3/4/2018 09:23 AM

رازیانه‌، پزیشكی سروشتی ناوماڵ

رازیانه‌، رووه‌كێكی بۆنخۆش و تامخۆشه‌و گیایه‌كی ساڵانه‌ییه‌و گه‌ڵاكه‌ی ددانداره‌و گوڵه‌كه‌ی سپیه‌و به‌ره‌كه‌ی قاوه‌یی و ورده‌. به‌ عه‌ره‌بی پێیده‌ڵێن (ینسون – تقده‌) به‌ ئینگلیزیش پێیده‌وترێت  Anise -Cumin – Vulgare، ناوه‌ زانستییه‌كه‌شی pimpinella anisum . هه‌روه‌ها له‌ وڵاتانی میسرو كوێت و یۆنان و هه‌ندێك له‌ ناوچه‌كانی ئاسیا ده‌ڕوێت.

رووه‌كناس هاوڕاز قادر باس له‌ سووده‌كانی رازیانه‌ بۆ سایتی خاك ده‌كات و ده‌ڵێت: رازیانه‌ سوودی زۆره‌، به‌وپێیه‌ی گه‌ر كیسه‌یه‌ك رازیانه‌ له‌ناو دۆڵابی جلوبه‌گدا دابنێیت، بۆنی خۆشده‌كات و مارو مێرو لێی نزیكنابنه‌وه‌. هه‌روه‌ها سوودی زۆره‌ بۆ كۆڵنج و ته‌شه‌نوجات، ئه‌وه‌ش به‌هۆی بوونی مادده‌ی ئه‌نیتۆل كه‌ یارمه‌تیده‌ری هێمنكردنه‌وه‌یه‌. ئه‌مه‌ جگه‌له‌وه‌ی بۆ هه‌رس و قه‌بزی و غازات سوودی هه‌یه‌ گه‌ر وه‌ك چا بخورێته‌وه‌و ریخۆڵه‌كانیش پاكده‌كاته‌وه‌. 

ده‌شڵێت: رازیانه‌ یه‌كێكه‌ له‌و ده‌رمانانه‌ی بۆ دابه‌زینی كێش به‌كارده‌هێنرێت، به‌وپێیه‌ی رۆڵی هه‌یه‌ بۆ به‌هێزكردنی سیستمی به‌رگری له‌ش و دابه‌زاندنی ئاستی كۆلیتسیرۆڵ له‌ خوێن و خۆپاراستن له‌ توشبوون به‌ شێرپه‌نجه‌ی ریخۆڵه‌، چونكه‌ رازیانه‌ چه‌ندین مادده‌ی گرنگ له‌خۆده‌گرێت وه‌كو ڤیتامینه‌كانی (C،E،A،B1،B2،B3)، هه‌روه‌ها كانزاكانی (مه‌نگه‌نیز، پۆتاسیۆم، مه‌گنسیۆم، زینك، كالسیۆم، كۆپه‌ر، سیلینیۆم، ئاسن) له‌خۆده‌گرێت. ئه‌مه‌ جگه‌له‌وه‌ی ده‌بێته‌ هۆی كه‌مكردنه‌وه‌ی ئه‌گه‌ری توشبوون به‌نۆره‌ی دڵ.


خاك - تانیا ئاواره‌




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved