3/4/2018 09:27 AM

دۆڤلەتۆڤ نمایشدەکرێت

فیلمی سینەمایی "دۆڤلەتۆڤ" لە دەرهێنانی "ئالێکسی جێرمان ـ جۆنیۆر" لە سی و شەشەمین فێستیڤاڵی جیهانی فیلمی فەجر لە تاران نمایش دەکرێت.

فیلمی سینەمایی "دۆڤلەتۆڤ" Dovlatov لە دەرهێنانی سینەماکاری رووسی "ئالێکسی جێرمان ـ جۆنیۆر" Aleksey German-junior براوەی خەڵاتی "ورچی نوقرەیی" Silver Bear  بۆ بەشی "باشترین دەستکەوتی هونەری" لە شەست و هەشتەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "بەڕڵین" لە ساڵی 2018 ناسراو بە "بەڕڵینالە" Berlinale لە بەشی "سینەمای سەعادەت" Cinema Salvation واتە بەشی "پێشبڕکێی نێودەوڵەتی" بۆ فیلمە بڵیندە سینەمایی و کورتە فیلمەکان لەمیانەی سی و شەشەمین خولی فێستیڤاڵی جیهانی فیلمی فەجر FIFF بەشداری دەکات و دەرهێنە و "ئێلێنا ئۆکۆپنایا" Elena Okopnaya  دیزاینی سەحنەی ئەم بەرهەمە سینەماییە لە شاری تاران ئامادەدەبن و ڤۆرکشۆپی فێرکاری بۆ هۆگرانی هونەری سینەما لە وڵاتی ئێران و وڵاتانی جیهان دەکەنەوەو هەروەها لە رێوڕەسمێک کە پێش لە نمایشی فیلمەکەیان لە کۆشکی فێستیڤاڵی جیهانی فیلمی فەجر بەڕێوەدەچێت، ئامادەدەبن و سەبارەت بە بەرهەمەکەی خۆیان قسەدەکەن.

فیلمی سینەمایی "دۆڤلەتۆڤ" بەرهەمێکی ژیاننامەیی "ئالێکسی جێرمان ـ جۆنیۆر"ە کە  6 رۆژ لە ژیانی "سێرگئی دۆڤلەتۆڤ"ی Sergey Dovlatov بە وێنەگرتووە کە یەکێکە لە خۆشەویسترین نووسەرانی رووسیا لە دوایین ساڵانی سەدەی بیستەم.

فیلمی سینەمایی "دۆڤلەتۆڤ" چیرۆکی "سێرگئی دۆڤلەتۆڤ" نووسەر بۆ بینەر دەگەڕێتەوە کە ساڵی 1971 لە شاری لێنینگراد دەژی و سەرقاڵی سەفەرکردنی هەڤاڵەکەیەتی بە ناوی "یوسێیف برۆدسکی" Joseph Brodsky کە لە ساڵانی دواییدا خەڵاتی نۆبێلی ئەدەبی بەدەستهێنا، ئەوە لەحاڵێکدایە کە ئەو لەو بڕوایەدایە کە لە وڵاتەکەی خۆی بمێنێتەوەو ژیانی ئاسایی لەگەڵ "ئالنا"ی هاوسەری و "کاتیا"ی کچی تێپەڕبکات. نووسراوەکانی دۆڤلەتۆڤ بەردەوام لەلایەن میدیا رەسمییەکانەوە وەرناگیرێت چونکە بە ڕوانینێکی نەگونجاو هەڵدەسەنگێندرێن.

فیلمی سینەمایی دۆڤلەتۆڤ لە یەکەمین بەشداری نێودەوڵەتی خۆیدا لە بەشی پێشبڕکێی شەست و هەشتەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "بەڕڵین" لە ساڵی 2018 چووەسەر پەردەی سینەماکان و خەڵاتی "ورچی نوقرەیی" ئەم فیستیڤاڵە گرینگەی بۆ بەشی "باشترین دەستکەوتی هونەری" بەدەستهێنا کە بە "ئێلێنا ئۆکۆپنایا" بەخشرا کە دیزاینی سەحنەو جلوبەرگی ئەم بەرهەمە سینەماییەی لە ئەستۆدا بووە.

خاڵی سەرنجڕاکێش ئەوەیە کە هاوکاری پێشووی "ئێلێنا ئۆکۆپنایا" لەگەڵ "ئالێکسی جێرمان ـ جۆنیۆر" فیلمێکی سینەمایی درامی ـ زانستی و خەیاڵاوی بوو بەناوی "لەژێر هەورە ئەلەکترونییەکان" Under Electric Clouds کە یەکەمین چالاکی سینەمایی ئەم سینەماکارەیە کە لە ماڵپەڕی "ئای.ئێم.دی.بی" IMDB تۆمارکراوە کە لە بەشی شەست و پێنجەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "بەڕڵین" لە ساڵی 2015 ئامادەبوو و خەڵاتی "ورچی نوقرەیی" ئەم فیستیڤاڵەی بۆ بەشی "باشترین دەستکەوتی هونەری" بەدەستهێنا. بەڵام بە جیاوازییەک کە ئەم خەڵاتە بە "ئێوگنی پریڤین" Evgeniy Privin و "سێرگئی میخالچۆک" Sergey Mikhalchuk بەڕێوەبەرانی وێنەگرتنی ئەم بەرهەمە سینەماییەی "ئالێکسی جێرمان" بەخشرا کە ڕووداوەکانی زۆربەی بەرهەمەکانی لە سەردەمی "ژۆزێف ئێستالین" Joseph Stalin و جەنگی جیهانی دووهەم تێپەڕدەبێت و ئەم سەردەمەی مێژوو لە بارودۆخێکی قەیراناویدا وێنە دەگرێت.

زۆربەی فیلمەکانی "ئالێکسی جێرمان ـ جۆنیۆر" بە شێوازی ڕەش و سپی یاخود بە شێوازێک کە ڕەنگوڕوویان پێوەنەمابێت وێنە دەگیرێت و هەر بەم هۆیەوە دیمەنێکی ڕەش و تاریک لەخۆدەگرن.

"ئالێکسی جێرمان ـ جۆنیۆر" ساڵی 2008 بە فیلمی سینەمایی "سەربازی کاغەزی" Paper Soldier لە بەشی پێشبڕکێی نێودەوڵەتی شەست و پێنجەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "ڤێنیز" Venice لە وڵاتی ئیتالیا بەشداری کردو خەڵاتی باشترین دەرهێنانی ئەم فیستیڤاڵە بەنرخەی سینەمای جیهانی بەدەستهێنا.

سی و شەشەمین خولی فێستیڤاڵی جیهانی فیلمی فەجر بە بەڕێوەبەرایەتی "رەزا میرکەریمی" بە بەشداری بەرهەمی سینەماکارانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان لە چەندین بەشی جۆراوجۆری پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی، لە رۆژانی 19 تا 27ی ئەپرێلی 2018 لە کۆمەڵەی پەردیسی سینەمایی "چارسوو" لە شاری تاران لە وڵاتی ئێران بەڕێوەدەچێت.

خاك -  مه‌نسور جیهانی






زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved