پ.د.زاهیر له‌تیف كه‌ریم سه‌ره‌تا له‌و پرسیاره‌وه ده‌ستپێده‌كه‌ین كه ده‌ڵێت "ئایا ده‌شێت نووسه‌ر خاوه‌ن هه‌ڵوێسته‌یه‌كی سیاسی بێت یان پێچه‌وانه‌كه‌ی ڕاستره؟" بۆ وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره، ڕه‌خنه‌گری ئینگلیزی تێری ئیگڵیتۆن (1943-)، له‌كتێبه‌كه‌یدا "تیۆری ئه‌ده‌ب" ده‌ڵێت "تیۆری ئه‌ده‌بی نوێ به‌شێكه له‌مێژووی سیاسی و ئایدیۆڵۆژی سه‌رده‌م، به‌ڵكو ئه‌م تیۆره جودا نابێته‌وه له‌بیروڕا سیاسی و فیكری و ئایدیۆڵۆژییه‌كان".له كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیشدا، ئه‌ده‌بی نوێ ده‌رئه‌نجامی چالاكییه جۆراوجۆره‌كانی سیاسه‌ت و فیكر له‌دایكبووه. ڕه‌نگه پێچه‌وانه‌كه‌شی هه‌ر ڕاست بێت. بیرمه‌ندو نووسه‌رو شاعیر، برایم ئه‌حمه‌د له‌میانه‌ی ئه‌و پرسیاره‌ی كه ئاڕاسته‌ی كرابوو ئایا به‌سیاسه‌ت ده‌ستت پێكردووه یان ئه‌ده‌ب؟ له‌وه‌ڵامدا ده‌ڵێت "له‌دوای كاره‌ساتی شه‌شی ئه‌یلوول، من و هه‌ڤاڵه‌كانم، چووینه سیاسه‌ته‌وه. كاتێ زانیمان خه‌ریكی دروستكردنی كۆمه‌ڵه‌یه‌كن به‌ناوی (كۆمه‌ڵی لاوانی كوردستان) یان (كۆمه‌ڵی خوێنده‌وارانی كورد) وتمان با هه‌وڵبده‌ین تۆڵه‌ی شه‌شی ئه‌یلوول بكه‌ینه‌وه... دوای كاره‌ساتی شه‌شی ئه‌یلول، ئیتر سیاسه‌ت بوو به‌شتێكی ڕۆژانه... له‌به‌رئه‌وه به‌باشی ناتوانم ده‌سنیشانی بكه‌م، كه ئه‌ده‌بم له‌پێش سیاسه‌تدا ده‌سپێكرد، یا سیاسه‌تم له‌پێش ئه‌ده‌بدا. به‌ڵام شتێك هه‌یه ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه یه‌كه‌م نووسینم له 1931- 1932 دا بڵاوكراوه‌ته‌وه. جا ده‌بێ سیاسه‌ته‌كه پێشتر بووبێ" (بڕوانه، چه‌ند یادگارێكی مامۆستا برایم ئه‌حمه‌د، د.عه‌بدوڵڵا مه‌ردۆخ). له‌مه‌وه له‌وه ده‌گه‌ین كه برایم ئه‌حمه‌د (بله) به‌هۆی ژینگه سیاسی و سۆسیۆڵۆژی و فیكرییه‌كانی سه‌رده‌مه‌وه له‌یه‌ك كاتدا ده‌ستی بۆ هه‌ر دوو چه‌مكی سیاسی و ئه‌ده‌بی بردووه وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌و دوو جه‌مسه‌ره ته‌واوكه‌ری یه‌كتربن. واته به‌رله‌وه‌ی نووسه‌رو شاعیر بێت ئه‌وا دۆخ و مه‌سه‌له كوردییه‌كان كردار‌و مۆتیڤێكی پۆزه‌تیڤ بوون بۆ خوڵقاندنی گوتارێكی ئه‌ده‌بی كوردی نوێ. لێره‌شه‌وه پرسیارێكی تر دروستده‌بێت كه ده‌ڵێت "برایم ئه‌حمه‌د چی بوو؟". گه‌ڕانێكی خێرا به‌ژیاننامه‌و به‌رهه‌مه ئه‌ده‌بی و شیعرییه‌كانی ئه‌و ڕاستییه حاشاهه‌ڵنه‌گره ده‌رده‌خه‌ن كه ئه‌م خوده بابه‌تی و بكه‌ره به‌رله‌وه‌ی كورد بێت ئه‌وا ئه‌ندامێكی كارای خێزانی مرۆڤایه‌تی بوو. هیچ كات دژی ڕه‌نگ و ده‌نگه جیاوازه‌كان كاری نه‌كردووه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا گه‌ر نیشتمانه‌كه‌ی له نیشتمانه‌كانی تر خۆشتر بووبێت ئه‌وا ئه‌مه كارێكی خۆڕسكی و سروشتتیه‌و له‌به‌ها مرۆڤایه‌تییه‌كانی كه‌مناكه‌نه‌وه. هه‌روه‌ها ته‌نها شاعیر‌و نووسه‌رو سیاسه‌تمه‌دار نه‌بوو، به‌ڵكو بیرمه‌ندێكی وزه‌به‌خشی په‌روه‌رده‌ش بوو. له‌ده‌قه‌كانیدا به‌ئاشكرا هه‌ست به‌گرنگیدانی سستمی خوێندن و فێركردن و خۆشه‌ویستی خاك و نیشتمان و مه‌سه‌له ڕه‌واكانی نه‌ته‌وه‌كه‌یی و مافی دادپه‌روه‌ری و یه‌كسانی و برایه‌تی ده‌كرێت. لێره‌دا كه‌سێتییه‌كه‌ی ته‌واو یه‌كده‌گرێته‌وه له‌گه‌ڵ بیرمه‌ندی فه‌ڕه‌نسی و جیهانی جان جاك ڕۆسۆ كه یه‌كێك بووه له پێشه‌نگه‌كانی شۆڕشی فه‌ڕه‌نسی. به‌مه‌ش، بله كه‌سێكی داخراو نه‌بوو، به‌ڵكو ڕۆڵێكی سه‌ره‌كی بینی له‌بونیادنانی ڕۆشنگه‌ری كوردی كه هه‌تا ئێستا بۆته سه‌رچاوه‌یه‌كی هه‌ره به‌نرخی ڕۆشنبیرییه‌تی كوردی. له‌مه‌شیاندا، ڕه‌نگه، وه‌ك ڕۆشنبیرو ڕوناكبیرێك سوودی له بۆچوونه ئازاده ڕۆشنگه‌رییه‌كانی دیكارت و میكاڤیللی و جۆن لۆك و تۆماس هۆبز بینیبێت. له‌دوای هه‌ره‌س پێهێنانی مه‌مله‌كه‌ته‌كه‌ی مه‌لیك مه‌حمود له‌لایه‌ن ئینگلیزه‌كانه‌وه، بله، هاوشێوه‌ی گۆران و هاوڕێكانی شیخ نوری شیخ ساڵح و ره‌شید نه‌جیب و ئاوڕه‌حمان به‌گی نفوس، له‌هه‌وڵی نوێكردنه‌وه‌ی فۆڕم و ناوه‌ڕۆكی شیعری هاوچه‌رخی كوردیدا بوو. له‌هه‌مانكاتیشدا له‌هه‌وڵی ئه‌وه‌دا بوو كه چۆن ئاستی هۆشیاری تاكی كورد گه‌وره‌ترو باشتر بكات. دیاره ئه‌مه‌ش به‌مه‌به‌ستی تێگه‌یشتن و ڕاڤه‌كردنی مه‌سه‌له‌كانی كورد بوو. ئه‌م قۆناغه له‌مێژووی سیاسی و ئه‌ده‌بی كوردا به‌قۆناغی دوهه‌م و ته‌واوكه‌ری قۆناغی یه‌كه‌می كوردستانی باشوور له‌قه‌ڵه‌م ده‌درێت. هه‌ر له‌م قۆناغه نوێیه‌دا، بله وه‌ك پارێزه‌رو ڕۆژنامه‌نووسێك، بێده‌نگی زوڵم سته‌می دوژمنانی شڵه‌قاندووه، به‌ڵكو تێكیشكاندووه‌و له‌جیاتی ئه‌مه بانگه‌وازی بۆ دادپه‌روه‌ری و مافی چاره‌ی خۆنووسین و دامه‌زراندنی ده‌سه‌ڵاتێكی سه‌ربه‌خۆی كوردستان و پارێزگاری له‌شوناس و كه‌سێتی كورد ده‌كرد. هه‌ر له‌به‌رئه‌مه‌ش بووه كه هه‌میشه له‌نێو ململانێ سه‌خته‌كانی فیكر‌و سیاسه‌تدا خۆی دیوه‌ته‌وه. له‌هه‌مووشیاندا به‌هێزێكی فیكری قورسه‌وه ڕووبه‌ڕوی به‌رامبه‌ره‌كان ده‌وه‌ستایه‌وه. بۆ نموونه، ژانی گه‌ل له‌ڕۆژیكدا نووسرایه‌وه‌و بڵاوبۆوه كه تێكڕای خه‌ڵكی وه‌ك پێویست ئاگاداری ململانێ چینایه‌تی و فیكری و سیاسییه‌كان نه‌بوون. به‌ڵام بله به‌شێوازێكی ئه‌ده‌بی و هێمنانه زۆربه‌ی ئه‌و تاكانه‌ی به‌لای نامه‌كانیدا ڕ‌اكێشا به‌تایبه‌تی ئه‌و نامانه‌ی كه په‌یوه‌ندی ڕاسته‌وخۆیان به چاره‌نووسی نه‌ته‌وه‌كه‌یه‌وه هه‌بوو .واته، له‌زه‌مه‌نی نه‌فامی و نه‌خوێنده‌واری و بێده‌نگییه‌كاندا له‌لایه‌كه‌وه له‌هه‌وڵی دامه‌زراندنی حیزب و ڕێكخراوه جه‌ماوه‌ری و ڕۆشنبیرییه‌كاندا بوو. ئه‌وه‌تا له‌ساڵی 1944 بووه به‌ئه‌ندامی كۆمه‌ڵه‌ی (ژ.ك)وه بوو به لێپرسراوی لقی كوردستانی عێراق. له ساڵی 1946 دا چۆته نێو ڕیزه‌كانی پارتی دیموكراتی كورد‌و لێپرسراوی لقی سلێمانی. له‌ساڵی 1953 دا كراوه به سكرتێری پارتی دیموكراتی كوردستان. له‌نێوان ساڵانی 1939 -1949 ڕۆڵێكی به‌رچاوی بینیوه له ده‌ركردنی گۆڤاری گه‌لاوێژ كه خۆی پێشه‌نگی دامه‌زراندنه‌كه‌ی بووه. له‌لایه‌كی تریشه‌وه، هه‌روه‌ك پێشتر ئاماژه‌مان پێدا، له‌هه‌وڵی تازه‌كردنه‌وه‌ی ئه‌ده‌بیاتی كوردیدا بوو. هه‌ر له‌و زه‌مه‌نه‌دا كه هه‌ژاری و بێكاری و سته‌می ده‌ره‌به‌گایه‌تی باڵی كێشابوو به‌سه‌ر زۆرینه‌ی خه‌ڵكیدا به‌تایبه‌تی گوندنشینه‌كان، برایم ئه‌حمه‌د ته‌واو داكۆكی له‌مافه به‌شخوراوه‌كانی ئه‌و چینه‌ی ده‌كرد. له‌به‌شێك له‌ده‌قه شیعرییه‌كانیدا هه‌میشه جه‌ختی له ئازادی گه‌ل ده‌كات به‌وپێیه‌ی ئازادییه‌كان له‌ڕێگه‌ی فیداكارییه‌كانه‌وه ئه‌نجام ده‌درێت كه به‌لای بله‌وه چینه‌كانی خواره‌وه ده‌توانن به‌ده‌ستی بهێنن: كوردی بێ كه‌س به‌سیه هه‌سته تێپه‌ڕی هه‌نگامی شه‌و ڕۆژی ئازادیت ببینه، تا نه‌مێنێ سامی شه‌و خوێن بڕێژه ، له‌ش بنێژه ، قه‌ت مه‌چێژه تامی خه‌و چونكه قوربانی ئه‌وێ، هه‌ڵهاتنی ڕووی ڕۆژی نه‌و به‌مه‌ش بله ده‌بێته پاڵه‌وانی چینی هه‌ژارو لێقه‌وماوان. هه‌ر له‌به‌رئه‌مه‌شه، شێوازی ده‌ربڕینه زمانه‌وانییه‌كانی زۆر نزیكه له‌زمانی ئه‌و چینه‌وه كه ئه‌مه خه‌سڵه‌تێكه له‌خه‌سڵه‌ته‌كانی شیعری ڕۆمانسی و ڕیالیزمی سۆشیالیستی. ئه‌مه‌ش له‌پێناو گه‌یشتن به‌ناوه‌ڕۆك و بابه‌تی ده‌قه‌كانێتی چونكه بله له‌نزیكه‌وه ئاگاداری ئه‌وه بوو كه شۆڕشه‌كه‌ی له‌ڕێگه‌ی چینه هه‌ژارو ڕه‌نجبه‌ره‌كانه‌وه ئه‌نجام ده‌درێت. ئه‌وه‌تا ده‌ڵێت: ئه‌و ڕۆژه‌ی كه كورد پاڵه و جوتیاری له‌گه‌ڵ كاسبكار، گشت خوێنده‌واری هه‌موو دڵسۆزی دیهات و شاری بڕیاری خۆی دا له‌سه‌ر ڕزگاری گه‌ر به‌تێڕوانینێكی بونیادگه‌ریانه بڕوانینه ده‌قه‌كانی برایم ئه‌حمه‌د ئه‌وا ده‌بینین ئه‌م شاعیر‌و نووسه‌ره له‌هه‌وڵی ده‌ربازبوونی خودی خۆیدایه. ئه‌مه‌ش بۆچوونێك دروستده‌كات كه بله ته‌واو چۆته نێو ڕێبازی فه‌لسه‌فه‌ی دیدگه‌رایی جیهانی و بابه‌تگه‌راییه‌وه. دیدگه‌رایی جیهانی، هه‌روه‌ك ڕه‌خنه‌گری دیدگه‌رایی جیهانی لۆسیان گۆڵدمان ده‌ڵێت، ته‌واو پێچه‌وانه‌ی دیدگه‌رایی خودییه چونكه پانتایی ناوه‌ڕۆك و بابه‌ته‌كان زۆر گه‌وره‌ترن له‌پانتایی خوده‌كان. له‌به‌رئه‌مه‌شه گوتراوه بابه‌ته‌كان ڕووداوێكی فیكری و سیاسی و سۆسیۆڵۆژییه نه‌ك خودی. لێره‌دا گرنگی خود، به‌نموونه‌ی برایم ئه‌حمه‌دێكی بكه‌ر، له‌وه‌دایه كه ده‌ستنیشانی زانیاری و مه‌سه‌له‌كان بكات و به‌پێی سستمێكی فه‌لسه‌فیش ڕێگه‌چاره‌یان بۆ بدۆزێته‌وه. ئه‌م ئه‌ركه به‌تێكڕای خه‌ڵكی ئه‌نجام نادرێت به‌وپێیه‌ی توانای تێبینی و ڕاڤه‌كردنیان لاوازه یان له‌ئاست مانا قوڵه‌كانی گێڕانه‌وه‌و بابه‌ته هه‌ستیاره‌كاندا نین. به‌ڵام به‌لای خودێكی بكه‌ری شاره‌زاوه مانا گه‌وره‌و بچوكه‌كان نابێت به‌ئاسانی تێپه‌ڕ ببن. له‌م ڕوانگه‌یه‌وه له‌كاتێكدا برایم ئه‌حمه‌د ده‌چێته نێو دیدگه‌رایی جیهانییه‌وه ئه‌وا سه‌ره‌تا باش ده‌زانێت كه ئه‌رك و كاره‌كه‌ی بریتیه له كارێكی ده‌سته‌جه‌معی نه‌ك به‌كۆنتڕۆڵكردنی زانیارییه‌كان له‌ڕێگه‌ی خودێكی دیاریكراوه‌وه. ساده‌یی و بێ فیزی بله له‌مه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه چونكه گه‌یشتۆته ئه‌و ڕاستییه‌ی خود به‌خوده‌كانه‌وه به‌هاكانی به‌ده‌رده‌كه‌وێت. هه‌ر له‌به‌رئه‌مه‌شه بابه‌تگه‌رایی خۆی له‌دوو جۆردا ده‌بینێته‌وه كه هه‌ردووكیان له‌برایم ئه‌حمه‌دا بوونیان هه‌یه. یه‌كه‌میان، منێكی خودیی كه گرنگی به‌ماناكانی جیهان و ئه‌زموونه‌كانی ده‌دات وه‌ك دادپه‌روه‌ری و یه‌كسانی و برایه‌تی و تێكۆشان...هتد. دوهه‌میان، منێكی لێبوورده‌یی كه به‌شدار ده‌بێت له‌گه‌ڵ چه‌مكه جیهانییه‌كاندا به‌ده‌ر له‌به‌رژه‌وه‌ندییه ته‌سكه میتریاڵییه‌كان. به‌ئاڕاسته‌یه‌كی تر، دیدگه‌راییه جیهانییه‌كه‌ی لۆسیان گۆڵدمان گرنگی ته‌واو به‌ڕاستییه سۆسیۆڵۆژی فیكری و ئابوورییه‌كانی تێكڕای خه‌ڵكی ده‌دات كه دواتر ڕێڕه‌وی كاره‌كه ده‌گۆڕێت و پێده‌نێته كارنامه‌یه‌كی ئایدیۆڵۆژیاییه‌وه. له‌م ساته‌دا دیدگه‌رایی جیهانی و بابه‌تگه‌رایی یه‌كده‌گرنه‌وه به‌وه‌ی یه‌كه‌میان ده‌ستنیشانی بیركردنه‌وه‌ی خودێكی بكه‌رو خاوه‌ن ئه‌زموون ده‌كات كه توانای وه‌رگرتن و هه‌ڵسه‌نگاندنی مه‌سه‌له جیاوازه‌كانی هه‌بێت و له‌هه‌مانكاتدا په‌یوه‌ندی نێوان ئه‌و مه‌سه‌لانه‌و تاكه‌كان، یان په‌یوه‌ندی خود‌و بابه‌ت گرێ بدات. له‌دوهه‌میاندا بۆچوونه‌كان ده‌كه‌ونه نێو ململانێكانه‌وه وه‌ك ئه‌وه‌ی خودی بكه‌ر ده‌كه‌وێته دژایه‌تی ئه‌و به‌رامبه‌رانه‌ی كه هۆكاری تێكشاندنی دۆخ و مه‌سه‌له‌كانن. له‌به‌رامبه‌ریشدا خاوه‌ن هۆكاره‌كانیش ده‌كه‌ونه پیلانگێڕاندنی بێ مانا دژ به‌خود. برایم ئه‌حمه‌د، هه‌ر له‌زه‌مه‌نی چالاكییه‌كانیه‌وه تا ده‌گاته ئه‌مڕۆكه‌ش خۆی له‌هه‌ردوو دۆخه‌كه‌دا ده‌بینێته‌وه به‌وه‌ی ده‌قه ئه‌ده‌بی و شیعری و نامه فیكری و سیاسییه‌كانی له‌دۆخێكی داینامیكیدایه‌و هه‌ر خوێندنه‌وه‌یه‌ك بڕێك له زانیارییه‌كان گه‌وره‌ترو فراوانتر ده‌كات كه ئه‌نجامی ئه‌م خوێندنه‌وانه جۆره گرژییه‌ك له‌سه‌ر به‌رامبه‌ره‌كانی دروستده‌كات. ئه‌مه‌ش له‌ڕێگه‌ی هێزی ئه‌زموونه بابه‌تگه‌راییه‌كانیه‌وه ئه‌نجام ده‌درێت له‌كاتێكدا هه‌ستی به‌ڕاستییه‌كانی ژیانی كۆمه‌ڵگه‌كان به‌تایبه‌تی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی كردووه‌و ده‌كرد. له‌مه‌سه‌له‌كاندا هیچكات بێده‌نگی و بێ لایه‌نی هه‌ڵنه‌بژاردووه، به‌ڵكو زۆر به‌وردی ده‌چووه نێو چه‌قی ئه‌و مه‌سه‌لانه‌وه. به‌مه‌ش ته‌نها پشتی به‌شته ڕووكه‌شه‌كان یان بینراوه ساده‌كان نه‌ده‌به‌ست.
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure