له‌كاتی له‌دایكبوونی منداڵدا كۆمه‌ڵێك بۆشایی له ئێسكی سه‌ردا هه‌یه كه دیارترین و گه‌وره‌ترینیان ئه‌وه‌یه له به‌شی پێشه‌وه‌ی سه‌ردا هه‌یه‌و پێیده‌ڵێن مه‌ڵاشوو. مه‌ڵاشوو قه‌باره‌یه‌كی دیاریكراوی هه‌یه‌و له ماوه‌یه‌كی دیاریكراودا داده‌خرێت ئه‌ویش (9-18) مانگه، پێویسته مه‌ڵاشوو ته‌خت بێت و نیمچه نه‌رم بێت، هه‌ندێجاریش لێدانی هه‌یه وه‌ك لێدانی خوێنبه‌ر. له وه‌ڵامی پرسیارێكی سایتی خاك-دا سه‌باره‌ت به سووده‌كانی و كه‌وتنی مه‌ڵاشووی منداڵ، د.پشده‌ر عه‌بدوڵلا پزیشكی پسپۆڕی منداڵان وتی: سووده‌كانی مه‌ڵاشوو بۆ منداڵ ئه‌مانه‌ن: 1- له‌كاتی له‌دایكبوونی منداڵدا یارمه‌تیده‌ر ده‌بێت بۆ تێپه‌ڕبوونی كۆرپه‌له به‌ناو له‌شی دایكه‌كه‌دا، چونكه ئێسكه‌كانی سه‌ر ده‌چنه سه‌ریه‌ك به‌هۆی بوونی ئه‌و بۆشاییانه له سه‌ردا. 2- یارمه‌تیده‌ر ده‌بن بۆ گه‌وره‌بوون و گه‌شه‌ی مێشك، واته ئه‌گه‌ر ئه‌م بۆشاییه زوو دابخرێت و ئێسكه‌كان یه‌كبگرن، ئه‌وا مێشك ناتوانێت له‌وه زیاتر گه‌وره بێت و گه‌شه بكات. 3- له‌ڕێگه‌ی ئه‌م بۆشاییه‌وه زانیاری له‌سه‌ر مێشك له‌ڕێگه‌ی سۆنه‌رو ئامێری تری دیاریكردنی نه‌خۆشی به ئاسانی وه‌رده‌گیرێت. 4- پزیشك له‌ڕێگه‌ی ده‌ستلێدانی ده‌توانێت زانیاری ده‌ستبكه‌وێت له‌سه‌ر په‌ستانی ناو مێشك، بۆ نموونه ئه‌گه‌ر چاڵ بووبێت واتا نه‌خۆشه‌كه له‌وانه‌یه وشكبووبێتهوه، یان ئه‌گه‌ر ده‌رچووبێت له‌وانه‌یه په‌ستانی ناو مێشك زیادی كردبێت. هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا كه ده‌بێت ئاگاداربن له‌كاتی گریان و پاڵكه‌وتن و رشانه‌وه مه‌ڵاشوو بۆ ده‌ره‌وه ده‌رده‌چێت. هه‌روه‌ها هه‌ندێك كه‌س له‌كاتێكدا كه مه‌ڵاشوو ده‌چێت بهناوهوهو چاڵ ده‌بێت له‌كاتی وشكبوونه‌وه‌دا په‌ستان ده‌خه‌نه سه‌ر به‌شی سه‌ره‌وه‌ی ناو ده‌م، وا ده‌زانن مه‌ڵاشووی منداڵه‌كه‌یان كه‌وتووه‌و به‌وه ده‌یهێننه‌وه، به‌ڵام نازانن كه ئێسكێكی زۆر پته‌و له‌نێوان ده‌م و مێشكدا هه‌یه كه به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ئه‌و په‌ستانه كاریگه‌ری نیه، به‌ڵكو ته‌نها ئازاری منداڵه‌كه ده‌دات، واتا مه‌ڵاشوو به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ناكه‌وێت.
خاك - تانیا ئاواره
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure