هێنن. وه‌كو له مێژووی ناوچه‌كه‌دا باسكراوه، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ساڵی 1917 و له ئه‌نجامی ته‌قینه‌وه‌ی بوركاندا ئه‌م ئاوه دروستبووه، جگه له‌م ناوچه‌یه به‌پێی سه‌رچاوه‌و گێڕانه‌وه‌كان له 18 له ناوچه‌ی تریشدا هه‌یه وه‌ك (پێنجوێن، سماقولی، بانی خێڵان، حمام علیل له موسڵ...و چه‌ند ناوچه‌یه‌كی تر). به‌ڵام باشترینیان به‌پێی ئه‌نجامه‌كان حمام علیل له موسڵ و ئه‌م گه‌ڕاوه‌ی ناوچه‌ی خورماڵه. عه‌لی ئه‌حمه‌د سه‌رپه‌رشتیاری ئاوی گه‌ڕاوی خورماڵ بۆ سایتی خاك وتی: ئه‌م ئاوه له سه‌ره‌تای دروستبوونیه‌وه تائێستا بێ هیچ گۆڕانكارییه‌ك له‌ڕێژه‌ی زۆربوون و كه‌مبوونه‌وه‌ی یان هه‌رشتێكی تر بوونی هه‌یه، سه‌رچاوه‌كه له دوو ژوور پێكهاتووه (پیاوان و ژنان)، ئه‌م ئاوه هه‌میشه گه‌رمه‌و مادده‌ی گۆگردی تێدایه رێژه‌كه‌ی به‌رزه كه ده‌بێته هۆی چاره‌سه‌ر بۆ چه‌ند نه‌خۆشییه‌ك، وه‌ك نه‌خۆشییه‌كانی (حه‌ساسیه‌تی پێست و قورگ، سه‌ده‌ف، ئه‌گزیما، به‌ڵه‌كی و چه‌ند نه‌خۆشییه‌كی تر). وتیشی: ئه‌م ئاوه ته‌نها چاره‌سه‌ری ئه‌و نه‌خۆشیانه ده‌كات كه به‌سه‌ر رووی پێسته‌وه دیارن و ئاسه‌واریان هه‌یه، به‌پێچه‌وانه‌وه ئه‌و نه‌خۆشیانه‌ی له‌سه‌ر رووی جه‌سته ئاسه‌واریان نه‌بێت پێویسته پزیشكی پسپۆڕ پشكنینی تایبه‌تی بۆ بكات. عه‌لی ئه‌حمه‌د باسی له شێوازی به‌كارهێنانی ئه‌و ئاوه بۆ چاره‌سه‌ری نه‌خۆشییه‌كان كرد‌و وتی: ئه‌و كه‌سانه‌ی دێنه ئێره بۆ چاره‌سه‌ر، ده‌بێت ته‌مه‌نیان له‌نێوان 1 تا 80 ساڵ بێت و لاشه‌یان یان ده‌موچاویان پاك بێت و هیچ جۆره ده‌رمانێك و ماكیاژێك یان چه‌ورییه‌كی پێوه نه‌بێت، چونكه ئاوه‌كه خۆی چه‌وره‌و كار له‌سه‌ر چه‌وری ناكات، هه‌روه‌ها ده‌بێت بۆ ماوه‌ی 10 تا 15 خولهك له‌م ئاوهدابمێنێتهوهو ته‌نها به ئاوه‌كه خۆی بشوات به‌بێ به‌كارهێنانی سابوون یان هه‌ر كه‌ره‌سته‌یه‌كی تر، ئه‌مه جگه‌له‌وه‌ی دوای خۆشتنی به‌م ئاوه ده‌بێت بۆ ماوه‌ی 24 كاتژمێر پێوه‌ی بمێنێته‌وه‌و هیچی تر به‌كارنه‌هێنێت، به‌مجۆره سوودێكی باشی پێده‌گات و ده‌بێته چاره‌سه‌رێك بۆ نه‌خۆشییه‌كه‌ی. به‌پێی قسه‌ی ئه‌و سه‌رپه‌رشتیاره، له‌م ناوچه‌یه‌دا كه ئه‌و ئاوه‌ی لێیه، جگه له (ئاڵتون/زێڕ) به‌هیچ جۆرێك كه‌ره‌سته‌كانی وه‌ك مس و فافۆن و ئاسن خۆی ناگرێت و ده‌توێته‌وه یان ژه‌نگ دروستده‌كات، بۆیه له‌و شوێنه هیچ مێروویه‌ك یان هیچ جۆره زینده‌وه‌رێك بوونی نییه له‌به‌ر به‌هێزی هه‌ڵمی ئاوه‌كه، هه‌روه‌ها ته‌زووی كاره‌باش ته‌نها بۆ ماوه‌یه‌كی كورتی چه‌ند خوله‌كی له‌م ناوچه‌یه‌دا كارده‌كات و پاشان سه‌رجه‌م كه‌لوپه‌له‌كان له‌كارده‌كه‌ون. له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م دوو ژووره ئاوێكی سازگاری هه‌ڵقوڵاوی تر هه‌یه جیاواز له دوو سه‌رچاوه‌كه‌ی تر، به‌پێی قسه‌ی سه‌رپه‌رشتیاره‌كه ئه‌م ئاوه بۆ خواردنه‌وه ده‌بێت و هه‌مان جۆری گۆگردی تێدایه، به‌ڵام رێژه‌كه‌ی كه‌مه، بۆیه ده‌كرێت بۆ خواردنه‌وه‌و چاره‌سه‌ری نه‌خۆشییه‌كانی قورگ و گه‌ده به‌كاربهێنرێت. ئه‌م ئاوه ده‌چێته‌وه ناو ئاوی سه‌ره‌كی ئه‌حمه‌دئاوا، به‌ڵام تێكه‌ڵ به ئاوی سازگارو شیرینی ماڵان نابێت و به‌رێڕه‌وی تایبه‌تی خۆی كه ره‌نگێكی سپییه به كه‌نار رووباره‌كه‌دا تێده‌په‌ڕێت و به به‌رزبوونه‌وه‌ی پله‌ی گه‌رما خه‌ستر ده‌بێته‌وه‌و به شیوازێكی جیاواز ده‌رده‌كه‌وێت. خاك – تانیا ئاواره
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure